هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

له‌م ساته‌دا كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك (سه‌د له‌ سه‌د) ده‌زانێت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یان دێته‌ كوردستان، بۆ نوێنه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتیان ده‌ركرد، پێموایه‌ بۆ ئه‌م سێ هۆكاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌:
1- هۆكاری سه‌ره‌كی: بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی یه‌كێتیی ته‌سلیمی پرۆژه‌كانی پارتیی بێت، كه‌ له‌ ئێستادا یه‌كێتیی هه‌نگاوی سازشكارانه‌ و پارتیی- خوازانه‌ی ناوه‌ و، ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌یه‌وێت یه‌كێتیی به‌كرداری ئه‌و هه‌نگاوه‌ جێ به‌ جێ بكات.
2- ده‌وڵه‌تی تورك پیلانی هه‌یه‌ بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌، بۆیه‌ سه‌ره‌تا ئه‌یه‌وێت زه‌مینه‌ی بۆ بسازێنێت.
ڕوونه‌ تاكه‌ هێز كه‌ به‌كرده‌وه‌ له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبۆكراتی هه‌رێم دا ڕێخۆشكه‌ر بووه‌ بۆ ئێران و په‌كه‌كه‌، ئه‌وا یه‌كێتیی بووه‌، هه‌روه‌ك چۆن پارتیش ڕێخۆشكه‌ری ئه‌جێنداكانی ده‌وله‌تی تورك بووه‌ و هه‌یه‌.
له‌ ئێستادا ده‌وڵه‌تی تورك باش ئه‌زانێت یه‌كێتیی دركی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئێران به‌ره‌و قه‌تیس بوون و، هه‌ڵوه‌رینی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی له‌ به‌ره‌یه‌كی فراوانی چه‌ند وڵاتێكی خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاست دا ده‌ڕوا و، له‌ ستراتیژ دا نابێت یه‌كێتیی هه‌ر شوێنكه‌وته‌ی ئێران بێ. چونكه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای ئێران بونی نامێنێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێتیی شوێنكه‌وته‌ی ئێران بێ ئه‌وا هه‌تا ئێران ڕووه‌و لاواز و لاوازتر بچێ: یه‌كێتیش بێ- كڵاوتر ده‌بێ!! بۆیه‌ ده‌وڵه‌تی تورك ده‌یه‌وێت به‌م ده‌ركردنه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتیی، فشارێك له‌سه‌ر یه‌كێتیی دروست بكات، كه‌ سازش بۆ ده‌وڵه‌تی تورك بكات. سازشیش بۆ ده‌وله‌تی تورك سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ هۆكاری یه‌كه‌م باسم له‌وه‌ كردووه‌ یه‌كێتیی زیاتر ته‌سلیمی ئه‌جێندای پارتیی ببێت، هه‌روه‌ها ده‌شبێت‌ یه‌كێتیی لای خۆیه‌وه‌ (به‌م بیانوه‌وه‌) فشاربخاته‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌ و، سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیش باس له‌ سه‌ربازگه‌كانی تورك نه‌كه‌ن له‌ قوڵایی خاكی هه‌رێم دا. به‌مه‌ش ئه‌و پیلانانه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك دایناوه‌ دژی په‌كه‌كه‌ (له‌ ئاینده‌دا هه‌نگاوه‌ پراكتیكیه‌كانی ده‌بینین!!) زیاتر كاریگه‌رتر ئه‌بێت، چونكه‌ سه‌ره‌تا یه‌كێتیشی پێ چاوترسێن كردووه‌.
3- ده‌وڵه‌تی تورك ده‌شیه‌وێت وا له‌ یه‌كێتیی بكات كه‌ نوێنه‌رێكی له‌ توركیادا بێت كه‌ كه‌مێك ناسنامه‌ی دبلۆماتكاری خۆی فۆرمۆله‌ بكات. پێموایه‌: خودی (به‌هرۆز گه‌ڵاڵی) یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م ته‌نگژه‌ی ده‌ركردنه‌. چونكه‌ وای نابینم ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌ ته‌نها هۆكارێكی له‌ پشت بێ و له‌ یه‌ك ئانوسات دا هاتبێته‌ كایه‌وه‌!! یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌: (به‌هرۆز گه‌ڵاڵی) بابه‌تی بێ سه‌روبه‌ره‌ی زۆر ده‌نوسێت كه‌ فڕی به‌ ئه‌ته‌كێتیی دبلۆماسییه‌وه‌ نیه‌. بۆنمونه‌: تازه‌ترین بابه‌تی كه‌ له‌سه‌ر سه‌ردانی سوپا ساڵاری ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری فارس بۆ ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك نوسی و بڵاوی كرده‌وه‌، بابه‌تێكی نابه‌رپرسیارانه‌ و نادبلۆماتكارانه‌ بوو. ڕاسته‌ من ئێستا (وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری) كه‌ مامۆستای زانكۆی سلێمانیم ئازادم چۆن هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسیی له‌سه‌ر هه‌ر ده‌وڵه‌ت و حیزبێك بكه‌م و بڵاوی بكه‌مه‌وه‌. به‌ڵام كاتێك بوومه‌ كه‌سێكی سیاسیی (ئیدی دبلۆماتكار بێ، یاخود: كه‌سێكی حیزبی) ئه‌وا ده‌بێت هه‌ندێ بابه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی ئسوڵی كاری سیاسیی و حیزبیی و دبلۆماسیی دا بنووسم كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پێگه‌كه‌م و حیزبه‌كه‌م دانه‌نێت. به‌ڵكو ده‌توانم ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ تێیدا ئه‌مه‌وێت په‌یامێكی گرنگ بگه‌یه‌نم و له‌ به‌ر پێگه‌كه‌م گونجاو نه‌بێت ئاشكرای بكه‌م، ئه‌وا بۆ ئۆرگانه‌كانی حیزبه‌كه‌می به‌رزبكه‌مه‌وه‌ و، دواتر دامه‌زراوه‌كانی حیزبه‌كه‌م ده‌توانن به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ بڵاوی بكه‌نه‌وه‌!!
بۆیه‌ گه‌ر له‌ بابه‌ته‌كانی ڕابردوی (به‌هرۆز گه‌ڵاڵی: نوێنه‌ری یه‌كێتیی له‌ توركیا) ڕامێنین و هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسیی بۆ بكه‌ین، زیاتر له‌ مرۆڤێكی حیزبی توند ده‌چێت تا كه‌سێكی دبلۆماتكاری وریا و فێڵاوی كه‌ یاریكه‌رێك بێ به‌ وردی خوێندنه‌وه‌ی بۆ پێگه‌كه‌ی و ده‌وڵه‌تانی تورك و فارس هه‌بێ. ته‌نانه‌ت پێشموایه‌: ئه‌گه‌ر (به‌هرۆز گه‌ڵاڵی) پێشتر خۆی له‌ پێگه‌كه‌ی بسه‌لماندبایه‌ و زمانی دبلۆماسیه‌تی به‌هێز و جه‌زبكار بوایه‌ ئه‌وا خێرا ده‌وڵه‌تی تورك پێیان نه‌ده‌وت: نوێنه‌رایه‌تیه‌كه‌ دابخه و بگه‌ڕێره‌وه‌ بۆ كوردستان‌!!
پێشموایه: خودی ئه‌م ده‌ركردنه‌، ئه‌گه‌ر دواتر به‌هرۆز گه‌ڵاڵی وه‌ك نوینه‌ری یه‌كێتیی بشگه‌ڕێته‌وه بۆ توركیا‌، ئه‌گونجێ وه‌ك جاران توند نه‌بێ. به‌ڵام مرۆڤی دبلۆماتكار پێویسته‌ باش بزانێ ده‌بێت: دبلۆماسییانه‌ ڕه‌فتار بكات، نه‌ توند و نه‌ نه‌رم! چونكه‌ دبلۆماسیه‌ت ئه‌ته‌كێت و هونه‌ری سیاسیی و توانای خودی جه‌زبكاری پێویسته‌، به‌تایبه‌ت له‌ دۆخه‌ هه‌ستیاره‌كان دا ده‌بێت وریای بلاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ت و په‌یامه‌كانی بێت، كه‌ ئێستا باسی ڕیفراندۆم له‌ملاولا كه‌فوكوڵی دێ!!
گرنگه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك نه‌بێته‌ هۆی سازشی زۆری یه‌كێتیی بۆ ده‌وڵه‌تی تورك، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ وردی له‌ فاكته‌كانی ئه‌م ده‌ركردنه‌ بكۆڵنه‌وه‌ و، سیاسییانه‌ و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ ده‌رچه‌ی بۆ بدۆزنه‌وه‌. ئایا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ده‌وله‌تی تورك واناكات ئێرانیش بیر له‌ هه‌نگاوی وا بكاته‌وه‌ دژی پارتیی، یاخود ئێران پێگه‌كه‌ی له‌و ئاسته‌دا نیه‌ وه‌ك جاران و هێزه‌كانی خۆرهه‌لاتی كوردستان زیاتر ڕه‌چاوی دۆخی باشوری كوردستان ده‌كه‌ن و بیانو ناده‌نه‌ ده‌ست داگیركاران!؟
وردبنه‌وه‌: تورك له‌وێ نوێنه‌ری یه‌كێتیی ده‌ر ئه‌كات، كه‌چی له‌ قولایی خاكی هه‌رێم ئۆپه‌راسیۆنی سیخوڕی ئه‌نجام ئه‌دا و چه‌ندین پێگه‌ی سه‌ربازیشی له‌ قولایی خاكی هه‌رێم هه‌یه‌!! ئه‌مه‌ به‌رهه‌می (به‌ناو) دبلۆماسیه‌تی یه‌كێتیی- پارتییه‌. بێ گومان ئه‌مه‌ دبلۆماسیه‌ت نیه‌، چونكه‌ ڕوكنی دبلۆماسیه‌ت بالانس و هاوسه‌نگی ڕاگرتنه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ شوێنكه‌وته‌ییه‌ و هیچی تر!!
كه‌وابو: پێویست ناكا بۆ هه‌مو شتێ ته‌نها په‌كه‌كه‌: تاوانبار بكرێ. ڕاسته‌ پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ ڕێز له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی باشوری كوردستان بگرێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ ئیدی یه‌كێتیی هه‌موو تاوانێ بخاته‌ ئه‌ستۆی په‌كه‌كه‌.
خۆ په‌كه‌كه‌ نه‌چووه‌ یه‌كێتیی بكاته‌ شوێنكه‌وته‌ی ئێران؟ خۆ په‌كه‌كه‌ وتاره‌كانی بۆ (به‌هرۆز گه‌ڵاڵی) نه‌نووسیوه‌!؟
له‌ هه‌موشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌: به‌رپرسێكی بالای پله‌ مه‌كته‌ب سیاسیی یه‌كێتیی ده‌ڵێ: ده‌وله‌تی تورك له‌ پرۆسه‌یه‌كی سیخوڕی دا له‌ شارۆچكه‌ی دوكان سه‌ركه‌وتو نه‌بوه‌ و یه‌كێتیی تاوانبار ئه‌كات!!
ده‌ی باشه‌: ئێوه‌ی یه‌كێتیی چۆن ڕێ ئه‌ده‌ن ئێران یا توركیا پرۆسه‌ی سیخوڕی له‌ قوڵایی خاكی باشوری كوردستان ئه‌نجام بدا!؟
ئایا ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ش ناهێنێته‌ بوون كه‌: پێشتریش ده‌وڵه‌تانی تورك و فارس چه‌ندین پرۆسه‌ی دیكه‌ی سیخوڕیان له‌ قوڵایی خاكی هه‌رێم ئه‌نجام دابێ و، یه‌كێتیی و پارتیش یا زه‌مینه‌خۆشكه‌ر یا بێ ده‌نگ بووبن له‌ ئاست ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سیخوڕییانه‌دا!؟
ئه‌ی ئایا ڕۆڵی (به‌ناو) دامه‌زراوه‌كانی حوكمه‌تی هه‌رێم له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ سیخوڕییانه‌ی ده‌وڵه‌تانی فارس و تورك له‌ قوڵایی خاكی هه‌رێم دا چیه‌؟ بۆ له‌م هه‌زاران (به ‌ناو) ڕۆژنامه‌نوسانه‌ كه‌سێك نیه‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ (نێچیر به‌رزانی) بكات!؟ (بۆ) و ده‌یان (بۆ)ی تر!!؟

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە