هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئه‌و یه‌كگرتووییه‌ی له‌ (به‌ناو) په‌رله‌مانی عێراقی سه‌ركاغه‌ز دا، له‌لایه‌ن ته‌واوی فراكسیۆنه‌ (شیعه‌ و سونه‌كانی‌ توركمان و عه‌ره‌به‌كان‌ له‌باره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ شاری كه‌ركوك دا هاته‌بوون، هه‌روا ڕووداوێكی (له‌ناكاو و ناڕێكخراو) نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك له‌ بابه‌تی هه‌فته‌ی پێشوودا له‌ باره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ ئاماژه‌م پێدابوو، ئه‌و یه‌كگرتووییه‌ بڕیارێكی داگیركاران بوو. ڕوونه‌ مه‌به‌ستم له‌ داگیركاران (تورك و فارس) بوو.

له‌ سه‌ره‌تای هه‌لكردنی ئالای كوردستان له‌ كه‌ركوك، توندترین كاردانه‌وه‌كان توركمانه‌كان ده‌ریان بڕی، به‌دواشیدا توركیا كاردانه‌وه‌ی (زاره‌كی) هه‌بوو دژ به‌ پرسی ئالا هه‌ڵكردنه‌كه‌. ئێران له‌ سه‌ره‌تادا ڕێوی ئاسا كاردانه‌وه‌ی نه‌نوواند، به‌ڵام زۆر زوو كه‌وته‌ داوه‌كه‌ی توركیاوه‌!!
ڕوونه‌ لای هه‌موومان كه‌ هێزه‌كانی باشور سه‌ر به‌ ئێران و توركیان. هه‌ربۆیه‌ بردنه‌وه‌ی گروپه‌كانی سه‌ر به‌ توركیا مانای سه‌ركه‌وتنی ئه‌جێندای توركیا دێت. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه:‌ سه‌ركه‌وتنی گروپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران مانای هه‌ژمونی ته‌واوی ئێران ئه‌گه‌یه‌نێت به‌سه‌ر عێراق دا.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عێراق وه‌ك دیفاكتۆ داگیرگه‌یه‌كی ئێرانه‌ و، له‌م داگیرگه‌یه‌ی ئێران دا، چه‌ند گروپێك له‌ ژێر هه‌ژمونی ده‌سه‌لاتی ئێران دا نین وه‌ك (پارتیی و یه‌كگرتو و هه‌ندێ له‌ سونه‌كان). بۆیه‌ هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكی گروپه‌كانی سه‌ر به‌ توركیا گورزێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێران ئه‌م داگیرگه‌ ستراتیژیه‌ی له‌ ده‌ست بچێ.

له‌م پرسه‌دا پرسیاره‌ ستراتیژییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: چۆن ئێران تێ كه‌وت!؟
پێموایه‌ له‌و دۆخه‌ كاردانه‌وه‌سازییه‌ی كه‌ پاش هه‌لكردنی ئالای كوردستان له‌ كه‌ركوك هاته‌كایه‌وه‌، ئێران له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ سیاسییانه‌ مامه‌له‌ی له‌گه‌ل دا بكات و به‌شوێن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بكه‌وێ، به‌ (هزری فاشیستانه‌)ی فارس له‌گه‌لی دا جوولایه‌وه‌ و، (سیاسه‌تی فێڵاوییانه‌)ی له‌ بیرچوویه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه:‌ فێڵاوی تورك له‌ سیاسه‌تیان دا وایكرد به‌ چه‌ند ئیعاز و مانۆڕێكی (كاردانه‌وه‌ی توركمانه‌كان)ی كه‌ركوك ئه‌وا ئێرانی خسته ‌داوه‌كه‌وه‌.
چونكه‌ پێموایه‌: ئه‌و یه‌كگرتووییه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراقی سه‌ركاغه‌زی (داگیرگه‌ی ئێران) دا هاته‌كایه‌وه‌، ڕێككه‌وتنی نهێنیی ئێران و توركیا بوو دژی كورد. به‌ڵام له‌ بنه‌مادا ڕێكه‌وتنێكی ناهاوسه‌نگ بوو بۆ ئێران، چونكه‌ ئێران هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌كان (كه‌ ڕێژه‌یان زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ناو په‌رله‌مانی عێراقه‌ و هه‌رچیان بوێت كردوویانه‌ و ده‌یكه‌ن) خسته‌ خزمه‌ت پرۆژه‌ی توركمانه‌كان و سونه‌كانه‌وه‌ (كه‌ كه‌مینه‌یه‌كی ناكاریگه‌ر و بێ سه‌نگن!).
ئێران (به‌ فراكسیۆن و په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌كانیه‌وه‌) بیری له‌ لێكه‌وته‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ نه‌كردبووه‌وه‌ كه‌ ئایا په‌رله‌مانی عێراقی سه‌ركاغه‌ز بڕیارێكی وا به‌ زۆرینه‌ دژی ئالای كوردستان له‌ كه‌ركوك بدات ئاكامی چی ده‌بێت. بۆیه‌ كاردانه‌وه‌ سۆزدارییه‌ فاشیستییه‌كه‌ی ئێران وایكرد كه‌ ئیعاز به‌ په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌كان بدات كه‌ هه‌رهه‌موویان ده‌نگ به‌ پرۆژه‌كه‌ی توركمانه‌كان بده‌ن!!

چۆن و بۆ ئێران دۆڕا ؟
پێموایه‌ ئێران بیری له‌وه‌ نه‌كردبوویه‌وه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ خێرایه‌ی په‌رله‌مانی عێراق چی ده‌بێ، بۆیه‌ هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌كانی خسته‌ خزمه‌ت پرۆژه‌كه‌ی توركیاوه‌، به‌لام توركیا ئه‌یزانی تازه‌ كه‌ركوك له‌ ده‌ست توركمان و عه‌ره‌به‌ سونه‌كان ده‌رچووه‌، بۆیه‌ ئه‌یویست ئێرانیش تێوه‌ بگلێنێت، بۆ ئێران تێیدا دۆڕا!؟
1 -ئه‌و بڕیاره‌ كه‌ له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كان سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌ درا و، ئێرانیش حوكمڕانی عێراقه‌، ئه‌وا كورد جێ به‌جێی نه‌كرد، به‌مه‌ش كورد هه‌یمه‌نه‌ و خۆبه‌زلزانینی ئێرانی تێك شكاند!!
2- ئێران چه‌ند حیزبێكی هه‌بوو له‌ باشوری كوردستان دا، كه‌ زۆرجار به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ئاراسته‌ی ئه‌كردن و ده‌نگی په‌رله‌مانتاره‌كانیشیانی له‌ په‌رله‌مانی عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هه‌ژمونخوازییه‌كانی به‌كارده‌هێنا. ئه‌و په‌رله‌مانتاره كوردانه‌ی حیزبه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران‌ هه‌ر جاره‌و به‌ (بیانویه‌كی زۆر سانا) به‌شێكی میلله‌تی كوردیان فریو ده‌دا و دانیان به‌وه‌دا نه‌ده‌نا كه‌ سیاسه‌تی ئێران جێ به‌جێ ئه‌كه‌ن!! به‌لام به‌م بڕیاره‌ی (هه‌موو گروپه‌ شیعه‌كانی عێراق له‌گه‌ل كه‌مینه‌ توركمانه‌كان) دا، هێنده‌ توند جه‌ماوه‌ری باشوری كوردستانی ڕاچڵه‌كاند كه‌ ئیدی په‌رله‌مانتارانی هیچ حیزبێكی كوردی (سه‌ر به‌ ئێران) نه‌توانن له‌ ناو په‌رله‌مانی عێراق دا بیانوو بۆ جێ به‌ جێ كردنی سیاسه‌ته‌كانی ئێران بێننه‌وه‌.
چونكه‌ شه‌قام زۆر توند كاردانه‌وه‌ی ده‌بێ و، له‌ ڕاستیش دا ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق (كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی شیعه‌كانی سه‌ر ئێران نه‌بووایه‌ هه‌رگیز بڕیاری له‌سه‌ر نه‌ده‌درا) وه‌ك كڵپه‌سه‌ندنی شۆڕشێك وایه‌ له‌ ناو هزری جه‌ماوه‌ری باشوری كوردستان له‌ دژی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ پرۆ- ئێرانیانه‌ی كه‌ جارێكی تر بیانه‌وێت باسی په‌رله‌مانی عێراق و عێراقچێتی بكه‌نه‌وه‌.
3- ئه‌و بڕیاره‌ به‌ كرده‌وه‌ كوردی یه‌كخست، زۆرینه‌ی حیزبه‌ كوردییه‌كانیش (به‌ خۆشحالی بێ یان ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق وای لێ كردبن) ناچارن بكه‌ونه‌ دوای پرۆژه‌كه‌ی پارتی، به‌مه‌ش ئێران ناتوانێت جارێكی تر (وه‌ك پێشوو) له‌ ڕێی ئه‌و حیزبانه‌وه‌ له‌مپه‌ر له‌ ڕێی پرسی سه‌ربه‌خۆیی دا دابنێت، یاخود ئه‌و حیزبانه‌ (وه‌ك پێشو) دژی پارتیی به‌كاربێنێت.
4- ئێستا كه‌ پارتیی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و پرسه‌ ئه‌كات و حیزبه‌كانیش به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ شوێنی كه‌وتوون، ئه‌وا بالانسی هێز به‌ ته‌واوی له‌ (باكوری عێراقی سه‌ر كاغه‌زی داگیرگه‌ی ئێران دا: ده‌وله‌تی كوردستانی داهاتوو) به‌ لای پارتی دا ده‌شكێته‌وه‌.
به‌و پێیه‌ی پارتیش شوێنكه‌وته‌ی توركیایه‌‌ و چه‌ندین (ناوه‌ندی سه‌ربازی توركی هێناوه‌ته‌ باشوره‌وه و، توركمان و یه‌كگرتووش ‌هه‌ر سه‌ر به‌ توركیان)، ئه‌وا توركیا بالاده‌ستی خۆی له‌ (باكوری عێراقی داگیرگه‌ی ئێران دا: ده‌وله‌تی داهاتووی كوردستان) جێگیر ئه‌كا و، به‌شێكی گرنگی ئه‌م داگیرگه‌یه‌ له‌ ده‌ست ئێران ده‌رچوو. به‌مه‌ش سه‌ره‌تای له‌ده‌ستدانی داگیرگه‌ی عێراق دێت به‌ده‌ست ئێرانه‌وه‌، چونكه‌ دواتریش ئه‌مریكا گروپه‌ شیعه‌كانیش ئه‌كات به‌ دژ یه‌كتر دا، هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ش پێموابووه‌: پڕوكانی ئه‌جێندا ده‌ره‌كییه‌كانی ئێران له‌ (عێراق، سوریا و یه‌مه‌ن) ڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌لاتی ئێران له‌ ناوخۆ دا ئاژاوه‌ تێ ده‌خا و هه‌ڵی ده‌‌ته‌كێنێت.
كه‌وابوو: به‌م بڕیاڕه‌ی په‌رله‌مانی عێراقی سه‌ر به‌ ئێران، ئێران كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر به‌شێكی گرنگی هێزه‌ كوردیه‌كانی وابه‌سته‌ی خۆی له‌ده‌ست دا. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ نا كه‌ ئه‌و هێزانه‌ تازه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتبێ كه‌ ئێران دژی كورده‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دوای ئه‌م بڕیاره‌ شه‌قامی كوردی له‌ هیچ هێزێكی كوردی قبول ناكات كه‌ وه‌كجاران بچنه‌ كه‌ربه‌لا و سینه‌زه‌نی بكه‌ن بۆ عه‌ره‌ب، له‌ڕاستیش دا ئه‌و هێزانه‌ هیچ بیانوویه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ باسی ڕووكردنه‌وه‌ به‌غدا و په‌رله‌مانی عێراق بكه‌نه‌وه‌!!
كه‌وابو، (به‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی عێراقی سه‌ر به‌ ئێران) ئه‌جێندای ستراتیژی ئه‌و هێزه‌ كوردیانه‌ سه‌ركه‌وت كه‌ سه‌ر به‌ توركیان (پارتیی)، هاتوچۆكانی پێشوتری (نه‌جمه‌دین كه‌ریم و پارتیی و توركمانه‌كان) بۆ توركیا و ئه‌مریكا، ڕاستی ئه‌و بۆچوونه‌مان ساغ ئه‌كه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌ كوردیه‌ (گوتار عێراقیچییه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران) له‌ ئێران بترازێت. به‌مه‌ش توركیا گه‌وره‌ترین گۆڵی له‌ ئێران كرد، چونكه‌ ئێران له‌ ستراتیژ دا هه‌م به‌شێكی گرنگی داگیرگه‌ی عێراق له‌ده‌ست ده‌دا و، هه‌م كاریگه‌ری ئه‌و له ‌ده‌ست دانه‌ش له‌سه‌ر خودی ناوخۆی ئێرانیش زیاتر ده‌بێت.
به‌نیسبه‌ت كوردیشه‌وه‌، به‌لكو هێزه‌ كوردییه‌كان په‌ندی لێ وه‌رگرن و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد، ده‌وله‌تی كوردی ڕاگه‌یه‌نن. بێ گومان هه‌م ئاڵا هه‌لكردنه‌كه‌ و هه‌م هاتنی سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ هه‌ولێر و، هه‌م هاتوچۆكانی وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی ترامپ بۆ توركیا، ئه‌و ڕاستییه‌ ئه‌خه‌نه‌ڕوو كه‌ ئه‌مریكا به‌وردی ئاگاداری هاوكێشه‌كه‌یه‌ و، توركیاش باش ئه‌زانێت ناتوانێت ڕێگربێت له‌به‌رده‌م هاوكێشه‌كه‌ی ئه‌مریكا، به‌ڵام ئه‌یه‌وێت هه‌رچۆنی كردووه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕێی هێزه‌ وابه‌سته‌كانیشی بووه، ئه‌وا‌ هه‌ژمونی خۆی له‌ ده‌ست نه‌دات.
بۆ ئێمه‌ی كوردیش گرنگه‌ (ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرنی كوردی) له‌ باشوری كوردستان دامه‌زرێت، كه‌ حوكمی دیموكراتییانه‌ی هه‌بێ و، نا بنه‌ماڵه‌یی بێت. به‌نیسبه‌ت پارچه‌كانی تریشه‌وه‌ له‌ داهاتوو دا وتاری تایبه‌تمان ئه‌بێت.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە