هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

هەولێریات (39)
ئەوجارە دەمەوێ هەندەك شتی زەمانی خۆشی منداری خۆمانتان لۆ بگێڕمەوە، لۆ ئەوەی ئەو خەركانەی لەجیلی مندان، هەندەك حەنینیان لۆ ئەو زەمانە هەستی و شتە خۆشەكانیان بیر بكەویتەوە. جیلی ئەوڕۆش بزانن ئەمە كوو ژیانمان بەڕێ دەكردو چمان دەخوارد و، چ گەمەكمان دەكردو، حەزمان لەچ بو.
هەر مندارەك لەزەمانی مەدا، رۆژانەیەكی هەبو سبەینان لەداك و بابی وەردەگرت. ئەو رۆژانەیە حەسەب ئیقتیدار نەبو وەكی ئێستا كوڕە مەسئول بەسەفتە دۆلار لەقومارخانەو مەلهاخانە سەرفبكاو، منداری عالەمیش لەبەر روبعە معاش نەتانی بەدری خۆی رۆژانەیەك وەربگرێ. ئەو وەختی منداری فەقیرو دەورەمەندیش یەك رۆژانەیان هەبو كە زۆر كەمبو بەس باوەڕ بكەن بەشی حەمو شتەكی دەركرین،دەزانن لۆ؟ چونكی خەركی بەعام بەویژدان بون خەركیان ئیستغلال نەدەكرد، دەورەمەندەكانیش منداریان فێری ئیسراف نەدەكرد، لۆیە وەكی كوڕە فەقیران ڕۆژانەیان دەدانێ.
ئەوجا با بێمە سەر ئەسلی مەسەلەكە، كە ئەو رۆژانەیەمان بەچ دەدا؟. خواردنەكانی سەر عارەبانە (كێكی بەعەینەك، عەسەلیات، لەگلەك، سیفۆن، دەسكی فەریكەنۆك، سیچماخ، چەقەلەباوی، چوكلێتی ئەبومونیر، شەكەرات، بەداملی، ترشوشیرین، كرێمەستی، شرووب، غورابیە، بنیشتی ئەبو سەهم، گێوژی سەر عارەبانە، مینۆ).
گەمەكانیشمان، كەرۆژمان پێ بەسەر دەبرد ( پەلیكانێ، كەلایانێ، شێروخەت، لگاو، قوماری بیستو یەك لەسەر قەبران، جەرولحەبل بەسیفۆن و كۆكا و بیبسی، چاوشاركێ، ساپ ساپانی، پێنج بەرد، تۆپانێ، ماروقادرمە، مورەبەعاتی دەستی، لەیلوگو چەرخوفەلەكی گێژنان، ئەسپسواری قەسابخانە كۆنەكەی كن بازاڕی نیشتمان. بێجگە لەوانەش رۆژانە تەمەشای تەلەفزیۆنمان دەكرد لەئەفلام كارتۆنەوە حەتا سەلام جمهوری، ئەفلام كارتۆنی ئەو وەختیش (بەرباشاتر، جیكلو هیكل، میكی ماوس، پاپای، دواییش عەدنان و لینا و گریندایزەرو الرجل الحدیدی). لەسینەماش عاشقی تەرەزان و شیتا، ماشستی و هەرقەل، مسارعون السبعە والعشرە، ترینتی و بود سبنسر، بودابۆت و نۆرمان و یزدەم، شاری شاپڵ و لویل و هاردی، عەبدولەحەلیمو فەرید ئەترەش، سەنگام و ئوملهیند، راج كۆمارو شامی كابور، فیجانتی مالا و ئاشا باریخ، زەكی مۆران و بەتەل غازی). لەچایخانەش تاوڵەو دۆمینە بەدیار كێشانی جغارەی لۆكس و غازی و توركی و جمهوری و بەغدای شین و سۆر، دامەی پیرەمێردانی چایخانەی عەبۆ.جارجاریش دەچوینە ساحەی مەلعەبی لای فلكەی زەعیم وتەمەشای تۆپانی نادی شورتەو( مەمۆ خەلیل وشیرۆ خەلیلی گۆڵچی،نەجات خۆری وكانەبی حەمباڵ).لەخیندنیش مجلەی(الموعد والشبكە،كەواكب وحەوای میسری، تەبیبوكەو تەبیب العائیلە، جەریدەی تەئاخی و سەورەو جمهوری، مجەلەی موتەفەریجو فوكاهەو قەرەندەل).ئەوانەو هەزار شتی دی كە رۆژمان پێ بەسەر دەبرد.
ئەوجا پێش خواحافیزی با نوكتەیەكی خۆشتان لۆ بگێڕمەوە. سەعات شەشی ئێواران كە تەلەفزیون دەكرایەوە سەرەتا قورئان دەخیندرا، ئەوجا یەكسەر موزیعەكە دەهاتە سەر شاشەو (ئیستعرازی بەرنامەكانی ئەو رۆژەی دەخیندەوە) واتە ئەو بابەتانەی لەو رۆژەدا براو دەكرایەوە حەموی دەخیندەوە لەگۆرانی و بەرنامەو فلیمەكان. ئەوجا هەندەكجار فلیمەكانی شەو كە پێیان دەگۆت (فلم السهرە) حازر نەدەبو، لۆیە موزیعەكە كە دەگەیشتە سەر فلیمی سەهرە دەیگۆت (یعلن عنە فی حینە) واتە لەوەختی خۆیدا ناوەكەی ئیعلان دەكەین. رۆژەكیان كوڕەكی پلكم مێوانمان بو لەمارێ، كاتەكی موزیعەكە ئیستعرازی بەرنامەكانی كرد گۆتی ( فلم السهرە یعلن عنە فی حینە) كوڕە پلكەكەم یەكسەر لەسەر جێی خۆی راپەڕی گۆتی” وەڵڵا ئەمن ئەو فلیمەم دیتیە زۆر خۆشە حەموی شەڕە شیرە)؟؟!! باقی وەلسەلام.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە