هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

ئامادەکردنی / یوسف خەلیل

بەمەبەستی زانیاری بەخشین لەمەڕ ئەو كێشە كۆمەڵایەتیانەی رۆژانە رووبەڕووی تاكەكانی كۆمەڵگا دەبنەوە ،بەڕێز ( شیلان حەمە نوری ) توێژەری كۆمەڵایەتی و پسپۆڕ لە بواری جێندەر مان دواند :

* دایكان و باوكانی ئێمە وا دەزانن كوڕ و كچەكانیان هەر بە منداڵی ئەمێننەوە ، ناتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانەكانی تەمەندا رابهێنن و كۆمەڵێك رێنمایی و سەرنجی تازە ببەخشنە منداڵەكانیان تا بتوانن رووبەڕوی ژیان ببنەوە ؟

– هۆشیاری لای ئێمە زۆر نزمە تا ئەو ئاستەی كە نەبێت ، بە دەگمەن خێزان هەیە كە ئەوەندە هۆشیاری هەبێت و بتوانێت بیبەخشێتە گەنجەكان ، پانتاییەكی زۆر دوور و درێژ و فراوان هەیە لە نێوان دایكان و باوكان و گەنجەكاندا .. چونكە لە زمانی یەكتری تێناگەن ! زمانی نێوان ئەم دوو لایەنە شەڕ و ئاژاوەیە ، یەكێك لە هۆكارەكانیش هەست دەكات كچەكەی یا كوڕەكەی هێشتا منداڵە و لە ئاستی بڕیاردا نییە یا چۆن بە سرنجێك مادەیەك دەخەیتە جەستەی یەكێكی دیكەوە .. تۆش لە رێگەی دوو وشەوە هەموو ئەو شتانە بگەیەنیت بە كەسەكەی بەرامبەر! ماوەی نادەی خۆی هەنگاوەكان بنێت ، پێویست دەكات باش و خراپی بیركردنەوەكەیان بۆ روونبكەینەوە كە ئەم بڕیارە چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەری ، كە بەو زمانە خۆت كرد بە هاوڕێی و هەموو باش و خراپەكانت تێگەیاند بەدەر لەوەی پێی بڵێیت ئەمە هەڵەیە نابێت بیكەیت ، چونكە ئەمە جۆرێكە لە سزادان .. لەوانەیە زیاتر سووربێت لەسەر ئەو كەسەی بەرامبەری ، دایكان و باوكان ئەو سنورەی كە بۆ كوڕەكانیان داناوە زۆر فراوانترە لەو سنورە تەسكەی كە بۆ كچەكانیان داناوە ، كچان بۆیان نییە جگە لەو دوو سێ كچەی كە لە گەڵیایەتی مامەڵە بكات ، وە ئەگەر رۆژێك لە رۆژان هەست بكات كچەكەی پەیوەندییەكی هەیە .. ئەمە دەبێتە كێشەیەكی زۆر گەورە و لەوانەیە دانیشتن و رێكەوتن و لێدان و ئاژاوەی زۆر گەورەی تێ بكەوێت ، بەڵام كاتێك ئەبیستێت كوڕەكەی چەند پەیوەندییەكیشی هەیە بە ئاسایی سەیری دەكات ، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لۆمە و قسە و قسەڵۆكەكە ئەدرێت بەسەر شانی كچەكەدا بە پێچەوانەوە كوڕەكان لێی ئازاتر و سەربەستر دەردەچن .. ئەمە كینەیەك دروست دەكات لای كچەكە بۆیە هەوڵدەدات كە خۆی بسەپێنێت چونكە ئەمیش لە كوڕەكە كەمتر نییە بۆیە ئەیەوێت تۆڵە بسەنێتەوە !

* پێت وانیە ئەم شێوازی مامەڵەكردنە گەنج بەرەو ئیفلیجبوون دەبات و نەتوانێت لەگەڵ ژیاندا رێبكات ؟

– پەروەردەی تەندروست و هۆشیاری كۆمەڵایەتی خێزان یەكێكە لە بنەما بنەڕەتییەكان ..ئەمەشە كۆنتڕۆڵی ئەو هەڵانە دەكات كە ئەو گەنجە بە لاڕێدا نەڕوات ، بۆیە لە كاتی نەبوونی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و پەروەردەی تەندروستدا تۆ دەبێت چاوەڕوانی هەموو یەكێك لەو كێشانە بكەیت كە بێتە رێگەی گەنجەكە .

* ئەم گەنجە شەرمن دەردەچێت وای لێناكات نەتوانێت بڕیار بدات .. زۆرجار گەنجێك دەبینین لەبەردەمی رەگەزی بەرامبەریدا دەمی تەتەڵە دەكات ئەمە واناكات بە سانایی بكەوێتە هەڵەوە و لە خشتە ببرێت ؟

– ئەوەندە ماوەی پێدەدەین وەكو لایەنی بایۆلۆجی گەشەبكات و لایەنی دەرونییەكە كەپت دەكەین و ناهێڵین بەرەو گۆڕان و پێشكەوتن بچێت ، لە قۆناغی هەرزەكاری تا هەژدەساڵیش هەردووكیان دوو تاكی شەرمنن و لەرزۆكن و بە دڵەراوكێوە مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی دەور و بەر ئەكەن ، چونكە دروست نەبووە كە منیش دروست نەبم و بڕوام بە بوونی خۆم نەبێت ناشتوانم مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر بكەم ! زۆرجار ئەم حاڵەتە لە گەورەبوونیشماندا بەدی ئەكرێت ، كاتێك كە سەردانی كەسێك دەكەیت ئەگەر تەمەنیشی هەبێت هەست دەكەیت ئەو كەسە هەڵچونێكی پێوە دیارە و ئەلەرزێ‌ یاخوود دەست دەبات بۆ گوێكەی یا بۆ كراسەكەی ..چونكە هێشتا كامڵ نییە و بڕوابەخۆبوون دروست نەبووە تیایدا .

* لەوانەشە زەمینەی لەباری بۆ نەڕەخسابێت تا گەشەبكات و تێڕوانینی هەبێت بۆ ژیان ؟

– هەموومان لەو پڕۆسەیەدا بەشدارین ، چونكە سنووری ئازادییەكانی كوڕ زۆر فراوانترە لەو سنوورەی كە بۆ كچانمان دیاری كردووە ! لەوانەیە كوڕكە تا تەمەنی (18-19) ساڵیش ئەم شەرمنییەی هەبێت بەڵام كە تێكەڵاوی بازاڕ دەبێت و خۆی دەناسێت و تێدەگات كە كوڕ چییە و كۆمەڵگا و كەلتوور چۆن سەیری دەكەن ؟ مادام ئەم كوڕە و بووە بە پیاو بڕوایەكی لا دروست دەبێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە بۆ كچ لەگەڵی دەڕوات ، ئێستاش وەرە لەگەڵ كچان قسە بكە لە سەد كچ دە كچ ناتوانێت بە ئاسایی قسەت لەگەڵ بكات بەبێ شەرم و لەرزۆكی ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر خراپ ئەبەخشێتە كۆمەڵ چونكە كە گەشە ئەكات و بەرەو پێش ئەچێت بە هەردووكیان بە نێر و مێوە هەنگاو دەنێن .. كە ئێمە نیوەی كۆمەڵمان شكست و لەرزۆك و شەرمن و لە ماڵەوە قەتیس ما نیوەكەی تریش ناتوانێت بەردەوامی پێبدات و شكست دێنێت چونكە گەشەپێدانی كۆمەڵگا وەكو كۆترێك وایە كە باڵێكی شكا ناتوانێت بەباڵەكەی دیكەی بفڕێت  .

* نەكردنی مومارەسەی ئازادی تاك وا لە كەسەكان ناكات بیر لە هاوسەرگیری بكەنەوە .. چونكە ئەگەر هاوڕێیەتی ئاسایی بێت لەوانەیە بیر لە پڕۆژەیەكی وەها نەكاتەوە ؟

– زۆرجار ئەو كچانەلەناو ماڵدا ئەوەندە گوشاریان لەسەرە و بە عەیبە و ترسەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت بۆ نمونە نابێت بڕۆیتە دەرەوە و لەگەڵ فڵانەكەس قسە بكەیت و بڕۆیتە بازاڕ و ئەو ئیشە بكەیت ! لەبەر ئەوەی تۆ كچیت چونكە خەڵك لۆمەمان ئەكات ! ئەوەندە دەستیان دەچێتە بینەقاقایان وایان لێدێت هەست نەكەن هەناسەش ئەدەن و ئەژین !! بۆیە زۆرجار بڕیار ئەدەن ئەزانن هەڵەشن بەڵام سووریش دەبن لەسەر جێبەجێكردنی چونكە پێی وایە لەگەڵ هاوسەری كەمێك ئازادی دەبێت ، لای ئێمە هاوسەرێتی ئەو خەیاڵەیە كە هەر لە منداڵییەوە خەوی پێوە دەبینین و واهەست دەكەین هەموو ئەوشتانەی لێمان قەدەغەكراوە لەو پڕۆسەیەدا بە دەستی دەهێنین بەڵام بە داخەوە هاوسەرێتیش دەبێتە گۆڕێك بۆ هەموو حەز و ئارەزووەكان ! چونكە بنەمایەكی دروستی نییە ، ئەو كەسەش كە تۆ هاوسەرگیری لەگەڵ دەكەیت كۆپی باوك و براكەتە و هەمان مامەڵەت لەگەڵ دەكات ، بۆیە دیسانەوە لەو بازنە سنووردارەدا ئەسوڕێیتەوە ! لەلایەكی دیكەوە دوێنێ كچ بووە و تۆزێك پێگەی كۆمەڵایەتی باشتر بووە .. ئەمڕۆ كە بووەتە ژن زۆرینەی شتەكانی لە دەست داوە و منداڵی لە دوواوەیە و بڕیاری تری بۆ نییە ، لە كۆمەڵگای ئێمەشدا كە هاوسەرت گرت ئیتر تا مردنە ناتوانیت لە بڕیارەكە پەشیمان ببیتەوە و كەسێكی تر هەڵبژێریت ! چونكە خێزانەكەی خۆت و دەوروبەر لێت قبوڵ ناكات ناچار بەرەو خۆكوشتن و بەدڕەو شتی و رەدووكەوتنی دەبات بەڵگەش بۆ ئەمەڕۆژانە لە گۆڤارەكاندا بەر گوێمان دەكەوێت و دەیبیستین كەچی ڕوودەدات .

* متمانە نەكردن بە یەكتری ئەم ئەنجامانە ناهێنێتە ئاراوە ؟

– نەك متمانە نەكردن بەڵكو لێك تێنگەیشتن و نەبوونی خوێندنەوە بۆ هەڵسوكەوت و بیر و بۆچوونەكانی یەكتر لە نێوەندی كۆمەڵایەتی هەر یەكێك لە ڕەگەزەكانی كۆمەڵگا بەرەو ئەو حاڵەتانەی دەبات .

*زەمینە سازدان بۆ خۆشەویستی پێت وانییە ئەم حاڵەتە كەمتر دەكاتەوە ؟

– خۆشەویستی تەنها ئەوە نیە گەنجێك دڵی بۆلای گەنجێكی تر بچێت و یەكترییان بوێت دوورا و دوور بەڵكو بەردەوامی هەیە ئایا تا چەند كۆمەڵگە ڕێگە بەو خۆشەویستیە ئەدات تا ئەو دوو گەنجە زۆر بە ئازادی دانیشن بەبێ‌ دەمامك نەك ئەوەی كۆمەڵگا بۆی سنوردار كردوون ! لە دوورەوە ئەم گەنجە لە ئاهەنگێكدا یا لە كۆبونەوەیەكی خێزانیدا یا خزمێك پێی نیشان بدات ..بە رووكەشی ئەو كچەی بەدڵ بوو بێگومان بڕیاریش لای كوڕە بۆ هاوسەرگیری ئەڕواتە پێشەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ دەكات، لە ماوەی دەستگیرانداریدا كە ڕاستیەكە چەسپا بەسەریدا و بوو بەخێزانی ئینجا ڕێگە بەپەیوەندی ئەدرێت ئەویش دیسانەوە سنوردارە لە هەفتەیەكدا ڕۆژێك كوڕەكە بۆی هەیە بیبینێت و بچنە دەرەوە و دابنیشن ..ئەویش دەبێت پاسەوان و پۆلیس دابنیشێت!چونكە ڕێگەیان نادەن بە ئازادیانە مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەن ..بەشێوەیەكی هەڵە لێم تێنەگەن ! بەڵكو پێویست دەكات ئەو دوو گەنجە بەبێ بوونی كەسی سێیەم هەرچی هەست و پێویستیەكی ناخی خۆیان هەیە دەریبڕن ..بەڵام لای ئێمە ئەمە نیە ! ئەگەر سەیرێكی دادگا بكەیت و لەگەڵ توێژە كۆمەڵایەتیەكانی گفتوگۆ بكەیت دەردەكەوێت كە پاش چەند ساڵێك لە هاوسەرگیری بیردەكاتەوە كە لەگەڵی ناگونجێت لەوانەیە هۆكارەكانیش زۆر ئاسان و سادەبن بەڵام چونكە لەسەرەتای هاوسەرێتیدا بیری لەمانە نەكردۆتەوە و گفتوگۆی نەكردووە لەگەڵ كەسی بەرامبەردا نەدەگەشتە ئەم قۆناغە ، چونكە ئازادیش نییە خۆت و بەختت هاوسەرگیری دەكەیت وەك ئەو قومارەی كە بۆت دەرئەچێت یان دەرناچێت ! ئێمە بە دەمامكەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتریدا دەكەین چونكە سنوردارین لە شتەكاندا ئەمەش رێگەمان پێنادات بە ئازادی و بڕوا بە خۆبوونەوە هەڵسوكەوت بكەین ، ئەو كاتەی لەگەڵ كەسی بەرامبەر هەڵسوكەوت دەكەین دەمامكێكمان هەیە لە دووای هاوسەرێتی لادەبرێ و حەقیقەتمان دەردەكەوێت بۆیە ئەمەش بەرەو ئەو شكستەمان دەبات  .

* بە شێوەیەك لە شێوەكان بە هۆی تەكنەلۆژیاوە ئەم كاردانەوانە كاڵ بونەتەوە پێویستە گەنج بیر لە خۆی و چارەنووسی بكاتەوە و بڕوانەكات بەو بڕیارانەی دەوروبەر بەسەریدا دەسەپێنن لەم بارەیەوە دەڵێیت چی ؟

– من بە پێچەوانەوە ئەیبینم چونكە شتەكان رووكەشتر بوونەتەوە ، زۆر خەفەت ئەخۆم كە ئەو گەنجانە ئەبینم وا بیر ئەكەنەوە ، كاتێك كە سەردانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكەیت تێدەگەیت ئەو گەنجانە لە چ ئاستێكدا مامەڵە لەگەڵ یەكدی دەكەن ..تەنها لەگەڵ جەستە و دەرەوەی مرۆڤەكان گەمە دەكەن لەگەڵ توانا و دەروون و بیركردنەوەی كەسەكاندا مامەڵەكردن زۆر لاواز و سادەیە! لەبەر ئەوەی كچ و كوڕی فڵانە و توانای ئابووری ئاوایە چاو و باڵا و قژی ئاوایە هەموو شتێكی دیكە دەخرێتە لاوە ، ئەم بۆچوونانە بۆ كەسەكان كاریگەری زۆر دروست دەكات لەكاتێكدا كۆمەڵگا لە ئاستی تەكنەلۆژیا و پێشكەوتوویدا دەتوانرێ‌ تازەترین مۆدێلی مۆبایل بە دەست بهێنرێ و ئینتەرنێت بە ئارەزوو بەكاربهێنرێ و كام كتێبت پێویستە دەستت بكەوێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی پەروەردەی كۆمەڵایەتیمان شكست و ئیفلیجە لەوە باشتر ناچنینەوە  .

* بۆ دەبێت گەنجی ئەمڕۆ بە هەمان شێوازی مامەڵەی پێشوو رووبەڕوی ژیان بێتەوە ..پێویست ناكات بەدووای وەڵامی ئەو پرسـیارانەدا بگەڕێت كە تا ئێستا بێ وەڵام ماونەتەوە ؟

– ئەمە یەكێكە لەو قسانەی كە گەنجەكانی پێ تاوانبار دەكرێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە كە من نەتوانم گەنجێك دروست بكەم و فێری بكەم ژیان مانای چی ..توانا و تێڕوانینی تۆ مانای چی ؟ لەبری ئەو هەموو بڕیار و شتێكم كرد..ئەو گەنجە كەپتكراو دەردەچێت ، ئازادی لای ئێمە تەنها بە ئینتەرنێت و سەتەلایت و فیلم و مۆبایل دەشوبهێنرێت .. بەپێچەوانەوە ئەمە زیان دەگەیەنێت .. ئازادی مانای بڕیاردان و سەربەستی لە مامەڵەكردن و نەبوونی سنورداری بۆ ئەو مرۆڤە وەكو گەشەكردن و خود سەلماندن و مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر دا، نەك كام جل لەبەر بكەم كەس رێگەم لێنەگرێت ، ئەمەش تا رادەیەك راستە بەڵام زۆر سادەیە یان چۆن مامەڵە بكەم كەس نەتوانێت رێم لێبگرێت .. نەخێر چونكە ئازادی و دیموكراتی بۆ خۆی ئەبێت سنوری هەبێت .. ئەگەر وا نەبێت بەپێچەوانەوە ئەبێتە بێسەرە و بەرەیی وەك ئەوەی كە هەیە ! ئەوەمان لە بیر نەچێت كە خراپی بەكارهێنانی ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیا بۆ سەر گەنج زیانی زۆر زیاترە وەك لەوەی سودی پێبگەیەنێت ، لە( 30%) ی خوێنەران .. ئەو كەسانەن كە ئینتەرنێت بۆ سایتە زانستیەكان بەكار ئەهێنن .. ئەوانەی تر نەخێر بۆ چات و سایتە سێكسیەكان بەكاری دەهێنن ،چونكە ئەو گەنجە پەروەردەكردنێكی تەندروستی لانیە و هەمیشە بە دووای ئەو پرسیارەی خۆیدا ئەگەرێ‌ لەبەر ئەوەی ئێمە نەمان توانیوە وەڵامی پرسیارەكانی بۆ دابین بكەین !! ئەویش لەو پێچ و پەنایانەدا ئەگەڕێت بۆ وەڵامەكانی ئەمەش دیسانەوە زیان بە توانا و گەشەی ئەو كەسە ئەدات .

سەرنج :

یەكێك لە بنەما سەرەكیەكان كە پێویستە و ئەركە لەسەر دەزگا بەرپرسەكان كاری لەسەر بكەن پەروەردەی تەندروست و هۆشیاری كۆمەڵایەتییە ، ژیان وا دەڵێت چونكە ئێمە رۆژانە هەنگاو دەنێین ! پێویستمان بەو هۆشیارییە هەیە تا بەردەوامی بدەینە بەهرەكان و لێیەوە نەوەیەكی بڕوا بە خۆبوو ببەخشینە ئایندە  .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.