هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

رێك وەكو مەسەلە كوردییەكەی لێهاتوە كە ئەڵێ: تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دزەكە خاوەن ماڵی گرت.

یەكێتی لەئەساسدا كە دروستبو هۆكارە بابەتی و مەوزوعییەكانی ئەوە بو كە شكست بەشكستەكەی پارتیدا بێنێ، كە ئاشبەتاڵی ساڵی 1975ی راگەیاند. كاتێك یەكێتی هاتە مەیدانی خەبات بەدروشمو ئایدیالۆژییایەكی جیاوازەوە، خەڵكی بەلێشاو ڕوویان تێكردو هەزاران رۆڵەی ئەم وڵاتە چەكیان كردە شان بۆ دیفاع لەرێبازەكەی یەكێتی و،لەولاشەوە رێكخستنەكانی شاریش كەوتنە جوڵە بۆ پشتگییری ئەو هێزە پێشكەوتوخوازەی شۆڕشی نوێیی گەلەكەمانی راگەیاندو هیوای بۆ میللەت گەڕاندەوە.
جیاوازی یەكێتی لەپارتی بەقەدەر مەودای ئەرزو ئاسمانەوەیە، بۆیە ئێستاو لەو سەردەمەدا نزیكبونەوەی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی لەپارتی زۆر بەوازحی دیارە كە مەسەلەكە تەنها بەرژەوەندی تاكەكەسی و چاوچنۆكییە، ئەگینا هەر كەسێك یەكێتی راستەقینە بێت و باوەڕی بە رێبازەكەی یەكێتیەوە بێت، مەحاڵە بتوانێ لەناو پارتیدا شوێنێك بگرێ.
بەم دواییانە پارتیبونی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی جا بەهەر هۆكارێكی مادی یاخود ترسوتۆقینەوە بێت لەكەشفبونی فایلەكانیان بەدەست پاراستنەوە، بەئاشكرا هەستی پێئەكرێ، تەنانەت كەسانێكیان ئامادە نەبون لەكۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی خۆشیاندا بەشداربن، بەڵام بەنوكە تەلەفۆنێكی سەرۆكی پارتی هەتا مەسیف و هەولێر خۆیان رانەگرت و لەژێر سەرپەرشتی ئەودا كۆبونەوە. جگە لەكەسانیتری سەركردایەتی كە كۆیلەبونی خۆیان تا ئەو ئەندازەیە بردوە، هیچ نەماوە هێزەكانی یەكێتیش بخەنە سەر زێرەڤانی و ئەگەر بۆشیان بلوێ شەڕی نەیارەكانی پارتیش بە پێشمەرگەكانی یەكێتیەوە بكەن.
ماوەیەكە ملمڵانێیەكی توند لەنیوان ئەمدوو بەرەی سەركردایەتی یەكێتیدا هەیە، بەشێكیان بە بیانوی سازان و تێكنەچونی بارودۆخی هەرێمو، بەشێكی تریشیان بۆ پارەی دزراوی نەوت و پرۆژەكانیانەوە، هاوهەڵوێستی پارتین، بەشەكەی تریش وەكو سەربازی رێبازی مام جەلال و یەكێتی داكۆكی لەمانی یەكێتی ئەكەن وەكو حزبێكی سەربەخۆو خاوەن بریار.
بەهەمو پێوەرێك ئەبو ئەوانەی داكۆكی لەسیاسەتە وێرانكەرەكانی پارتی ئەكەن سزا بدرێن، چونكە ئەمانە مەترسییەكی گەورەن بەسەر ئاییندەی یەكێتیەوەو هەوڵەكانیان لەئاكامدا ئەبێتە هۆی لەناوچونی یەكێتیەوە. بەڵام بەپێچەوانەوە ئێستا سەركردە فایلدارو بەرژەوندخوازەكانی یەكێتی هەوڵی سزادانی خەڵكە دڵسۆزەكانی یەكێتی ئەدەن. ئەیانەوێ‌ بەم پاشكۆ بونەیان بۆ پارتی وێنەی یەكێتی لەبەرچاوی خەڵكەوە ناشرین بكەن. ئەو ڕووبارە خوێنەی یەكێتی لەپێناو میللەتەكەیدا رشتویەتی، ئەو هەمو خەباتەی بریندارانی شاخ و، خەڵكە خۆراگراەكەی ناو زیندانەسیاسیەكان هەمووی بەهەدەر بدەن و بیكەنە قوربانی حەزە نەخۆشەكانیان. پێشمەرگە دێرینەكان، زیندانە سیاسییەكان، كەمئەندامانی سەنگەر، خەڵكە تێكۆشەرەكانی یەكێتی بۆ ئەو رۆژە خەباتیان نەكردوە چەند سەركردەیەكی حزبەكەیان بەمشێوەیە دەستەمۆی پارتی بن و حزبەكەیان بكەنە قوربانی سیاسەتەكانی، خۆ هەر لەسەرتاوە ئەبونە پارتی و هیچ پێویستییان بەو قوربانیانە نەئەبو بیدەن، وەكو هەر پارتییەك هەم لەسەردەمی شاخدا لەنازو نیعمەتی ئێراندا ژیانیان بەسەر ئەبرد، هەم ئێستاش بەنازو نیعمەتی نەوتی دزراوی میللەتەوە ژیانی كامەرانییان بەرێ ئەكرد. ئەوان بۆ میللەتێك تیكۆشاون كە سەربەرزو سەرفراز بژی دوور لەدیكتاتۆریەت، بۆ میللەتێك خەباتیانكرد كە برسیو نانبڕاو نەكرێ. بۆ میللەتێك وەكو هەر میللەتێكی دونیا بەئازادی بژی.
سەیرە كەسانێكی نەخۆشی ناو یەكێتی بیری بچێتە سەر ئەوەی، كەسێكی وەكو شانازخان سزا بدەن، كە خودی ئەو ژنە قارەمانە بو، تەنها خۆیوخوشكە بەرێزەكەی یەكێتیەكەیان هەڵساندەوە لەهەڵبژاردنی ساڵی 2014دا، لەكاتێكدا خەڵكانێك هەبون لەو سەركردانەی ئەمرۆ باوەڕیان بەو هەڵسانەوەی یەكێتیدا نەمابو.
كەسێكی وەك كاك عادل موراد كە دامەزرێنەری یەكێتییەو، لەهەلومەرجێكدا هەوڵی دامەزراندنی ئەو حزبە تێكۆشەرەی داوە كە خەڵكانێكی ئێستای سەركردایەتی یەكێتی دەستیان لەگەڵ موخابەراتەكانی سەدامدا تێكەڵاو كردبو موچەی مانگانەیان بۆ ئەنێردرایە وڵاتەكانی ئەوروپاوە، ئەو وەكو پارێزەری رێبازەكەی مام جەلال تەحەددای پارتی و هەر هێزیكی تری كردوە كە بیەوێ یەكێتی بكاتە پاشكۆی خۆی، ئێستا سەركردە فایلدارەكان ئەیانەوێ سزای بدەن لەسەر هەڵوێستە یەكێتیەكانیەوە.
كەسێكی وەك لاهوری شێخ جەنگی كە پارێزەری خاكی نیشتمانەكەیەتی، بەشەونخونی خۆی و خوێنی ئەو كەسانەی لەگەڵیدان خاكی ئەم كوردستانەیان لەتیرۆریستانی داعش پاراستوەو بەشانی خۆی چەكی گەیاندۆتە رۆژئاوای كوردستان بۆ پارێزگاری لەخوشكو برایانمان، ئەو كاتێك بەخۆیو هێزەكەیەوە چو پارێزگاری لەهەولێر بكات، زۆربەی سەركردەكانی پارتیو بەشێك لەسەركردە ئەڵقەلەگوێیەكانیشانیان لەناو یەكێتیدا خەریكی جانتا كۆكردنەوە بون بۆ راكردن لەبەردەم هێزەكانی داعشدا، پێویستە ئەو سزا بدرێ، یاخود مەدالیای شانازی نیشتمانی بەسنگیەوە هەڵواسرێ.
كاتێك ئەم قارەمانانە سزا ئەدرێن، ئێمەو هەزاران خاوەن هەڵوێست و قەڵەمە ئازادەكان دەرگای ئازادییان لێدائەخرێ، چونكە ئەوە پارتییە وڵاتەكەمان بەرەو دیكتاتۆرییەت ئەبات و تەنها ئەمانەن لەسەنگەری پێشەوەی دژە دیكتاتۆر وەستاون، ئەگەر ئەمانە سزا بدرێن ئیدی هیچ بەهایەكی ئەخلاقی نامێنی و وڵات ئەكەوێتە دەست كەسانێكەوە كە تەنها شوێنێك شاییستەی ئەوان بێت، زبڵدانی مێژووە.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە