هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

پێموایه‌: شوناس و كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تاكی كورد ته‌نها به‌ سه‌ربه‌خۆیی جێی خۆی ده‌گرێته‌وه‌. به‌ڵام نابێت پارتیش له‌ ژێر ئه‌و دروشمه‌دا خۆی بكاته‌ كه‌ڵه‌گای وڵات و هه‌رچیه‌ك ئه‌یه‌وێ بیكا و بیبا و، هیچ حسابێكیش نه‌ بۆ مافی خه‌ڵك و نه‌ بۆ دیموكراسی بكات.
گرنگیشه‌ گۆران به‌رپرسیارانه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ تێبینی بكات كه‌ چۆن پارتیی له‌ پێناو كورسیه‌كه‌ی (مه‌سعود به‌رزانی) دا زۆر ناجێگیری سیاسیی- ئابوریی- كۆمه‌لایه‌تیی به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌ به‌ش مه‌ینه‌ته‌دا هێنا، ئه‌وانیش له‌ پێناو ململانێی پارتیی دا گوتارێك زاڵ نه‌كه‌ن كه‌ لاوه‌كانمان دژی بیری پیرۆزی سه‌ربه‌خۆیی بووه‌ستنه‌وه‌.
به‌تێفكرینی ته‌واو قووڵ له‌ مێژووی گه‌لان و به‌تایبه‌ت مێژووی كورد، هه‌میشه‌ ڕوون بووه‌ لام كه‌: (هه‌ر شتێك داگیركه‌ران دڵ گران بكات به‌ قازانجی دۆزی كورده‌. هه‌رشتێكیش داگیركه‌ران شاد بكات به‌ زه‌ره‌ری پرس و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورده‌).
دژایه‌تی كردنی ڕیفراندۆم ڕاسته‌وخۆ به‌ مانای شادكردنی (خامنه‌یی، ئه‌ردۆگان، مالیكی و ئه‌سه‌د!) ئه‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ مانای زه‌ره‌رگه‌یاندن به‌ پرس و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد دێت!
گۆڕان ده‌بوو له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژایه‌تی ساتی دیاریكردنی ڕیفراندۆم و میكانیزمه‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمیان‌ بكردبایه‌، نه‌ك به‌رنامه‌كانیان پڕاوپڕ ئایدیای دژایه‌تیی (بیری سه‌ربه‌خۆخوازی نه‌ته‌وه‌ی كوردی) تیا هه‌ست پێ بكرێ!
گۆران پێویسته‌ دوو شت له‌ یه‌كتر جیابكه‌نه‌وه‌، ململانێی پارتیی تا ئه‌و ئاسته‌ی په‌رله‌مان ئاسایی و كارا ئه‌كرێته‌وه‌ و، ریفراندۆم به‌ یاسایی ئه‌كرێ و، گره‌نتی هه‌لبژاردنی داهاتوو وه‌رده‌گرن، له‌گه‌ل دژایه‌تی (بیریی سه‌ربه‌خۆخوازی و شوێنكه‌وته‌یی گوتاری مالیكی-ئێران) دا، یه‌كه‌میان هه‌قی ته‌واوی خۆیانه و تێكۆشانێكی پیرۆزی دیموكراسییانه‌یه‌‌، دووه‌میان هه‌ڵه‌ی ستراتیژییانه‌!
مه‌سعود به‌رزانی ئه‌یه‌وێت وه‌ك چۆن مه‌لا مسته‌فا توانی (برایم ئه‌حمه‌دی روناكبیر و سه‌ركرده‌) بخاته‌ به‌ره‌ی هاوپێوه‌ندی ڕژێمی عێراقه‌وه‌ و تا مێژووش ماوه‌ ئه‌وه‌ به‌ خاڵی نه‌رێنی (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د- مام جه‌لال) تۆمار ئه‌كات. ته‌نانه‌ت پارتیش سه‌ركرده‌كانی باكور و خۆرهه‌لاتیشی شه‌هید كرد و مێژوو له‌ یادی ناكات. ئاوهاش مه‌سعود به‌رزانی ئه‌یه‌وێت گۆڕان بخاته‌وه‌ هه‌مان ڕێڕه‌وی ساڵی شه‌ست و شه‌ش.
گرنگه‌ گۆڕان هوشیاربن كه‌ هه‌مان هه‌ڵه‌ دوباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌. زۆر به‌دیقه‌ته‌وه‌ ئه‌توانن سه‌نگینانه‌ ململانێی مه‌سعود به‌رزانی بكه‌ن، به‌ڵام گه‌ر ورد نه‌بن، مه‌سعود به‌رزانی ئه‌توانێت به‌هۆی پرسی ڕیفراندۆمه‌وه‌ له‌ مێژوودا ناوی گۆڕان وه‌ك به‌ره‌ی (مالیكی- ئێران) چه‌سپ بكرێت!! هه‌موو كاتێك و (به‌تایبه‌ت ئێستا) وریایی و مێژووناسی زۆر گرنگه‌ له‌ هونه‌ری ململانێی سیاسیی دا!

با بێینه‌ سه‌ر ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی خودی مه‌سعود به‌رزانیی!
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و حیزب و گروپانه‌ی كه‌ پشتیوانی مه‌سعود به‌رزانین (ئه‌ملاولای منالانه‌ی ناوێ: یه‌كێتیی به‌هه‌ردوو باڵه‌وه‌، یه‌كگرتوو، شوعی، بزوتنه‌وه‌، حسك، توركمان، مه‌سیحی و ئێزدیه‌كان)، كه‌ دواتر چ ئه‌بوكاروانی شوعی و، چ نوێنه‌ری یه‌كگرتو و، چ هوشیار زێباری پارتی، باسیان له‌وه‌ كرد كه‌: مه‌سعود به‌رزانی ڕه‌تی نه‌كردۆته‌وه‌ په‌رله‌مان (به‌بێ هیچ كۆت و به‌ندێك ئاسایی بكرێته‌وه‌).
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی مه‌سعود به‌رزانی سه‌ره‌تای ڕوئیای ئاشتبوونه‌وه‌ی لێ به‌دی ئه‌كرا. به‌لام چونی مه‌سعود به‌رزانی و وه‌فده‌كه‌ی بۆ به‌لجیكا، له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی تائێستا به‌ وردی دیقه‌تم له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانیانه‌ و تاڕاده‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتووانه‌شیان هه‌بووه‌. به‌لام مه‌سعود به‌رزانی (له‌ناكاو) هه‌له‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌نجام دایه‌وه‌ كاتێك (زۆر به‌نه‌رێنی قسه‌ی له‌سه‌ر گۆڕان كرد له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا)دا.
به‌ڕاستی له‌وكاته‌دا پێم سه‌یر بوو مه‌سعود به‌رزانی ئه‌و قسانه‌ی ئه‌كرد (پرسیار ئه‌وه‌بوو لام: ئایا پرسی به‌ وه‌فده‌كه‌ی هاوڕێی به‌تا‌یبه‌ت به‌ دکتۆر نه‌جمه‌دینی نوێنه‌ری فه‌رمی یه‌ێتیی كردبوو كه‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌كات له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا!؟ چونكه‌ مه‌سعود به‌رزانی به‌ ناوی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و وه‌فده‌وه‌ و گه‌لی كوردستان قسه‌ی ده‌كرد!). به‌هه‌رحاڵ، خوێندنه‌وه‌م بۆ ئه‌و قسانه‌ی مه‌سعود به‌رزانی سێ ئه‌گه‌ر له‌خۆ ئه‌گرێ:
1- ئه‌گه‌ری یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه،‌ له‌ كوردستانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ مه‌سعود به‌رزانی كراوه‌ كه‌ گۆران و كۆمه‌ل كۆبوونه‌ته‌وه‌ و مه‌رجه‌كانیان گۆڕیوه‌ به‌ دواخستنی كاتی ڕیفراندۆم!! ئه‌وه‌ش مه‌سعود به‌رزانی توڕه‌كردبێت، كه‌ پێموایه‌ له‌و حاله‌ته‌ش دا هه‌رگیز نه‌ده‌بوو كه‌سێك خۆی به‌ سه‌رۆكی پرسی به‌ سه‌ربه‌خۆگه‌یاندنی كوردی باشور بزانێ و، له‌م دۆخه‌ ته‌واو ناسكه‌دا ئه‌و قسانه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا دا بكات، (ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه‌ش بوو بێ) هه‌ر هه‌له‌ بوو.
2- ئه‌گه‌ری دووه‌م، بۆی هه‌یه‌ ئه‌و بونیاده‌بێ‌ كه‌ مه‌سعود به‌رزانی هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ت دا حیزبییانه‌ بیربكاته‌وه‌. ‌ئه‌گه‌ر وابێ و له‌ شوێنێكی هه‌ستیاری واش دا نه‌یتوانی بێت‌ دبلۆماتكارانه‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌، ئه‌وا زۆر ترسناكه‌ كه‌سێك له‌و پێگه‌یه‌دا و، له‌م دۆخه‌دا و، له‌ هه‌نگاونان بۆ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی دا و، له‌ناو په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا، نه‌توانێ كه‌مێك هه‌ستی ململانێی حیزبیی خۆی كۆنترۆل بكات!! پێموایه‌ دوره‌ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌یان بێ، چونكه‌ مه‌سعود به‌رزانی هێنده‌ش مرۆڤێكی ساكار نیه‌ كه‌ نه‌توانێ له‌ شوێنێكی وادا هه‌ستی حیزبیی خۆی كۆنترۆل كات!
3- ئه‌گه‌ری سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌: مه‌سعود به‌رزانی له‌ پلانی ستراتیژی دا هه‌وڵ بدات گۆران بخاته‌ كه‌شێكه‌وه‌ كه‌ دژایه‌تی ڕیفراندۆم بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی تا مێژوو ماوه‌ ئه‌مه‌ له‌یاد نه‌كرێ و فۆرمێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌ست و شه‌شیان پێ ببه‌خشرێ.
گۆران پێویسته‌ له‌ مه‌یاندا وریابن و، هه‌مان هه‌له‌ی شه‌ست و شه‌ش دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌. واته‌ ململانێی سیاسیی مه‌سعود به‌رزانی بكه‌ن و، له‌گه‌لیشی دا نه‌بنه‌ هه‌ڵگر و شوێنكه‌وته‌ی گوتاری دژه‌- ڕیفراندۆم (گوتاری مالیكی- ئێران).
پێموایه‌ مه‌سعود به‌رزانی له‌ بنه‌ڕه‌ت دا ته‌واو شادومانه‌ كه‌ گۆران بخاته‌ دۆخێكه‌وه‌ دژی ڕیفراندۆم بن و ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یان پێ بكات كه‌ هه‌ڵگری (گوتاری مالیكی- ئێران) بن.
چونكه‌ گه‌ر له‌ ته‌كتیكا گۆران هه‌ندێ فشاریشی له‌سه‌ر بكات، ئه‌وا له‌ ستراتیژ دا مه‌سعود به‌رزانی سه‌ركه‌وتوو ئه‌بێت. بۆیه‌ گرنگه‌ رۆژنامه‌نوسه‌ (خاوه‌ن پله‌ سیاسیه‌كانی گۆران) سیاسیی-ستراتیژی بن، نه‌ك ڕۆژنامه‌نوس و ڕاپۆرتنوس و ده‌مباز!!
گۆڕان چۆن ئه‌توانێت (ئازوباز) له‌گه‌ل پارتیی دا بكات و، هه‌ندێ شتی لێ بسه‌نێ و له‌ هه‌ندێك داخوازیش سازش بكا، ئه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌‌ درێژ ئه‌كاته‌وه‌ و به‌ یه‌ك به‌ یه‌كی ئه‌گه‌ر و ته‌وه‌ره‌كان ناگه‌م. ره‌نگه‌ خوێنه‌ر تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌شی نه‌مێنێ، بۆیه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌چمه‌ سه‌ر كوشنده‌ترین و ترسناكترین هه‌له‌ی ستراتیژی نه‌وشیروان مسته‌فا.
ئه‌گه‌ر ڕاست بێ و، ئامۆزاكه‌ی نه‌وشیروان لێدوانی دابێت بۆ (ئاوێنه‌)، كه:‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ته‌واوی گردی زه‌رگه‌ته‌ و ڕاگه‌یاندنی گۆرانی كردبێته‌ ناوی (چیا)ی كوڕییه‌وه‌، به‌ته‌واوه‌تی مێژووی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌خرێته‌ ژێر پرسیار!!
باشه‌ چۆن پێشتر سه‌ركرده‌كانی گۆران (ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌ركرده‌ی كۆنی یه‌كێتیی بوون) ئه‌یانوت: كاك نه‌وشیروان ئه‌لێت: (مام جه‌لال له‌ دوای 1991 ـه‌وه‌ ناپاكی له‌گه‌ل ئامانجه‌كانی یه‌كێتیی دا كردووه‌ و، هه‌رچی مناڵی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌تی پۆسته‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی پێداون و، خه‌باتی زیاتر له‌ چل ساڵی دژایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌خشیه‌ بنه‌ماله‌كه‌ی). ئه‌ی ئێستا گه‌ر كاك نه‌وشیروان گردی زه‌رگه‌ته‌ و راگه‌یاندنی گۆرانی كردبێته‌ ناوی كوره‌كه‌یه‌وه،‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ كاك نه‌وشیروانیش چاوی له‌ مام جه‌لال كرد و، هه‌زاران مرۆڤ كه‌ قوربانیان داوه‌ له‌ پێناو بزوتنه‌وه‌ی گۆران دا، كاك نه‌وشیروان كردنیه‌ وه‌سیله‌ بۆ كوڕه‌كانی!؟
چونكه‌ با له‌ئێستادا كوره‌كانی نه‌شبنه‌ ڕێكخه‌ری گشتی گۆران!، به‌لام ئه‌گه‌ر ته‌واوی گردی زه‌رگه‌ته‌ و ڕاگه‌یاندنی گۆران به‌ناوی (چیا)ی كوری نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ بێت، كه‌وابوو هه‌ر كه‌س ببێته‌ ڕێكخه‌ری گشتی ده‌بێت له‌ ژێر هه‌ژمونی (چیا) دا بێت.
چونكه‌ ده‌بوو كاك نه‌وشیروان گرتی زه‌رگه‌ته‌ و ڕاگه‌یاندنی گۆرانی بكردبایه‌ته‌ ناوی جڤاتی نیشتیمانی گۆرانه‌وه‌، یان: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ لیژنه‌ی راپه‌راندنی گۆران دان، یاخود: (عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، عوسمانی حاجی مه‌حمود، حه‌مه‌ تۆفیق ره‌حیم، قادری حاجی عه‌لی و جه‌لال جه‌وهه‌ر) نه‌وه‌ك كوره‌كه‌ی.
گه‌ر نه‌ك هه‌زاران، بگره‌ ملیۆنان ڕۆژنامه‌نوس دابنرێن بۆ وه‌سفی نه‌وشیروان، ئه‌گه‌ر (چیا)ی كوری نه‌وشیروان مسته‌فا، گردی زه‌رگه‌ته‌ و راگه‌یاندنی گۆران نه‌كاته‌ ناوی جڤاتی نیشتیمانی گۆرانه‌وه‌، ترسناكترین پرسیار ئه‌كه‌وێته ‌سه‌ر ته‌واوی مێژووی نه‌وشیروان مسته‌فا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قاسملوو بۆیه‌ مه‌زنه‌ چونكه‌ به‌كرده‌وه‌ دژی بنه‌ماڵه‌یكردنی حیزبه‌كه‌ی بوو، ته‌نانه‌ت كتێبخانه‌كه‌شی كرده‌ ناوی حیزبی دیموكراته‌وه‌. ئۆجه‌لان بۆیه‌ مه‌زنه‌ ڕازی نه‌بوو عوسمانی برای شوێنی بگرێته‌وه‌ و هیچ سه‌رمایه‌یه‌كی په‌كه‌كه‌ش بگرێته‌ ناویه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ش له‌ ئۆجه‌لان ئه‌گیردرێت كه‌ بۆ ده‌یوت: دایكی من یه‌كسانه‌ به‌ دایكی گه‌للی كورد!؟ به‌ڵام حیزبه‌كه‌ی نه‌كرده‌ بنه‌ماڵه‌یی، یاخود مومته‌له‌كاتی په‌كه‌كه‌ی نه‌كرد به‌ناوی براوكه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه‌!!
مێژوو سه‌خترین تاقیگه‌یه‌، سه‌ركرده‌كانی كورد حسابی بۆ ناكه‌ن، بۆیه‌ ناتوانن لێزانانه‌ سیاسه‌ت بكه‌ن و دواتریش له‌ مێژووش دا زۆر نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ریان هه‌ڵ ده‌درێته‌وه‌!!

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە