هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ڕوونه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو دا یه‌كێتیی تاك لایه‌نه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌ب سیاسیی خۆیدا (10 ی ئاب) ی وه‌ك ڕۆژی (كردنه‌وه‌ی ده‌رگای په‌رله‌مان) دیاری كرد.
هه‌رچه‌نده‌ له‌ بنه‌ڕه‌ت دا ده‌بوو یه‌كێتیی ئه‌و پێشنیاره‌ بداته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، چونكه‌ ڕێكه‌وتنی (سه‌ر كاغه‌ز)ی له‌گه‌ڵ گۆران دا هه‌یه‌ و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش لای گۆرانه‌.
بەڵام كاتێك یه‌كێتیی ڕایانگه‌یاند: پێشنیاره‌كه‌ ئه‌ده‌ین به‌ پارتیی بزانین ڕازی ئه‌بن یاخود نا!؟ ئه‌وه‌بو له‌ هه‌مان ڕۆژ دا من له‌ بابه‌تی: (ئایا ڕیفراندۆم ده‌كرێ و، به‌ده‌قیق ئه‌نجامه‌كه‌ی چه‌ند دێنێ و، گۆڕان ده‌بێ چی بكا!؟)، ده‌قاوده‌ق ئاماژه‌م به‌وه‌دا دورنیه‌ ئه‌م (ئازوباز: پیلان و فرتوفێڵ)ـه‌ی یه‌كێتیی پێشتر له‌گه‌ل پارتیی دایان نه‌ڕشتبێت بۆ دژایه‌تی گۆڕان و، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی و پارتیی پێكه‌وه‌ تاك‌ لایه‌نه‌ به‌ ئه‌مره‌وه‌ هه‌میشه‌ بڕیار له‌سه‌ر ته‌واوی پرسه‌كانی كوردستان بده‌ن.
به‌مه‌ش ئه‌و ئایدیا هه‌میشه‌یه‌م سه‌لمایه‌وه‌ كه‌: یه‌كێتیی كات به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كوژێ و، هه‌ردوو باله‌كه‌شیان پله‌داره‌ رۆژنامه‌نوسه‌كانی گۆران فریوده‌ده‌ن له‌ باره‌ی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی (سه‌ركاغه‌ز)یانه‌وه‌. ئه‌گینا هه‌ردوو باڵه‌كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌وتی و پۆسته‌ هاوپشكیه‌ وه‌ره‌ساتیه‌كانیان له‌گه‌ل پارتیی، به‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گهڵ گۆڕان ناگۆڕنه‌وه و چه‌ندین جار سه‌لماوه‌‌!
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌به‌ر سێ هۆكار نه‌یانویستوه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڕیكه‌وتنه‌كه‌ی (سه‌ركاغه‌زیان) له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ڕاگه‌یه‌نن. به‌ڵام هه‌ر له‌ قازانجی یه‌كێتیی دا بووه‌ و ئه‌بێ و، یه‌كێتیی هه‌میشه‌ (قازانجی كات كوشتن و هێمن كردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری گۆران له‌ زۆنی نیلی- سه‌وز) ی لێ فه‌راهه‌م ئه‌كات.
گۆڕان نابێت به‌ بێ به‌ده‌ست هێنانی ئه‌م سێ خاڵه بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان‌، گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، ئه‌وا: ده‌سه‌لمێت هه‌م بۆ حه‌زی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بۆ سێ مانگ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ و، هه‌م له‌ داهاتوودا جه‌ماوه‌ر له‌ یادی ناچێ و گورزی ترسناك له‌ گۆڕان ده‌وه‌شێنێت، ئه‌و سێ خاڵه‌ ئه‌مانه‌ن:
1- ده‌بێت گۆڕان له‌ خودی مه‌سعود به‌رزانیه‌وه‌ ئیمزا وه‌رگرێت، كه‌: سیستمی ولات ده‌كرێته‌ په‌رله‌مانی و، چاره‌كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش له‌ كاتی خۆیدا ده‌ده‌رێت.
2- ده‌بێت گۆڕان ئیمزا له‌ خودی مه‌سعود به‌رزانی وه‌رگرێت، كه:‌ رۆژی 1-11-2017 هه‌لبژاردن به‌ڕێوه‌ ئه‌چێ و، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دواناخرێت.
3- ده‌بێت گۆڕان ئیمزا له‌ خودی مه‌سعود به‌رزانی وه‌رگرێت، كه‌: له‌ ڕۆژی 1-11-2017 واز له‌ ده‌سه‌لاتی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم دێنێ و، ڕێگا ئه‌دات (ڕێز بۆ دیموكراسی و یاسا سه‌روه‌ری بگه‌رێته‌وه‌) پاش هه‌لبژاردنی 1-11-2017 و له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌رۆكێكی نوێ هه‌لببژێردرێت!
سه‌یره‌ یه‌كێتیی-پارتیی به‌ نیازی دروستكردنی ده‌وله‌ت بن، كه‌چی ئاماده‌ نه‌بن: سێ داخوازی ساكاری گۆران كه‌ بۆ ولات و حه‌قی جه‌ماوه‌ره،‌ به‌دی بێنن: (سیستمی په‌رله‌مانی، هه‌لبژاردن له‌ كاتی خۆی و، ڕێزگرتن له‌ دیموكراسیه‌ت و خۆنه‌سه‌پاندن به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دا).
له‌كاتێكا گۆران هێزێكی جه‌ماوه‌رییه‌ و به‌م سته‌مه‌ زۆره‌ی له‌ جه‌ماوه‌ر كراوه‌ كه‌ دۆخیان له‌وپه‌ڕی خراپی دایه‌، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ گه‌ر حساب بۆ داخوازیه‌ ساكاره‌كانی گۆران نه‌كرێت له‌ %35 بۆ %40 ی جه‌ماوه‌ر ده‌نگی نه‌خێر به‌ ڕیفراندۆم بده‌ن و، ئه‌گه‌ری ترسناكتریشی هه‌یه‌!!
جێی ئاماژه‌یه‌، من به‌ پێچه‌وانه‌ی په‌رله‌مانتار و نوسه‌رانی گۆڕان هه‌لسه‌نگاندنی سیاسیی بۆ قسه‌كانی (مه‌لا به‌ختیار و هوشیار زێباری) ئه‌كه‌م و پێموایه‌: وته‌كانی مه‌لا به‌ختیار كه‌ وتی: له‌ ڕۆژی‌ (10 ئاب) ده‌رگای په‌رله‌مان ئه‌كه‌نه‌وه‌ و، قسه‌كانی هوشیار زێباری كه‌ ڕایگه‌یاند: (پشتی نەمانی نەوشیروان وەزعی گۆڕان دەگۆڕێت و، زیاتر ئەقلانی دەبێت). ئه‌یسه‌لمێنێت كه‌ پارتیی-یه‌كێتیی نیه‌تێكی باشیان نیه‌ له‌وه‌ی له‌ پرسی ڕیفراندۆم دا كه‌ به‌ گیانێكی دیموكراسییانه‌ حساب بۆ هێزه‌كانی دیكه‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌ت بۆ بزوه‌تنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ خاوه‌ن دووه‌م سه‌نگی پڕ-جه‌ماوه‌ریه‌ له‌ كوردستان.
چونكه‌ مه‌عقول نیه‌ كه‌سێكی وه‌كو (هوشیار زێباری) له‌م ته‌وقیته‌دا ئه‌و قسه‌یه‌ بكات، ئه‌گه‌ر ڕه‌هه‌ندێكی سیاسیی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بێت و به‌ نهێنیی كوده‌تایه‌كی فێڵاوی دیكه‌یان بۆ دژایه‌تی گیانی دیموكراسی و خۆسه‌پاندن ڕێك نه‌خستبێت و له‌ په‌رله‌مان دا به‌ كرده‌وه‌ جێ به‌ جێی نه‌كه‌ن. به‌و مانایه‌ی وته‌كه‌ی هوشیار زێباری زۆر به‌ ڕونی ئه‌یسه‌لمێنێت: مه‌به‌ستێكی سیاسیی له‌ پشته‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بێین خوێندنه‌وه‌ بۆ قسه‌كانی بكه‌ین. به‌لكو ده‌بێت له‌وه‌ ڕامێنین: بۆ هوشیار زێباری له‌م ته‌وقیته‌ ته‌واو هه‌ستیاره‌دا ئه‌و وته‌یه‌ی ده‌ربڕی، قابیله‌ هوشیار زێباری له‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌و ڕسته‌یه‌ فڕێ بد‌ات!! ئه‌م وتانه‌ی (مه‌لا به‌ختیار و هوشیار زێباری) خۆشكردنی زه‌مینه‌ن بۆ ئه‌و پیلان و كودێتا سیاسیه‌ی كه‌ پارتیی-یه‌كێتیی به‌نهێنی ڕێكیان خستووه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مان دا جێ به‌ جێی بكه‌ن.
له‌ كۆتاییدا، وته‌یه‌كی پڕ-مانای مه‌زنه‌ بیرمه‌ندی جیهانی به‌ ڕه‌گه‌ز كورد (د.قاسملوو) له‌ باره‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراسیه‌ت ئه‌خه‌مه‌ڕوو، كه‌ چه‌ندان پره‌نسیپی بۆ جێ به‌ جێ كردنی ئه‌م ئایدیایه‌ی خستۆته‌ڕوو، كه‌ ده‌لێت: ((هه‌رگیز نابێت به‌ بیانووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسیه‌ت پێشێل بكه‌ین)).

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە