هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

به‌ تێفكرینی ورد له‌ مێژووی گه‌لان و، به‌ تێڕامانی فه‌لسه‌فه‌ی مێژووه‌وه‌، به‌ ته‌ركیزخستنه‌ سه‌ر لۆژیك و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌، گه‌شتوومه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌: هیچ گه‌لێك هێنده‌ی كورد له‌ كرده‌وه‌دا دژ به‌ چینی هه‌ژار نییه‌!!

زۆرینه‌ی كورد به‌رژه‌وه‌ندی خوازن، با له‌ كوێوه‌ بێت، له‌وێوه‌ شه‌ن ئه‌كه‌ن!!
دوو ڕۆژی ڕابردوو، چ شتێك نه‌مابوو پڕ نه‌كرێت له‌ وێنه‌ی خوالێخۆش بوو (شیفا گه‌ردی)، كێ نه‌مابوو به‌یاننامه‌ی له‌سه‌ر ده‌رنه‌كات، ته‌نانه‌ت ته‌له‌فزیۆنی په‌كه‌كه‌ش ڕاپۆرتێكیان له‌سه‌ر كرد و، هه‌ندێ له‌ وه‌زیره‌ ده‌ركراوه‌كانی گۆڕانیش به‌یاننامه‌یان بۆ ڕاگه‌یاند، له‌ كاتێكا ڕۆژنامه‌نووسی ته‌له‌فزیۆنی (كه‌ی، ئێن، ئێن) له‌ دهۆك به‌ ڕووداوێكی ته‌مومژاوی گیانی له‌ده‌ست دا، كه‌چی شتێكی وایان بۆ نه‌كرد!! چونكه‌ كوڕه‌ هه‌ژار بوو!!
با ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ پێ بده‌م‌: ماده‌م (شیفا گه‌ردی) شه‌ره‌فی كورده‌ و به‌ پیلانی عه‌ره‌به‌ داگیركه‌ره‌كان شه‌هیدكراوه‌، ئه‌وا له‌ ناخم دا وه‌ك به‌شێكی كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌زانم و به‌لاشمه‌وه‌ (شیفا گه‌ردی) شه‌هیدێكی كوردستانه‌.
به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا نابێت ئه‌مه‌ش له‌یاد بكه‌ین كه‌: ته‌واوی ڕۆژنامه‌نووسان بۆ پاره‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌كه‌ن و كه‌س له‌به‌ر خاتری نه‌ته‌وه‌ی كورد (خۆبه‌خشانه‌ و شۆڕشگێڕانه‌) ئه‌و پیشه‌یه‌ی هه‌ڵ نه‌بژاردووه‌، به‌تایبه‌ت ڕۆژنامه‌نووسانی (ڕووداو و كوردستان 24) جگه‌ له‌ پاره‌، هیچ هۆكارێك نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێكیان كه‌ی- ئێن- ئێن و ئێن- ئاڕ- تی جێ بهێڵن و، خووبده‌نه‌ جوانكردنی ڕووی فه‌ساداوی به‌رپرسه‌كانی ده‌سه‌لات.
ته‌نانه‌ت له‌ ناو ڕۆژنامه‌نووسانی (كه‌ی، ئێن، ئێن) و ئێن- ئاڕ- تیش دا هه‌ن كه‌ ته‌نها له‌ پێناو ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا ببنه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان خوویانداوه‌ته‌ ئه‌و پیشه‌یه‌، نه‌وه‌ك پیشه‌كه‌ وه‌ك خزمه‌تێك به‌ گه‌ل درێژه‌ پێ بده‌ن.
زۆرینه‌ی كورد وه‌ك میلله‌تێكی به‌رژه‌وه‌ندیخواز، وه‌فایان بۆ كه‌سانێك نییه‌ كه‌ ته‌واوی ژیانی خۆیان (خۆبه‌خشانه‌ و شۆڕشگێڕانه‌) بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یان ته‌رخانكردووه‌. به‌تایبه‌ت له‌ ئاست كاره‌ساتی ته‌واو ئه‌فسووناوی وه‌ك مردنی هونه‌رمه‌ند (بله‌ی سه‌عه‌ كه‌ڕ) دا، كه‌ ته‌واوی ژیانی بۆ خزمه‌تی هونه‌ری كلاسیكی كورد ته‌رخانكردبوو، نه‌بوو.
ئه‌وه‌بوو دیمان، كه‌ هونه‌رمه‌ند (بله‌ی سه‌عه‌ كه‌ڕ) پاش چه‌ند ڕۆژێك (جه‌سته‌كه‌ی) له‌ خانوویه‌كی چۆڵ دا دۆزرابوویه‌وه‌ و، له‌ نه‌بوونی دا دووچاری چه‌ندان نه‌خۆشی بوو بوو!! هه‌ر باسێكی ئه‌وتۆش نه‌كرا.
ئه‌لبه‌ته‌ ناشكرێت، ڕۆڵی (شۆڕشگێڕانه‌)ی ڕۆژنامه‌نووسی شه‌هید (كاوه‌ گه‌رمیانی) له‌ یاد بكرێت، كه‌ به‌وپه‌ڕی ئازایه‌تییه‌وه‌ خۆی به‌ (ته‌نها) له‌ به‌رانبه‌ر دادگای كه‌لار دا مانی گرتبو و ڕایده‌گه‌یاند: دادگاكانی كوردستان له‌ لایه‌ن حیزبه‌ بالاده‌سته‌كانه‌وه‌ هه‌ڵ ده‌سوڕێن و، دادگاكان حیزبین و سه‌ربه‌خۆ نین!! كه‌چی كه‌س نه‌بوو بچێته‌ ته‌نیشتی و له‌گه‌ل ئه‌و په‌یامه‌ گه‌لپه‌روه‌رییه‌ی دا پشتیوانی بێت.
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ پیشه‌كانیان دا (خۆبه‌خشانه‌ و شۆڕشگێڕانه‌) خزمه‌تی میلله‌تی كورد ئه‌كه‌ن، زۆرینه‌ی كورد حه‌سره‌تیان بۆ ناخۆن و له‌یادیان ئه‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌كرێت لای كه‌مینه‌یه‌كی نوخبه‌وه‌ تاهه‌تایه‌ وه‌ك سیمبولی گه‌ل له‌ یادگه‌یان دا بمێننه‌وه‌.
نهێنییه‌كه‌ چییه‌ بۆ شیفا خان هێنده‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو!؟
چونكه‌ سه‌ر به‌ ناوچه‌ی (بارزان و شێروان) بوو، بارزانییه‌كان هه‌مه‌كاره‌ن له‌ حكومه‌ت و هه‌موو كایه‌كانی ده‌سه‌لات دا. بۆیه‌ زۆرینه‌ی گه‌ل به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ بۆی ده‌گریان، له‌ناخه‌وه‌ من وام هه‌ست ئه‌كرد (هیوادارم هه‌ڵه‌ بووبم!!).
به‌ڵام هونه‌رمه‌ندێكی هه‌ژاری بێ لانه‌ و حاڵی وه‌ك (بله‌ی سه‌عه‌ كه‌ڕ) كه‌ چه‌ندان ده‌یه‌ خزمه‌تی هۆنه‌ری كلاسیكی كورد بكا، ناچاره‌ كاتێك به‌ بازاڕی (داره‌سوتاوه‌كه‌دا) ڕه‌د ببێت، ئه‌وا دوكاندارێكی خاوه‌ن ده‌ف و ته‌پڵ گۆرانییه‌كی بۆ تۆمار بكات، گوێی لێ گرن و وردبنه‌وه‌ له‌و تراژیدیایه‌!! ئه‌م لینكه‌ بكه‌نه‌وه‌ و ڕاستییه‌كه‌ی ببینن:

ئیدی با ئه‌وه‌ بووه‌ستێت، كاتێك چه‌ندان ڕۆژ نه‌خۆش بوو، حیزبه‌ فه‌سادكاره‌كان لایان بۆ نه‌كرده‌وه‌ و، بێ لانه‌ و حاڵ، پاش چه‌ندین ڕۆژیش تێ په‌ڕبوون به‌سه‌ر‌ مردنی دا، جه‌سته‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌!!
چ ڕۆژنامه‌نووسێك هه‌یه‌ هێنده‌ی كاوه‌ گه‌رمیانی په‌یامی بۆ یه‌كسانیی و یاسا سه‌روه‌ری هه‌بووبێ، هه‌مووشی بۆ خزمه‌تی ئه‌و گه‌له‌ (به‌ كۆیله‌كراوه‌) بوو. كه‌چی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌نفال كرابوو، نیو هێنده‌ی (شیفا خان) پرسه‌یان بۆ نه‌گێڕا!! كه‌ ئه‌ڵێم پرسه‌یان بۆ نه‌گێڕا، مه‌به‌ستم ده‌سه‌لات نییه‌ كه‌ خۆیان (كاوه گه‌رمیانی‌)یان تیرۆریان كرد، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌و هه‌موو به‌ناو نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌ ده‌ربارانه‌ یه‌ به‌ بێ ویژدان خامه‌كانیان ئه‌خه‌نەگه‌ڕ!!
له‌ كۆتایی دا ئه‌لێم: سڵاو له‌ ڕۆحی هونه‌رمه‌ندی كلاسیك و چینی هه‌ژار (بله‌ی سه‌عه‌ كه‌ڕ)، سڵاو له‌ قاره‌مانێتی (ده‌نیز فوراتی) یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌نووس و وێنه‌گری شه‌هیدی گۆڕه‌پانی شه‌ڕی مه‌خمور- موسڵ، كه‌ كه‌س باسی نه‌كرد چونكه‌ په‌كه‌كه‌ بو و كچه‌ هه‌ژار بوو. سڵاو بۆ ڕۆحی یه‌كسانخوازی (سه‌رده‌شت عوسمان و كاوه‌ گه‌رمیانی)، سڵاو بۆ ڕۆحی په‌یامنێر (شیفا گه‌ردی).
سه‌رشۆڕتربن كه‌سانی كاسه‌لێس و ئۆپۆرتۆنیست و به‌رژه‌وه‌ندی خواز!
تا كورد مامه‌حه‌مه‌یی بۆ فه‌سادكارانی ده‌سه‌ڵات بكات، هه‌رگیز خۆشی و شادی نابینن و، وه‌ك كۆیله‌ ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵا ئه‌كرێ و هه‌قیشیانه‌ زوڵمیان لێ بكرێت!!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت