شه‌راب .. به‌ندی عه‌لی ..

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

له‌حیکمه‌تی ئه‌م شه‌رابه‌

تێناگه‌م .. من

پێکی یه‌که‌م

له‌یه‌که‌م بارانی نه‌رمی

پایز ئه‌چێ و

چسپه‌ له‌بیابانی گه‌رووم

هه‌ڵئه‌سێنێ

سه‌رم هه‌ر قاڵ

پێکی دووه‌م

نه‌شئه‌یه‌ک به‌نیگا ئه‌دا

تاکو بفڕێ

له‌گه‌ڵ پۆڕه‌ کۆچه‌ریه‌کان

به‌ره‌و دورگه‌کانی خه‌یاڵ

پێکی سێیه‌م

ئه‌مکاته‌وه‌ به‌مناڵ و

ده‌مێ داره‌ داره‌ ئه‌که‌م

ده‌مێ سه‌رگه‌رمی گڕوگاڵ

پێکی چواره‌م

ئه‌مخاته‌سه‌ر به‌زمی سه‌ما

چه‌شنی .. شه‌ماڵ

پێکی پێنجه‌م

لێوم که‌ڕو زمانم کوێر

گوێچکه‌شم ، لاڵ

ئه‌وجا پڕ ئه‌بم له‌شیعرو

شووشه‌ش .. به‌تاڵ

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
بەندی عەلی

About بەندی عەلی