هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

شكستی باڵەزەردەكەی ناو یەكێتی

هیچ گومانێك لەلایەن بەشێك لەسەركردەو كادیرانی یەكێتی بە بنكە جەماوەریەكەشیەوە نەبووە، لەوەی هەندێ لەسەركردەكانی یەكێتی لەناو مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بەشێوەی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆش نوێنەرایەتی پارتیان لەناو یەكێتیدا كردوە. لەنێو مەجلیسە تایبەت و كۆبونەوە داخراوەكانیشدا ئەم مەسەلەیە باسی گەرمی نێوانی یەكێتیەكان بووە.
هەڵبەت لەناو هەر حزبێكدا هەمیشە باڵباڵێن بونی هەبوە. لەدێر زەمانەوە زانیومانە لەناو حزبەكان و بگرە هەندێجار لەناو دەسەڵات و حكومەتەكانیشدا باڵی توندڕەو و میانڕەو هەبووە، كە بەباڵی ” كۆترەكان” و” بازەكان”ناسراون و لە واقیعی سیاسیشدا وەكو دەستەواژەیەك بەكارهێنراوە. بەڵام ئەم دەستەواژەیە تەعبیر لەوە ناكات كە باڵێك لەناو حزبدا دروست ببێ لەبەرژەوەندی نەیارەكانی خودی حزبەكەی خۆیدا كاری رۆژانە بكات. بەداخەوە بەهۆی هەلومەرجی ئێستای كوردستان و قەیرانی دارایی و بونی گەندەڵی و سیاسەتی تاكڕەوانەی پارتی و هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ پاوانكاری و دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی میللەت و، دژایەتی كردنی تا سەر ئێسقانی نەیارەكانی، پارتی هەمیشە هەوڵیداوە ویژدانی بەشێك لەسەركردەی حزبە نەیارەكانی بەپارەو پۆست و بەرژەوەندی تایبەتەوە بكڕێ. لەم دواییانەدا تا حەددێك توانیویەتی لەم كارەیدا سەركەوت و بێت. یەكێتیش بەدەر نەبوە لەو هەوڵانەی پارتی، بگرە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال و چۆڵبونی مەیدانەكەو غیابی گۆچانەكەی مام، بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی زۆر بەوازیحی كاریان لەبەرژەوەندی پارتیدا كردوە. بەهۆی رۆڵی ئەو باڵە زەردەوە كە لەناویدا سەریهەڵدا، یەكێتی گەشتە لێواری هەڵوەشانەوەی ریزەكانی.
نهێنییەك هەیە كە تا ئێستا زۆربەی خەڵكەكە نازانن تەفسیرێكی مەنتیقی بۆ بدۆزنەوە ئەویش ئەوەیە، یەكێتی هەمیشە بەدرێژایی تەمەنی خۆیەوە كێشەی لەسەركردایەتیدا هەبووە. هەمیشە ململانێی باڵ و سەركردەكانی یەكێتی لاوازكردوە، زۆرجار گەشتۆتە لێواری هەڵوەشانەوە، بەڵام شانسی یەكێتی لەوەدایە هیچكات بەدرێژایی تەمەنیشیەوە قەت ڕووینەداوە ریزەكانی یەكێتی بەتایبەت بنكە جەماوەرییەكەی بگاتە حەدی لێكترازان!!. هەمیشە بنكەی جەماوەری یەكێتی خۆی بەدوور گرتوە لەململانێی سەركردەكانی، ئەمەش پێموایە بەخششێكی خواییە نە پارتی و نە هیچ هێزیك ناتوانێ رێگری لێبكات.
جیابونەوەی سۆسیالست لەساڵانی حەفتاكان، دواتر جەماعەتی” ئاش” دوایی ململانێی باڵەكانی ناو یەكێتی، پاشتر جیابونەوەی كاك نەوشیروان، لەكۆتاشدا جیابونەوەی باڵی ناوەندی بریار، ئەمانە بەگشتی گورزی زۆر گەورەبون بەر یەكێتی كەوتن، هەر حزبێكی تر بوایە هەڵسانەوەی زۆر زەحمەت بو، بەدەلیل بزوتنەوەی ئیسلامی وەكو نمونە، دوای ئینشقاقەكانی نەیتوانی هەڵسێتەوە، ئێستا بەبچوكترین هێزی سیاسی حسێب دەكرێ، بەڵام یەكێتی لەهەمو ئەو لێكراترازانەدا سەرلەنوێ هەڵساوەتەوە، ئەمەش بە كاریگەری بنكە جەماوەرییەكەی.
گەڕانەوەی كاك كۆسرەت بۆ كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و ، هاتنەوەی ئەندامانی باڵی ناوەندی بریار بۆ ناو كۆبونەوەكانی سەركردایەتی ئاماژەیەكە بۆ توندوتۆڵی بنكە جەماوەرییەكەی یەكێتی، چونكە بەفشاری ئەو بنكەیەوە ئەو سەركردانە گەڕانەوە ناو ماڵە گەورەكەی یەكێتیەوە، هەڵویستی بەرپرسیارانەی ئەمانە خەونەكانی پارتی لەباربرد بۆ لێكترازاندنی ریزەكانی یەكێتی. ئێستا بەفیعلی و واقیعی باڵی ناوەند كۆتایی پێهاتوە، مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بونەوە ناوەندی بریاری یەكێتی، ئەمەش موژدەیەكی دڵخۆشكەرە لەبوژانەوەی یەكێتی و گەرانەوەی سەروەری و سەربەخۆیی بریارەكانی و یەكریزی سەركردایەتی كە ئەمەش ئەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی یەكێتی باشتر بتوانی بپەرژێتە سەر چارەسەری كێشەكانی میللەتەكەی و دوور بێت لە كاریگەری بریاری نەیارەكانی بەسەریدا.

پرۆژەكەی یەكێتی كۆتایی مانگی هەنگوێنی لەگەڵ پارتی
بەحوكمی ئەو دۆخەی پارتی لەناوچەی شەنگالدا هێنایە كایەوە كەبوە هۆی زیاتر لێكترازانی ریزەكانی كورد، پرۆژەكەی یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەو قەیرانەكانی هەرێم بەتایبەتیش رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتیدا پاشەكشەی كردوە. خەریكە لەلای سەركردایەتی یەكێتیدا رایەكی گشتی دروست ببێ سەبارەت بەجەدوای نزیكبونەوە لەپارتی و هەوڵی رێكەوتن لەگەڵیدا. چونكە گومان لەوەدا نیە پارتی بەو سیاسەتە تاكڕەوییانەی خۆی دژ بەمیللەت و نەتەوەو، خۆ خستنە بەردەستی دوژمنە گەورەكانی میللەت و جێبەجێكردنی ئەجیندا دەرەكیەكان، یەكێتی هانداوە بۆ هەڵسەنگاندنێكی واقیعیانە لەبارەی سودەكانی رێكەوتن لەگەل ئەم حزبەدا. حزبێك كە هەمو ئاواتی لەباربردنی ئەزمونەكەی هەرێمو دەسكەوتەكانی بێت، لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و ئیقیلیم و تەنانەت لەپەیوەندییە دەرەكییەكانیشدا كار لەدژی بەرژەوەندی میللەتەكەی خۆیدا بكات، جێی خۆیەتی زۆر بەجیددی بیر لەهاوپەیمانیەتی لەگەڵیدا بكرێتەوە، چونكە بەشدار بون یا هەر رێكەوتنێكی سیاسی و ستراتیژی لەگەڵ حزبێكی ئاوادا كارێكی زۆر ترسناكە بۆ ئاییندەی هەر حزبێك. بەتایبەت كاتێكی زۆریش نەماوە بۆ هەڵبژاردنەكان، كاتی ئەوە هاتوە یەكێتی و حزبەكانی تریش لەو ئاییندە نزیكە بڕوانن و لەئێستاوە جەماوەركەی خۆیان نەڕەنجێننو، لەخۆیان بپرسن تاكەی باجی سیاسەتە هەڵەكانی پارتی بەكورسیەكانی خۆیانەوە بدەن؟ خۆ پارتی هیچ باكی بە رۆڵ و پێگەی هیچ حزبێك نیە بەهاوپەیمانە ستراتیژییەكانیشیەوە، ئەوەتا لەپەنای رێكەوتنە ستراتیژیەكەی لەگەڵ یەكێتیدا هەمیشەو بەردەوام لەملشكاندنی یەكێتیدا بوە. سەرباری رێكەوتنی سیاسی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا، بە بڕیارێكی سەرپێی دیوەخانەی ماڵباتی بارزانیەوە لەحكوەمەت دەریكردن پەرلەمانەكەشی داخست، بۆیە گرەو لەسەر پارتی و بارزانی، گرەوە لەسەر ئەسپێكی دۆڕاوە، بۆیە لەم مەیانەدا تەنانەت پرۆژەكەی یەكێتیش بۆ چارەسەری هیچ گرنگیەكی ئەوتۆی نەماوە. لێرەوە ئەتوانین بڵێین كە پارتی ئەو هەلەشی لەدەستچو جارێكی تر یەكێتی و سەركردەكانی دەستەمۆ بكات و سیاسەتە چەوتەكانی بەسەریاندا بسەپێنێ. ئەمەش واتایەكی گەورەیە بەوەی كە مانگی هەنگوێنی پارتی لەگەڵ سەركردە دەستەمۆكراوەكانی یەكێتیدا كۆتایی هات.

جارێكی تر مەسەلەی دوو ئیدارەیی
بەلەبەربارچونی هەوڵەكانی پارتی بۆ رێكەوتن لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی و، پوچبونەوەی هەوڵەكانیتری بۆ بەشداری پێكردنی یەكێتی لەرێكەوتنێكی گوماناوی كە مەبەستی سەرەكی ئاوتكردنی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیە زیاتر لەوەی ئامانجی شەریكایەتی راستەقیینە بێت لەگەڵ یەكێتیدا، ئێستا پارتی گێڕەكەی گۆڕیوە بەلای یەكگرتوودا. ئەمڕۆ مۆدیل مۆدیلی هەڵگوتنە بەشان و باڵی پرۆژەكەی یەكگرتووەوە، كە ئامانجە سەركییەكەی هێشتنەوەی مەسعود بارزانییە لەپۆستەكی و، دەركردنی سەرۆكی پەرلەمانی گۆڕانە. یەكگرتو هەڵەیەكی ستراتیژی ئەكات ئەگەر بەم پرۆژەیەوە هەوڵی درێژكردنەوەی ویلایەتە بەسەرچووەكانی بارزانی بدات. چونكە ئەگەر بە مەنتیقی ئایینیشیەوە پرۆژەكەی یەكگرتو هەڵسەنگێنین، كەخۆشیان بەحیساب حزبێكی ئیسلامین، نابێ ناهەق بەسەر هەقدا سەركەوێ. گۆڕان بەئیستحقاقی خۆی لەهەڵبژاردن هەقی خۆی لەپەرلەمانی كوردستان وەرگرتوە، ئێستا سەرۆكی پەرلەمان كە نوێنەری گۆڕانە بەهەق و شەرعی ئەرزو ئاسمان مافی مانەوەی لەو پۆستەدا هەیە، مەسعود بارزانیش بەیاسای ئەرزو ئاسمان مافی مانەوەی نیە لەسەر پۆستەكەیدا، سەیرە حزبێكی ئیسلامی هەق بداتە كابرایەكی ناهەق و، هەقیش بەناڕەوا لەپیاوێكی مافخوراو بسەنێتەوە؟
ئەوەی پارتی لەگەڵ گۆڕانی كرد بەدەركردنی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی، سبەی لەگەڵ یەكگرتوش ئەیكات، بەدوری نازانم بەیانی بەوەزیرەكانی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەتەكەش بڵێ بگەڕێنەوە سلێمانی و دوو ئیدارەیی رابگەیەنێ. ئەمە هەقیقەتی ئەو حزبەیە كە یەكگرتو ئەیەوێ بە بەڵێنەكانی هەڵخەڵەتێ و سەرۆكایەتی پەرلەمان لەدەست خاوەنی هەق دەربێنێ. كورد وتویەتی” ئەگەر جارێك لێتدام خوا بتگرێ، ئەگەر جاری دوەمیش لێتدام خوا خۆم بگرێ”.
لەنێوان سوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتو لەبادینان و پێشكەش كردنی پۆستی پەرلەمان مەودایەكی زۆر دوور نیە، هەروەك مەودای رێكەوتنە سیاسیەكەی پارتی لەگەڵ گۆڕان و، رێگری كردن لە سەرۆكی پەرلەمان لەدیواری پردێدا.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت