هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئێستا ئێوه‌ له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌‌ یه‌كێك له‌ هه‌ستیارترین دۆخی سیاسیتان دان. دۆخێك كه‌ هه‌ر بڕیارێكی تێدابده‌ن، له‌ هه‌مو كات كاریگه‌رتر ئه‌بێت بۆ ستراتیژی بزوتنه‌وه‌كه‌تان.
ئه‌گه‌ربێتو بڕیار بده‌ن بچنه‌وه‌ ناو حكومه‌ته‌-وه‌ره‌سه‌ییه‌كه‌ و په‌رله‌مانه‌-كارتۆنیه‌كه (سواربون عه‌یبێكه‌ و دابه‌زین دوو عه‌یب!!)، زۆر دڵنیاتا‌ن ئه‌كه‌م و به‌ شاهیدی هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان قورسترین باجی ئه‌ده‌ن.
به‌جۆرێ پێشبینی ناكه‌ن كه‌ له‌ داهاتوو قه‌باره‌تان وای لێ بێت. چونكه‌ من له‌ ناو چه‌ندین زانكۆ و له‌ تۆڕێكی فراوانی هاوڕێیه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی دام و، به‌رده‌وام پرسیار ئه‌كه‌م (وه‌ك ئه‌كادیمیستێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی بێلایه‌نی دژه‌ سته‌مكاریه‌تی قه‌بیله‌یی پارتیی-یه‌كێتیی).
له‌ ئێستا جه‌ماوه‌ری كوردستان زۆر زۆر توڕه‌ن، خوا نه‌كات ڕق له‌ حیزبه‌كانی تر وه‌كو یه‌كێتیی-پارتیی هه‌ڵگرن، چونكه‌ حیزبه‌كانی تر به‌ره‌گه‌ی شه‌قی جه‌ماوه‌ر ناگرن، به‌وپێیه‌ی پارتیی- یه‌كێتیی به‌ سته‌مكاریه‌تی هێز و پاره‌به‌خشینه‌وه‌ خۆیان به‌و قه‌باره‌ بچوكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ هێشتۆته‌وه‌، ئێوه‌ نه‌ سته‌مكاریه‌تی هێزتان هه‌یه‌ و نه‌ پاره‌، بۆیه‌ به‌رگه‌ی شه‌قی شه‌قام ناگرن!! وریا بن!
هه‌ستیاری دۆخه‌كه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی و نه‌دانی موچه‌ و ئه‌وپه‌ڕی سته‌مكاریه‌تیی قه‌بیله‌یی پارتیی- یه‌كێتییه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو دروستبونی (حیزبی نه‌وه‌ی نوێ)ی شاسوار عبدالواحید و ئه‌گه‌ری لیستی به‌رهه‌م سالح و، ناڕونی داهاتوی یه‌كێتیی له‌ پاش مام جه‌لال، واده‌كات: یه‌ك بڕیاری ئێوه‌ (به ‌باش، یا: به‌ خراپ) هێزی جه‌ماوه‌ریتان (به به‌هێز، یا: به‌ لاواز) بگۆڕێت.
دڵنیابن دواتر خۆتان ناگرنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ ڕوی سیاسییه‌وه‌: هه‌ر بڕیارێكی خراپ له‌ دۆخه‌ ته‌واو هه‌ستیاره‌كان دا قورسایی و كاریگه‌ری زۆر زیاتره‌ له‌ بڕیارێكی خراپی دۆخه‌ ئاساییه‌كان.
نه‌كه‌ن به‌ حیله‌ و ته‌ڵه‌كه‌ی‌ یه‌كگرتو تێ بكه‌ون، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ زۆر پێویسته‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆنی جدی بن!
ئه‌وه‌ی كه‌ پارتیی- یه‌كێتیی دێن به‌ره‌و ڕوتان و ئه‌كرێ له‌ ڕوی پۆست و مادده‌وه‌ زۆر پێشنیارتان بخه‌نه‌ به‌رده‌ست، بۆ ئه‌وه‌یه‌‌ بڕیارێك بده‌ن و لای جه‌ماوه‌ر قیزتان لێ بكرێته‌وه‌ هه‌روه‌ك وێنای سته‌مكاریه‌تیی قه‌بیله‌یی پارتیی-یه‌كێتیی لای جه‌ماوه‌ر!
پارتیی مه‌به‌ستێتیی و هه‌مو شتێكتان پێ ده‌دا و یه‌كێتیی-یه‌كگرتووش بۆتان ئیمزا ئه‌كه‌ن، ته‌نها له‌ پێناو یه‌ك مه‌به‌سته‌ (كه‌ نه‌ هۆكاره‌كه‌ی یه‌كڕیزیخوازیه‌ و نه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆییه‌). چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوایه‌، هه‌م مه‌سعود به‌رزانی ئه‌هاته‌ پرسه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و هه‌م ماته‌می ڕاده‌گه‌یاند و، هه‌روه‌ها هه‌م پێش ڕیفراندۆم به‌وه‌فدی زۆر باڵا ده‌هاتنه‌ لاتان و، له‌وكاته‌دا یه‌كگرتووش نێوه‌ندگیری به‌جدی ده‌كرد و خۆی نه‌ ئه‌بویه‌ به‌شێك له‌ ئه‌جێندای كوده‌تای په‌رله‌مانی پارتیی-یه‌كێتیی! ئێستا یه‌كگرتو باش ئه‌زانێت جه‌ماوه‌ر چۆن لێی ده‌ڕوانێ!!
مه‌به‌سته‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ پارتیی-یه‌كێتیی-یه‌كگرتوو هه‌مو شتێكتان بۆ ئیمزا ئه‌كه‌ن له‌ پێناو ئه‌وه‌ی: (هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێت!).
نه‌كه‌ن بكه‌ونه‌ داوه‌-ئاشكراكه‌ی پارتیی-یه‌كێتیی-یه‌كگرتووه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بكه‌ون: ئه‌ی بینن جه‌ماوه‌ر چ گورزێكتان تێ ده‌سره‌وێنێ!
ئێوه‌ ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ به‌ وردی ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن ئه‌گه‌ر پارتیی-یه‌كێتیی-یه‌كگرتوو پیلانیان دواخستنی هه‌ڵبژاردنیان هه‌یه‌، ئه‌وا ئێوه‌ش گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌ به‌رده‌وامی ڕێك بخه‌ن، شه‌قام ئاماده‌یه‌! دڵنیابن ئێوه‌ش نه‌بن به‌دیلتان بۆ دروست ئه‌بێ، نه‌كه‌ن هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وا بكه‌ن!
ئیتر ئه‌بێت به‌ كرده‌وه‌ به‌ سته‌مكاریه‌تیی قه‌بیله‌یی و زوڵمی بێ ئه‌ندازه‌ی پارتیی-یه‌كێتیی بوترێت: هیچ نایاساییه‌كتان لێ قبوڵ ناكه‌ین و، نابینه‌ شه‌ریكی تاوانه‌كانتان دژی میلله‌ت، دواخستنی هه‌ڵبژاردن ژێر پێنانی هه‌مو مافێكی میلله‌ته‌! چونكه‌ زۆر ڕونه‌ به‌ مه‌به‌ست دوای ئه‌خه‌ن، ئه‌گینا بۆچی ویستیان هه‌بو كه‌ ڕیفراندۆم بكه‌ن و، خێرا كۆمیسیۆن ئاماده‌بوو!؟
ئێوه‌ ئه‌بێت جه‌ماوه‌ر له‌وه‌ هوشیار بكه‌نه‌وه‌ كه‌: له‌ كوردستان به‌هۆی پارتیی-یه‌كێتییه‌وه‌، باشترین كار بووه‌ته‌ (خوودانه‌ ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌ته‌ی كه‌ پارتیی-یه‌كێتیی پێی ده‌ڵین سیاسه‌ت و ده‌یكه‌ن!) چونكه‌ باشرین ڕێگای ئۆپۆرتۆنیستییه‌ بۆ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن له‌سه‌ر مافی گه‌ل، سیاسه‌ت لای پارتیی-یه‌كێتیی بریتییه‌ له‌ ((درۆكردن له‌ پێناو خۆ-ده‌وڵه‌مه‌ندكردن!)). زۆر حیزبی تری كوردستان و پارچه‌كانی تریش له‌ پارتیی-یه‌كێتیه‌وه‌ له‌م جۆره‌ داهێنانه‌ بۆ شوناسی سیاسه‌تكردن ((درۆكردن له‌ پێناو خۆ-ده‌وڵه‌مه‌ندكردن!)) فێربوون.
ئه‌ركی ئێوه‌یه‌ بیسه‌لمێنن بۆ جه‌ماوه‌ر كه‌ سیاسه‌ت بریتیی نیه‌ له‌: ((درۆكردن له‌ پێناو خۆ-ده‌وڵه‌مه‌ندكردن!))، به‌ڵكو ئه‌ركتانه‌ تاكی نه‌ته‌وه‌یی نیشتیمانپه‌روه‌ری ڕاسته‌قینه‌ بهێننه‌بوون، كه‌ په‌رۆشی ئه‌و خاكه‌ بێت كه‌ خوا به‌ كوردی به‌خشیوه‌ و، دڵسۆزی ئه‌و خوێنه‌ بێت كه‌ دایكانی كورد ڕۆڵه‌كانیان بۆ به‌خشیوه‌!
ئیتر زیاتر ناڵێم، با چاوه‌ڕوان بین!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت