هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

دوور لە هۆو فاکتەرە سەرەکییە شاراوەکانی پشت داگیرکردنی کووەیت لەلایەن سەدام حوسەینی دیکتاتۆرەروە لە 2 ی ئابی1990. ئەم دیکتاتۆرە توانی لەڕێگای میدیا، هەواڵگری و دەست و پەیوەندییەکانی لە دەرەوە و ناوەوەی ووڵات، بە هەستیارییەوە کار لەسەر هەست و سۆزی نەتەوەیی و ئیسلامی تاك و جەماوەری عەرەب بکات و ئەم داگیرکارییە ببەستێتەوە بە مەسەلەی فەلەستین و جولەکەوە. هەروەها توانی خۆی وەك پاڵەوانی فریادڕەسی نەتەوەیی و ئیسلامی وێنابکات. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کەنەك تەنها لە ووڵاتە عەرەبییەکان، بەڵکو لە هەنێك ووڵاتی ئەفەریقیشدا جەماوەر برژێنە سەر شەقامەکان، بۆ ڕێپێوانی پشتگیری لەم دیکتاتۆرە.
ئەم پشتگرییە زۆرە وای لەم دیکتاتۆرەکرد کە لە خۆی باییببێت، خۆی بەپاڵەوانی بێهاوتا ببینێت، بەشێوەیەکی لۆژیکی بیرنەکاتەوە، هەژمار بۆ بەڵانسی هێز لە نێوان عێراق و ووڵاتانی بەرەی دژ نەکات و خوێندنەوەیەکی وردی بۆ سیاسەتی ووڵاتانی ڕۆژئاواو ناوچەکە نەبێت. ئەمەجگە لەوەی عێراق لە ناو خۆدا کەوتووبووە ژێربارێکی قورسی داڕمانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەئەنجامی ئەو شەڕە خوێناوی و وێرانکارییەی کە هەشت ساڵی خایاند لەگەڵ ئێران.
ئەمە بووە هۆی ڕەتکردنەوەی داواکاری هەموو ئەو وەفد، ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیانەی، کەلە هەموو سوچێکی ئەم دونیایە سەردانیان دەکرد بۆ ئەوەی بە ئاشتی لە خاکی کووەیت بکشێتەوە. بەڵام عینادی ئەم دیکتاتۆرە، هەموومان چاك دەزانین، کە ئەم ووڵاتەی بەرەو چ وێرانکارییەك برد و زیاتر لە سەدهەزار سەرباز کوژران و زیاتر لە نیو ملیۆن بریندارو پەککەوتەبوون. بێجگە لە داڕمانی ژێرخانی ئابووری و بایکۆتی ئابووری قات و قڕی و برسێتی. کەتەنها میللەت لێی زەرەرمەندبوو. ئەم شەڕە کارەساتە کە بەشەڕی باهۆزی بیابان ناسێنرا، لە 28ی 2 ی 1991دا تەواوبوو، بەڵام بووە خاڵی دەستپێکی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەدامی دیکتاتۆر.
ئەوەی لێرەدا گرینگە باسبکرێت، لێکچوونەکانی نێوان پرسی ڕفڕاندۆم لە باشووری کوردستان ، لەگەڵ داگیرکردنی کووەیت. پێش هەموو شتێك دەمەوێت ئەوەبڵێم کە سەربەخۆیی مافی هەموو میللەت و نەتەوەیەکی سەر ئەم ڕووی زەمینەیە. ئەگەر بێتوو پایەکانی دروستبوونی دەوڵەت ئامادەبوو، وەهەروەها زەمینەسازی لە ڕووی بارودۆخی خودی و بابەتی، واتە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی، چ ناوخۆیی چ دەرەکی کرابێت. جا لەم کاتەدا، میللەت دەتوانێت چارەنووسی خۆی ڕابگەیەنێت.
زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی، هۆکارو فاکتەرە سەرەکییەکانی پرۆسەی ڕیفڕاندۆم بۆ ئەوکێشەو گرفتە دارایی، کارگێری، ئابووری، دادپەروەری، سەربازی، یاسایی، کۆمەڵایەتی و فەشەلهێنانی حکومڕانی پارتی و یەکێتیی لە ماوەی 26 ساڵی ڕابردوودادەگێڕنەوە. نەك بۆ ئامانجی سەربەخۆبوون. چونکە ئەوەی یاسابێت لەم ووڵاتە سەروەرنییە. هەر لە هێلکەیەکەوە بیگرە، کە پێش ئەوەی لە تورکیاو ئێرانەوە بێتە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە، ئێکسپایەرە تادەگاتە پۆستی سەرۆکی هەرێم.
بەڵام میدیاو دامودەزگاکانی حزبی دەسەڵاتدار بوونەتە ئامڕازێك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی زۆر قێزەون، بە بەرنامەیەکی داڕێژراو ( ئەوەی بڵێت: بەڵێ، نیشتمان پەروەرە، ئەوەی بڵێت: نەخێر، خائین و خۆفرۆشە) کار لەسەر لایەنێکی زۆر هەستیاری میللەت دەکەن، ئەویش هەستو سۆزی نەتەوەیی و ناسێۆنالیستی بەناوی سەربەخۆیبوون و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی. هەربۆیە دەیانەوێ بەو بەرنامەیە خەڵکێکی زۆر باوەڕپێبێنن و بیانکەنە پاڵپشتی خۆیان، تاکو فەشەلی حکومڕانی، دزی و گەندەڵی خۆیانی پێبشارنەوە.
بەندە یەکێك بووم لە و چالاکوانانەی کە لە پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی ساڵی 2005 دا بەشداربووم، کە دەنگی بەڵێ لەسەرووی لە ٪97 بوو. کەواتە کەس نییە نکوڵی لە سەربەخۆیی بکات. چونکە مانای سەربەخۆیی هەرئەوەنییە کە ووڵاتت هەبێت. سەربەخۆیی مانای ئازادی، دادپەروەری، شکۆمەندی و کەرامەتی مرۆڤ پارێزراوبێت. لە و ماوەی 26 ساڵەی حکومڕانی حزبی دەسەڵاتدار کام لەمانەی سەرەوە بوونی هەبووە. کام شکۆمەندی، کوا کەرامەتی هاوڵاتی ئاسایی پارێزراوە، کاتێك پێشمەرگە سەرو برۆ و سمێڵی ئەتاشرێت و ئەتك ئەکرێت. کاتێك بەهۆی خاچی سوری نێودەوڵەتی پێشمەرگە لەزیندانی شاراوەی حزب دەدۆزرێتەوە. کاتێك ئەم دەسەڵاتە پێشمەرگە ئەهێنێتە گریان، لەجیاتی رێزیلێبگیرێت، سواڵ، سەدەقە، سەرفترە و زەکاتی بەخێر بۆ خردەکەنەوە. دەسەڵاتێك ئەمە کردەوەکانبێت و هەرێمێك بەو هەموو قەیرانانەوە چۆن لە ئێستادا ڕیفڕاندۆم نابێتە کارەساتێکی گەورە، کە ئەم میللەتە پڕمەینەتە بەتەنها باجەکەی دەدات.
جا بۆیە پێویستە لەسەر دەسەڵاتداران، بەلۆژیك هەژمار و ووردبینی بۆ ئەو هەموو قەیرانانەی ناوخۆ بکەن و واز لە عینادی بهێنن و گوێ لەو هەموو وەفد، بیرمەند، عاقڵمەند و دڵسۆزانی ناوەو دەرەوەی ووڵاتبگرن. تا ئەم ڕیفڕاندۆمە لە ئێستادا نەکرێت و میللەت توشی کارەساتێکی تر نەبێتەوە. ئەگەر نا ئەمە ئەبێتە هۆی خێرایی دەستپێکی خاڵی کۆتایی دەسەڵاداریتان.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت