هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

جێی داخە كاك مەسعود بارزانی لەكۆبونەوەیەكدا نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی دەرببڕێ لەبەرامبەر پەرتەوازەبونی ریزەكانی سەركردایەتی یەكێتی و، گلەیی ئەوەش بكات كەوا یەكێتی خاوەن بڕیارو ئیرادەی خۆی نیە! ئەمەش لەكاتێكدایە كە سەبەبكاری سەرەكی ئەو بێئرادەییەی سەكردایەتی یەكێتی هەر خودی مەسعود بارزانییە، كە لەدوای نەخۆشكەوتنی بەڕێز مام جەلالەوە كەوتۆتە گیانی یەكێتیەكان و، بەكڕینی ویژدانی بەشێك لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییەكەی بەپۆست و پارەو پرۆژەوە ریزەكانی لەتو پەت كردوەو، ئێستاش بەردەوامە لەم كارەدا!. رەنگە كاك مەسعود مەبەستی لەدەربڕینی دەردە دڵییەكەی بەرامبەر بەیەكێتی ئەوە بێت كە هێشتا كەسانێك لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا مابن بەیعەتیان بەو نەداوەو كۆیلایەتی خۆیان بۆ نەسەلماندوە.. وا دیارە هێشتا دڵی كاك مەسعود ئاو ناخواتەوە بەرامبەر بەو تاوانەی لەدژی هێزێكی سەرەكی و هاوپەیمانی خۆی كردوەو ئەیەوێ لەوەش زیاتر زەلیلی بكاو بەتەواوی لەپەلوپۆی بخاو بیخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە.
لەغیابی گۆچانەكەی مام جەلالەوە سەركردایەتی یەكێتی بەتایبەتیش بەشێك لەمەكتەب سیاسییەكەی وردە وردە خزاونەتە ناو ئەجینداكانی پارتییەوەو ئیرادەی خۆیان دۆڕاندوەو بونەتە هۆكاری لێكترازانی ریزەكانی حزبەكەیان كە ئێستا گەیشتۆتە لێواری ئینشقاقێكی گەورەوە، ئەو بەشەی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی یەكێتی بە ریفراندۆمێكی درۆزنانەو پر بەمانا حزبییانەوە هەڵخەڵەتاون و پشتيان لەحزبەكەی خۆیان كردوەو بێ هیچ هەستێك بە مەسئولیەت و تەنانەت رێزگرتنیش لەرابردوی پڕ لەشانازی خۆیان و حزبەكەیان بەرەو پارتیبون ئەرۆن. ئەوەتا ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی لەمانە سڵیش لەوە ناكاتەوە باس لە (نەمانی) یەكێتی بكات؟! لەكاتێكدا تا نوسینی ئەم وتارەش هێشتا جەنابی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەكەیەو دەستی لەكار نەكێشاوەو یەكگرتنەوەشی لەگەڵ پارتیدا ڕانەگەیاندوەو ئێستاش بەناوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە قسە ئەكات و لەرێگەی پۆستێكی یەكێتیەوە خۆی كردوە بەئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم. بەشەكەی تریشیان بونەتە بێژەری تەلەفزیۆنەكانی ڕوداو و كەناڵی بیست و چوار بۆ پروپاگندەكردن بۆ ریفراندۆم و ئەجینداكانی پارتی!.
ئەم بەشەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاری خۆیانداوەو چاوەڕی كردنیان بێهودەیە چونكە ئەوانە جارێكیتر نابنەوە یەكێتی جاران، هەڵوێستەكانی ئێستاشیان هیچ مانایەك نابەخشێ غەیری ئەوەی كەوا پەیوندییەكی ئەوتۆیان بەسیاسەت و هەڵوێستی راستەقینەی یەكێتیەوە نەماوە، بونەتە پارتییەكی تۆخ و رۆڵ و سیاسەتەكانیان هیچ تەفسیرێك هەڵناگرێ غەیری پارتیبون نەبێ، ئەوان بەراستی لەگەڵ پارتی یەكیان گرتۆتەوە و تەنها ئیعلانكردنی ماوە ئەویش نازانم بۆ دوایان خستوە، تەنانەت ئێستا باس لەوەش ئەكرێ كەوا بارزانى بكەنە فەرماندەی گشت هێزەكانی كوردستان!. پێشتر خەڵكانێكیتر لەسەركردایەتی یەكێتی بەئاشكرا چونە ناو پارتی و بەشێكیشیان لەبەردەم تەلەفزیۆنەكاندا لەتەك كاك مەسعودەوە دانیشتون و داكۆكی لەسیاسەتەكانی ئەكەن، هیچ شەرم نیە ئەو بەشە بەرژەوەندخوازانەی لەسەركردەو مەكتەبی سیاسیەكەی یەكێتی ئیعلانی یەكگرتنەوەیان لەگەڵ پارتیدا رابگەیەنن و لەكۆڵ یەكێتی ببنەوەو بیدەنەوە دەست ئەوانەی ئەیانەوێ سەروەرییەكانی یەكێتی بپارێزن.
ئێستا هەواڵێكی گەرم هەیە لەسەر تازەكردنەوەی رێكەوتنی ستراتیژی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا، ئەمەش هەڵبەت بەبێ هیچ پرس و رایەك بەزۆرینەی ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە كە پێشتر رایانگەیاندوە ئەم رێكەوتنە ستراتیژییە كۆتایی پێهاتوە. بۆیە پێویستە ئەو بەشەی سەركردایەتی یەكێتی كە بەنیازی هەموار كردنەوەی رێكەوتنە بەسەرچوەكەن، با ناوی رێكەوتنی ستراتیژی بگۆڕن بۆ رێكەوتننامەی یەكگرتنەوەیان لەگەڵ پارتیداو واز لەیەكێتی بهێنن.
ئەو سەركردە بەهەڵوێستانەش كە هێشتا لەناو یەكێتیدا ماون پێویستە بەزوترین كات كۆنگرەی چوارەم ببەستن بۆ پاكتاوكردنی ریزەكانی یەكێتی لەهەمو ئەو سەركردە بەرژەوەندخوازانەی چونەتە ژێرباری سیاسەتەكانی پارتییەوە، چونكە ئەگەر تا ئێستا لەترسی ئینشقاقی ئەمانەوە كۆنگرە دواخرابێت، ئێستا هیچ پاساوێك نەماوە بۆ دواخستنی ئەو كۆنگرەیە كە لەم ئان و ساتەدا زۆر پێویستە بۆ گێڕانەوەی سەروەری و شكۆمەندی بۆ یەكێتی. هەر لەو كۆنگرەیشدا لەبری یەكگرتنەوەی ئەوان لەگەڵ پارتی، با ئەمانیش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا پرۆسەی یەكگرتنەوە رابگەیەنن، یاخود لانیكەم هاوپەیمانیەكی سیاسی تۆكمە ببەستن و فراكسیۆنەكانیان یەكبخەنو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوش بەیەك لیست لەگەڵ حزبیتر بێنە ناو هەڵبژادنەكانەوە. ئەو كات هەمو یەكێتیەكان بە ئەندام و كادیرو سەركردایەتیەكەیەوە سەرپشك ئەبن لەهەڵبژاردنی سەنگەری خۆیان و خۆ ساخكردنەوە بەلای یەكێك لەم دوو بەرە جیاوازەوە.. بەرەی گەل، یا بەرەی پارتی.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت