شێرزاد شێخانی: مەعرەز بەغدادى دەولى.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

هەولێریات 92
دەمەوێ لەوە بەدواوە هەندۆکەک بچمە پێش ، جار جارەک باسی سارانى حەفتاکانشیتان لۆ بکەم کە ئەویش درێژەپێدەری سارانى شێستەکانە لەواقیعی کۆمەڵایەتی هەولێرو کوردەواریمان. جیلی ئێستا مەعلوماتیان نیە لەسەر ژیانى ئەوێ ساران، لۆیە بەپێویستى دەزانم هەندەک باسی ئەو سارانەش بکەم.
لەدواى لەناوچونى شۆڕشی ئەیلول بەهۆی موئامەڕەکەى شای ئێرانو سەدامی گۆڕبەگۆڕ، وەزعێکی تازە هاتە ناو عیراق بەکوردستانیشەوە. ئەوە بو بەهۆی نەمانى شەڕو کوشتارو رژانی پارەیەکى زۆری نەفت بەسەر حکومەتی عیراقدا، دەستى بە هەڵمەتەکی زۆر گەورەی ئاوەدانکردنەوە کرد، لەناوەڕاستى حەفتاکانەوە دەستکرا بەدامەزراندنی دەیان هەزار گەنجی کورد لەدائیرەکانی حکومەت، سەدان مەعمەلى تازە کرانەوە، کاسبکاران وپییشەوەران کەوتنە سەر ئیش، مەعمەل جغارەو دەواجنو نەسیجو روخام حەدیدوخەشەب و ئۆرۆزدى و ئەجهیزە دەقیقە پەیدا بون، هەزاران کوڕو کچى لەسەر دامەزران. تەنانەت خەرکە کەمئەندامەکانیش لەوەزیفەی حکومەت دامەزران. بە باشبونى وەزعی مادى خەرک بەعام بازاڕ گرمەى دەهات، حەدادی دەرکەو پەنجەرە، وەستای بینا، نەجار، بۆیاخچی ، عەمەلە، زۆر بەزەحمەت بەدەست دەکەتن، لۆیە خەرکەکی زۆری گوندو دێهاتەکان رژانە شار لۆ کرێکارى . گەڕەکی نوێ پەیدا بون، جادەو شەقامەکان زیادیان کرد.
لەولاشەوە حکومەت هەندەک معاشی زیادکرد، ئیدى وەزعەکە بەتەواوى گۆڕا. لەبەر ئەو گۆڕانکاریە گەورەیە عیراق پێویستى بە شەریکاتی ئاوەدانی بو، لەکۆتایی سارانی حەفتاکان لەبەغدا لەمانگی تشرینى یەکەمدا هەمو سارەک مەعرەز بەغدادی دەولی دەکرایەوە: کە ئەویش لۆ ئەوەى بو شەریکاتى عالەمی ئامێرو بەرهەمەکانی خۆیان لەبیناسازى و ئاوەدانى پیشانی سەنعاتکارانی عیراق بدەن و گرێبەستى هاوردە کردنیان لەگەریان بکەن. ئەو مەعرەزەش هەرچەندە لۆ خاوەن شەریکاتو سەنعەتکاران بو ، بەران موناسەبەیەکی زۆر خۆشیش بو لۆ خەرکی بچن لەوێ بەرهەمە تازەکانى دونیا ببینن، بەتایبەتیش ئەو شەریکاتەی لەوێ ئەشیاکانیان عەرز دەکرد هەندەک دیاری تایبەتیشیان دەدایە خەرکی . ئەمەی گەنجانی ئەو سەردەمەش سارانە لۆ چەند رۆژەکی دەچوینە بەغدا بەس لۆ زیارەتی ئەو مەعرەزە دەولییە کە لەلای مە شتەکی تازە بو، ئەوە جگە لەوەش کە خەرکی بەغدا بە عائیلەوە دەهاتنە ئەو مەعرەزەو ئەمەی گەنجان هەندەک چاوحیزیمان دەکرد بەتەماشاکردنی کچە چاو ڕەشەکانی بەغدا کە بەبیێ پێچەو عەبا دەڕژانە ناو مەعرەزەکەوە، ئەوەش لەهەولێر زۆر کەمبو . ئەوجا جار جاریش لەو مەعرەزە ئیعلانی موسابەقەکیان دەکرد کە ئەویش لۆ تەشجیعکردنی خەرکەکە بو لۆ ئەوەى بێنە سەردانی مەعرەزەکە کە پازدە رۆژەکی دەخایاندو مەجالەکی زۆر هەبو خەرکی لەحەمو شارەکانی عیراقەوە سەردانی بکەن.
لەبیرمە جارەکیان گێرایانەوە کەوا یەکەک لەشەریکاتی دروستکردنی سەیارە ئیعلانی موسابەقەیەکی کردبو، سەیارەیەکی ئاخیر مۆدیلی لەپێش جەناحەکەی خۆی راگرتبو، لەسەری نوسیبو( ئەو سەیارە تازەیە یەک عەیبی هەیە، هەر کەسەک ئەو عەیبە بدۆزێتەوە، سەیارەکەی پێشکەش دەکەین ) !. ئیدی ئەو خەرکە بەفیتەرو وایەرمەن و حەمو سەنعاتکارانەوە لەدەوری سەیارەکە خر دەبونەوەو تەماشای ئەملاو ئەولای سەیارەیان دەکرد هیچ عەیبەکیان نەدەدیتەوە. گەنجەکی زۆر عاقل و بەختەوەر عەیبەکەی دۆزیەوە ، لەبەرچاوى مەسئوولەکانی شەریکەکە چوە ناو سەیارەکەو سلفی لێداو پێی لێناو هاوارى کرد ( عەیبی ئەو سەیارەیە بەس نەبونی سایەقەکەیتی ) ، بەوشێوەیە گرەوکەی بردەوەو سەیارەکەی موبارەک کرا. ئەوجا هەر وەکی عادەتى کورد کە خۆی دەکاتە خاوەنی هەمو کەسەکی زیرەک و زانا، گۆتیان ئەو گەنجەی ئەو کارەی کرد کورد بو!، ئاخر جاران دەیانگۆت شەکسبیر کورد بوە ناوى لەئەسڵدا ( شیخ زوبێر) ه ، سەرۆکی ئەمریکا جیمى کارتەریش لەئەسڵدا ناوى ( جەمیل کانەبی ) بوە.
باقی وەلسەلام

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
شێرزاد شێخانی

About شێرزاد شێخانی