هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

له‌ په‌راویزیى لاپه‌ره‌كانى ئابورى و بارودۆخى كاركردنى ئافره‌تان له‌ كوردستان، به‌ هه‌مان شیوه‌ى وڵاتانى جیهان، كاركردنى ئافره‌تان به‌ چه‌ند قوناغێك تێپه‌ربووه‌. له‌ دونیادا سه‌ره‌تاى كاركردنى ئافره‌تان له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ستێپكردوه‌ و به‌هۆى كه‌لتور و دابونه‌ریت زۆر بیبه‌ش بوون له‌ كاركردن شانبه‌شانى پیاوان، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌موى گۆڕان به‌ هۆى پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لوژیا و عه‌قلیه‌ت و پێداویستى كۆمه‌ڵگا. هه‌ڵبه‌ته‌ لایه‌نى ئابورى و سه‌رسه‌ختى ژیان، یه‌كه‌م پاڵنه‌ر بوون بۆ هه‌نگاونانى ئافره‌تان.

دیاره‌ كاركردن چه‌ند بنه‌مایه‌كى گرنگ له‌ خۆ ده‌گرێت:

یه‌كه‌میان: بوونى ئافره‌تان له‌ شوێنى كاره‌كان، به‌نمونه‌ گه‌ر بێت و ئافره‌تان له‌ مه‌وقعى كاره‌كان به‌دوور بن، ئه‌وا مه‌حاڵه‌ هه‌لى كاركردنیان هه‌بێت. كه‌واته‌ كۆمپانیا و داموده‌زگا و، تا راده‌یه‌ك موڵ و سوپه‌رماركیت و هه‌ندێك جێگا، زه‌مینه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ به‌ده‌ستكه‌وتنى هه‌لى كار، له‌به‌رده‌میان. چونكه‌ ئافره‌تان وجودیان هه‌یه‌ له‌و جێگایانه‌دا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هێشتا كه‌لێنێكى گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ كوردستان. به‌ نمونه‌ بازاڕه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى ناوشار و پیشانگاى كڕین و فروشتن و، چاككردنه‌وه‌ى ئوتومبیل و… هتد، هه‌بوونى ئافره‌ت زۆر ده‌گمه‌نه‌. كه‌واته‌ ئه‌مانه‌ واده‌كه‌ن، كه‌ سه‌لماندنى ئافره‌تان به‌و جێگایه‌نه‌داو كاركردن كارێكى قورسه‌.

دووه‌م: له‌ بنه‌ماكانى هه‌لى كار، بوونى چالاكى و جموجوڵى ئابورى و به‌رزیى ئاسته‌كه‌ى، كه‌ دیسان ئه‌مه‌شیان له‌م كاته‌دا، به‌ربه‌سته‌ بۆ ئافره‌تان. له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا كوردستان به‌ قورسترین بارودۆخى ئابوریدا تێپه‌رده‌بێت و، به‌مه‌ش كاركردن تیدا زۆر سه‌خت ده‌بێت.

سییه‌م : زیاتر له‌ كارى سه‌ربه‌خۆ، بریتیه‌ له‌ بوونى سه‌رمایه‌یه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ و بیرۆكه‌ى بازرگانى. له‌ كوردستاندا ئه‌وه‌ى گرفتى دروستكردوه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پشتگیرى ئافره‌تان ناكرێت و، تاراده‌یه‌ك ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ندرایه‌تیان نادرێتێ، جگه‌ له‌ نه‌بوونى رێكخراویك بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى ئافره‌تانى شكستخواردوو له‌ پرۆژه‌یه‌ك. چونكه‌ زۆرجار له‌ كارى بازرگانى و سه‌رمایه‌داریى دوچارى زه‌ره‌رو زیان ده‌بن، ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوى شكستدا كوڵبده‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى كه‌موكورتى تێدایه‌ هوشیارى بازرگانى لاى ئافره‌تان.
له‌ وڵاته‌كانى كه‌نداودا ژماره‌یه‌كى یه‌كجار زۆر ئافره‌تى خاوه‌نكار و سه‌رمایه‌ هه‌یه‌، به‌هۆى باشى ئابورى ئه‌و وڵاته‌ به‌ گشتى. هه‌ر بۆیه‌شه‌ له‌ عومان كاتێك ژماره‌ى ئافره‌تانى كاریان كه‌متر بوو وه‌ك له‌ وڵاته‌كانى تر حكومه‌ت هه‌ڵسا به‌ دابه‌شكردنى زه‌وى به‌سه‌ر ئافره‌تانى بێكار، به‌مه‌ش هه‌ر ئافره‌تێكى كرده‌ خاوه‌ن موڵكیك، له‌وانه‌ فرۆشتیان و توانیان جۆره‌ها پرۆژه‌ى پێبكه‌ن. دواتر سه‌رژمێرێك كرا بۆ بێكارى ئافره‌تان، بینرا كه‌ %60 ژماره‌ى ئافره‌تانى كار، زیادى كردووە. له‌مه‌شه‌وه‌ ئه‌توانین بڵین كه‌ حكومه‌ت رۆڵی كاریگه‌ریى هه‌یه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى بێكاریى. ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئاستى ئابورى گشتى زه‌مینه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ كاركردن و رزگاربوون له‌ بێكارى.
ته‌مه‌ڵى خه‌ڵك گه‌وره‌ترین باس و ته‌وه‌رى ئیستاى دونیایه‌. چونكه‌ له‌ ئێستادا زۆربه‌ى هاونیشتمانیان هه‌وڵێ كاریى ئاسان و بى ماندوبوون ده‌ده‌ن. له‌ كۆندا ئافره‌ت و پیاو شانبه‌شانى یه‌كتر كشتوكال و پیشه‌سازى و زۆر بوارى تر كاریان ده‌كرد، به‌ڵام ئیستا له‌ كوردستان كه‌رتى كشتوكاڵى به‌هۆى نه‌بوونى ده‌ستى كار، له‌ نێوان ئه‌گه‌ریى مان و نه‌ماندایه‌. هیچ كام له‌ خه‌ڵكى ئاماده‌نییه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ى باووباپیرانیان كارى مه‌ڕدارى و كشتوكال بكه‌ن. زۆرجار بەبیانوى خوێندن، زۆربه‌ى خێزانه‌ گوندنیشینه‌كانى له‌ جێگه‌ى خۆیان هه‌ڵكه‌ندوه‌و به‌ره‌و شاریان بردوون. به‌ ده‌گمه‌ن خێزانى كوردستانى باشور ببینیت مه‌ردارى و ئاژه‌ل به‌خێو بكه‌ن، به‌ڵكو سودیان له‌ خێزانى عه‌ره‌ب و سورى وه‌رگرتوه‌. ئه‌وه‌ى كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ له‌م هه‌ رێمه‌ و ده‌رفه‌تى كاركردن بێت ته‌نها دامه‌زراندنە، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ى ئابورى ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌، ئه‌م هه‌موو خاوه‌ن برۆانامه‌یه‌ له‌ كۆى دابنریت؟ ناكرێت ده‌زگایه‌كى حكومى كارمه‌ندى خۆى له‌ پیویستى به‌ده‌ر دابمه‌زرینیت. ده‌بێت له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ چین و تویژ دروستبكرێته‌وه‌، هه‌ندیك جوتیار و هه‌ندیك كارگوزار و هه‌ندیك خزمه‌تگوزار و هه‌ندیك ماموستا و به‌مشێوه‌یه‌، واته‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپیشچوونى ئاستى زانستى گرفتى كاركردنمان بۆ دروستبووه‌. ده‌توانرێـت ئه‌و هه‌موو ده‌چووانه‌ى كولێژ و په‌یمانگاكان به‌كاربخرێن، به‌ڵام به‌مه‌رجیك حكومه‌ت به‌ سه‌ده‌ها كارگه‌ و كۆمپانیا و… هتد دروست بكات. چیتر نه‌هێڵریت خه‌ڵكانى بیانى له‌م وڵاته‌ ده‌رفه‌تى كاریى هاوڵاتى خۆمان داگیر بكه‌ن. ئه‌گه‌ێنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ نه‌وه‌كو ئافره‌تان بگره‌ زۆربه‌ى پیاوانیش به‌هۆى كه‌مى كاره‌وه‌ ده‌ناڵینن و، گرفته‌كان نیوه‌ى له‌ ئه‌ستوى خۆدى كومه‌ڵگا و، نیوه‌كه‌ى تر بۆ حكومه‌ت و ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابورییه‌یه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت