هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ڕیفراندۆم یان گشتی پرسی دوو وشەی سواوی هەنوکەیی سەر ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستانن، بەجۆرێک خەڵک بەم بابەتەوە سەرقاڵ کراوە، زۆربەی قەیران و گرفتەکانی تری ژیانی خۆی بیرچۆتەوە، لەگەڵ ئەوپەڕی خراپی باردۆخی حکومڕانی و ژیان لە هەرێم، خەمی خەڵک ئەوەیە، دوای ڕیفراندۆم چ ماڵوێرانیەکی تر چاواڕێیان دەکات. ئاخۆ ئەم ڕیفراندۆمە ئەگەر بکرێت دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و گرانی و برسێتی و دەربەدەری بۆ میللەت بە دوای خۆیدا دێنێت، یاخود سەربەخۆیی خۆشگوزەرانی و دیموکراسی دێنێت و، وڵات دەبێتە بە شامی شەریف!.
ئەگەر چاوێک بە مێژوو چەند ساڵی ڕابردوودا بخشێنین، ئەوە دەبینین دوای دەیان ساڵ لە قوربانی دان و زوڵم و زۆرداریی گەلی کورد لە باشوری کوردستان لەژێر چەپۆکی ڕژێمە یەک لە دوایەکانی دەوڵەتی عێراق ، هەتا لە ساڵی 1991 توانرا بە ڕاپەرین و دواتر بوونی کۆڕەوە مەزنەکە، کە کاریگەریی بە‌هێزیی هەبوو بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی وڵاتان بۆ وە دەرنانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق لە بەشێک لە خاکی باشوری کوردستان. بەڵام هەر لەگەڵ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت و، گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایان دوو حزبی شاخ (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) زیاتر بوونی بەرژەوەندی دەسەڵات لەلایان ئەم دووهێزە چەکدارەوە، لەجێگای دروستکردنی کیان و دەسەڵاتێکی مەدەنی و دیموکرسی کە ببێتە وێنەیەکی جوان بۆ پارچەکانی تری کوردستان و داگیرکەرانی خاکی کوردستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم دو حیزبە کەوتنە ململانێی چەکداری و لەناوبردنی یەکتری، کە شەڕیی چەندین ساڵەی ناوخۆ و کوژران و ئاوارابوونی دەیان هەزار کەسی لێکەوتەوە.
لە ئەنجامی ئەم ململانێ و ڕکابەریە چەکداریەی لەسەر دەسەڵات لەلایان ئەم دوو حیزبەوە هاتە ئاراوە، ئەنجامەکەی دروستبوونی دوو میرنشین بوو، کە هەریەکەیان ناوی دەسەڵاتی ڕەوای هەرێمی کوردستانی لە خۆی نابوو. ئەم دوو میرنشینە هەروەک میرنشینە دێرینەکانی مێژووی کورد، ویستیان بە سود وەرگرتن لە دەوڵەتانی تورک یان فارس یان عەرەب بەسەر ئەوی تر زاڵبێت. کە زۆر کات هاتنی ‌ئەو هێزانەمان بە چاوی خۆمان بینی، تەنانەت تا هەنوکەش، بەشێک لەو ‌هێزانە لە باشوری کوردستان ماون. لەگەڵ هاتنی هێزی ئەمریکا لەساڵی 2003 و کۆتایی هێنان بە ڕژێمی بەعس و، زۆرکردن لەو دوو میرنشینە بۆ یەکگرتن و بەژداربوون لە پرۆسەی سیاسی لە دەوڵەتی عێراق، لەساڵی 2005 بەرگێک کرا بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا بە دەسەڵاتی ئەو دوومیرنشینە. لێ لەگەڵ ئەنجامدانی چەند هەڵبژاردن و گۆڕانکاریی لە کورسیەکانی پەرلەمان، بەڵام هەتا ئێستاش هیچ لە دەسەڵاتی میرانی ئەم دوو میرنشینە کەم نەبوویەوە نە گۆڕانکاری بەسەرهات. بەڵکو هەریەکەیان هەتا ئێستاش لە بەشەکەی خۆیان ئاغا و کوێخان و، بەشێکی خاکی باشوری کوردستانیان بۆ بنەماڵە و دارودەستەی خۆیان قۆرخکردووە.
ئەوەی سەیر و جێی تێرامانە دوای 26 ساڵ حوکمی ئە دوو میرنشینە، نە هیچ بڕیار و فەرمانێکی میرنشینی ئەم دیو بۆ ئەو دیو کاریی پێدەکرێت، و “دێگەلە” سنوری هاوبەشە. لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان داوەتە بانگەشەی ڕێفراندۆم و سەربەخۆی و بوون بە دەوڵەتێکی مۆدێرن و دیموکراسی لە ناوچەکە، جگە لەوەی خۆیان بەشێک بوون لە هۆکاری لەت بوونی باشوریی کوردستان و، مانەوەی بەشی هەرەگرنگی خاکی کوردستان، کە ناوچە کوردستانەیەکی دەرەوەی هەرێم ناوی دەبرێت لە ژێر هەیمەنەی دەوڵەتی عێراقی، تازەبەتازە ئەو دوو هێزە دەیانەوێت ڕیفراندۆمێک بکەن بۆ سەربەخۆی کوردستان.
لەگەڵ سەرفکردنی بەسەدان میلۆن دۆلار لە ماوەی ڕابردوو لە ژێرناوی ڕاکێشانی ڕایگشتی دونیا بۆ دۆزی کورد و مافە ڕەواکانی، بەڵام لەم چەند مانگەی بانگەشەی رێفراندۆم باش ڕوونبوویەوە، کە ئەمان چۆن لە ناوخۆ تا گەرویان نوقمی گەندەڵی بوون، لە دەرەوەش بە هەمان شێوە لە جێگای دروست کردنی پشتیوانی ڕایگشتی وڵاتان بەم ملێۆنەها دۆلارە، خەریکی کرینی کۆمپانیا و شوقە و بازرگانی تەکاکەسی بوون، شکست هێنانی شاندی بەناو ڕێفراندۆم و پشتگیری نەکردنی هیچ وڵاتێک دەرخەریی ئەو ڕاستیەیە.
پێویستە بڵیین، خەونی دروستبوونی دەوڵاتێک بە ناوی دەوڵەتی کوردستان، خەونی هەر تاکێکی کوردە لەهەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا بێت، بەڵام ئەوە تەواو ڕوونبووەتەوە بۆ هەموو لایەک، کە دەوڵەت بە کەسانێک دروست نابێت لە دوای 26 ساڵ لە حوکمڕانی، جگە لە سیستەمێکی نا دیموکراسی و گەندەڵ و شکستخواردوو، نەیان توانیەوە شتگەلێکی تر بەرهەمبێنن، دەوڵەت کەسانێکی دەوێت پێش ئەوەی خەمی دەوڵەمەندکردن و پاراستنی ماڵ و منداڵ و هۆز و حیزبەکەی خۆی بێت، خەمی باشترکردنی ژیانی میللەت و مافی مرۆڤ و پێشخستنی وڵاتەکەی بێت.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە