هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ماوه‌یه‌كه‌ زۆرێك له‌ یه‌كگرتووه‌كان نه‌ك ڕه‌خنه‌ بگره‌ (سوكایه‌تی)ش به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌كه‌ن. ڕاسته‌ من كه‌سێكی ئه‌كادیمیی- نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌خنه‌گری لۆژیكیم و، نابێت سۆز به‌ سه‌رم دا زاڵ بێت. به‌ڵام كاتێك ناحه‌قیه‌ك درك پێ ئه‌كه‌م، مه‌به‌ست ده‌ربڕینی (سۆز) نیه‌، بگره‌ فه‌رزی سه‌ر شانمه‌ وه‌ك نوسه‌رێك كه‌ له‌ 2003 وه‌ بابه‌تم هه‌یه‌، حه‌قیقه‌ته‌كان وه‌ك خۆی بخه‌مه‌ڕوو.
نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌ به‌ (ئێوه‌ و پارتیی و به‌شێكی یه‌كێتیی) ده‌كرێت به‌ (شه‌یتان) و، نه‌ به‌ گۆڕانیش (خاڵه‌ نه‌رێنییه‌كانی نه‌وشیروان) ده‌سڕێته‌وه‌. بگره‌ ئه‌وه‌ مێژووه‌ نه‌ك ئێستا به‌ڵكو سه‌د ساڵی دیكه‌ش بێت حه‌قیقه‌ته‌كان وه‌ك خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و، ژیان هه‌ر ئاوها به‌رده‌وام نابێت كه‌ زۆرینه‌ی مێژوونووسان قبوڵ خاسی حیزبه‌كان و، قاپیه‌وانی به‌رپرسه‌ نه‌فامه‌ دزه‌كان بن.
لێره‌دا پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو فاكته‌تان بۆ بخه‌مه‌ڕوو، حه‌قیقه‌تێك هه‌یه‌ ئه‌مه‌وێت بیزانن: سوێند به‌ خوای خالق گه‌ر شه‌ریف هه‌ژاری كتێبی له‌سه‌ر دۆزی پارچه‌كانی دیكه‌ (وه‌ك ئه‌كادیمیستێكی نه‌ته‌وه‌یی) و به‌تایبه‌ت بابه‌تی له‌سه‌ر قاسملوو نه‌بایه‌ و، قایل بوومایه‌ به‌ (به‌ڵێ)یه‌ك‌ بۆ حیزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كان، ئێستا نه‌ سه‌روه‌ت و سامانی خۆمم ئه‌زانیی و نه‌ پێگه‌ و بڕوانامه‌شم ئاوها ده‌بوو.
زیاتر له‌وانه‌ش من ئاشكرا دوو جار ده‌نگم به‌ گۆڕان داوه‌. ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كادری گۆڕان بووبم، یاخود سودم له‌ گۆڕان بینی بێت ( ته‌واو بێ منه‌ت و بێ باكم له‌و ڕووه‌وه‌) و هه‌ر هیچ نه‌بێت وه‌ك ئه‌و ئه‌كادیمیست و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ ئه‌بووم كه‌ له ‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ هه‌م پله‌ و هه‌م پاره‌یان پێدراوه‌. به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بڕوام وابووه‌: گه‌ر هێزێكی كاریگه‌ر بێته‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌، پارتیی- یه‌كێتیی ئه‌م كه‌ڵه‌گایی و خه‌فه‌كردنه‌ی میلله‌تیان بۆ ناچێته‌سه‌ر و، بۆ هوشیاری و به‌رگری له‌ مافی خه‌لك كاریگه‌ر ده‌بێت.
ئێوه‌ وه‌ك پارته‌ ئیسلامیه‌كان به‌گشتی (یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌) و به‌تایبه‌ت ئێوه‌ی یه‌كگرتوو گرنگه‌ ئه‌م دوو فاكته‌ لۆژیكیه‌ هه‌رگیز له‌ یاد نه‌كه‌ن:
1- گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی دروست نه‌كردبایه‌، ئێوه‌ وه‌ك پارته‌ ئیسلامیه‌كان (یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌) نه‌تان ئه‌توانی له‌ ئاست هه‌ردوو زل-حیزبی چه‌پاولگه‌ر (پارتیی- یه‌كێتیی) ده‌نگ به‌رزكه‌نه‌وه‌ و، به‌ربه‌ستێكی ئه‌تۆیان بێننه‌ ڕێ. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ به‌ ناو (سیكۆلار) كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌گرن، ده‌ڵێن: ((نه‌وشیروان مسته‌فا بوو كه‌ ئیسلامیه‌كانی گه‌یانده‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئاوها ده‌نگ به‌رز بكه‌نه‌وه‌)). لێتان ئه‌پرسم گه‌ر نه‌وشیروان و بزوتنه‌وی گۆڕان نه‌بایه‌ ئه‌تانتوانی (نا)ی كاریگه‌ر به‌ ڕوی هه‌ردوو زل-حیزبی چه‌پاولگه‌ر (پارتیی-یه‌كێتیی) به‌رزكه‌نه‌وه‌!؟
2- ڕونه‌ ئێوه‌ی یه‌كگرتوو به‌ره‌ی (ئه‌ردۆگانی ئیخوانی)ن و كۆمه‌ڵیش به‌ره‌ی (ئێرانی وه‌لی فه‌قهێی شیعه‌ی دوانزه‌ ئیمامی)ن. كه‌وابوو ئێوه‌ به‌هۆی په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتیی- ئه‌ردۆگانه‌وه‌، شوێن ئاراسته‌كانی ئه‌ردۆگان ئه‌كه‌ون (خه‌ڵك هێنده‌ ناهوشیار نین له‌و هاوكێشه‌یه‌ تێ نه‌گه‌ن). به‌لام ئێوه‌ی یه‌كگرتوو نه‌ده‌بوو هه‌رگیز ئه‌وه‌ له‌ یادكه‌ن كه‌ لایه‌نگرانی گۆڕان چی بۆ نه‌كردن له‌ كاتی سوتاندنی باره‌گاكانتان له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌گه‌ر گۆڕان نه‌بایه‌، مه‌لا موسه‌نا ئه‌مین ئه‌یتوانی خۆپیشاندان بكا و بچێته‌ به‌رده‌م لقی چواری پارتیی و هاوار بكات: (بیسوتێنن!!). به‌ پێی بیری ئه‌وانه‌شی كه‌ نه‌فامن: گه‌ر لایه‌نگره‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی گۆڕان نه‌بایه‌ و مه‌لا موسه‌نا یاخود (هه‌ر به‌رپرسێكی یه‌كگرتوو) بچونایه‌ته‌ به‌رده‌م لقی چواری پارتیی و به‌ردبارانیان بكردبایه‌ و هاواری سوتاندنیان بكردبایه،‌ ئه‌وا پارتیی به‌ ڕۆژی ڕوناك به‌ په‌ره‌مێزی ئه‌و به‌رپرسه‌تانی نه‌ده‌سوتاند‌، مێژووی پڕ-به‌رهه‌می پارتیی-یه‌كێتیش له‌م ڕووه‌وه‌ زۆر ده‌وله‌مه‌نده!!
كه‌وابوو هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌به‌ر ئه‌و دوو فاكته‌ی سه‌ره‌وه،‌ هێنده‌ ڕێزی خۆتان بگرن سوكایه‌تی به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا مه‌كه‌ن.
نه‌وشیروان مسته‌فا هاوڕێی كه‌سانی وه‌ك (قاسملووی ده‌گمه‌ن، ئاپۆی كۆڵنه‌ده‌ر، شه‌ره‌فكه‌ندی و مام جه‌لال و شه‌هید ئارام و زۆر سه‌ركرده‌ی كاریگه‌ری كورد) بووه‌.
كه‌وابو وا تێ نه‌گه‌ن من ناڵێم: ڕه‌خنه‌ی لۆژیكی مه‌گرن، بگره‌ ئه‌گه‌ر ئه‌توانن ڕه‌خنه‌ی لۆژیكی هه‌ر له‌ (قاسملو، شه‌هید ئارام، نه‌وشیروان، ئاپۆ و مام جلال) بگرن. هه‌میشه‌ نوسیومه‌ و وتومه‌ و ده‌یڵێمه‌وه‌: ((كورد میلله‌تێكی ئازا بۆ ناو خۆیی و، زۆرینه‌ی شوێنكه‌وته‌ بۆ داگیركه‌ر)). بۆیه‌ به‌ ویژدانی هه‌موو مرۆڤێكی ڕاستگۆ: ئه‌و په‌ڕی بێ- ویژدانیه‌ ئێوه‌ سوكایه‌تیی به‌ پیاوێكی ئازای وه‌ك (نه‌وشیروان مسته‌فا) بكه‌ن. نه‌وشیروان مسته‌فا زیاتر له‌ ته‌مه‌نی ئێوه‌ و سێ ته‌مه‌نی حیزبه‌كه‌تان خه‌باتی ڕزگاریی و دادخوازی هه‌بووه‌، ئه‌لبه‌ته‌ نه‌وشیروان بێ كه‌موكورتیی و خاڵی نه‌رێنیش نه‌بووه‌.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە