هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

هەولێریات 41
لەسەردەمی مەدا بازاڕی هەولێر وەكی ئێستا نەبو، ئەو شتانەی لەو زەمانەدا رەواجی هەبو، ئێستا ئینقڕازی كردیە، یان با برێین گۆڕانەكی زۆری بەسەردا هاتیە . لۆ ئەوەی جیلی ئەوڕۆ بزانن لە سارانی پەنجاو شێست و حەفتاكان چ و چ هەبون حەزمكرد هەندەكیان لۆ بگێڕمەوە. با لەرادیۆوە دەست پێبكەم كە تاكە وەسیلەیەك بو لۆ زانینی ئەخباری عالەم و گێگرتن لەگۆرانیەكانی ئەو سەردەمە هەر لەكاوێس ئاغاو سێوەو تاهیر تۆفیق و عەلی مەردان و رەسول گەردیەوە، حەتا فوئاد ئەحمەدو شەماڵ سائیب و عەبدوڵڵا دڵسۆزو جەمال جەلال و محمد ئەحمەد ئەربیلی و ئەكرم كوپرل و عەبدولواحید كورەچی. لەماراندا ڕادیۆی سەرمێز هەبو كە زۆربەی ماران نەیانب و بەس ئەوانەی ئیقتداریان هەبو، ئەوجا ئەو رادیۆیانە شاشەیەكیان هەبو دەیان رەقەم و ناوی عاسیمەو شارانی وراتانی لەسەر نوسرابو، پەنجەرەیەكی گچكەشی لەزاویەكی شاشەكەدا هەبو، دو خەتی پانی كەسك ئیشارەتی قوەتی پەخشەكەی پیشان دەدای. هەر كاتەكی ئەو دو خەتە زۆر لەیەك نێزیك ببانە مەعنای وایە پەخشەكە زۆر بەقوەتە، چەندی دوریش ببنایە مەعنای گێت لەهیچ شتەكی نابی غەیری هانی هانی. لەو دواییانەشدا رادیۆی ترانسستەر پەیاب و كە خەركی لەگەر خۆیان دەبردە سەیران یان ژنان لەپێش دەركەی مارەكانیان لەگەر جیرانەكان دادەنیشتن و بەدەو گولەبەرۆژەوە گێیان لێدەگرت. دوای ئەویش رادیۆی گچكەتر هاتن بەقەدەر پاكەتەكی جغارەی بو گەنجان لەگیرفانیان هەردەگرت. ماركەی رادیۆكانیش ( زەنت و ریس و سیرا و فلیپس و پای و میندو تلیفۆنكن و مولاردو گرۆندیگ و بلیپۆینت) بون.
لەو زەمانەدا سەعاتی دەستی شتەكی زۆر موهیم بو، هەرچەندە لای كورد عادەتەن زەمەن شتەكی زۆر موهیم نیە، بەرانەكینی هەر لۆ دیكۆرات خەركی سەعاتی هەردەگرت، ماركەكانی ئەو وەختیش زۆری سەعاتی ( سور ) بو كە زۆر هەرزان بو بە 3 دیناری بو، ئەوجا ماركەی ( رۆلیكس و كۆڤاداو لونجین و ئۆمیگاو رویال و كوبلر و موریال) لەحەموشیان گرانتر سەعاتی (رادۆ) بو كە بەس شەخسیاتە موهیمەكان دەیانكڕی. لەمارانیش سەعاتی سندوق هەبو هەەندەكیان بەدیواری هەردەواسران، هەندەكیش بەپێیەوە دادەنران ئەوجا چركە چركی شەوان دەگەیشتە ئەو سەری كۆرانێ خەومانی لێ حەرام دەكرد!. بەو ئاخیرەش سەعاتی (كاسیۆ)ی حاسیبە هاتە مەیدان.
جیهازی تەلەفۆنیش زۆر كەم لەماران هەبو، بیدایەتی تەلەفۆنە رەق و تەقە رەشەكان بو، كە هەرت دەگرت یەكسەر مەئموری بەدالە دەهاتە سەر خەتو ئەوجا داوای رەقەمەكت دەكرد، لەسارانی حەفتاكانیش تەلەفۆنی ئەلكترۆنی هاتە گۆڕێ كە خۆت رەقەمەكەت دەسوراند بەبێ بەدالە قسەت دەكرد.
لەبازاڕدا معاملە بە وەزنە كۆنەكان دەكرا، مەسەلەن كێشەكان بە كیلۆ نەبو، زۆربەیان بە(حۆقە) بو كە دەیكردە دو كیلۆو نیوی ئێستا، بەتمانیش هەبو، كەلەبیرم نەمایە كێشی چەند بو. لۆ مەوزوعی پارەش حەتا سارانی حەفتاكانیش خەركی معامەلەی بە چار عانەو هەشت عانەو روپیە دەكرد.لەچایخانەكان مەشروباتی غازیش زۆر نەوعی هەبو لەوانە بێجگە لە بیبسی و كۆكاكۆلا، سیفۆنو سینالكۆی پێنج رەنگ، كراش ومشنی زەردو پرتەقاری، فانتاو كەنەدادرای، میرانداو سێڤن ئاپ.
سەیارەكانی ئەو زەمانەشمان بریتی بون لە”فۆردو شۆفرلیتو دۆج و كاردینیاو بلایموت و موریس و فۆكسواگنی قالۆچە، سكۆدا، مارسریس، فۆلگای رۆسی، كادیلاك و بنتلی، لەسارانی حەفتاشەوە سەیارەی دی هاتن وەكی رینۆ وبیجۆی فەرەنسیو لادای رۆسیو فیاتی ئیتالی، مستەربوشی و كرۆناو كراونی یابانی و… هتد.
لەزەمانی مەدا قەساب گۆشتی لەسەر سەبەتە بەناو شاردا دەگێڕا، دۆڵدرمە لەسەر عارەبانە، پاقڵاوەش لەسەر سینی، فەرقی ئەو زەمان لەگەر ئێستادا ئەوەیە خەركی لۆ نانخواردن دەچونە مەتعەمەكانو لۆ چاخواردنەوەش دەهاتنە چایخانە، ئێستا لەفەی گەس لەسەر عارەبانە دەفرۆشرێ لەتەنیشتیەوە چایخانەیەكی سەفەری قیت راوەستایە، لەمابەینی هەردوكیانیش تەكسیەك بێ ئیش راوەستایە كە ساحێبەكەی مۆزەفەكی قیتو قۆزی یەك لەوەزارەتەكانەو چاوەڕێی (البیان رەقەم واحد) دەكا لەوەزارەوتی دارایی لۆ وەرگرتنی روبعە مەعاشۆكەی. باقی وەلسەلام.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە