هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هه‌رگیز هیچ ڕۆژنامه‌نووسێكی نا-سه‌ربه‌خۆ (خه‌باتگێڕ) نییه‌ و (سه‌ودای ڕێگای ماده و سامان‌)ـه‌ تا شوێنكه‌وته‌ی مافی گشتی گه‌ل و سته‌ملێكراوان بێ!

گه‌ر نا: هه‌موومان ئه‌زانین كه‌: (نه‌ ڕووداو ، نه‌ كوردستان 24 ، نه‌ كوردسات، نه‌ په‌یام، نه‌ سپێده‌، نه‌ زاگرۆس، نه‌ … هتد)، سه‌ربه‌خۆ نین و حیزبین!!
كه‌ ئه‌ڵێین حیزبین واته‌: له ‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی سه‌پێنراوی ته‌سكی حیزبه‌كانیان خۆیان ئه‌خه‌نه‌گه‌ڕ و، كاركرده‌كانیان سنوردارن و له‌و ڕێڕه‌وه‌ لاناده‌ن!!
ئه‌م كه‌ناڵانه‌‌ حه‌قیانه‌ میدیای حیزبی بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌بێت ڕوون بێت كه‌: ڕۆژنامه‌نووسه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئه‌و حیزبانه‌دا ده‌خوولێنه‌وه‌ و، به‌ هیچ جۆرێك خه‌بات بۆ (چینی هه‌ژار و مافی گشتی) ناكه‌ن، به‌ڵكو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حیزبه‌كانیان نمایشی خۆیان به‌رده‌وامی پێ ئه‌ده‌ن!!
پرسیار ئه‌وه‌یه‌: چی وا ئه‌كات ڕۆژنامه‌نووسێك له‌ (كوردسات، سپێده‌، كه‌ی ئێن ئێن و، ئێن ئاڕ تی)یه‌وه‌ بچێته‌ ڕووداو یاخود كوردستان 24!؟
وه‌لام: ته‌نها (پاره‌) بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ له‌ كه‌نالێكه‌وه‌ بچێته‌ كه‌نالێكی دیكه‌!! به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ كۆنتراكت و مه‌مه‌ڵه‌كانیان وردبینه‌وه‌، ئه‌وا به‌ته‌واوی ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ ئه‌سه‌لمێت!
واته‌: به‌و گۆڕانكارییه‌ش له‌ حیزبێكه‌وه‌ ئه‌چێته‌ حیزبێكی دیكه‌وه‌!
بۆ نموونه‌: گه‌ر له‌ (كه‌ی، ئێن، ئێن)ه‌وه‌ بچێته‌ ڕووداو، ئه‌وا %100 له‌ پێناو (پاره‌) وازی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێناوه‌ و بووه‌ به‌ پارتیی!! ئه‌گینا چۆن ڕێ به‌ خۆی ئه‌دات له‌ ڕێی سێبه‌ره‌وه‌ هه‌وڵی جوانكردنی ده‌سه‌لاتی فه‌سادگه‌رایی بدات!!؟ كه‌وابوو له‌ پێناو (پاره‌) دا هه‌موو ئه‌ته‌كێتێكی میدیایی خۆی و ویژدانی خۆی ئه‌فرۆشێت!!
هه‌روه‌ها گه‌ر له‌ (كوردسات)ه‌وه‌ بچێته‌ (كوردستان 24) ئه‌وا %100 له‌ پێناو (پاره‌) دا وازی له‌ یه‌كێتیی هێناوه‌ و بووه‌ به‌ پارتیی!! پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاسته‌ و هاوته‌ریب دێته‌وه‌!
كه‌وابوو ئه‌مانه‌ ته‌نها بۆ (پاره‌) هه‌موو ویژدانێكی خۆیان ئه‌فرۆشن و ترسناكترین توێژی كۆمه‌ڵگان، بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ئایدیایه‌ش ته‌نها ده‌ڵێم: هه‌رچی ڕۆژنامه‌نووس هه‌یه‌ له‌ (ڕووداو یان كوردستان 24) ئه‌وا با بتوانن دوو به‌رنامه‌ی ئازادانه‌ ڕێك بخه‌ن له‌سه‌ر (تاوانه‌كانی پارتیی دژ به‌ جوولانه‌وه‌ی كوردانی خۆرهه‌لات له‌ ده‌ورانی شۆڕشی ئه‌یلوول دا) یا (تاوانه‌كانی پارتیی دژ به‌ جوولانه‌وه‌ی كوردانی باكور له‌ ده‌ورانی شۆڕشی ئه‌یلوول دا!).
یاخود با ڕۆژنامه‌نووسانی سه‌ر به‌ یه‌كێتیی و ئیسلامییه‌كان ئه‌گه‌ر زه‌ڕه‌یه‌ك بڕوایان به‌ سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌ته‌كێتیی ڕۆژنامه‌نووسی خۆیان هه‌یه‌ ئه‌وا با یه‌ك تۆزقاڵ له‌ سیاسه‌تی (یه‌كێتیی یاخود ئیسلامیه‌كان) لابده‌ن و به‌رنامه‌یه‌كی مێژوویی- نه‌ته‌وه‌یی پێشكه‌ش بكه‌ن، بزانن له‌ كه‌ناڵه‌كه‌ ده‌خرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ یاخود نا!؟
كه‌وابو، ئه‌م ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ناڵه‌ حیزبییه‌كان هیچیان (خه‌بات) بۆ نه‌ته‌وه‌ ناكه‌ن و هه‌ر هه‌موویان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حیزبیان كارده‌كه‌ن و له‌ پێناو پاره‌ش دا كارئه‌كه‌ن!!
هه‌موو كه‌سێكیش ئه‌توانێت ئه‌و ڕێگایه‌ی ئه‌وان بگرێته‌به‌ر و هه‌ر مرۆڤێكیش ئازاده‌ كام ڕێیه‌ هه‌ڵ ده‌بژێرێـت! به‌ڕاستیش گرنگه‌ مرۆڤ كه‌ ڕێگایه‌كی هه‌ڵبژارد شانازی پێوه‌ بكات، نه‌وه‌ك وه‌ك به‌شێكی زۆری ئه‌م ڕۆژنامه‌نووسانه‌ هێنده‌ غیره‌تیشیان نه‌بێت كه‌ ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان و كاركردی حیزبیان بخه‌نه‌ڕوو!!
هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ش‌ بزانن، كه‌ هه‌موو تاكه‌كانی گه‌ل هێنده‌ نا- هوشیار نین ئه‌وان فریوی بده‌ن!! تاكه‌كانی گه‌ل كه‌سانێكیشیان تێدایه‌ كه‌ تاهه‌تایه‌ ڕۆژنامه‌نووسانی وه‌ك (كاوه‌ گه‌رمیانی) یان له‌ یادبێت كه‌ به‌بێ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك دژ به‌ ده‌سه‌لاتی فه‌سادگه‌رایی حیزبی كاریان كردووه‌ و كاریش ئه‌كه‌ن، ڕۆژنامه‌نووسانی وه‌ك (كاوه‌ گه‌رمیانی) به‌ڕاستیی و له‌ حه‌قیقه‌ت دا (خه‌باتگێڕ و شۆڕشگێڕی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌)ن. چونكه‌ به‌بێ به‌رژه‌وه‌ندی دژی گه‌نده‌ڵی وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و نه‌ترسانه‌ تێكۆشاوه‌!
هه‌ربۆیه‌ زۆر پێویسته‌ هه‌موومان ئه‌وه‌ بزانین: ئێستا ڕۆژنامه‌نووسانی ڕووداو ده‌یانه‌وێت مرۆڤه‌ نا- هوشیاره‌كانی كورد فریوبده‌نه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ یه‌كێكیان شتێكی به‌سه‌ردا بێت ئه‌وا (خه‌باتی كردووه‌ و له‌ پێناو كورد دا وای به‌سه‌ر هاتووه‌!!). نه‌خێر له‌م باره‌یه‌وه‌ نابێت تاكه‌كانی گه‌ل ساویلكانه‌ فریو بخۆن.
چونكه‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ ده‌مبازانه‌ ته‌نها بۆ پاره‌ ئه‌و پیشه‌یه‌یان هه‌ڵبژاردووه‌ و، زۆر به‌ ئه‌ندازیارانه‌ش له‌ سه‌رووی حیزبه‌كه‌یانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ ئه‌كرێن و، به‌كارئه‌هێنرێن بۆ جوانكردنی ڕووی فه‌سادكاری ده‌سه‌لاتی حیزبۆكراتی قه‌بیله‌یی- وه‌ره‌ساتی كوردی!!
كه‌وابو، ئه‌ركێكی ته‌واو ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو تاكێكی كوردستانه‌ كه‌ (نوسه‌رانی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆی زوڵم لێكراو و ڕۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆ و زوڵم لێكراو) بناسنه‌وه‌، كه‌ له‌ چه‌ندان ڕێگاوه‌ هه‌وڵی كڕینیان دراوه‌، به‌ڵام (كه‌رامه‌ت و ئه‌خلاقی خودی و مافی زه‌وتكراوی گه‌ل)یان نه‌فرۆشتووه‌ له‌ پێناو بڕه‌ پاره‌یه‌كی مانگانه‌ی كاریگه‌ر كه‌ ڕووی پێنووسه‌كانیان بۆ جوانكردنی ڕووی ده‌سه‌لاتی فه‌سادگه‌رایی قه‌بیله‌یی- وه‌ره‌ساتی بخه‌نه‌گه‌ڕ.
هه‌ربۆیه‌، (خه‌باتكارانی ڕاسته‌قینه‌ی) ڕێی گه‌ل هه‌موو ئه‌و (نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ن) كه‌ هیچ شتێك نابێته‌ هۆی خۆفرۆشتنیان و ته‌رخانكردنی خۆیان له‌ پێناو ده‌سه‌لاتی سته‌مكاریی و پیاهه‌ڵدان به‌ سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تیی- وه‌ره‌ساتی دا!!
پێویسته‌ ڕۆژنامه‌نوس و میدیاكارانی ڕووداو و كه‌ناڵه‌ حیزبیه‌كانی وه‌ك ڕووداو باش بزانن كه‌ ناتووانن هه‌موو تاكه‌كانی گه‌ل فریو بده‌ن و خۆیان بكه‌نه‌ (پاڵه‌وان و خه‌باتگێڕ) به‌سه‌ریانه‌وه‌!!
چونكه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت هێنده‌ش تاكی هوشیار له‌ ڕیزه‌كانی گه‌ل دا هه‌ن كه‌ پاشخانی ئه‌و میدیكار و رۆژنامه‌نووسانه‌ی وه‌ك ڕووداو ورد ده‌ناسن و، باشیش ده‌زانن ئه‌و ڕۆژنامه‌نوس و میدیاكارانه‌ ماده‌م (ته‌نها) له‌ پێناو پاره‌دا پێنووسه‌كان و ویژدانی خۆیان فرۆشتووه‌، ئه‌وا تاهه‌تایه‌ له‌ ڕیزی كه‌سانێكی قه‌له‌مفرۆش و ئۆپۆرتۆنیست دائه‌نرێن و، ته‌نانه‌ت هیچ سیقه‌شیان پێ ناكرێت كه‌ له‌ داهاتوودا له‌ پێناو پاره‌دا ته‌راتێنی ڕاگه‌یاندنی چه‌ندان حیزبی دیكه‌ نه‌كه‌ن!!
نووسه‌رانی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆش ده‌بێت زۆر هوشیارانه‌ زیاتر ئه‌م ڕاستییانه‌ بۆ توێژه‌كانی گه‌ل ڕوون بكه‌نه‌وه‌ و، حساب و بایه‌خێكی ئه‌وتۆش بۆ كه‌سانی قه‌له‌م فرۆش نه‌كه‌ن!!

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت