هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم دوای دانیشتنەكەی پەرلەمان لەئابی ساڵی 2015دا لەدیدارە تەلەفزیۆنەكان و وتارەكانیشمدا باسی ئەوەم كردوە كەوا كێشەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی دایكی كێشەكانەو، بەقەناعەتێكی موتڵەقەوە وتومە كەوا پارتی دەستبەرداری ئەو پۆستە نابێت و مەسعود بارزانیش ناگۆڕێ. بەدرێژایی ئەم دو ساڵەی رابردوش بۆمان دەركەوت كەوا پارتی هیچ بەدیلێك نابینێ بۆ مەسعود بارزانی و ئامادەش نیە پۆستەكەی رادەستی كەسیتر بكات. ئەو هەمو بەناو پرۆژەو دەستپێشخەرییانەی رابردوش دەركەوت هەموی موزایەدەو خۆڵكردنە چاوی خەڵكە، ئەگینا پارتی باش ئەزانێ كە كێشەیەكی یاسایی وا گەورەی پەیوەست بە كورسی سەرۆكایەتی لەدیوەخانی بنەماڵەو بارەگای حزبە سیاسیەكان چارەسەر نابێ، شوێنی تەبیعی چارەسەر پەرلەمانە، بۆیە پەرلەمانەكەی پەكخست. بەدرێژایی دو ساڵی رابردوش پارتی یارییەكی زیرەكانەی كرد بۆ كاتكوشتن بە كۆبونەوەی پێنج قۆڵی و چوار قۆڵی ودو قۆڵی، بەمەش توانی دو ساڵیتر بخاتە سەر پۆستە ئێكسپایەرەكەی بارزانییەوە.
ئێستاو دوای چاوەڕوانیەكی زۆر ئومێدێك پەیدا بو لەسەر ئەو نەخشە رێگایەی یەكێتی بۆ چارەسەری وەزعی كوردستان، دوای ئەوەی خەڵكی یەكێتیان بە كەمتەرخەم تاوانبار كرد، یەكێتی كەوتە خۆی بۆ ئەوەی پرۆژەیەكی گشتگییر ئامادە بكات بۆ چارەسەری سەرجەم قەیرانەكانی هەرێم.هەرچەندە بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی ویستیان بەگوێرەی دڵی پارتی و بە تەوجیهاتی ئەوەوە نەخشەكە دابڕێژن، بەڵام ئەو دو فلتەرەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی داینان بۆ پەسەندكردنی پرۆژەكە لەهەردو ئەنجومەنی سەركردایەتیو ناوەندی رۆڵیان هەبو لەشكستهێنان بە هەوڵەكانی پارتی، بۆیە ئێستا ئەبینین كەوا پارتی ئەم پرۆژەیە رەت ئەكاتەوە.
بۆ ئەوەی كاتێكی تریش بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە بەسەر بەرێت و مەسعود بارزانی لەپۆستەكەیدا بهێلێتەوە، پارتی داوای خولێكی تری كۆبونەوە لەیەكێتی ئەكات كەپێموایە هیچ سودو ئامانجێكی نابێ بۆ چارەسەری تەنها ئیزافەی چەند مانگێكی تر بەسەر پۆستە ئێكسپایەرەكەی بارزانییەوە.
دوای ئەوەی پارتی هەمو كارتێكی خۆی بەكارهێنا بۆ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی، ئێستا هاتۆتە سەر ئەوەی باس لەپۆستی سەرۆكایەتی كۆمار ئەكات و، ئەو پۆستە بەرامبەر بە پۆستی مەسعود بارزانی دائەنێت. ئەمەش موزایەدەیەكی تری پارتییە. ئەگینا:
1- لەهیچ بەندێكی رێكەوتنامە ستراتیژییەكەی نێوان یەكێتی و پارتیدا هیچ ئاماژەیەك نیە بۆ ئەم دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداو هەرێم.
2- ئەگەر رێكەوتنێكی زارەكیش هەبێت لەمبارەیەوە، هەڵبەت مەبەست لە دابەشكردنی هەردو پۆستەكە بۆ بەرێز مام جەلال و كاك مەسعودە نەوەك كەسانی تری خوار ئەوانەوە. ئێستاش ویلایەتی بەرێز مام جەلال كۆتایی هاتووە، كەواتە رێكەوتنە زارەكییەكەش كۆتایی پێهات. چونكە ئەسبابی موجیبە نەما.
3- ئەگەرچی رێكەوتنی زارەكیش هەبوبێ، بەڵام مام جەلال لەلایەن نوێنەرانی سەرجەم عیراقییەكانەوە هەڵبژێردرا، دەنگی پەرلەمانتارانی پارتیش نەبوایە مام جەلال هەر ئەو پۆستەی وەرئەگرت، بەو ئیعتبارەی دیارترین كەسایەتی سیاسی عیراق بو لەو سەردەمەدا، بەڵام هەڵبژاردنی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە شەرعیەتێكی دەستوری پێ بەخشی و بەپێی ئەحكامەكانی دەستور دو ویلایەتی خۆی تەواو كردو دەستبەرداری پۆستەكەی بو، بەڵام مەسعود بارزانی دوای تەواوبونی ولایەیەتەكەی و دو ساڵی درێژكردنەوەشی دەستبەرداری پۆستەكەی نابێ.
4- كاتێك بەرێز دكتۆر فوئاد مەعسوم كاندیكرا بۆ پۆستی سەرۆكایەتی عیراق پارتی باسی ئەوەی نەئەكرد كە ئەمە بەخشیشی ئەوە بۆ یەكێتی، بەڵكو بەپێی هەندێ زانیاری بەشێك لەئەندامەكانی پارتی لەپەرلەمانی عیراق دژیشی وەستان و دەنگیشیان بۆ نەدا، وەكو هەر هەڵبژاردنێك لەناو پەرلەمانەوە دكتۆر فوئاد هەڵبژێردرا، ئەگەر دەنگی پەرلەمانتارانی پارتیش نەبوایە دیسان ئەو ئەیبردەوە چونكە پۆستەكە پشكی كورد بوەو تەفاهومی سیاسی لەسەر ئاستی عیراقدا هەبوە لەمبارەیەوە.
5- گریمان بەندێكیش لەرێكەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتیدا هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەم دو پۆستەی سەرۆكایەتی عێراقو هەرێم، ئایا پارتی ئامادەیە ئێستا پۆستی سەرۆكی هەرێم بداتە یەكێتی و ئەو پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق وەربگرێ؟. پێموایە ئەمەیان شتێكی مەحاڵە، چونكە پارتی زەمانێكە كار لەسەر ئەوە ئەكات بەغدا تەڵاق بدات، ئایا ئامادەیە لەپێناو پۆستێكی پرۆتۆكۆلی بێدەسەڵاتی سەرۆكایەتی عیراق، پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم رادەستی یەكێتی بكات لەكاتێكدا پارتییەكان زۆر شانازی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی ئەكەن و بەنوێنەرو مەرجەعی نەتەوەشی ئەزانن و لافی ئەوەش لێئەدەن گوایە لەلایەن وڵاتانی دونیاوه وەك سەرۆكی كوردستان پێشوازی لێئەكرێ؟.
ئەگەر مەسەلەكە شەریكایەتی و هاوبەشی ستراتیژییە، كاتی ئەوە هاتوە ئەو دو پۆستەش ئاڵوگۆڕی لێبكری، بەتایبەت ئێستا پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشەیەكی گەورەی ناوەتەوەو بەدوای بەدیلیش ئەگەرێن بۆ شوێنگرتنەوەی مەسعود بارزانی. من پێموایە یەكێتی بایی ئەوەندە پەرۆشی چارەسەری كێشەكانی هەرێمی تێدایە كەلەپێناو بەرژەوەندی میللەتەكەی ئەم ئەركە لەئەستۆ بگرێو تەنازول لەپۆستی سەركۆماری عیراق بكات لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم. ئەو كاتە رێكەوتنە ستراتیژییەكەش مانایەكی ئەبێ و ئەخرێتە خزمەتی هاوڵاتیانی كوردستانو وەزعی میللەتەكەشمان ئەگەڕێتەوە سەرباری سروشتی و یاسایی خۆیەوە.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە