هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

له‌ ئێستادا دۆخه‌كه‌ (به‌ته‌واوی) یه‌كڕیزی پێویسته‌ گه‌ر پارتیی- یه‌كێتیی ئاماده‌نه‌بن گه‌ره‌نتی گۆڕینی سیستم بۆ په‌رله‌مانی به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بده‌ن، ئه‌ی ئیتر كه‌ی ئاماده‌ ئه‌بن؟
بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ مرۆڤی سیاسیی هه‌میشه‌ (به‌گومانی ته‌واوه‌وه‌) له‌ كۆبونه‌وه‌ و به‌ڵینه‌كانی پارتیی- یه‌كێتیی بڕوانێت. چونكه‌ ته‌نانه‌ت چه‌ندین جار ئاماده‌ش نه‌بون خاڵه‌كانی ناو ڕێكه‌وتنه‌كانیان له‌گه‌ل لایه‌نه‌كان جێ به‌جێ بكه‌ن، جا وه‌ره‌ حیزبه‌كان ته‌نها به‌ به‌ڵێنی زاره‌كی پارتیی- یه‌كێتیی (خۆش باوه‌ڕانه‌) قه‌ناعه‌ت بكه‌ن!
ئینجا سه‌یر ئه‌وه‌یه‌: به‌رپرسانی كابینه‌ وه‌ره‌سات – قه‌بیله‌یی هه‌ر له‌ نێچیره‌وه‌ تا قوباد ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌: له‌ سه‌ری ساڵی تازه‌وه‌ (واته‌: 1 ی 1ی 2018) سیستمی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ كۆتایی پێ دێت!
ئه‌گه‌ر له‌م لێدوانانه‌یاندا ڕاستگۆن، ئیدی بۆچی ئاماده‌نین له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆران بسازێن كه‌ گه‌ره‌نتی بده‌ن (1ی 1ی 2018) سیستمی سته‌مكارانه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ هه‌له‌وه‌شێننه‌وه‌!؟
زیاتر له‌مانه‌ش، وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كرا له‌ئێستادا كه‌ دۆخه‌كه‌ (زیاتر له‌ هه‌مو ساتێك) پێویستی به‌ یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه‌ و، هه‌ڕه‌شه‌ فاشیستیه‌كانی عه‌ره‌بی عێراق زیاتر و زۆرتر و كرداره‌كی تر بووه‌، ئیدی بۆچی به‌ پیلانه‌وه‌ (جه‌عفه‌ر ئیمنیكی: جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌نانه‌ قوفڵ لێدراوه‌كه‌) له‌ ته‌له‌فزیۆنی ڕوداوی پارتیی چه‌ندین جار ده‌ڵێت: یوسف محه‌مه‌د په‌یوه‌ندی پێوه‌ كردووم و، خودی یوسف محه‌مه‌د زۆر حه‌ز ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان و، زۆر هه‌ول ئه‌دات حیزبه‌كه‌ی ڕازی بكات، به‌ڵام حیزبه‌كه‌ی كۆسپی بۆ دروست ده‌كات.
ئه‌م قسانه‌ له‌م ساته‌دا به‌مانای: بێ منه‌تبونی پارتیی- یه‌كێتییه‌ له‌ گۆڕان، واته‌ حساب نه‌كردنه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان. چونكه‌ چۆن ده‌بێت له‌م ساته‌دا كه‌سێكی وه‌كو (جه‌عفه‌ر ئیمنیكی: كه‌ له‌ ناو پارتیش دا پله‌ی مه‌كته‌ب سیاسییه‌) ئاوها دوێنێ شه‌و ئه‌و قسانه‌ تیكرار بكاته‌وه‌ گه‌ر پارتیی- یه‌كێتیی په‌رۆشی یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بن بۆ په‌رله‌مان!؟
زیاتر له‌مانه‌ش، بێ ده‌نگی یوسف محه‌مه‌د و ڕاوێژكاره‌كانی له‌ باره‌ی قسه‌كانی جه‌عفه‌ر ئیمنیكی جێی پرسیاره‌!!
یوسف محه‌مه‌د چۆن ده‌بێت وه‌ڵامێكی ئاسایی نه‌بێت بۆ ئه‌و وتانه‌ی جه‌عفه‌ر ئیمنیكی و هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی كورت دا بڵێت: ڕێزم بۆ جه‌عفه‌ر ئیمنیكی هه‌یه‌، به‌ڵام من به‌ته‌واوه‌تی له‌گه‌ل جێ به‌جێ كردنی ئه‌و خالانه‌ دام كه‌ حیزبه‌كه‌م خستویه‌تیه‌ڕو بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای په‌رله‌مان!.
ئینجا ئه‌گه‌ر جه‌عفه‌ر ئیمنیكی ڕاست بكا و یوسف محه‌مه‌د پێی وتبێت: زۆر هه‌ول ئه‌ده‌م حیزبه‌كه‌م ڕازی بكه‌م كه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، به‌ڵام حیزبه‌كه‌م كۆسپم بۆ دروست ده‌كات!!)). كه‌وابو: سیاسه‌ت بووه‌ته‌ مناڵبازاڕ!
بۆ نمونه‌: من وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری كه‌ مامۆستایه‌كی زانكۆی سلێمانیم، ته‌واو ئازادم چی ئه‌نوسم و چۆن هه‌ڵسه‌نگاندن ئه‌كه‌م و له‌ به‌رنامه‌یه‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كان چی ده‌لێم، به‌لام كاتێك كه‌ بوومه‌ كادیرێكی هه‌ر حیزبێك، ئه‌وا پێویسته‌ به‌ باشی موهته‌می سیاسه‌ته‌كانی حیزبه‌كه‌م بم و نهێنییه‌كانی بپارێزم!
ئێستاش جێی پرسیاره‌ چۆن یوسف محه‌مه‌د و ڕاوێژكاره‌كانی وه‌لامیان بۆ ئه‌و قسانه‌ی جه‌عفه‌ر ئیمنیكی نه‌بو، ئه‌گه‌ر بێ ده‌نگیشیان مه‌به‌ست دۆخه‌كه‌ بێت ئه‌وه‌ ئه‌گه‌رێكی لۆژیكی نیه‌ و، ده‌بو یوسف محه‌مه‌د هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی كورت دا بڵێت: ڕێزم بۆ جه‌عفه‌ر ئیمنیكی هه‌یه‌، به‌لام من به‌ته‌واوه‌تی له‌گه‌ل جێ به‌جێ كردنی ئه‌و خالانه‌ دام كه‌ حیزبه‌كه‌م خستویه‌تیه‌ڕو بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای په‌رله‌مان!.
ئای له‌ سیاسه‌ت و سیاسه‌تزانین و سیاسه‌تكردن له‌ كوردستان!

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت