هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

زۆرترین مشتومڕ له‌م ماوه‌یه‌دا له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانه‌. زۆرترین پرسیار له‌ لایه‌ن (خوێندكاران و هاولاتیان و هه‌ندێ له‌ ڕۆژنامه‌نوسان له‌ ناوخۆی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان) كه‌ لێم ده‌كرێت: هه‌ر له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆمی باشوری كوردستانه‌.
زۆرترین پرسیار له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌: ئایا له‌ ڕووی زانستیه‌وه‌ ده‌نگدانمان به‌ (نه‌خێر) له‌ ڕیفراندۆم دا ئه‌چێته‌ چوارچێوه‌ی (خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ی)یه‌وه‌!؟
هه‌ندێ له‌و به‌ڕێزانه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و بنه‌ماڵه‌ی شۆرشگێڕانی كوردستانن كه‌ ئێستا له‌ لایه‌ن ڕژێمی (كۆیله‌ساز وه‌ره‌سات قه‌بیله‌یی پارتیی- یه‌كێتی)یه‌وه‌ له‌ هه‌موو مافێك بێ به‌ش كراون و، وه‌رزانه‌ چاره‌كه‌ موچه‌یه‌كیان پێ ئه‌درێ، كه‌ دۆخی وه‌ره‌سه‌ی به‌رپرسه‌ چه‌پاولگه‌ره‌كان و ئه‌و دۆخه‌ خوێنینه‌ی كه‌سوكاری شكۆداری شه‌هیدان به‌راوردكه‌ین و، ده‌قاوده‌ق: هێنده‌ی ئاسمان و زه‌وی جیاوازیان هه‌یه‌.
با بچینه‌ سه‌ر وه‌ڵامی لۆژیكی و بێ لایه‌نانه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی: ئایا ده‌نگدان به‌ (نه‌خێر) له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌دا ده‌چێته‌ خانه‌ی خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌!؟
ڕوونه‌ من (وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری) له‌ چه‌ندین بابه‌ت ڕامگه‌یاندووه‌ كه‌: سه‌ره‌رای ده‌یان زوڵم كه‌ پارتیی- یه‌كێتیی لێیان كردوم، ئه‌وا له‌ نێوان (مه‌سعود به‌رزانی، مام جه‌لال، سه‌لاحه‌دین به‌هادین و كاوه‌ی شیوعی) و (خامنه‌یی- مالیكی و ئه‌ردۆگان)، بێ گومان به‌ره‌ی (مه‌سعود به‌رزانی، مام جه‌لال، سه‌لاحه‌دین به‌هادین و كاوه‌ی شیوعی) هه‌له‌بژێرم. چونكه‌ ڕاسته‌ دژایه‌تی پارتیی- یه‌كێتیی ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌ و ڕه‌وشتی حه‌قخوازانه‌، به‌ڵام پێموایه‌: دژایه‌تی كردنی به‌ره‌ی (خامنه‌یی- مالیكی و ئه‌ردۆگان) پێویسته‌ له‌ پێشتر بێت.
له‌گه‌ل ئه‌وانه‌ش دا، ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه‌ ده‌لێن: ئه‌گه‌ر مامۆستا به‌ (نه‌خێر) ده‌نگ بده‌ین، ئه‌وا تۆڵه‌ له‌ پارتیی- یه‌كێتیی ئه‌كه‌ینه‌وه‌!
منیش پێموایه‌: ئه‌گه‌ر به‌هۆی ڕق لێ بونه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌لیی و حوكمی وه‌ره‌سه‌یی پارتیی- یه‌كێتیی به‌ (نه‌خێر) ده‌نگ ئه‌ده‌ن (هه‌رچه‌نده‌ ڕیفراندۆم و ڕق لێ بونه‌وه‌ جیاوازیان هه‌یه‌)، ئه‌وا له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌ به‌هیچ جۆرێ ناچێته‌ خانه‌ی خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌.
چونكه‌ به‌ بێ هاندان و پشتیوانی ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ر (عێراق- ئێران، یاخود: توركیا) ئه‌و به‌ڕێزانه‌ خۆویستانه‌ ده‌نگی (نه‌خێر) ده‌ده‌ن.
هه‌روه‌ها هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانیشی‌: حوكمی ته‌واو ڕه‌ش و خوێنمژی ده‌سه‌ڵاتی وه‌ره‌سات قه‌بیله‌یی پارتیی-یه‌كێتییه‌، كه‌ جگه‌ له‌ وه‌ره‌سه‌كانی به‌رپرسه‌ چه‌پاولگه‌ره‌كان، باقی خه‌ڵكانی دیكه‌ له‌ئێستادا له‌وپه‌ڕی خراپی باری ژیان و گوزه‌ران دان و، نه‌ك هه‌ر موچه‌یان پێ ناده‌ن، بگره‌ زانكۆكانیان پڕ كردووه‌ له‌ مرۆڤی بێ-سه‌نگی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز و، ته‌واوی خاكی كوردستانیان به‌سه‌ر شوێنكه‌وته‌ ئازادیكوژه‌كانیان دابه‌ش كردوه‌ و، ڕێژه‌ی جیابونه‌وه‌ی خێزان و، بێ كاری و، تاوان له‌وپه‌ڕی به‌رزبوونه‌وه‌ دایه‌.
ئیدی با ئه‌وه‌ بوه‌ستێت كه‌ تائێستا ده‌سه‌ڵاتی (وه‌ره‌سات قه‌بیله‌یی پارتیی-یه‌كێتیی) ته‌نانه‌ت به‌و دۆخه‌ پڕ مه‌رگه‌ساته‌ی جه‌ماوریشه‌وه‌، گه‌ره‌نتیان به خه‌ڵكی كوردستان نه‌داوه‌ كه‌: ئاخۆ كه‌ی مه‌سعود به‌رزانی واز له‌ ده‌سه‌ڵات دێنێت؟ كه‌ی ده‌قاوده‌ق به‌ گه‌ره‌نتیه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت؟ بۆ سیستم ناكرێته‌ په‌رله‌مانی؟ تاكه‌ی زۆرینه‌ی پۆسته هه‌ستیاره‌‌كان ته‌رخان ئه‌كرێن بۆ وه‌ره‌سه‌كانی به‌رپرسه‌ چه‌پاولگه‌ره‌كان؟
بێ گومان ده‌نگدان به‌ (نه‌خێر) ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بێت و ده‌ستی ده‌وله‌تانی داگیركه‌ری (ئێران و توركیا)ی له‌ پشت نه‌بێت، ئه‌وا مافێكی ئازادیخوازانه‌ی گه‌له‌ و، به‌ هیچ جۆرێ ناچێته‌ چوارچێوه‌ی (خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ی)یه‌وه‌ و، تۆله‌كردنه‌وه‌یه‌ له‌ پارتیی- یه‌كێتیی، كه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌ گه‌ره‌نتی به‌ خه‌ڵك ناده‌ن كه‌ جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌ره‌ساتی نه‌بێت و هه‌ر هیچ نه‌بێت چاره‌كه‌ موچه‌یان پێ بدرێ! كه‌ بێ گومان (ئه‌م حكومه‌ته‌ وه‌ره‌ساتیه‌) سه‌لماندی كه‌ وه‌ره‌سه‌كان جگه‌ له‌ فه‌رهود و ته‌خشان و په‌خشان، خاوه‌ن هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی حوكمڕانی نین چونكه‌ به‌ناز و مه‌كر به‌خێوكران و بۆ ئه‌و پۆستانه‌ نێردراون!
به‌ڵام له‌ ڕوی زانستیه‌وه‌ له‌ یه‌ك حاڵه‌ت دا ده‌نگ دان به‌ (نه‌خێر) ئه‌چێته‌ چوارچێوه‌ی (خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ی)یه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ كه‌ (له‌ پێناو پێدانی پاره‌ به‌ نهێنی له‌ لایه‌ن: مالیكی، یان: ئێران، یاخود: توركیا) كه‌سانێك به‌ (نه‌خێر) ده‌نگ بده‌ن.
چونكه‌ له‌ ڕوی زانستییه‌وه‌ هه‌ركارێك ئه‌گه‌ر به‌ پالپشتی هه‌ر ده‌وله‌تێكی داگیركه‌ر دژی نه‌ته‌وه‌ی خۆت ئه‌نجامت دا، ئه‌وا %100 خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه و بیانوی نیه‌‌. وه‌كو: ( شه‌هیدكردنی سه‌ركرده‌كانی باكور و خۆرهه‌لات له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ له‌ ده‌ورانی شۆڕشی ئه‌یلول بۆ ئێران و توركیا، خیانه‌تی شه‌ست و شه‌ش، تێكه‌ڵاوبونی پارتیی و قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ له‌گه‌ل سوپای پاسداران له‌ گرتنه‌وه‌ی ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كانی خۆرهه‌لات له‌ ساڵی 1979، هێرشی پارتیی- یه‌كێتیی بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌ به‌ تێكه‌ڵاوی سوپای تورك، هێنانی سوپای پاسداران له‌ لایه‌ن یه‌كێتیی بۆ سه‌ر كۆیه‌، تیرۆری سه‌ركرده‌كانی كوردی خۆرهه‌ڵات له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان كه‌ زۆربه‌یان به‌ده‌ستی یه‌كێتیی ئه‌نجام درا و به‌شێكیشیان به‌ ده‌ستی پارتیی و حیزبوڵای شۆڕشگێڕی ئه‌دهه‌م به‌رزانی و، خیانه‌تی قه‌به‌ی 31 ی ئاب)).
له‌كاتێكا من وه‌ك (شه‌ریف هه‌ژاری) ده‌نگی به‌ڵێ ئه‌ده‌م بۆ سه‌ربه‌خۆیی و نایشارمه‌وه‌، به‌لام هه‌رگیزیش نابمه‌ پارتیی- یه‌كێتیی و به‌ره‌ی گه‌ل جێ ناهێڵم. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانه‌ش خۆویستانه‌ ده‌نگی نه‌خێر ئه‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌ستی ده‌وله‌تانی داگیركه‌ریان له‌ پشت نه‌بێت، ئه‌وا له‌ ڕوی زانستیه‌وه‌ (خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌ی)ی نیه‌ و ته‌واو مافێكی ئازادیخوازانه‌ی خۆیانه‌!
لێره‌دا گرنگترین تێڕامان له‌وه دا‌یه‌ كه‌ به‌رپرسه‌كانی پارتیی- یه‌كێتیی و (به‌ناو) ڕوناكبیره‌ شوێنكه‌وته‌كانیان هه‌میشه‌ ئه‌ڵێن: ده‌بێت گه‌ره‌نتی زیاتر به‌ (ئیران و توركیا) بده‌ین، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌وه‌ ناڵێن: ئه‌ی گه‌ره‌نتی ئه‌وان وه‌كو (پارتیی-یه‌كێتیی) بۆ كوردانی به‌شه‌كانی تر چیه‌!!
بۆ نمونه: هه‌ر له‌ به‌رپرسه‌كانی وه‌كو (نێچیر و مه‌لا به‌ختیار و سه‌عدی پیره‌) و‌ ڕۆژنامه‌نوسه‌ بێ سه‌واده‌كانی وه‌كو (ڕێبوار كه‌ریم وه‌لی و عارف قوربانی و… هتد) هه‌میشه‌ ئه‌لێن: ده‌بێت گه‌ره‌نتی زیاتر به‌ (ئێران و توركیا) بده‌ین و وه‌فدی باڵاتر بۆ ئێران بنێرین! به‌تایبه‌ت عارف قوربانی (لیستی خاسی به‌شی ڕاگه‌یاندن!!) ماوه‌یه‌كه‌ فێر بووه‌ له‌ ڕادیۆی ڕوداوی پارتیی و كوردستان 24 ی پارتیی ده‌ڵێت: (ده‌بێت زیاتر كوردی ئێران چه‌ك بكه‌ین و گه‌ره‌نتی زیاتر به‌ ئێران بده‌ین!!).
وردبنه‌وه‌، له‌م جۆره‌ی‌ كلتوری قسه‌كردن، كه‌ له‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ چه‌ند قێزه‌ون و بێ شه‌رمانه‌یه‌ و، چه‌ندێك هه‌ست و نه‌ستی كوردانی به‌شه‌كانی دیكه‌ بریندار ده‌كات، ئاخۆ (ڕێبوار وه‌لی و عارف قوربانی) له‌ كام مه‌درسه‌ی حیزبیه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ كرابن!!؟
جارێ گه‌لۆ من ئه‌پرسم: (وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی جارێكیان له‌ مام جه‌لال و سكرتاریه‌ته‌كه‌ی بون، هه‌روه‌ها جاری دووه‌م: كۆسره‌ت ڕه‌سول و مه‌لا به‌ختیار و عومه‌ر فه‌تاح و مه‌حمود سه‌نگاوی و هتد بوون، باڵاتر له‌وان كێن!؟).
من زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌م كه‌ به‌شێكی بلاوكراوه‌ته‌وه‌ (ئه‌گه‌ر وا بوبێت!) كه‌ وه‌فدێكی پارتیی به‌سه‌رۆكایه‌تی نێچیر به‌رزانی ڕۆشتونه‌ته‌ لای په‌كه‌كه‌ و، په‌كه‌كه‌ش به‌ چه‌ندان گه‌ره‌نتی به‌ڵێنی داوه‌ كه‌ دژایه‌تی ڕیفراندۆم نه‌كه‌ن.
ئه‌ی سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كانی خۆرهه‌لات به‌ كام گه‌ره‌نتی (خۆشباوه‌ڕانه‌ و هه‌رده‌م له‌ خزمه‌ت پارتیی-یه‌كێتیی) پشتیوانی له‌ ڕیفراندۆم ئه‌كه‌ن!؟ خۆ باش ئه‌زانن پارتیی-یه‌كێتیی ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیان لا مه‌به‌سته‌ و له‌ هه‌ر ساتێكدا بێت ده‌یان حیزبی تر بۆ خۆرهه‌لات دروست ئه‌كه‌ن، یاخود فشاریان زیاتر له‌سه‌ر ئه‌كه‌ن، هه‌ر هیچ نه‌بێت ڕۆژنامه‌نوسێكی حیزبه‌كانی خۆرهه‌لات به‌ (ڕۆژنامه‌نوسێكی ئاراسته‌كراوی شوێنكه‌وته‌ی)ی وه‌ك عارف قوربانی بۆ ناڵێن: ئێوه‌ ئه‌و پیاوه‌ نین هێزی پارچه‌كانی دیكه‌ چه‌ك بكه‌ن، به‌ڵكو ئێوه‌ شوێنكه‌وته‌ی پاسداران و سوپای توركن!!
ڕێبوار كه‌ریم وه‌لی كه‌ زۆرینه‌ی نوسینه‌ بێ-سه‌روبه‌ره‌كانی له‌ قازانجی توركی فاشیست دایه‌ باسی گه‌ره‌نتی چی ئه‌كات، بۆ باسی (جێگیركردنی پایه‌گاكانی تورك له‌ باشوری كوردستان) ناكات!؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ جێی خۆیه‌تی له‌م بابه‌ته‌دا، ڕووبكه‌مه‌ به‌رپرسه‌ نانه‌ته‌وه‌ییه‌كانی پارتیی- یه‌كێتیی و ڕۆژنامه‌نوسه‌ شوێنكه‌وته‌ بێ- ئاسته‌كانیان و پێیان بڵێم: ئێوه‌ باسی گه‌ره‌نتی (ئێران و توركیا) ئه‌كه‌ن به‌رانبه‌ر ڕیفراندۆمه‌ هه‌زه‌لیه‌كه‌تان، ئه‌ی گه‌ره‌نتی ئێوه‌ چیه‌ بۆ كوردانی باكور و خۆرهه‌لات له‌ به‌رانبه‌ر پشتیوانیه‌كانی ئه‌وان بۆ ڕیفراندۆمه‌كه‌تان!!؟
ده‌بێت په‌كه‌كه‌ و هێزه‌كانی خۆرهه‌لات ناوی یه‌ك به‌ یه‌كی ئه‌و به‌رپرس و نوسه‌ره‌ جاش قه‌ڵه‌مانه‌ی كه‌ له‌ سودی ده‌سه‌لاتی داگیركرانی (تورك و فارس) ده‌نوسن و ده‌دوێن، تۆماربكه‌ن و، داوا له‌ ڕیكخستنه‌كانی باكور و خۆرهه‌لات بكه‌ن هه‌ركاتێك ئه‌وانه‌ ڕۆشتنه‌ شاره‌كانی باكور و خۆرهه‌لاتی كوردستان، ئه‌وا (به‌ردبارانیان) بكه‌ن!

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە