هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

دیداری : یوسف خەلیل

سەبارەت بە نەبوونی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و پەروەردەی تەندروست و جیاوازی نێوان كچان و كوڕان و پەیوەندییە سێكسییەكان بەڕێز (شیلان حەمە نوری) توێژەری كۆمەڵایەتی و پسپۆڕ لە بواری جێندەر بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دامەوە ، ئاواتمە هەموو كون و كەلەبەرەكانی هزری تاكم بەسەركردبێتەوە و وەڵامێكی تەندروستی هەموو لایەكم دابێتەوە : 

* باوان كاتێك بڕیاری هاوسەرگیری بەسەر نەوەكانیاندا دەدەن بەو مەبەستەی ئابڕویان نەچێت لەو كێشەیەی رووبەڕویان بۆتەوە پێت وایە ڕزگاریان دەبێت؟ 

 – بەپێی ئەو داتایانەی لە دادگای سلێمانی هەیە.. بە داخەوە ڕێژەی تەڵاق زۆر زیادی كردووە .. بەرامبەر بە ساڵانی پێشوو! وە ئەو كەسانەشی كە ئەكەونە حاڵەتی جیابونەوەوە ئەو گەنجانەن كە لە سەرەتای هاوسەرگیریدان ..ئەوانەن لە سەرەتای  تەمەنیاندا هاوسەرگیریان كردووە چونكە ئەزموونێكی  كەمیان  هەیە و لە هەمان كاتدا هەستی هەڵچون لەلای هەر یەكێك لەو گەنجانە دروست دەبێ‌ و تەمەنی هەرزەكاریش وزە و  هەڵچونێكی زۆر تووندی تێدایە لەسەروو(100) تێدەپەڕێ‌ ..ناتوانێ‌ بەعەقڵ بیربكاتەوە تەنها سۆز نەبێت ! بۆیە بڕیاری هاوسەرگیری دەدات ، لە هەمان كاتدا هاوسەرگیری و پڕۆسەی هاوسەرگرتن پێویستی بە بیركردنەوەیەكی هۆش و سۆز هەیە نەك تەنها هەر سۆز ! پێویستە ئەو كەسە زۆر بە هۆش و بە وریاییەوە وردەكارییەكانی ئەو پڕۆسەیە بزانێت و كەسی بەرامبەر هەڵبسەنگێنێت ..كە تا چەندێك یەكتری تەواو دەكەن نەك تەنها بینینێكی رووكەش و ئێدی تەواو بیباتە نێو دەریای خەیاڵی خۆشەویستییەوە و وابزانێت ئیتر ئەمە ئەو شازادەیەیە كە ئەم چاوەڕێی كردووە ! بۆیە پێویست دەكات زۆر بە وردەكارییەوە شارەزای بێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی گەنجە و تەمەنەكەی ئەزموونی پێنەداوە ناتوانێت هەموو ئەو لایەنانە هەڵبسەنگێنێت ، چونكە لایەنە سۆزدارییەكە و هەرزەكارییەكەی زۆر زاڵە و پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەو هاوسەرگیرییە ، بۆیە كاتێك ئەڕواتە ناو پڕۆسەكەوە ئەوەی ئەو خەونی پێوە بینیوە و وشە سۆزدارییانەی هاتۆتە بەر گوێی ..بەهۆی ئەو بەرپرسیاریەتە زۆرەی لە ماڵی هاوسەریدا رووبەڕووی دەبێتەوە هەڵسوكەوتەكانی ئەگۆڕێت ، چونكە كۆمەڵێك كێشەی كۆمەڵایەتی دێنە ناو پڕۆسەكەوە و كەسەكە بێزار دەكات و پەشیمانی دەكاتەوە لەو هاوسەرگیرییە و تەمەنەكەشیان منداڵە و ناتوانن لە ئاستی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییەدابن بۆیە زوو بێزار دەبن و ئەكەونە شەڕ و ئاژاوە و بڕیاری جیابوونەوە ئەدەن یاخوود هەوڵی دروستكردنی پەیوەندییەكی دیكە ئەدەن ، بەڵام ئەمجارەیان بیری لێئەكەنەوە  .

* تا ئەم ساتە كچ سڵ لە كوڕ دەكات و ئەویش بە خواردنێكی بە چێژ لێی ئەڕوانێت ! لە كاتێكیشدا هەردووكیانن ئەتوانن رابەرایەتی ئایندە بكەن ؟

– هەمیشە پیاو لە بەرزەوە ئەڕوانێتە ژن و سەیری مێینە ئەكات ،خۆی بە گەورەتر ئەزانێت لەكاتێكدا ئەگەر پیاوەكە هیچ توانا و شارەزاییەكی كۆمەڵایەتی و ئابوریشی نەبێت ،چونكە كۆمەڵگا پێی ئەڵێت پیـــاو !! ئەمەش بۆ خۆی گەورەترین بڕوانامەیە ، ئەویش مێینەیە واتە لاواز و بێ توانایە و توانست و عەقڵی كەمە .. لە كاتێكدا ئەگەر دكتۆریش بێت و شارەزاییەكی باشیشی هەبێت بەو چاوە لێی دەڕوانێت ! ئەم جیاوازییە كلتوور دروستی ئەكات كە كچان خۆیان بەكەم بزانن لە بەرامبەر بە كوڕان چونكە ئەو كوڕە و ئەبێت وا هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكرێت ..ئەمەش یەكێكە لە هۆكارە هەرە گرنگەكان كە زیان بە بینای هاوسەرێتی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگاكەمان دەگەیەنێت  .

* پێویست دەكات هەر كۆیللەی ئەو بڕیارە بین كە بەسەرماندا دەیسەپێنن ، تا كەی نەتوانین خاوەن خود و چارەنووسمان دەستنیشان كەین ؟

– لەبەر ئەوەی تا ئێستا راگەیاندنەكانمان شكستن ..لاوازن ..سپین و هەمە جۆر گۆرانی و فیلم و بەرنامەیەك دائەبەزێنن ..بەڵام كەمترین جار لەو دەرگای جیاوازیانە ئەدەن ، ئێمە لە قوتابخانەكاندا تا ئێستا بە جیاوازی منداڵەكان پەروەردە ئەكەین ، چەند ساڵێكە كەسانێك هەن كە خاوەنی ئەم بیر و بۆچوونە یەكسانییەن بانگەشەی گۆڕانی سیستەم ئەكەن .. بەڵام حكومەت نەیتوانیوە شتێكیان لێ وەربگرێت بیخاتە بنەمای ئیشكردنی پەروەردەوە ، بە تەنها زەحمەتە ئەم بیر و رایە بدرێت بە هەموو خێزانێك بەڵام لە رێگەی بەرنامەیەكەوە دەكرێت كە تا ئێستا نیمانە جگە لە بەرنامەی بڵێی كەناڵی زاگرۆس ! كە كاریگەرییەكی باشی هەیە چونكە هیچ وێستگەیەك نییە هۆشیاری بدات بە خەڵكی و بڵێ هەڵەكانی كۆمەڵگا ئەمەیە .. كێشەكان وەها چارەسەر ئەكرێ ، ئەگەر ئێمە بتوانین لە رێی پەروەردەوە ئەو زانیارییە یاخوود ئەو هۆشیارییە بگەیەنینە هەموو ماڵێك ، بۆ نمونە سەیری سیستمی پەروەردەی وڵاتانی دەرەوە بكەین لە هەر خێزانێكدا هەر بانگراوەندێكی دینی و كلتووری و كۆمەڵایەتی و ئابووری هەبێت لەناو قوتابخانەدا وەكو یەك مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن یەك جلوبەرگیان لەبەر دەكەن وەك یەك پەروەردە ئەكرێن ، لێرە جیاوازییەكان قوڵتر دەبێتەوە و زیاتر دەست دەخرێتە ناو ئەو برینەی كۆمەڵەوە بۆ نمونە لە ماڵدا كچان كەمتر بواریان هەیە بۆ خوێندن چونكە كچ پێویست دەكات كۆرپەكەی ماڵەوە راژەنێت ..یارمەتی دایكی بدات ..تاكو ئەوانە نەكات ماوەی پێنادرێت بڕوات بخوێنێت ، بەڵام كوڕ سەربەستە ئەخوێنێ یاری دەكات ئەمە كاریگەری دەروونی لای كچە جێدێڵێ و هەڵچون و توانای ناو ئەو كەسە كەپت دەكات ..چۆن مادەی ئاسن و كرۆم لە لەشدا بمێنێتەوە زیانی پێدەگەیەنێت كەپتكردنیش زیان بەو گەنجە دەگەیەنێت و مێشكی ماندوو دەكات بۆیە كەپتی كچەكان كار دەكاتە سەر توانای زیرەكی و ئاستی بەشداری ناو پۆلەكەی بە پێچەوانەی كوڕەكانەوە ، لەبەر ئەوەی كەلتوورەكە كەپتی كردووە بە لاوازی لەناو كۆمەڵگەدا مامەڵە دەكەن ،مامۆستاكانمان هەموو كاتێك ئەو ریزە بە گرنگ و گەورە سەیر دەكات و بە بەرز رایدەگرێت كە كچەكانن چونكە بێدەنگن عاقڵن !! ئەمەش بۆ خۆی زیانە چەندین جار رامان گەیاندووە كە ئەمە شتێكی هەڵەیە هەرگیز ئەمە بە باش سەیر مەكەن ..بەڵام ریزی كوڕەكان لەبەر ئەوەی جوڵەی تێدایە ریزی هار و ئاژاوەچییەكانە ! ئەمە بۆ خۆی جیاوازییە یان ئەگەر كوڕێك سزا بدات دەیخاتە لای كچێكەوە ئەگەر عاقڵ نەبێت لای كوڕەكەی هاوڕێیەوە لایدەبات ، كاتێك كوڕ و كچێك بیانەوێت قسە بكەن كوڕەكە ئازایانەتر قسە ئەكات بەڵام كچەكە تا دوو وشە بە مامۆستاكە دەڵێت عارەق دەكاتەوە و شەرم دەیگرێت و دەلەرزێت !! مامۆستاكەش لەبری ئەوەی هانی بدات بۆ قسەكردن پیایدا دەكێشێت ! وەكو سستمیش ئەگەر تۆ بێیت سەیری كتێبەكان بكەیت هەمووی جیاوازی پیشان دەدات لە كتێبی یەكی سەرەتاییەوە تا كۆتایی كە وێنەی كچانی چۆن پیشان دەدات  و چۆن بە ئێمەی دەناسێنێت بۆ نمونە ( نەسرین نانی ساج دەكات ، ئەو بە عەزییەوە ئەو بە پانتۆڵەوە ، ئەم یاری هەڵماتێن دەكات ئەو بووكە شووشەی لەبن دەستدایە ) ئەمە بۆخۆی دیسانەوە جیاوازییەكان قوڵتر دەكاتەوە تا ئێستاش مامۆستاكان بۆ خۆیان نەیانتوانیوە بڕوا بەوانە بهێنێت چونكە تا ئێستا ژووری مامۆستای ژنان و پیاوانمان جیایە ، بێگومان هەموومان بەرپرسین ئەگەر سستمی پەروەردەمان وەها بمێنێتەوە تاكێكی لێدەرناچێت كە ئێمە بتوانین دووا رۆژی پێ بسپێرین و بڕوای پێ بكەین چونكە شكــست دێنێت  .

* لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك ئافرەتمان هەیە كە ئەو سنورانەیان بە زاندووە بەڵام پێش ئەوەی دەستخۆشییان لێبكەین دووبارە سەركوتیان دەكەینەوە یان ئەوەندە ناوو ناتۆرە دەخرێتە پاڵیان ئەگەر سوور نەبن لەسەر خواستەكانیان زوو دادەمركێنرێنەوە ؟

–  راستە كۆمەڵێك كەسمان هەیە ئەگەر چی نەیانتوانیبێت بگەنە ئاستی زۆر بەرز لەو ئازادییانە یاخوود لەو مامەڵە كردنە بە ئازادی بە یەكسانییە لەگەڵ كەسی بەرامبەر بەڵام هەنگاویان ناوە بۆ نمونە لە بەیانی تا ئێوارە كە دێمە دەرەوە ئیش دەكەم لەگەڵیشیدا خێزانم هەیە رۆژانە روبەڕووی ئەو قسە و قسەلۆكانە دەبمەوە كە توشم دەبێت ، لەوانە دایكم .. دراوسێكەم .. كچەكانی كۆمەڵگەكەم دەبمەوە كە دەڵێن تۆ ژنی باشتر نییە منداڵەكان پەروەردە بكەیت ! هەمیشە ئێمەی ژنان بەوە هەڵئەخڵەتێنین كە پەروەردەكردنی منداڵ باشترین بڕوانامەی دكتۆرایە ..تۆ پێویستت بە خوێندن نییە ! بۆیە كەمترین ژن لەو ئاستەیا ئەبینین ، هەمیشە ئەو ژنەی لە دەرەوە كار دەكات و هەوڵدەدات بۆ ئەو یەكسانیانە بەبەردەوامی لە جەنگدایە ، مرۆڤیش بەبەردەوامی لە جەنگدا بوو زەحمەتە بتوانێت پەرە بەتواناكانی خۆی بدات بەو ئاستەی كە پێویستە و داوای لێدەكرێت بۆیە پاش ماوەیەك كۆڵ ئەدات و بێزار و ماندوو دەبێت ، كەم كەس هەن بتوانن لەگەڵ قسە و قسەڵۆك و بەرپەرچدانەوەدا بەردەوام بێت چونكە تۆ بەردەوام لەشەڕی كۆمەڵایەتیدایت لەگەڵ مێردەكەت و ماڵە خەزووران و ماڵی باوك و دەوروبەردا هەتا بتەوێت خۆت بسەلمێنیت ، وەكو كاڵایەك بێت هەر لە منداڵییەوە بەبەری ژن بڕابێت كە منداڵەكان بۆ تۆیە بەرپرسیاری لێی بۆ دەڕۆیتە دەرەوە كار ئەكەیت پێویستت بە پارە نییە ! ئێ خۆ مەرج نییە هەر بۆ پارە بچینە دەرەوە وەكو وتمان هەردوو رەگەز یەكسانن پێویست دەكات خۆیان بسەلمێنن ، بەردەوام ژنان ئەكەونەوە بەر بەرداشی شەڕ و ئاژاوە و قسە و ویتەویت و زۆربەشیان لەم پێناوەدا ئەبنە قوربانی و هەندێكیشیان لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا كۆڵی داوە و خۆی كوشتووە و كۆتایی بە هەموو شتێك هێناوە چونكە تا سنورێك ئەتوانێت بەرەنگاربێتەوە كە گەیشتە ئاستێك هەستی كرد تەواو بەم ناگۆڕێت و توانای بەرگری نەما چونكە توانای هەموومان وەك یەك نییە لە ئاستێك لە ئاستەكاندا كۆتایی پێدێت  .

* ئێمە وتمان هۆشیاری نییە ئەگەر هۆشیاریش نەبێت تاكەكان بەرەو ئەو لادانانەی دەبات كە هەیە ؟

– لە هەموو حاڵەتێكدا ئەگەر تۆ پەروەردەت هەبوو ئەزانی چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەیت ، بەڵام ئەگەر تۆ هۆشیاریت نەبێت دیدێكی ترت هەیە بۆی ..بەشێوەیەكی تر ئەو زانیارییە بەكار ئەهێنیتەوە ، زۆر گەنجمان هەیە لە هۆڵەكەیاندا ئەخەون تا دایك و باوكیان نوست ئەم بتوانێت سەتەلایتەكە بە ئارەزووی خۆی بەكار بهێنێت  ، ئەمە زەرەر بەلایەنی بایۆلۆجی و دەروونی و بەقوتابخانەكەی ئەدات چونكە كە مێشك خەریك بوو بە لایەنە سێكسییەكانەوە ئێدی لایەنەكانی تر لە كار ئەكەون ،ئەمە زیان بەخشە چونكە كەپتە و بە نهێنی مومارەسەی دەكرێت ، ئەو نهێنییەش هێزێكی زۆر دروست دەكات لەسەر دەروونی ئەو گەنجە ، بەڵام كەناڵە ناوخۆییەكان زیانی پێدەگەیەنێت كە زانیاری و پەروەردەی تێدا نییە كە گەنج خۆی تێدا بدۆزێتەوە و سەرنجی راكێشێت و بیهێنێتە ناو گۆڕەپانەكەوە ..لەوانەیە كۆمەڵێك بەرنامەی هەزەلی كە هەبێت هەموومان بەدیارییەوە دابنیشین و بەڵام ئەوانەش ئەوەندەی كە جیاوازییەكان ئەڵێنەوە تیایدا كە ژن وایە تۆ وایت تۆ كوڕیت تۆ پیاویت بە جۆرێك لە جۆرەكان شتە كەلتورییەكانمان بۆ دووبارە ئەكەنەوە ، لەوانەیە من بتوانم خۆم لەگەڵ هاوسەرەكەمدا منداڵەكەم وا پەروەردەكەم هەست نەكات كچ و كوڕ چییە ؟ بەڵام كاتێك گوێی لەوانە دەبێت تێدەگات ! تۆ هەر لە فلم كارتۆنەكانەوە سەیركە تا دەگاتە فلمەكانی شەو نازانم (سووتا ماڵی پشیلە) چی بە منداڵەكەی من دەڵێت ؟ ئەو قسانەی كە ئەوترێت من بە هەموو تەمەنم سڵم لێی كردۆتەوە لە بەردەمیدا باسی بكەم ، گۆرانییەكی تر هەیە ژمارە فێری منداڵ ئەكات (ژمارە یەك باوكمە لە دەرەوە تۆ و ئەكات ، دوو دایكمە لە ماڵەوە كاری ماڵ ئەكات ) كە منداڵەكە گوێی لەمە ئەبێت تووشی شۆك ئەبێت و لێم ئەپرسێت ئەمە مانای چی باوكی لە دەرەوە و دایكی لە ماڵەوە ئیش دەكات ؟ هەموو ئەوەی كە دروستم كردووە لە گەڵیدا لە ساتێكدا پێچەوانە ئەبێتەوە و پێم دەڵێت دایكە وانییە ! ئەوەندەش بە شێوەیەكی بریسكەدار و بە وتەی جوان ئەوترێتەوە سەرنجی رادەكێشێت ، ئەگەر جارێك و دووان گوێ‌ لە قسەكەم بگرێت جاری سێیەم ئەڵێت دایكە تۆ راست ناكەیت !! 

* لەبەر ئەوەی كەپتكردنیش هەیە لای ئەو گەنجە وا دەكات بە دووای ئەو شتەدا وێڵ بێت كە پێویستی پێیەتی پێت وانییە ؟

– كە سوچێك كەلەبەرێك نەبێت ئەو گەنجە وەڵامەكانی دەست كەوێت تیایدا بەرەو لادان ئەڕوات ، مۆبایلیش بووەتە ڤیۆیەكی بچوككراوە بە دەستییانەوە ، ئێمە چەند ساڵە داوا ئەكەین تكایە وەزارەتی پەروەردە با بەرنامەیەكی هۆشیاریمان هەبێت لە قوتابخانەكاندا با لەبری وانەی ماڵداری كە جیاوازییەكان زەقتر دەكاتەوە با بابەتێكی هۆشیاری وپەروەردەیی كۆمەڵایەتیمان هەبێت و هەموو ئەو شتانەی كەلای گەنج پرسیارە با لەویادا دەستی كەوێت ، هەموو ئەوشتانەی كە بخوێنرێت و پەیوەست بێت  بە هەرزەكارەوە كۆ ئەندامی زاووزێیە كە لە (زیندەوەرزانی) ناوەندیدا هەیە بەڵام (90%) ی مامۆستاكان نایخوێنن ! بۆ خۆشم كە مامۆستاكەم ژنیش بوو تەركی كردوو  نەیتوانی رووبەڕووی ئێمە بێتەوە و ئەو بابەتەمان پێ بڵێتەوە چونكە تابۆیە لە كۆمەڵگادا مادام كۆ ئەندامی سێكس و زاووزێیە ئەگەر چی گرنگترین شتە بۆ گەنج كە پێویست دەكات زانیاری لەسەر لەشی خۆی هەبێت  .

* لەم رووانگەیەوە ئێمە بە ناشرینی ئەڕوانینە ئەو كەناڵانە ، بەڵام لە هەمان كاتدا پێت وانییە كۆمەڵێك زانیاری سوود بەخش ئەبەخشنە تاكەكانی كۆمەڵ ؟

– ئەگەر لەگەڵیدا پەروەردەمان هەبێت سوودی پێدەگەیەنێت ..چۆن ؟ تۆ تێی دەگەیەنیت لەشی تۆ لەچی پێكهاتووە ، ئەو حاڵەتە بایۆلۆجی و پەیوەندییە سێكسیانە چۆنە.. چۆن زیانت پێدەگەیەنێت .. لە چ كاتێكدا بێت باشە ..چۆن مامەڵە لەگەڵ كەسی بەرانبەر ئەكەیت ..؟ ئەمانە ئەگەر هەبێت بۆ ئەو باشە ، ئێمە داوامان ئەكرد با پەروەردەیەكی سێكسیمان هەبێت ، هەندێك لە رێكخراوە توندڕەوەكان بەرەو ڕوومان ئەوەستانەوە و پێیان ئەوتین : ئەتانەوێت فیلمی سێكس بە منداڵ بڵێن ؟! نەخێر ئەوەی كە ئێمە داوامان ئەكرد ئەوەبوو كە گەنجەكانی نەبردایە بەرەو ئەو ئاستەی كە ئەمڕۆ تێیدان !! كە هۆشیاریت هەبوو لەگەڵیدا و پێت وت ئەمە راست و هەڵەی شتەكانی تۆیە ..ئەمە لەشی تۆیە.. ئەمە پێویستییەكانی تۆیە ..ئاوا تێر ئەكرێ  ..ئاوا توشی هەڵەت ئەكات ، ئێدی ئەو گەنجە رووناكاتە ئەم شتانەی كە ئەمڕۆ  دەستی داوەتێ‌ وەكو كەناڵە سێكسییەكان لە سەتەلایت و سایتەكانی ئینتەرنێت و مۆبایلەكەی دەستی ، وەرە مۆبایلی گەنجەكان بكەرەوە بە گرنتییەوە دەڵێم (99%) ی فیلمی سێكسی تێدایە ! ئەمە بۆ ؟ لەبەر ئەوەی كەپتن !! كە تۆ زانیت شتێك لە ئاستی پێویستی كۆمەڵگادایە وەرە تاكەكان هۆشیار كەرەوە و تێیگەیەنە خۆ تۆ ناچیت فیلمی بۆ لێ بدەیت و بیورژێنیت ..تەنها تێیدەگەیەنیت كە ئەو پەیوەندییە چۆن پەراوە دەكرێت نەك كە كچێكی بینی بە پارچەیەك لە لەش و لاری سێكسی سەیری بكا و كچیش كاتێك لەگەڵ كوڕێكدا قسە ئەكات وا بزانێت دووای تۆزێكی تر پەلاماری ئەدات ، ئێمە ئەوە داوا ئەكەین بەڵام بە داخەوە تا ئێستا نەتوانراوە ئەم هەنگاوە بنرێت و جێ بە جێ بكرێت بۆ كۆمەڵ  .

* هیچ ئایندەیەك ئەبینیتەوە بۆ ئەم كۆمەڵگا بێ سەر و بەرە و پێت وایە گۆڕان دێتە ئارا ؟

– گۆڕان شتێكە بە دەستی من و تۆ نییە و بەردەوامی هەیە و ئەشبێت ، لەبەر ئەوەی كەسانێكمان هەن هەوڵی بۆ ئەدەن لە ئاستی كەسیەتی خۆیاندا ئیش لەسەر ئەم بابەتانە ئەكەن .. پێویست دەكات حكومەت ئاوڕیان لێبداتەوە ، گۆڕان هەیە بەڵام ئایا سستە یا بەهێزە ؟ بەرەو باشە ئەڕوات یا بەرەو خراپە ؟ بۆ دروستكردنی ئەو گۆڕانە پێویستە بە سستمی پەروەردە دەست پێ بكەین تا تۆ تاكێكی بڕوا بە خۆ بوو هۆشیار دروست بكەیت ، دەتوانیت ئەو گۆڕانە بەو ئاستەیا بەریت كە بەرەو پێشكەوتنی هەموومانە تا كۆمەڵگایەكی پێگەیشتووی لێبكەوێتەوە ، ئەگەر نا وەكو ئەمڕۆ بێت جیاوازی و كەندەڵانی گەورە دێتە ئارا و ئەو تەكنەلۆجیا زۆرەی هەیە لەبەر دەستیشدا بەشێوەیەكی نا تەندروست مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین ، ئەمەش دەبێتە سلبیاتێكی زۆر بۆ كۆمەڵگا و رێگر لە بەرەو پێش چوونی هزری تاك  .

سەرنج : 

ئەگەر پەروەردەیەكی تەندروست لەبەردەستدا نەبوو بەرەو ئەو تەنگژانەمان دەبات كە ئێستا رۆژانە رووبەڕوومان دەبنەوە و چەندەها كێشەی بۆ دروست كردووین كە لە ئاستی چارەسەر كردنیاندا دۆش دادەمێنین و هیچ گۆشەنیگایەكمان لانیە تا لێوەی دەرباز بین !! 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.