هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

خەیاڵی شێخ زانا لە خەیاڵی ئێستای خەلیفەكەی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە ( داعش ) دەچوو. ئەویش دەیویست لەڕێی ترس و تۆقاندنەوە ئەمارەتێكی ئیسلامی، هاوشێوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دابمەزرێنێ‌. شێخ زانا لە دوای راپەڕینەوە لە شارۆچكەی خەلیفانەوە لە نێو حیزبێكی ئیسلامیدا كاری بۆ ئامانجەكەی خۆی كرد، بەڵام دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی كوردستان لە نیوەی رێگادا ئامانجەكەیان پووچەڵ كردەوە.

دامەزراندنی یەكەم گرووپی توندئاژۆ
گرووپە جیهادییەكان لە ساڵانی نەوەتەكاندا شارۆچكەی خەلیفانیان كردە بنكەی جموجوڵ و پەلهاویشتن كە ئەوكات زۆرتر لە شارۆچكەیەكی لا چەپ دەچوو. بیری توندڕەوی لەنێو بەشێك لە دانیشتووانی ئەو شارۆچكەیە گەشەی كرد و ئێستاش هەندێك لەوانە لەنێو گرووپە جیهادیەكاندان.
چوار مەلا بەناوەكانی ( مەلا فەتحوڵڵا، مەلا ئەحمەد رووستایی، مەلا محەممەد مەولود، مەلا حەمەدەمین حەسەن شەركانی ) كە ئەمەی دواییان تاوەكو ئێستاش لە ئێرانە و پێشتر لەنێو ئەنساروئیسلام بووە، بە داینەمۆی هزری ئیسلامی سیاسی دادەنرێن لەو شارۆچكەیە. ئەوان لە ساڵی 1985 ەوە شانەیەكی نووستووی بزووتنەوەی ئیسلامی بوون لە خەلیفان.
بەپێی زانیاری دەزگا ئەمنیەكان، ئەم چوار مەلایە رۆڵێكی كاریگەریان هەبوو لە بڵاوكردنەوەی هزری ئیسلامی سیاسی و راكێشانی گەنجان و كۆكردنەوەیان لە نێو رێكخستنەكانی بزووتنەوەدا “.
دوای راپەڕینی بەهاری 1991، بزووتنەوەی ئیسلامی یەكەم حیزب بوو كە بارەگای لە خەلیفان كردەوە، ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكارەكانی گەشەكردنی بیری جیهادی لەو شارۆچكەیەدا.
بارەگاكەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە نێو مزگەوتی سەلاحەددین ئەیوبی بوو، ئەوان شورایەكی تایبەت بەخۆیان هەبوو كە پێكهاتبوون لە مەلا فەتحوڵڵا، مەلا ئەحمەد رووستایی، مەلا محەممەد ئەحمەد مەولود سێناوەیی، مەلا ئەمین، شێخ زانا و مەلا حەمەدەمین حەسەن شەركانی.
ئەم شوورایە نزیكەی 500 چەكداری هەبوو كە زۆربەیان خەڵكی سۆران و خەلیفان و دەوروبەری بوون، بەشێكیشیان خەڵكی هەولێر بوون، چەكدارە هەولێرییەكان لە ژێر فەرمانی مەلا ئەمین و شێخ زانادا بوون.
زانا نەسرەت شێخ عەبدولكەریم بەرزنجی، ناسراو بە ( شێخ زانا )، ئەوكات مامۆستای وانەی ئاین و زمانی عەرەبی بوو لە دواناوەندی باویان لە خەلیفان، لە هەمانكاتیشدا راهێنەری تایكواندۆ بوو، بەمەش توانیبووی سەرنجی چەكدارە ئیسلامییەكان و بەتایبەتی ئەو گەنجانە رابكێشێت كە هاموشۆی ئەو مزگەوتەیان دەكرد.

كودەتای سپی
زۆری نەبرد ناكۆكیەكی توندی فیكری كەوتە نێو شوورای بزووتنەوە لە خەلیفان، لە كۆتاییدا شێخ زانا و مەلا ئەمین، ” بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی” یان راگەیاند و بەبێ‌ هیچ تەقە و رووبەڕووبوونەوەیەك دەستیان بەسەر بارەگاكەی بزووتنەوەی ئیسلامیدا گرت. نزیكەی 150 كەس چوونە پاڵ شێخ زانا و مەلا ئەمین. ئیدی بارەگایەك نەما بەنێوی بزووتنەوەی ئیسلامی، بەڵام كۆڕ و كۆبوونەوەكانی بزووتنەوە لە ماڵی مەلا فەتحوڵڵا درێژەیان هەبوو.
دەكرێ‌ بگوترێ‌ بزووتنەوە جیهادییەكەی شێخ زانا و مەلا ئەمین، یەكەمین گرووپی توندئاژۆی كوردی بوون كە پێیانوابوو دەوڵەتێكی ئیسلامی لە كوردستان بە زەبری كوشتن و خوێنڕشتن دادەمەزرێ‌.
سەرچاوەیەكی ئەمنی باسی شێخ زانا و مەلا ئەمین دەكات و دەڵێت” ئەم دووە بیركردنەوەیەكی زۆر توندیان هەبوو، لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا بەردەوام باسی جیهادیان دەكرد “. وەك ئەو گوتی ” مەلا ئەمین بە وتارە پڕ لە حەماسەت و توندەكانی، شێخ زاناش لە رێگەی وانەگوتنەوە و وەرزشەوە توانیبووی سەرنجی گەنجان بەلای خۆیدا رابكێشێت و بە بیری توندڕەوی گۆشیان بكەن “.
پاشماوەی بزووتنەوە لە خەلیفان مابوون و ژمارەیان نزیكەی 350 كەس دەبوو، وەك ئەو سەرچاوەیە باسی كرد ” ئەوان بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون لەگەڵ بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی كاربكەن، بۆیە پەیوەندییان بە هێزی 2 ی سۆرانەوە كرد كە ئەوكات مەلا مەروان گەڵاڵی سەرپەرشتی ئەو هێزەی دەكرد.

ئیسلامییەكان خەلیفان جێدێڵن
شەڕی ناوخۆ كە سەرەتا لەنێوان یەكێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی ئیسلامی و پاشان لە مایسی 1994 لە نێوان پارتی و یەكێتی هەڵگیرسا، كاریگەری زۆری لەسەر ئیسلامییەكان هەبوو ، زۆربەی ئیسلامییەكان شارۆچكەكەیان جێهێشت.
بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بارەگاكەی خۆی لە خەلیفانەوە گواستەوە بۆ گوندی هەنارەی نزیك شارەدێی بەستۆرە، بەڵام ژمارەیەكی كەم لە چەكدارەكان لەگەڵ مەلا ئەمین و شێخ زانا دەڕۆن و بەپێی زانیارییەكان تەنیا 10 چەكداریان لەگەڵ بوو.
ساڵی 1995 مەلا ئەمین لە رووداوێكی تەمومژاویدا لە نێو بارەگای بزووتنەوەكەی لە گوندی هەنارە دەكوژرێت. ئیدی خۆری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی ئاوا بوو. دوای ئەوەی گرووپەكەی شێخ زانا لە ساڵی 2005 دەستگیركران ، شێخ زانا دانی بەوەدا نا كە ئەو مەلا ئەمینی كوشتووە.

شێخ زانا و خەونی ئەمارەتی ئیسلامی
شێخ زانا، لەدایكبووی 1971 بوو ، دەرچووی بەشی میكانیكی كۆلیژی ئەندازیاری بوو ، خێزاندار و باوكی كچێك و كوڕێك بوو.
شێخ زانا كە لە ساڵی 2005 لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیركرا، لەو دانپێدانانەی كە لە تەلەڤزیۆنەكانەوە پەخش كرا و دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو، ئاشكرای كرد كە خەونی ئەو دروستكردنی ئەمارەتێكی ئیسلامی بووە و سەرەتاش بە دروستكردنی گرووپێكی جیهادی دەستیپێكردووە. شێخ زانا دەیگوت مەبەستی بووە دەزگایەكی موخابەراتیی ئیسلامی دروست بكات.
ئەندامە دیارەكانی گرووپەكەی شێخ زانا بریتی بوون لە: یوسف عەزیز ( كرێكار ) ، كارزان ئیسماعیل، مولازم دلێر، ئەژی موعتەسەم بەرزنجی ( ئامۆزای شێخ زانا )، هەڤاڵ بورهان محەممەد، مەریوان كەریم، یەعقوب عەزیز ( مامۆستای زانكۆ ).
ئەم گرووپە كە وشەی “جیهاد ” كۆیكردبوونەوە، بە قسەی شێخ زانا هەماهەنگی و هاوكارییان لەگەڵ گرووپە توندڕەوەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەبووە.
شێخ زانا لە دانپێدانەكانیدا گوتی ” كە ئەو گرووپەمان دروستكرد، لە ناوچەكەدا پێش شەڕ ( جەنگی ئازادیی عێراق)، هەندێك چالاكیمان هەبوو، بڕیارمان دا چالاكیەكانمان بێنینە ناو هەولێر”.
چالاكییەكانی ئەم گرووپە وەك خۆیان دانیان پێدانا، بریتی بوون لە سەربڕینی خەڵكی بێ تاوان و پارچە پارچەكردنیان. مەبەست لەمەش تەنیا دەستڕاهاتن بووە بە سەربڕین، خەڵكیان كوشتووە و پارچە پارچەیان كردوون، پاشان ئەو پارچانەیان لە دەرەوەی هەولێر فڕێداوە.
شێخ زانا زۆر بە راشكاوی باسی پەیوەندیی گرووپەكەی خۆی لەگەڵ لقەكانی دیكەی ئەو گرووپە لە بەغدا و مووسڵ و سەرانسەری عێراق كرد، ئەم پەیوەندییەش بۆ كۆكردنەوە و ناردنی زانیاری و نەخشەی شوێنە حكومی و حیزبییەكان بووە بۆ ئەنسارەكان لە مووسڵ و بەغدا و ئەم زانیارییانەش دواتر لە هێرشە تیرۆرستییەكانی بەردەم وەزارەتی ناوخۆ و گەڕەكی شۆڕش و چەند شوێنێكی دیكەدا سوودیان لێوەرگیرا.
شێخ زانا هەر ئەوكات زۆر شتی دیكەی ئاشكرا كرد و گوتی” ئەوەی سەرپەرشتی كارەكانی بەغدا دەكات ناوی عەلی وەلییە ( كە شێخ زانا گیرا عەلی وەلی لە ئێران بوو ). ئەبو عەبدوڵڵای شافیعیش هەر لە بەغدا بوو. هێمن كە لە مووسڵ دادەنیشت سەرپەرشتی كارەكانی هەولێری دەكرد.
لەماڵەكەی شێخ زانادا چەندین جۆری چەك هەر لە كلاشینكۆفەوە تاوەكو تی ئێن تی و بۆمب و دەمانجە دۆزرانەوە، هەروەها ژەهریش دۆزرایەوە كە دەرخواردی هەر كەسێك بدرابایە دوای هەفتەیەك دەیكوشت.
شێخ زانا لە وەسفكردنی ئامانجەكانیاندا گوتی” بۆمان گرنگ نەبوو ئۆتۆمبێلێك بتەقێنینەوە، ئەوانە بۆ ئێمە لە پلەی دووەمدا بوون . ئامانجی تۆڕەكەمان ئەوەبوو كاری گەورەتر بكەین”.
بۆ ئەوەی گرووپەكەی لێكهەڵنەوەشێتەوە و كەس نەتوانێ لێی دەربچێت، شێخ زانا پەنای بۆ چەكێكی كاریگەر بردبوو كە ئەویش تۆماركردنی نهێنیانەی پەیوەندییە سێكسیەكانی ئەندامانیان بوو لەگەڵ یەكتر. ئەو لەگەڵ زۆربەی ئەندامانی گرووپەكەی سێكسی كردووە و بە كامێراش تۆماری كردووە، پاشان هەڕەشەی لێكردوون ئەگەر لە گرووپەكەی دەربچن گرتەكانیان بڵاودەكاتەوە.
ملازم دلێر كە دەرچووی كۆلێژی پۆلیس بوو، ئەوكاتەی پەیوەندی بە گرووپی شێخ زاناوە كردووە قوتابی كۆلێژ بووە. ئەو دەیگوت” شێخ زانا پێیگوتم كە دەبێ مرۆڤی موسڵمان هەموو كارێك بكات، لەوانەش مومارەسەی سێكس لەنێوان دوو نێردا”. ئەو گێڕایەوە كە چۆن شێخ زانا بە حەب بێهۆشی كردووە و ئینجا شەو تاوەكو بەیانی لەگەڵیدا نووستووە و سێكسی لەگەڵ كردووە.
زانا پاساوی مومارەسەی سێكسی لەگەڵ ئەو كەسانەدا بۆ بە هێزبوونیان لە هەموو روویەكەوە دەهێنایەوە و وەك بە دلێری گوتووە” مرۆڤی موسڵمان دەبێ هەموو كارێك بكات، مەشروب بخواتەوە و قومار بكات”. گوایە هەموو ئەمانەش بۆ ئەوە بووە كە سەرنجی دەزگا ئەمنییەكان رانەكێشن.
گرووپەكەی شێخ زانا لە ناوەڕاستی ساڵی 2005 دەستگیركران، دوای دادگاییكردنیان 10 لە ئەندامانی گرووپەكە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و لە مانگی نیسانی 2006 لە سێدارە دران، هەروەها كارزان ئیسماعیل بە زیندانی هەتاهەتایی سزا درا.

كۆچ بۆ هەورامان
دوای ئەوەی شێخ زانا و مەلا ئەمین لە خەلیفانەوە چوونە هەنارە. زۆربەی ئەوانەی لەوێ‌ مابوونەوە چوونە پاڵ هێزی دووی سۆران و پاشان كۆچیان كرد بۆ هەورامان.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە دەڵێت” ئەوان بەو نیازە كۆچیان كرد بۆ هەورامان كە ئیمارەتێكی ئیسلامی دابمەزرێنن. ئەوكات ناوچەی هەورامانیش زۆر لەژێر كۆنترۆڵی پارتی و یەكێتیدا نەبوو”.
بەڵام لەوێ‌ لە جیاتی دامەزراندنی ئەمارەتی ئیسلامی، لێكترازانێكی گەورە روویدا. عەلی باپیر لە ساڵی 2001 لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابووەوە و كۆمەڵی ئیسلامیی دامەزراند. كەسە میانڕەوەكانی نێو هێزی دووی سۆران پەیوەندییان بە عەلی باپیرەوە كرد، لەوانەش مەلا فەتحوڵڵا كە ئێستا راوێژكاری عەلی باپیرە.
بەڵام ئەو بەشەی هێزی دووی سۆران كە باوەڕیان بە جیهاد هەبوو، بە سەرپەرشتی مەلا كرێكار جوندولئیسلامیان دروستكرد. مەلا عەبدوڵڵا شافیعی كرایە بەرپرسی یەكەمی جوند و مەلا عەبدوڵڵا خەلیفانیش بە جێگری.
دوای چەند مانگێك، ناوی جوندولئیسلامیان گۆڕی بۆ ئەنسارولئیسلام و مەلا كرێكار بووە ئەمیری ئەنسار. ئەوكات ژمارەی چەكدارانی ئەنسار 700 كەس دەبوون كە جگە لە كورد، عەرەب و ئەفغانیشیان تێدابوون. بەپێی زانیارییەكان، نزیكەی 100 لەو چەكدارانە خەڵكی خەلیفان و دەوروبەری بوون.

گەڕانەوە بۆ خەلیفان
لەكاتی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە ، هێزەكانی ئەمریكا بۆردومانی ناوچەی هەورامانیان كرد بە مەبەستی لەناوبردنی چەكدارانی ئەنسارولئسلام، بەڵام ئەو بۆردومانە بارەگاكانی كۆمەڵی ئیسلامیشی لە خورماڵ گرتەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك چەكداری كۆمەڵ كوژران. بۆیە دەستبەجێ‌ كۆمەڵ بڕیاری دا بارەگاكانی لە هەورامانەوە بگوازێتەوە بۆ گوندی دارەشمانە لە پشدەر. ئیدی زۆربەی ئەو خەلیفانیانەی چووبوونە هەورامان لەگەڵ كۆمەڵ گەڕانەوە شارۆچكەكەیان.
بەڵام ئەو خەلیفانیانەی كە چوونە نێو ئەنسار ، لە دوای بۆردومانەكە بەرەو ئێران هەڵاتن و ناوچەكەیان چۆڵكرد. منداڵ و خێزانەكانیشیان لەگەڵ چەكدار و ئەندامانی كۆمەڵ رەوانە كردنەوە. دوای چەند رۆژێك خێزان و منداڵی 40 لەو چەكدارانەی لە نێو ئەنساردا بوون، لە قەڵادزێوە گەڕانەوە خەلیفان.

پەیوەندی بە ئەنسارولسوننە و قاعیدەوە دەكەن
كەمكردنەوەی بازگەكان لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان پاش رووخاندنی رژێم، رێگەخۆشكەر بوو بۆئەوەی بەشێك لە چەكدارەكانی ئەنسار لە ئێرانەوە بگەڕێنەوە شارەكانی مووسڵ و كەركووك و بەغدا و لەوێ‌ پەیوەندی بە رێكخراوەكانی وەكو ئەنسارولسوننە و ئەلقاعیدەوە بكەن.
دوای ماوەیەكی كورت لە گەیشتنیان بۆ ئەو سێ شارە، چەكدارە خەلیفانیەكان بە نهێنی خێزانەكانیان بردە لای خۆیان. بەڵام بەشێك لەو چەكدارانە كە ژمارەیان 20 چەكدار بووە و پێشتر لە ریزەكانی ئەنسارولئیسلامدا بوون، پاش پرۆسەی ئازادیی عێراق، خۆیان تەسلیمی دەزگا ئەمنییەكان كردەوە و ئێستا خەریكی ژیانی تایبەتیی خۆیانن. هەروەها پێنج لەو چەكدارانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی كوردستانەوە لە مووسڵ و ناوچەكانی دیكە دەستگیركران، بەڵام دواتر سەرجەمیان ئازادكران و ئێستا لە ماڵەوە دانیشتوون.

هێشتا لەنێو ئەنسارن
بەگوێرەی زانیاریی دەزگا ئەمنییەكان، 8 چەكداری سنووری خەلیفان و سۆران تاوەكو ئێستاش لەنێو ئەنساردا ماون. ئەوانیش ( ك . ح . ح ) لە توركیایە . ( ك . ج . ع ) لە توركیایە . ( ح . ح . ح ) لە ئێرانە . ( ف . ح . ك ) لە ئێرانە . (غ . م . م ) لە مووسڵە . ( ع . ك . ح ) خێزانەكەی ماوەیەك لەمەوبەر گەڕاوەتەوە خەلیفان و گوتوویەتی مێردەكەی پێش هاتنی داعش لە رێگەی نێوان مووسڵ و كەركووك لەگەڵ كەسێكی دیكە بە ناوی ( عەبدولغەفار ) دەستگیر كراوە.
( م . ح . ح ) یش خێزانەكەی لە مووسڵ هاتووەتەوە، گوایە مێردەكەی لەگەڵ زاوایەكی پێش هاتنی داعش لە مووسڵ دەستگیركراوە . ( ع . ع . ر ) یش بە هەمانشێوە خێزانەكەی گەڕاوەتەوە و دەڵێت مێردەكەی پێش هاتنی داعش لە مووسڵ دەستگیركراوە.

11 چەكداریان كوژراون
بەپێی زانیارییەكانی ( رووداو )، تاوەكو ئێستا 11 كەس لەو چەكدارە ئەنسارانەی خەلیفان و سۆران كوژران. ئەوانیش بێجان حەسەن حەمەد ناسراو بە ( مەلا عەبدوڵڵا ) لە ساڵی 2002 كوژرا. زیاد حەسەن حەمەد لە ساڵی 2005 لە مووسڵ كوژرا. مەولود مەحموود كاك لە 2003 كوژرا. كەریم ساڵح عەبدوڵڵا لە ساڵی 2010 كوژرا. كەریم محەممەد كەریم و عومەر عەزیز حەمەد لە 2002 بەهۆی مینەوە كوژراون. عەبدولقەهار عەبدولكەریم عەبدولڕەحیم لە ساڵی 2014 لە نێو داعش كوژرا. رەسول خالید ئەحمەد لە 2005 كوژرا، یەعقوب خدر مەحموود لە ساڵی 2005 كوژرا. سدیق مستەفا حەسەن لە ئێران بە نەخۆشی مردووە، هەروەها رزگار قەیوم تەها ناسراو بە ( عەبدولباری ) لە مووسڵ كوژراوە .

شەرم لە خۆیان دەكەنەوە
شارۆچكەی خەلیفان لە ساڵی 1967 بووەتە ناحیە و 64 گوندی بەسەرەوەیە، ژمارەی دانیشتووانەكەی 40 هەزار كەسە. خەڵكەكەی زیاتر بە كاری ئاژەڵداری و كشتوكاڵییەوە خەریكن.
ئێستا نەوەیەك لەو شارۆچكەیە پەیدا بووە، كاتێك رابردووی ئیسلامییەكانی شارۆچكەكەیان بەبیر دێنییەوە شەرم لە خۆیان دەكەنەوە.
كامەران، 37 ساڵ، ناوی خوازراوی گەنجێكی شارۆچكەكەیە و ماوەیەك ئەندامی یەكێك لە حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستان بووە. كامەران پێیوایە كاتێك مرۆڤ لە كۆمەڵگەیەكی عەشایر و داخراودا دەبێ، بۆ دەرچوون لەو كۆت و بەندە عەشایرییە بەدوای بەدیلی دیكەدا دەگەڕێت.
ئەو هەركات بیر لە رابردووی خۆی دەكاتەوە شەرم لە خۆی دەكات، بەڵام دەڵێت پاڵنەر هەبوو بۆئەوەی بچینە نێو ئیسلامییەكان. ئەو دەڵێت” باوكم زۆر لەگەڵم خراپ بوو ، بەردەوام جنێوی پێدەدام كە بۆچی نوێژ ناكەم و ناچم بۆ مزگەوت. منیش بۆ ئەوەی خۆشەویستی باوكم بە دەستبێنم، دەستم كرد بە نوێژكردن و بەردەوام سەردانی مزگەوتم دەكرد، ئیدی تێكەڵی ئیسلامییەكان بووم، بەڵام سوپاس بۆ خودا بە هاوكاری خاڵێكم ئەو بیرە توندڕەوییە لە مێشكم سڕایەوە”.

س – ڕووداو

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت