هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هەولێریات 38
لەزەمانی مەدا حزبایەتی وەكی هەنوكە نەبو، ئەو وەختی هێشتا سیاسەت و حزبایەتی بەو دەرجەیە ناشرین و سوك و سەلیم نەبو، هێشتا ئەو سیاسی و پەرلەمانتارانەی ئەوڕۆ فێری دارا دو داری دی نەبون، لۆیە كۆمەر بەعام ئەخلاقی هەبو،حزبایەتی نەوعەكی دی بو. حزبایەتی لەپێناو كوردایەتی بو، كوردایەتی پاكو بێگەردو لەپێناو میللەتدا بو، خەركی بە ئیمانەوە چەكی دەكردە شان و رێی خەباتی دەبڕی، كەناوی پێشمەرگە دەهات موچرك بە قەلبت دەهات، وەكی مەلایەكەت دەهاتە بەرچاوت.. ئێستا خەركی لەكێندەرێ بۆنی نەفت بێ لەوێ حزبایەتی دەكا، كێ پشكە سەگەكی تێبگری لەوێ دەبتە حەرەسی بەر دەركەی مەسئولان.. درۆ و دوو روویی، نیفاقو بوختان، ملشكاندن وخەنجەر لەپشتدان بویتە ئاكارو ئەخلاقی مەسئولان.. لەخوار ئەوانیش ماستاوكردنو عەبدایەتی، خۆ فرۆشی و دەربار پەرستی بویتە عادەتو ئەحوالی كادیرەكانی خوارێ..
لەو زەمانەدا سەركردە پێی عەیب نیە درۆ بكاو سەتو یەك وەعدو پەیمان بدات و دواییش لێی پەشیمان ببتەوە. لەو زەمانەدا خیانەت لەمیللەت بویتە شانازی لەلای هەندەكان، تاڵانی سەروەتو سامانی میللەت بویتە سیاسەتی سەركەوتی ئابوری، دزینی قوتی میللەت بویتە ئازایەتی. لەو زەمەنەدا هەرچیو پەرچی دونیا بوینە گەورەو قسەرۆیشتی، ئینسانی بەكەرامەتیش چاوی لەدەست ئەوانەیە.
پیاوی مەرد برسییە، پیاوی بەحەفت قالب شوراش لەوپەری نازو نیعمەتدایە. پیاوی ساحێب مەوقیف تیرۆر دەكرێ، پیاوی خۆفرۆش بەسەفتە دۆلاری وەر دەگری. قەلەمی شەریف برسیتی، قەلەمی خۆفرۆش تێروپڕ لە عارەق و رابواردن.
سەرباری حەمو ئەوانەش دێن باسی ریفراندۆممان لۆدەكەن، پاش ئەوەی سەری میللەتیان خوارد، هاتینە باسی سەربەخۆیی، نازانم كامە سەربەخۆیی، هی خۆیان یا هین میللەتە بێ كارەباو بێ ئاوو بێ معاشو بێ نازو نیعمەتەكە؟. لەحەموشی خۆشتر لەو سەروبەندەدا دەیانەوێ نیو ملیۆن كەسی نارازی لەریفراندۆم بكەنە جاش و خۆفرۆش و دژ بەكوردو خوشیان بكەنە حەزرەتی یوسف لەپاكی و بێگەردی.
ئەوانە حەموی بەلایەك نوسینی برادەرەكی توركمانی فەیسبوكچیش بەلایەك كە لە ژیانیدا نەیتانیە یەك مەقالەی كوردی بنوسی بەران هەرچی نوسەرو قەلەم بەدەستی بەئەخلاق و بەمەوقیف هەیە بە (جاش رۆشنبیر) وەسف بكات.. ئەو برادەرە هەمو عەسرانەك لەچایخانەی (توركمان ئوجاقی) خەریكی دۆمینەو تاوڵەیە، ئێواران دەكەویتە گیانی نوسەرو رۆشنبیران و لەفەیسبوكە سواوەكەی خۆیدا تەشقەرەیان پێدەكا و جونیان دەداتێ. دەوجا وەرە خۆت مەكوژە، كابرای توركمان لەحەیاتی رۆژەك شاخی نەدیتیە، لەكوردایەتیش نێزیك نەبویتەوە، ئیستا ئەویشمان لێ زیاد بوەو كەتیتە خۆی جونی ناشرین بەرۆشنبیرەكانمان دەداو بە جاش رۆشنبیر وەسفمان دەكا.. ئەنگۆ كابرای ( دوگ عینی دوگ) تان لەبیر مایە كە لە مەسرەحیە عیراقیەكەدا خۆی مشەوەش كردبو زۆر بەحەماسەوە خۆی بادەدا لە حەفلەی بوكەخاندا، كاتەكیش لێیان پرسی” ئەرێ بێزەحمەت ئەتو كێی وا زیاد لەحەد بەحەماسەتی لەو حەفلەیە”؟ ئەویش گۆتی” ئەمن كوڕی مامی ئەو خەیاتەم كە كراسی بوكینیەكەی دووریتەوە”؟!. ئەو برادەرە توركمان قارداشلقەش لە خۆمان زیاتر حەماسی گرتیە لۆ ریفراندۆم و سەربەخۆییە درۆزنەكەی ئەوبەری سەیتەرەی پردێ.
ئاخ پارە كوو چاوی هەندەك پیاوان شۆر دەكەی حەتا وایان لێدەكەی پێش چاوی خۆشیان نەبینن. ئەو برادەرە لەبەر ئەوەی هێشتا باش فێری زمانی كوردی نەبوە، پێی دەرێم” قارداش ئاخیرە باخ”. باقی وەلسەلام.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت