هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ زۆرترین پرسیارم بۆ دێ چ به‌ مه‌سیج و چ له‌ كۆمێنته‌كان دا< ئه‌وه‌یه‌: ئایا مامۆستا دۆخی داهاتووی گۆڕان چۆن هه‌ڵ ده‌سه‌نگێنیت!؟ ئایا به‌و شێوه‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌رییه‌ ده‌مێننه‌وه‌!؟
بۆ وه‌لامی پرسیاره‌كانی ئێوه‌ی به‌رێز، هیوادارم هه‌وڵ بده‌م له‌ ڕووی ستراتیژیه‌وه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ و ئه‌گه‌ره‌كانی ته‌ته‌ڵه‌ بكه‌م. چونكه‌ كاتێك بۆ نامه‌ی ماستێره‌كه‌م ناونیشانی (سیاسه‌ت و ستراتیژی به‌ریتانیا له‌ خاكی ئه‌مریكا) له‌ زانكۆی له‌نده‌ن هه‌ڵم بژارد، بۆ ئه‌وه‌بوو ئه‌كادیمیستێك بم كه‌: ستراتیژییانه‌ بیركه‌مه‌وه‌، نه‌وه‌ك ته‌كتیكانه‌.
واته‌ سیاسییزانانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانم بخه‌مه‌ڕوو، نه‌وه‌ك وه‌ك ڕۆژنامه‌نوس پشت به‌ (پڕوپاگه‌نده‌ی ڕۆژ) ببه‌ستم، كه‌ دیاره‌ زۆرترین ئه‌وانه‌ی له‌ كوردستان دا سیاسه‌ت ده‌كه‌ن ڕۆژنامه‌نوسانه‌ پشت به‌ (پڕوپاگه‌نده‌ی ڕۆژ) ده‌به‌ستن. ئه‌وه‌ش بۆ سیاسه‌تزانی وردكار هه‌نگاوێكی زۆر سانای ته‌كتیكه‌ و، مه‌رج نیه‌ ستراتیژ گۆڕانكارییه‌كی دیكه‌ نه‌بێت!
ئه‌م ڕونكرنه‌وه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌: وه‌ڵامی پرسیاره‌كانتان له‌ باره‌ی سه‌نگی داهاتووی جه‌ماوه‌ری گۆڕانه‌وه‌ ستراتیژییانه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌، نه‌وه‌ك ته‌كتیك- ئاسا!

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ پێی ئه‌م فاكتانه‌ له‌ ستراتیژ دا سه‌نگی هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز به‌ خۆوه‌ ده‌بینێت:
1- ناكارامه‌یی به‌رپرسه‌كانی ده‌سه‌ڵات و، وه‌ره‌ساتگه‌راییان و، فه‌سادییه‌كی نه‌بڕاوه‌ی به‌رپرسه‌كان و، دابه‌زینی بژێوی و ڕزقی خه‌ڵك و، نه‌دانی موچه‌ (به‌ گونده‌یی) له‌ لایه‌ن ده‌سه‌لاته‌وه‌: هه‌م بۆ ته‌كتیك و هه‌م بۆ ستراتیژ له‌ قازانجی گۆڕانه‌.
2- بابه‌تی ڕیفراندۆم و (كردنه‌وه‌ی ده‌رگای په‌رله‌مان) یه‌كێكن له‌و بابه‌تانه‌ی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری ده‌كات له‌وه‌ی: ئایا له‌ ستراتیژ دا گۆڕان هه‌مان جه‌ماوه‌ری ده‌مێنێته‌وه‌ و زیاتریش ئه‌بێت!؟ ئه‌گه‌ر (یوسف محه‌مه‌د و ڕاوێژكاره‌كانی) ته‌نها بۆ ئه‌م سێ مانگه‌ كورته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، به‌ بێ گه‌ره‌نتی ئه‌م چوار ده‌ستكه‌وته‌ بۆ جه‌ماوه‌ر (موچه‌ به ‌بڕی شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ی هه‌موو مانگێك بدرێت، سیستم بكرێته‌ په‌رله‌مانی، له‌ %100 له‌ ڕۆژی 1-11-2017 هه‌ڵبژاردن بكرێ و، گه‌ره‌نتی وه‌رگرن كه‌: له‌ ڕۆژی 1-11-2017 مه‌سعود به‌رزانی واز له‌ سه‌رۆكایه‌تی بێنێت)، ئه‌وا گۆڕان له‌ ستراتیژ دا زه‌ره‌ر ئه‌كات.
ده‌بێت كه‌مێكی تر چاوه‌ڕوان بین و بۆمان بسه‌لمێت كه‌: ئایا ئه‌م هه‌موو گوتاره‌ تونده‌ی یوسف محه‌مه‌د و په‌رله‌مانتارانی گۆڕان له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و چوار ده‌ستكه‌وته‌ گه‌لخوازه‌ دایه‌، یاخود نه‌خێر ته‌نها له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی یوسف محه‌مه‌د دایه‌!؟
بێ گومانم ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی یوسف محه‌مه‌د دابێت، ئه‌وا خه‌ڵك له‌ داهاتوودا گورز له‌ گۆڕان ده‌دا و، هاوكێشه‌كانی داهاتو و ئه‌گه‌ری لیستی دیكه‌ (كه‌ له‌ خاڵی سێیه‌م دا دێمه‌ سه‌ری)، هه‌ر هه‌موو واده‌كه‌ن كه‌: گۆڕان نابێت ته‌نها له‌ پێناو سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و یوسف محه‌مه‌د دا گلۆپی سه‌وز بۆ یوسف محه‌مه‌د هه‌ڵكه‌ن كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان. به‌ڵكو گه‌ر پارتیی- یه‌كێتیی گه‌ره‌نتی ئه‌و چوار ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ده‌ن به‌ گۆڕان، ئه‌وا با یوسف محه‌مه‌د نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ و، پارتیی- یه‌كێتیی خۆیان ده‌رگای په‌رله‌مان بكه‌نه‌وه‌ و سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی بگۆڕن، ئه‌مه‌ش له‌ ڕووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ به‌ قازانجی گۆڕان دێت له‌ ستراتیژ دا.
3- وای ئه‌بینم كه‌ ئه‌گه‌ریی هه‌یه‌ بۆ هه‌لبژاردنه‌كانی داهاتوو (دکتۆر به‌رهه‌م سالح) لیستی هه‌بێت. من (وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری) به‌ پێچه‌وانه‌ی بیری هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانی گۆڕانم كه‌ سه‌نگی جه‌ماوه‌ری د.کتۆربه‌رهه‌م سالح به‌ كه‌م ئه‌زانن! هه‌ربۆیه‌ له‌ ساتی كۆچی دوایی (نه‌وشیروان مسته‌فا) دا له‌ بابه‌تێك دا ئاماژه‌م به‌م باسه‌ كردبوو كه‌ (ئه‌گه‌ر دکتۆر به‌رهه‌م لیستی هه‌بێت: گورزی شوێندانه‌ر له‌ جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیی و گۆران و، ته‌نانه‌ت یه‌كگرتو و هه‌ندێ حیزبی تریش ده‌دات به‌تایبه‌ت له‌ زۆنی سه‌وز- نیللی دا).
واشی ئه‌بینم لابردنی ئاڵا تاڵه‌بانی و سڕكردنی (شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و سیروان كوێخا نه‌جم و… هتد) ته‌كتیكی كاتین كه‌ باڵی ده‌سه‌لاتداری یه‌كێتیی به‌كاری دێنن و، هه‌ر هه‌موو بۆ ئاشتكردنه‌وی به‌رهه‌م سالحه‌. چونكه‌ یه‌كێتیی ئه‌زانن به‌رهه‌م سالح لیستی نوێ داده‌نێت و گورز له‌ جه‌ماوه‌ریان ده‌دات!
لێره‌دا وردبونه‌وه‌م له‌وه‌ دایه‌: ئایا به‌رهه‌م سالح لیستی هه‌بێت هه‌ر سه‌ر به‌ یه‌كێتیی ئه‌بێت لیسته‌كه‌ی یاخود نا!؟ ئایا د.به‌رهه‌م هێدی هێدی ئه‌یه‌وێت ئه‌و فه‌رمانده‌ و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییانه‌ی یه‌كێتیی كه‌ پشتیوانی لێ ده‌كه‌ن (كه‌ ئێستا بڕوایان وایه‌ هه‌ر له‌ ناو یه‌كێتیی دا بمێننه‌وه‌) دێنێته‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی کە ده‌بێت حیزبی نوێ دروست كه‌ن. چونكه‌ دکتۆربه‌رهه‌م سه‌ره‌تا لیست داده‌نێت، كاتێك باڵی ده‌سه‌لاتدار قبولیان نه‌كرد، ئه‌وكات ئه‌گه‌رێكی لۆژیكیتر ده‌بێت كه‌ فه‌رمانده‌ و سه‌ركرده‌ سه‌ربازیه‌كان له‌ حیزبێكی نوێ دا یه‌كانگیر بكات!
دکتۆر به‌رهه‌م له‌ زۆنی نیلی- سه‌وز كاریگه‌ری ئه‌بێت، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش له‌ (كه‌ركوك و خانه‌قین) خاوه‌ن نفوزی گه‌وره‌یه‌.
دکتۆر به‌رهه‌م به‌ كام میكانیزم ده‌توانێت به‌شێك له‌ یه‌كێتیه‌كانی كه‌ركوك جه‌زب بكات، كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌ی توانی ته‌نانه‌ت كورسیه‌كی په‌رله‌مانیش له‌ كه‌ركوك به‌ده‌ست بێنێت، له‌وه‌دا وردێتیی زیاتری ده‌وێت!!
تائێستا وای ئه‌بینم: نه‌ هیرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، نه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ ڕووی خاڵی بێ- جه‌ماوه‌ركردنی دکتۆر به‌رهه‌م سالح نه‌ ئیشیان له‌سه‌ر كردووه‌ و نه‌ به‌ وردی دۆزیویانه‌ته‌وه‌!! به‌وانه‌شه‌وه‌: پێموایه‌ به‌رهه‌م سالح لای جه‌ماوه‌ر ڕق لێ گیراو نیه‌!
هه‌ر بۆ مه‌سه‌له‌ی لیستی نوێ، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ زۆنی گۆڕان و یه‌كێتیی، لیستی شاسوار عه‌بدول واحیدیشیان بۆ بێته‌كایه‌وه‌.
پێشتر ئه‌و ئه‌گه‌ره‌م دانابوو كه‌: شاسوار عه‌بدول واحید سیناریۆ و كارتی دکتۆر به‌رهه‌مه‌ و به‌پێی (هه‌نگاوی سیاسیی) بۆ هه‌ندێك ته‌كتیك ئاراسته‌ی ده‌كات.
به‌لام ئێستا وردتر له‌ هه‌نگاوه‌كانی هه‌ردوكیان ئه‌ڕوانم. به‌ دوری نازانم ئه‌گه‌ر پێشتر نزیك بونه‌وه‌شیان هه‌بووبێت، ئه‌وا له‌ ئێستادا له‌ یه‌كتر جیابوونه‌ته‌وه‌.
چونكه‌ به‌ ئه‌سته‌می ئه‌زانم دکتۆر به‌رهه‌م پشتیوانی به‌ره‌ی (نه‌خێر) بۆ ڕیفراندۆم بكات، یاخود یه‌كێك بێت له‌ ئاراسته‌كانی پشت ئه‌و به‌ره‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌بێت زیاتر وردببمه‌وه‌ و به‌ شوێن هه‌نگاوه‌كانی دواتریان دا بڕۆم. له‌ سیاسه‌تیش دا هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان به‌ بوون و نه‌بوون ده‌بێت شی بكرێته‌وه‌.
بڕواشم وایه‌: هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو: دوا قۆناغی دکتۆر به‌رهه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بخاته‌ڕوو. ئه‌گه‌ر نا: جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ڕوئیایان پێی نامێنێت.
له‌ كۆتایدا، بۆ وه‌لامی ئه‌و به‌رێزانه‌، پێموایه‌: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێویسته‌ وریایی ڕێكخسته‌كانی و لێكترازان بێت!! بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانیش خۆی ئاماده‌ بكات. نابێت بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری سێ مانگ گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ پێناو حه‌زی چه‌ند كه‌سێكی دا، به‌ بێ ئه‌و چوار ده‌ستكه‌وته: ‌(موچه‌ به ‌بڕی شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ی هه‌موو مانگێك بدرێت، سیستم بكرێته‌ په‌رله‌مانی، له‌ %100 له‌ ڕۆژی 1-11-2017 هه‌لبژاردن بكرێ و، گه‌ره‌نتی وه‌رگرن كه‌: له‌ ڕۆژی 1-11-2017 مه‌سعود به‌رزانی واز له‌ سه‌رۆكایه‌تی بێنێت)، ئه‌گه‌ر نا: بژارده‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ داهاتوو لیستی تریشیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌بێ؟ ئه‌شیلێمه‌وه: به‌تایبه‌ت لیستی به‌رهه‌م سالح له‌ ڕووی جه‌زبی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ به‌ كه‌م سه‌یر مه‌كه‌ن!!‌

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت