هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

هه‌ركاتێك ته‌ماشای تی ڤیه‌ كوردیه‌كان بكه‌ی. هه‌ر كه‌ناڵێك بێت به‌بێ جیاوازی. زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری هه‌واڵ و ژێرنوسه‌كانیان بریتین له‌:

سێ ته‌قینه‌وه‌ له‌ فلان شار ڕویدا. داعش چوار كه‌سی سه‌ربڕی.

هێزه‌ عێراقیه‌كان چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی موسڵیان ئازاد كرده‌وه‌ ( وادیاره‌ موسڵ دوو ملیۆن گه‌ڕه‌كی هه‌یه‌ كه‌ ساڵێكه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی ڕزگار ئه‌كرێ و هێشتا به‌شێكی موسڵیش هه‌ر به‌ده‌ست داعشه‌!). زاوایه‌ك خه‌سوه‌كه‌ی و دراوسێكه‌ی كوشت.

هاوڕێیه‌ك به‌ هۆی ئاوه‌وه‌ هاوڕێكه‌ی خۆی كوشت.

چوارده‌ ڕاوچی گیران.

كچێكی ته‌مه‌ن سیانزه‌ ساڵ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نه‌بوو خۆی كوشت!.

مامۆستایه‌ك له‌ لایه‌ن خوێندكارێكه‌وه‌ درایه‌ به‌ر چه‌قۆ.

هه‌شت حاڵه‌تی پێكدادانی ئۆتۆمبێل ڕویدا.

ئۆتۆمبێلێك سێ كه‌سی له‌ ناو بازاڕ شێلا.

حه‌فتا ماتۆڕی بێ مۆڵه‌ت گیران.

مه‌لایه‌ك چواره‌م ژنی هێنا و خۆی ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵه‌ و ژنه‌ بچوكه‌كه‌شی حه‌ڤده‌ ساڵ.

هه‌شت ته‌ن خۆراكی به‌سه‌رچوو ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا.

سه‌وزه‌ قه‌ده‌غه‌ كرا چونكه‌ هه‌ر كه‌س بیخوا كۆلێرا ئه‌گرێ.

ده‌رمانی به‌سه‌رچوو سێ كه‌سی كوێر كرد.

به‌هۆی هه‌ڵه‌ی پزیشكه‌وه‌ ژنێك گیانی له‌ده‌ست دا و دوو كه‌سیش ده‌ستیان بڕایه‌وه‌.

پارتیی و یه‌كگرتوو وه‌فای توركیا له‌یاد ناكه‌ن.

یه‌كێتیی و كۆمه‌ڵ وه‌فاداری ئێرانی ئایه‌توڵا عوزما خامنه‌یی له‌سه‌رچاو داده‌نێن و خومه‌ینی به‌ دواین ئیمامیان ئه‌زانن.

په‌كه‌كه‌ ئه‌ڵێن گه‌ریلاكانی شنگال موچه‌ی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ره‌گرن.

دوو كچه‌ كوردی ئێزدی ته‌مه‌ن نۆ ساڵ و دوانزه‌ ساڵ ئازادكران كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان چوار جار جیهادی نیكاحیان له‌گه‌ڵ كراوه‌ و فرۆشراونه‌ته‌وه‌ وه‌ك كۆیله‌.

پاش دوو ساڵ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌نجامی (دی ئێن ئه‌ی) مناڵه‌ دۆزراوه‌كانی هه‌له‌بجه‌ فێڵی تیاكراوه‌. په‌رله‌منتاران ڕووه‌و كه‌نه‌دا و ئیتالیا هه‌ڵدێن و داوای ئیقامه‌ ئه‌كه‌ن.

یه‌كێتیی به‌شێك له‌ هێزه‌كانی خۆی له‌ شه‌ڕی داعشه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ چه‌مچه‌ماڵ!،

سه‌عدی پیره‌ ئه‌ڵێ: ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتیی به‌سه‌رپه‌رشتی فه‌لسه‌فه‌كانی مه‌لا به‌ختیار ڕێكه‌وتنێكی زۆر زۆر گه‌وره‌ و مێژووییمان ئه‌نجام دا و پارتیی ڕازی بوو بۆ یه‌ك جار یوسف محه‌مه‌د بچێته‌ سه‌ر كورسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و دانیشێت ههههه پچڕاوم له‌ پێكه‌نینا!!.

یه‌كگرتوو ئه‌ڵێ: گۆڕانیش ئه‌یانه‌وێ قه‌بری نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك هی مه‌لا مسته‌فا به‌ شه‌خسه‌نه‌ بكه‌ن!.

هه‌موو حیزبه‌كان ئه‌ڵێن: پارتیی سیستمی خێڵایه‌تییه‌ كه‌چی پارتیش ئه‌ڵێن: هه‌موو حیزبه‌كان وه‌ك منن و (منال و وه‌ره‌سه)‌ جێگره‌وه‌ن!.

ئه‌و هێزه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ یه‌كێتیی هێنایه دوزخورماتوو سێ هاولاتی مه‌ده‌نیان كوشت و چواریشیان ڕفاند.

ئه‌و هێزانه‌ی توركیا كه‌ پارتیی هێناونی به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان چاودێری باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال ئه‌كه‌ن.

به‌ هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌ك ئاگری گرت و فه‌رمانبه‌رێكی ئاگركوژێنه‌وه‌ بوویه‌ قه‌قنه‌س و حه‌ڤده‌ خوێندكار برینداری سوتان بوون.

ڕێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ به‌ %60 ی سالانی ڕابردوو زیادی كردووه‌.

ڕێژه‌ی هاوسه‌رگیریی له‌ %80 كه‌می كردووه‌.

باوكێك به‌هۆی نه‌بوونی مناڵه‌كانی ئه‌به‌خشێته‌وه‌.

مامۆستایه‌ك به‌هۆی چاره‌كه‌ موچه‌وه‌ خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی كوشت.

خۆپیشاندانی بێ ئاوی شارۆچكه‌كانی كوردستانی ته‌نیوه‌.

ئه‌مساڵ نه‌ك پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كانی شه‌شی زانستی بگره‌ هی تاقیكردنه‌وه‌كانی ماستێر و دكتۆراش فرۆشراوون.

سه‌رۆكی حكومه‌ت و قوبادی جێگری موژده‌یان به‌ بێوه‌ژنان و كه‌م ئه‌ندامان و خانه‌نشینان دا كه‌ مووچه‌كه‌یان له‌ بڕی په‌نجا هه‌زاره‌وه‌ ئه‌كرێته‌ حه‌فتا و پێنج هه‌زار به‌مه‌ش هه‌ر سێ مانگ جارێ ئه‌درێ.

ئێران تۆپبارانی سنوره‌كانی پێنجوێنی كرد و ڕه‌ز و باخاتی سنوره‌كه‌ی سوتاند.

توركیا خومپاره‌ بارانی دێهاته‌كانی قه‌ندیلی كرد.

گه‌شتیاران ئاگریان نایه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێك له‌ ده‌شتی شاره‌زور سوتا.

به‌هۆی فڕێدانی پاشماوه‌ و خاشاكی گه‌شتیارانه‌وه‌ ئاوی سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم ژه‌هراوی بووه‌.

دوو مین به‌ خێزانێكی گوندنشین دا ته‌قیه‌وه‌ و باوكه‌كه‌ی كوشت و مناڵه‌كانیشی قه‌له‌پاچه‌ كرد. گه‌له‌گورگ له‌ سۆران په‌یدابوون و حه‌فتا سه‌ر مه‌ڕیان شه‌ل و په‌ت كرد.

هێزه‌كانی پۆلیسی هاتوچۆ له‌ناكاو چوونه‌ته‌ سه‌ر ماڵێك و تاوانباره‌كه‌ش خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه‌!. كاره‌بای نه‌خۆشخانه‌ی مناڵ بوون كوژایه‌وه‌ و دوو ژنی دوو گیان مردن.

ئه‌ڵێن په‌رله‌مان كارا ئه‌كرێته‌وه‌!.

ئێران چه‌ندین ته‌نكه‌ر به‌نزینی ناردووه‌ بۆ هه‌رێم هه‌ركه‌س دووجار بۆنی بكات توشی شێرپه‌نجه‌ ئه‌بێ و تائێستا 42 ته‌نكه‌ریان له‌ كه‌مینی ئاسایش له‌ نزیك عه‌ربه‌ت گیراون به‌لام به‌ئێستاشه‌وه‌ نازانرێ ژماره‌یان چه‌ند بووه‌!!.

قوباد تاله‌بانی ئه‌مشه‌و له‌ ڕوداو ڕایگه‌یاند نه‌ك هه‌ر هۆله‌ندا و به‌لجیكا بگره‌ هه‌موو ولاته‌ ئه‌وروپیه‌كان به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان موعجیب و سه‌رسامن و ئه‌مه‌شیان چه‌نجین جار به‌ من وتووه‌!.

له‌ سه‌روو هه‌موو ئه‌م هه‌واڵانه‌شه‌وه‌ كه‌شناسیش ڕایگه‌یاند: تا هه‌فته‌یه‌كی تر خۆڵ ئه‌بارێ و ‌پله‌ی گه‌رما هه‌ر به‌ فێنكی له‌ په‌نجا پله‌دا ده‌وه‌ستێته‌وه‌!!)).

ئه‌مانه‌ به‌شێكی كه‌می هه‌واڵ و ژێرنوسی ته‌له‌فزیۆنه‌ كوردیه‌كانی ئه‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردووه‌، جا تو خوا و تو ویژدانتان: كاتێك جه‌ماوه‌ر ڕۆژانه‌ گوێبیستی ئه‌م هه‌وڵانه‌ بن، چۆن ده‌رونیان ئاگری لێ نابارێت و ناكه‌ونه‌ شه‌ڕه‌ چه‌قۆ!؟

كاتێك ڕۆژنامه‌نوسه‌ فشه- ‌فیشناڵه‌كان ئه‌م هه‌والانه‌ لێ بده‌نه‌وه‌ و، هیچ ئایدیا و به‌رنامه‌یه‌كی به‌رهه‌م هێنیان بۆ كۆمه‌ڵگا پێ نه‌بێت كه‌ بیخه‌نه‌ڕوو، ئیدی چۆن توندوتیژی له‌ كۆمه‌ڵگا زیاد و ئاسایی نابێ!؟

كه‌وابو هه‌ركه‌سێك تائێستا له‌ ناو كورد دا ڕۆژانه‌ گوێی له‌م جۆره‌ هه‌واڵه‌ ئاساییانه‌ بوو بێ و ‌ ئارامی ده‌رونی تێك نه‌چوبێت، به‌ڕاستی مێشكی مه‌كینه‌ی فۆڕگاسنی له‌سه‌ره‌!!

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە