هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

پیم باش بوو، ڕاسته‌وخۆ ئه‌و په‌یامه‌ له‌ به‌نده‌ – كونه‌ ئیخوانیه‌ك- بو ئێوه‌ی به‌رێز و ڕای گشتی بڵاو بكه‌مه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ پرسێكی ئه‌خلاقی و سیاسی.
ئه‌و وێنه‌یه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ده‌سپێكی ساڵی 2005 له‌ مزگه‌وتی ئیسكان هه‌ولێر له‌ گه‌ل مه‌لا سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی یه‌كگرتوو ئیسلامی – ئیخوانی ڕاوه‌ستاوم و له‌ ته‌نیشتمنیش هاوبیرێكی كونی منی سلێمانی یه‌. كه‌ ئێستا له‌ خوم ڕاده‌مێنم؛ ئه‌و كات من و داعشێك و سه‌له‌فیه‌ك جیاوازیمان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌بوو، كه‌ پێویستیم به‌وه‌ بوو شوێنێك بدوزمه‌وه‌ بۆ جیهادكردنی كافران و ڕاوكردنی “دوژمنانی خودا” !
چه‌ند براده‌رێكم هه‌میشه‌ دێسكی ڤیدیویی خه‌تاب شیشانییان بۆ لێده‌دام، كه‌ ئه‌و چوارشه‌نه‌ییم ئه‌دیت له‌ شه‌ڕی دژی ڕوس و كافران حه‌ماوه‌م وا هه‌ڵده‌ستا تەنها پێویستیم به‌ دوگمه‌یه‌ك بوو بته‌قمه‌وه‌، ئاوا گوشكرابووم به‌ ڕقلێبوونه‌وه‌ له‌ بێ باوه‌ران و گلحویه‌كی چاوكوێری ئیسلامی بووم، واته‌ له‌سه‌ر هه‌ست ڕاهێنرابوون نه‌ك مه‌نتق.
ئه‌مه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ خیتابی یه‌كگرتوو و ئیخوانی وسه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوینی هه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كگرتوو وه‌ك هێزێكی میانڕه‌و خوی وێناده‌كرد و، تا ئێستاش ده‌یكات. به‌ڵام له‌ هه‌ناودا فورمێكی توند و داخراو و سه‌له‌فی ڕوحیان كونتروڵكردوون. ئێوه‌ سه‌یری قات وریبات و ڕیش و میش مه‌كه‌ن! ئه‌وه‌ جیاوازیی ڕووگه‌شیین له‌گەڵ ته‌یاری سه‌له‌فی و رادیكالی، ئێستاش پێم وایه‌ ئه‌ندیشه‌یه‌كی داعش ئاسا له‌ هه‌ناوی یه‌كگرتوودایه‌ و بۆ زۆر پرسی لوژیكی و قووڵ نیو وڵامێكیشیان پێ نیه‌ و ئیشكالیاتی یه‌كجار گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فی هه‌ن.
لێره‌ زۆر به‌ نافامی په‌روه‌رده‌ كرابووم، پێم وابوو، حه‌دیس له‌ ئاستی قورئان پیرۆزه‌!
پێم وابوو، ئیسلام ته‌نها موڵكی ئومه‌تی موحه‌ممه‌ده‌، پێم وابوو، جه‌وهه‌ری ئیسلام نوێژ و ڕۆژ و ریش و حه‌جه‌.
پێم وابوو ئێمه‌ی مروڤ هاتوین خودا ده‌پارێزین و دین ده‌پارێزین، واته‌ ئێمه‌ ده‌بێ قوربانیكه‌ری دین بین و خزمه‌تكاری ئیسلام بین، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئیسلام هاتووه‌ بۆ خزمه‌تی مروڤایه‌تی.
پێم وابوو؛ ته‌نها نوێژ بكه‌ درۆ و بووختان و نیفاق شتی لاوه‌كین، پێم وابوو هه‌موو ڕه‌خنه‌گرێك و پسیاركه‌رێك سه‌باره‌ت به‌ دین حه‌رامه‌ و ده‌بێ سه‌ری ئه‌وان بپه‌رێنرێت.
پێم وابوو هه‌موو كچێكی بێ له‌چكه‌ به‌د ئه‌خلاق و بێ ڕه‌وشته‌ و، تێیانگه‌یاندبووین په‌رتوكه‌كانی عه‌لی وه‌ردی و عه‌لی شه‌ریعه‌تی و مروڤ به‌ره‌ڵا ده‌كات و دور ده‌كاته‌وه‌ له‌ دینی خودا !
پێم وابوو ده‌بێ چاوه‌ڕێی زه‌مانێك بكه‌ین، خیلافه‌تی ئیسلامی ڕابگه‌یه‌نرێت تا ده‌ستی دز ببرین و به‌رد بارانی زانیه‌ بكه‌ین و ژنان و كچانی بێ باوه‌ران وه‌ك غه‌نیمه‌ له‌ خومان ماره‌ بكه‌ین.
ئیتر ئه‌وها و خرابتر تێكه‌وتبووم و عه‌قلیه‌تێكی دوگماتیزم منی داگیركردبوو و ده‌نگۆی سه‌ید ئه‌حمه‌د و هاوشێوه‌كانی بووم.
دوای چه‌ند ساڵیك له‌و زیندانه‌ به‌خه‌به‌ر هاتم و تا گه‌یشتمه‌ ئێره‌، ئیدی ئێستا سه‌یری پشته‌وه‌ی خوم ده‌كه‌م، یه‌ك دونیا ته‌ریق ده‌بمه‌وه،‌ به‌ڵام یه‌ك دونیاش سوپاس گوزاری خودام كه‌ یارمه‌تی ده‌رم بوو، له‌ شكاندنی زنجیره‌ ده‌رگای زیندانه‌كه‌.
ئه‌م سه‌ید ئه‌حمه‌ده‌ی من شاگه‌شكه‌ و موشتاقی بووم و هه‌فتانه‌ چاوه‌ریێ خوتبه‌ییمان ده‌كرد و له‌ به‌شی ناوخویی شه‌ستیی هه‌ولێره‌وه‌ به‌ قاچ به‌ره‌و گه‌ره‌كی ئیسكان و موفتی به‌ڕێ ده‌كه‌وتین، تا زووه‌ ڕیزه‌كانی پێشه‌وه‌ی خوتبه‌كانی مه‌لا سه‌ید ئه‌حمه‌دمان وه‌ به‌ربكه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی باشتر گوشبدرێن و خێر توماربكه‌ین.
سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی كه‌ تا ئێستاش پێم وایه‌ تاكه‌ كه‌سی زمانپاراو و قه‌سەزانه‌ له‌ نێو مه‌لاكان، ئه‌و كات له‌ به‌ر فشاره‌كانی پاراستن و پارتی هه‌میشه‌ دوور ده‌خرایه‌وه‌ و، له‌ ڕێگه‌ی واسته‌ی یه‌كگرتوو‌ له‌گه‌ڵ پارتی ده‌گه‌رێنرایه‌وه‌، تاكه‌ مه‌لای هه‌ولێر بوو به‌ ڕاشكاوی دژی سته‌می ده‌سەڵات و له‌ به‌ره‌ی گه‌ل بوو.

كه‌چی … به‌لام
ئێستا له‌ به‌ره‌ی زالم و بگره‌ شه‌ر ده‌كات بۆ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی زاڵمیه‌ت، پاراستن كه‌ مۆته‌كه‌ی سه‌ید بوو، ئه‌وه‌نده‌ی بزانم 5 جار له‌ مزگه‌وت و خوتبه‌دان دوركرایه‌وه‌، ئێستا بووته‌ میوانی سه‌ره‌ دیوه‌خانه‌كه‌یان، ئه‌مرۆ بینیم بۆ كه‌ناڵی مه‌سرور بارزانی ریكلامی ده‌كرد. نه‌مزانی بۆ ڕابردووی خۆم بگریم یان دڵخوش بووم كه‌ منافقێكم ناسی!
ئه‌فسوس به‌ عه‌مامه‌ی مه‌لایه‌تی و بارگاویی دینی، ببێته‌ به‌شێك له‌ شه‌رعیتپێداروی ویلایه‌تی مه‌سعود و كورەكانی! ئێستا پێم نالێن كوا قییه‌م و به‌ها دینی و مروڤایه‌تیتان؟!
ئه‌و روژه‌ بۆ دكتاتوریه‌تی ئوردوگان نزای ده‌كرد، ئێستا به‌ ناوی خه‌ونی ده‌وڵه‌تبوون بۆ مه‌سعود ده‌گه‌وجێنێت! ئاخۆ ئه‌مه‌ ساده‌یی و گه‌مژه‌یی كه‌وتۆته‌ داوی پاراستن و پارتی، یاخود لێزانێكی سیاسی و منافقێكی دونیایی یه‌؟!
ئایه‌ سه‌رانی ئیخوان موسلمین كه‌ ئێوه‌ له‌وانه‌وه‌ شه‌رعیه‌تی ڕێكخستنتان وه‌رگرتووه‌، ئاگایان له‌ ممارسه‌ دوالیزم و قیزه‌ونه‌كانی ئێوه‌ هه‌یه‌، یان بێ ئاگان له‌وه‌ی ئێوه‌ كوپیه‌كن له‌ عه‌قلیه‌تی حزبی نوری سه‌له‌فی پاڵپشت بۆ سیسی؟!
كه‌ ئێوه‌ تفبارانی حه‌مه‌ توفیق ره‌حیمی گوڕانتان كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشتی سیسیتان گرت بوو بۆ کودەتای میسر له‌ سه‌ر ئیخوانه‌كان، ئه‌ی ئێوه‌ قبوڵتانه‌ هه‌ر عه‌ینی تفتان تێبکەین له‌ سه‌ر گۆرینه‌وه‌ی به‌ره‌تان له‌ مه‌زلومیه‌ت بۆ زالمه‌یەت و بوون به‌ به‌شێك له‌ شه‌رعیه‌ت پێده‌ریی ئه‌و سیسته‌مه‌ی هه‌رێمی باشوریان گه‌یاندووه‌ به‌و حاڵه‌ی كه‌ ئێستا بی حاڵ و بێ داده‌؟!
ئێوه‌ چ شانازیه‌كتان ماوه‌ پێی بنازن؟ ئێوه‌ چ قییه‌مێكتان ماوه‌ خوتان پێڕاگرن؟ ئێوه‌ چ تایبه‌تمه‌ندیه‌كتان به‌جێهێشتووه‌ پێێ جیاواز بن؟!
ئایه‌ ئیخوان ال موسلمین ده‌زانێت ئێوه‌ی چی ده‌كه‌ن و له‌ كام به‌ره‌ن یان به‌ ورده‌كاری تر پێیان ڕابگه‌یه‌نێن؟!

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت