هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

1- بۆ یەکەمجارە خۆپیشاندانێک زۆرینەی شارە گەورەکانی ئێران (بەتایبەت ئەو شارانەی کە دایەنگای مەزھەبی شیعەن: قوم و مەشھەد) و زیاتر لە بیست شارو شارۆچکەى دیکە بگرێتەوە و، دروشمی خۆپیشاندەران: ڕوخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بێت!
2- بۆ یەکەمجارە سوپای پاسداران وەک جاران (نەوێرن) دڕندانە خەڵک کوشت و بڕ بکەن! ھەرچەندە ئەکرێت لە سەرەتاى ئەم خۆپیشاندانانەوە بۆ ئەوە کوشتوبڕیان نەکردبێت کە وایانزانی بێت ئەمە خۆپیشاندانی باڵی توندڕەوەکانە دژی کابینەکەی حسێن ڕۆحانی باڵی میانڕەوەکان.
بەڵام کاتێک خۆپیشاندەران وێنەی خامنەیی ( پێغەمبەر و ئیمامی شیعەگەراکان: وەلی فیقھی شیعەکان)یان سوتاند و، دروشمی ڕوخانی ڕژێمەکەیان بەرزکردەوە، ئیدی سوپای پاسداران کەوتنە بەردەم ڕێگایەکی ( خۆکوژی) ترەوە. چونکە ئەترسن لەوەى گەر وەک جاران کوشتوبڕ بکەن، ئەوا لە کاردانەوەدا ڕقی جەماوەر کڵپەی توندتر بێ و، گوتار و کردەوەیان بە تەواوی لە خۆپیشاندانەوە بگۆڕدرێت بۆ (ڕاپەڕین و ڕاماڵین) و تەواوى ڕژێمەکە بگرێتەوە! ئەمەش وایکردووە تا ئێستا سوپای پاسداران سڵ بکاتەوە.
نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە دەزگای ئیتلاعاتیش ھەوڵئەدەن فێڵوفڕ بەکاربھێنن لەوەی: ھەندێک کەسانی سەر بە خۆیان (بەتایبەت پۆلیسی ئاسایی) تەسلیم بە خۆپیشاندەران ببن و، ئەوەش مانای ئەوە بگەیەنێت کە: ئێمە و ئێوەی خۆپیشاندەر یەکین، بۆ ئەوەى ڕقی جەماوەر دابمرکێننەوە.
بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بەو ھەموە فێڵ و تەڵەکەیەش، ڕقی جەماوەر لە سیستمەکەیان ساردبکەنەوە و، تەنانەت گەر (حسێن ڕۆحانی)ش دەست لە کاربکێشێتەوە، ئەکرێ بۆ ماوەیەکی کاتی ڕقی ھەندێک لە خۆپیشاندەران دابمرکێتەوە، بەڵام لە ستراتیژ دا ئەو ڕژێمە بونی نامێنێت، چونکە گوتاری خۆپیشاندەران دژی سیستمەکەیە، نەک کابینەیەک لەو ڕژێمەدا!
3- بۆ یەکەمجارە کە خۆپیشاندەرانى ئێران بتوانن ئەو ترسە بشکێنن کە لە ( زوحاکێکی ترسناک)ی وەک ئەو ڕژێمە ھەیان بوو! بێ گومان کە ترسیش لە دیکتاتۆریەت وەلانرا، لە ستراتیژ دا پڕوکانی ئەو دیکتاتۆریەتەی لێ دێتە کایەوە!
بەڵام ئەکرێت ئەو پرسیارەش بکرێت: ئەى ئایا لەم ماوەیەداڕژێمى ئێران دەڕوخێت!؟
لە ڕاستیدا تەواوى هەنگاو و پەیامەکانى ترامپ و کابینەکەى بۆ ئەوەیە: ئیرادە بدەنە خۆپیشاندەران کە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوامیى هەبێت بۆ ئەوەى (بژاردە و بیانوو)ى پێویست بەدەست ئەمریکاوە بێت کە بەخێرایى بێتە مەیدانەکەوە.
گەر وردبینەوە، هێندەى لەم چوار ڕۆژەدا بەرپرسانى ئەمریکا (ترامپ، کرۆز، مەکەین و، هیلارى کلنتن) و، زۆر سیناتۆرى دیکە و، نوێنەرى ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە بارەى ئێرانەوە قسەدەکەن و پەیام دەنێرن، ئەوا بەرانبەر هەمو جیهان و ڕوداوەکانى ترى جیهان هێندە ئەمریکا پەیامى نەبووە!
ئەمەش دەرخەرى ئەو ڕاستیەیە کە ئەمریکا زۆر بە جدى لەسەر مەلەفى ئێران کار دەکات، تەنانەت ئاماژەکەى ئەم ئێوارەیەى ترامپ بەوەى: ((خەڵکى ئێران لە کاتى گونجاو دا پشتیوانى گرنگى ئەمریکا دەبینن))، دیسانەوە سەلمێنەرى ئایدیا سیاسییەکەمە بەوەى: ئەمریکا دەیەوێت ئەو ئیرادەیە بە خۆپیشاندەران بدات کە بەردەوامیى بە خۆپیشاندان بدەن، بەوەش ئەمریکا (هەم بیانو و هەم بژاردە)ى لە بەردەستە و دەیخاتەکار.
واتە گەر ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوام بێت، ئەوا (سەد لە سەد) رژێمى ئێران ئەڕوخێت. چونکە هەمو ئاماژەکانى ئەمریکا بۆ خۆپیشاندانەکانى ئێران ئەوەیە: (تکایە بەردەوام بن ئینجا پشتوانیەکانم دەبینن!!)، بەتایبەت نوێنەرى ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان دەیەوێت کەیسەکە لە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بجوڵێنێت. لێرەدا ناکرێت هەڵەیەکى ستراتیژى (عبداللە حسن زادە: سکرتێرى پێشوى دیموکرات) ئاماژە پێ نەدەین کە دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە بابەتێکى دا پشتیوانى هێزى دەرەکى ڕەت دەکاتەوە، بەوەى دەقاودەق نوسیویەتى: (( بەخۆشییەوە ئێستا ڕەنگە هیچ ئێرانییەک ئیدی چاوەڕوان نەبێ و ئارەزووش نەکا ئەوەی بەسەر عێڕاق و ئەفغانستانی دراوسێمان هات بەسەر وڵاتی ئێمەش بێ)).
کاتێک عبداللە حسن زادە دەڵێت کە ((ئارەزوو ناکەن هێزى دەرەکى ئێران بڕوخێنێت))، ئیدى ئەو پرسیارە دێتە بوون: تۆ بڵێى بۆچى عبداللە حسن زادە پێى ناخۆش بێت ڕژێمى ئێران لە لایەن هێزى دەرەکییەوە بڕوخێت، چونکە عبداللە حسن زادە باش ئەوە دەزانێت تەنانەت گەر خۆپیشاندانیش بەردەوام بن، بەبێ پشتیوانى دەرەکى، ئەوا هەر ڕژێمەکە ناڕوخێت!!
هەروەها ئایا بڵێى: ئەم چەند ساڵەى ڕابردو سەرکردەکانى خۆرهەڵات بەتایبەت (عبداللە حسن زادە و خالید عەزیزى) کە سەردانى ئەمریکایان کردووە، لەوێش ئاوها ڕایانگەیاندبێت کە: دژى ئەوەن هێزى دەرەکى ئەم ڕژێمە بڕوخێنێت!
بەهەر حاڵ گەر خۆپیشاندانەکان بەردەوامیش نەبن، ئەوا (سەد لە سەد) لە ستراتیژ دا ئەو ڕژێمە ئەڕوخێت. چونکە تازە گەلانى ئێران ترسیان لەو (زوحاک)ە شکا!
4- خاڵێکی دیکەی دەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی ئەم زنجیرە خۆپیشاندانانە ، ھەبونی ترامپ و کابینەکەی بوون لە حوکمڕانیی دا، ترامپ و کابینەکەی ھەم ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبووە لەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەنگدانەوەی (جیھانی)یان ھەبێ و، ھەم بەو گوتارانەشیان ئیرادەی زیاتریان بە خۆپیشاندەران بەخشیوە! بیریشمان نەچێت یەکەم سەردانی ترامپ بۆ سعودیە بوو، کە لەوێ لەگەڵ شازادەی جێنشین دا پرۆژەی ئابوری ستراتیژیی ٢٥ ساڵە و، پڕوکانی ئێران و ، پشتیوانی لە کڵپەپێدانی ناڕەزایی لە ناوخۆیی ئێران، بەرنامەیان بووە و، بە ئاشکراش ڕایانگەیاند، ئێستاش دەرکەوت کە ئەو ئاماژانەیان بەرهەم و کاریگەریى هەبوو!
5- ئەم خۆپیشاندانانە گوتار و کارکردی (بەرەی دەرەکی ئێران)یان زۆر کاریگەردانەرانە ترساند.
بۆ نمونە گەر باشوری کوردستان وەرگریـن، ئەوا زۆرزوو لە گوتارەکانی ھەندێ لە سەرکردەکانی ( یەکێتیی و کۆمەڵی ئیسلامی) کە سەر بە ئێرانن، ترسی پێوە دیار بوو.
تەنانەت ھەندێ ڕۆژنامەنوسی باشوری کوردستان کە زۆرینەی نوسینەکانی پێشویان لە بەرژەوەندی ئێران دابووە، کەچى زۆر زوو بە وتارێک لە ( ئەکرێ لە ترسی خوێندنەوەکانى ڕابردویان بێت!!) بایان دایەوە بۆ پشتیوانى بەرەی ئازادیخوازانی خۆرھەڵاتی کوردستان.
بێ گومان ئەم خۆپیشاندانانە کاریگەری ڕاستەوخۆشیان ئەبێت لەسەر لاوازبونی بەرەی ئێران لە (لوبنان و یەمەن و سوریا) و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیی و جیھانیش دا!!

دەبێت هێزەکانى خۆرهەلاتى کوردستان چى بکەن!؟
پێموایە: دەبێت تا ئێستا هێزەکانى خۆرهەڵاتى کوردستان پلانى (یەک، دوو، سێ) یان دانابێت و، پلانى(یەک)یشیان بۆ خۆپیشاندانەکان خستبێتە گەڕ!!
هەرچەندە ئەستەمە خۆپیشاندان ڕوبدات بەبێ پاڵپشتى چالاکوانان! بەڵام ئەکرێت هەندێ جاریش خۆپیشاندانى لە ناکاویش بێتەکایەوە!
خۆپیشاندانى شار بە شارى خۆرهەڵاتى کوردستان لە لایەک دەبێتە پیشتیوانییەکى مەعنەوى گەورە بۆ خۆپیشاندەرانى شارە گەورەکانى ئێران و، لە لایەکى دیکەش تا سنورى خۆپیشاندانەکان بەرفراوان تر بکرێت، ئەوا کۆنترۆڵ کردنیشى ئەستەمتر دەبێ و، ڕزگارکردنى ناوچەکانیش بە کردەوەى ڕاپەڕینانە ئاسانتر دەبێت! (مەرجیش نیە هەمو خۆپیشاندانێک بە ئامانج بگات، بەڵام گرنگە نەوەستیت و چیت پێ دەکرێت، بیخەیتەگەڕ!!).
بەتایبەت زۆر پێویستە لە ئێستادا هێزەکانى خۆرهەڵاتى کوردستان بە وردى خوێندنەوەى (جیۆپۆلەتیکی)ى و (جیۆ- ستراتیژی) یان بۆ ناوچە بە ناوچەى خۆرهەڵاتى کوردستان هەبێ و، هەر ناوچەیەک بە پێى (تایبەتمەندى جیۆپۆلەتیکى) و (گرنگى جیۆستراتیژى) کارى لەسەر بکەن! پێش ئەوەى پێستەکە گورگ بیبات!!
خۆپیشاندان تاوەکو پێ دەگات بۆ ئاستى (ڕاماڵین و ڕاپەڕین) دەبێت خوێنى بۆ بدەیت. ڕژێمێکى ترسناکى وەک ئێران بە بێ خرۆشانى گشتگیر لە ناخۆدا، بە چۆک دا هاتنى ئەستەمە. هەرچەندە وەک ئاماژەشى بۆ کرا گەر خۆپیشاندان (بە پچڕ پچڕیش) بەردەوام بێت، ئەوا ڕوخانى ڕژێمى ئێران هەر حەتمى دەبێت! دوریش نیە گەر بۆ ماوەیەکى کاتیش ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوام بن، ئەوا ئەمریکا ڕاستەوخۆ دەستێوەردان بکا و بەکردەوە پشتیوانییەکەى خۆى بۆ گەلانى ئێران نەسەلمێنێت!
گرنگى خۆپیشاندانى شارە کوردیەکانیش لەوەدایە: خۆپیشاندەرانى شارە گەورەکانى فارس ئیلهامیان پێ دەگا و بە ئیرادەتر دەبن، ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى تەنانەت لە هەرێمەکانى ترى ئێران خرۆشان بێتەکایەوە و، تەنانەت زۆر ناوچەى بەلوجستانیش بگرێتەوە! چونکە ئێستا هەموان چاوەڕوانى هەڵوێستى یەکتر ئەکەن، بۆیە (گرنگە پەمپدان تا گەرم دەبێت و، ئەگاتە ئاستى سوتاندن و ڕاماڵین!)
دەرفەتەکان پێویستە گەورە بکرێن، نەک بچیتە قاڵبێکى فاشیستانەى نەتەوەییەوە و بڵێت: جارێ نابێت شارەکانى کوردى خۆرهەڵات هیچ کارێک بکەن بەو بیانووەى دەسەلاتى ئێران دەست لە کورد ناپارێزێت!!
خۆپیشاندانەکانى کرماشان دەیسەلمێنن کە خۆپیشاندەران هیچ حیسابێک بۆ ئەو ئایدیا ناسیاسیی و نالۆژیکیەى هەندێ قەڵەم بەدەست و سیاسیى خۆرهەلاتى کوردستان ناکەن کە پێیان وایە: ((جارێ نابێت لە شارەکانى خۆرهەڵاتى کوردستان هیچ شتێک ڕووبدات!)). پەیامى خۆپیشاندانى کرماشان لە ڕوى سیاسییەوە ئەوەیە: شارەکانى تریش با پشتیوانیمان لێ بکەن!
گرنگە هێزە کوردیەکانى خۆرهەڵات بە وردى بزانن لە پلانى (یەک) دا چى دەکەن و چۆن دەکەن، ئەگەر و ئەلتەرناتیڤەکانیان چین و، چۆن دەبن و، دەبێت چیان بۆ بکرێت!!
ئەگەر خۆرهەڵات خۆپیشاندانى بەتین بکات (بەتایبەت لە ئێستادا)، بۆ ئەو لایەنە دەرەکییانەى کە دژى ڕژێمى ئێرانن (بەتایبەت ئەمریکا) زەمینەیەکى باش دەڕەخسێنێت، کە گورزى بۆ بێتەکایەوە و، یاخود شەڕ بخرێتە ناو سنورەکانى ئێرانەوە!
هێزەکانى کوردى خۆرهەڵات دەبێت کەسانى سەر بە خۆشیان لە ناو خۆپیشاندانەکانى شارە گەورەکانى فارس ڕواندبێ و، بۆ ئامانجى خۆیان ئاڕاستەیان بکەن و، تەنانەت دەشتوانن تەنسیقیشیان پێ دروست بکەن لەگەڵ چالاکوانانى سەر بە هێزە فارسیە ئۆپۆزسیۆنەکان دا، دەبێت بەخێرایى ئەم شتانە کرابێ و بکرێت، چونکە لە سیاسەت دا هەندێ جار خێرایى و هەل قۆزتنەوە زۆر پێویستە! گرنگە بزانیت بە کام کەرەستە و هەنگاوانە خۆپیشاندانەکان فراوان و ڕاماڵێنەر دەکەیت و دەتوانیت فۆکەس و تەرکیزى پشتیوانى دەرەکى بەلاى گەلانى ئێران دا ڕابکێشیت.

پێشموایە: خۆپیشاندانەکانى ئێستاى ئێران لە خۆپیشاندانەکانى ساڵى 1976 ى ئێران دەچێ!
ڕونە گە هۆکارى هەرە سەرەکی ئەم خۆپیشاندانانە، ئەوەیە: خەڵکە خۆپیشاندەرەکە داواى (نان!) دەکەن! واتا برسێتیى و بێ کارى هانى داون بۆ خۆپیشاندان.
هەر خۆپیشاندانێک برسێتیى و بێ-کاریى هۆکارى بێت، هەم خۆپیشاندەرەکان سڵ لە هیچ ناکەنەوە و، هەم هێدى-هێدیش لە پرۆسەى خۆپیشاندانەکان دا بیر لە ئازادیى و مافەکانى دیکەشیان دەکەنەوە! کەوابو هۆکارى سەرەکى ئەم خۆپیشاندانانە: هەژاری و برسێتیى و بێکارییە!
لەکاتێکدا ئێران یەکێکە لە دەوڵەمەنترین وڵاتانى (گازى سروشتى، نەوت، کانزاکان بەتایبەت زێر و هتد)، ئەمە جگە لەوەى جیۆپۆلەتیکێکى ئێجگار پڕ-بایەخى هەیە!
بەپێى لێ وردبونەوەى زۆرم بۆ مێژو، ئەو جۆرەى خۆپیشاندان کە خواستى (نان) ئامانجەکەیەتیى و، تەنها بە هۆى (برسێتیى و نەبونى کار)ەوە دێنە سەر جادە، پڕ-مەترسیدارترین خۆپیشاندان دەبن بۆ سەر دەسەڵات، کە هەندێ جار لە ئاکام دا دەسەڵاتەکەى ڕاماڵیوە! چونکە خۆپیشاندەرەکان سڵ لە هیچ ناکەنەوە هێندە برسێتیى و بێ-کاریى تەنگیان پێ هەڵ دەچنێت!
هەروەها خۆپیشاندانى فراوان کە داواکەیان تەنها (نان و کار) بوو، ئاماژەیەکى ڕونە کە زۆرینەى جەماوەر ئەو دەسەڵاتە ڕەت ئەکەنەوە کە حوکمیان ئەکا و، گەر ئەو خۆپیشاندانانە بەردەوامیى هەبێت، هەروەک چۆن خۆپیشاندانەکانى ئێران کە لە 1976 ەوە بە پچڕ-پچڕى دەستى پێ کرد و، تا کۆتاییەکانى 1978 تەنگى بە ڕژێمە شاهەنشاییەکەى حەمە ڕەزا شا هەڵچنى و، لە 1979 دا ڕژێمەکەى حەمە ڕەزا شاى ڕوخاند، ئاوهاش ئەم خۆپیشاندانانەى ئێستا، زۆر لە خۆپیشاندانەکانى سەرەتاى ساڵى 1976 ى ئێران دەچن.
هەرچەندە ئەوەى ئێستا کاریزما یاخود چەند کاریزمایەک ونن کە ڕێبەرایەتى بکەن و سەرى بخەن، بۆ نمونە: وەک چۆن ئەوەى ساڵانى 1976 تا 1979 ، چەندین کاریزماى وەک (قاسملوو: کاریزماى نەتەوەیى و ئازادی)ى و (خومەینى: کاریزماى ئاینی)ى ڕابەرایەتیان ئەکرد و، تەنانەت قاسملو خودى خۆى لە ساڵى 1978 بەنهێنیى گەڕایەوە بۆ تاران و، ڕۆڵى تەواو کاریگەرى دى لە ئۆرگەنایزکردن و سەرخستنى خۆپیشاندانەکان.
دۆخى خۆپیشاندەرەکانى ساڵى 1976 نەگەشتبونە ئەم ئاستى هێڵى هەژاریەى ئێستاى ئێرانەوە. چونکە لە ئێستادا بە پێى داتاکان لە نێوان (25 تا 30 ملیۆن) لە دانیشتوانى ئێران لە ژێر هێڵى هەژارى و بێکارى دا ژیان بەسەر دەبەن!
بەڵام ئەوەى خۆپیشاندانەکانى ئێستا و خۆپیشاندانەکانى ساڵى 1976 جیادەکاتەوە، ئەوکات ڕژێمێکى سیکۆلارى دیکتاتۆر بوو کە هێندەى ڕژێمە مەزهەب-سەپێنەکەى ئێستا توندوتیژانە مامەڵەى نەدەکرد.
بەو واتایەى ئەوەى ئێستا ڕژێمێکى ئایدۆلۆژیى دەست نەپارێزە لە هاوڵاتیەکانى، بەڵام ئەوەى ساڵى 1976 ڕژێمێکى سیکۆلار- بنەماڵەیى بوو، کە تا ئەندازەیەک دەست پارێزى ئەکرد و شارەکانى وەک ئێستا نەکردبونە سەربازگە! ئەندازەى ئازادیش لە ڕژێمەکەى شادا زۆر زیاتر بوو لە ڕژێمە مەزهەبیەکەى ئێستا!
هەروەها ئابورى ئەوکاتى ئێران هەموى لە ژێر دەسەڵاتى بنەماڵەى فەرمانڕەوا و خودى حەمە ڕەزا شا دا بو، بەڵام ئابورى ئێستاى ئێران لە ژێر دەسەڵاتى پیاوانى مەزهەبى شیعە و فەرماندەکانى سوپاى پاسداران دایە! کە دەکرێ ئەوەى ئێستا لە کاتە تەنگانەکان دا سود وەرگرێت لەو گروپە دەرەکییە شیعە میلیشیایانەش بۆ سەرکوتى هاوڵاتیەکانى ناوخۆى ئێران کە ئێستا ئێران لە دەرەوەى سنورەکانى دا دروستى کردون (پێموایە لە دۆخێکى لەو جۆرەش دا هەر ئەمریکا گورز دەوەشێنێ!). هەرچەندە جارێ نەگەشتۆتە ئەو ئاستە! بەڵام خۆپیاشندانەکانى ئێستاش هەم بێ-سەروبەرەیى و هەم نەبونى کاریزمایان پێوە دیارە، بەتایبەت (بەگشتیى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى) لە ئێستادا لاوازن یاخود یەکگرتو و ئۆرگەنایز نین!

ڕژێمى ئێستاى ئێران، چ لە ئاستى جیهانیى و، چ لە ئاستى خودى ناوخۆیى خۆیدا متمانەى لە دەست داوە.
پێشتر گەورەترین چەک کە بەدەست خامنەییەوە بوو تا ناڕەزاییەکانى ناو ئێران خامۆش بکاتەوە ، گڵۆپى سەوز هەڵکردن بوو لەوەى کە (حسێن ڕۆحانى سەرکردەى باڵى بەناو میانڕەو) بێنێتە سەر حوکم و خەڵکى پێ فریو بدات. هەرچەندە بەوە کەمێک کاتى کوشت، بەڵام کات تێ پەڕى کرد و دۆخى ئابورى خەڵک لەوپەڕى خراپى دایە!
بەمەش ئەو تێڕوانینەمان ڕاست دێتەوە کە لە یەکەم شەوى ڕێکەوتنەکەى ئێران و ئەمریکا-ئەوروپا نوسیمان: (ئەمریکا دەیەوێت فێڵ لە ئێران بکات بۆ ئەوەى هەوڵ بدات کۆمپانیا ئابورییەکانى ئێران لە دەست فەرماندەکانى سوپاى پاسداران دەربێنێت و، بە کرانەوەى ئابورى و بازرگانى ئازاد، ڕێڕەوى ئاڵوگوڕ لە ئێران دا باشتر بسازێنێ!).
هەرچەندە فێڵەکەى ئەمریکا تا سەر بەردەوامیى نەبوو، بەوەى هەم کابینەکەى ترامپ هەمو شتێکیان ڕەد کردەوە، هەم زۆر زوو ناکۆکیەکانى نێوان فەرماندەکانى سوپاى پاسداران کە کۆمپانیا ئابوریەکانیان بەدەستەوەیە و باڵى ڕۆحانى و وەزیرى دەرەوە قوڵتر بویەوە.
چونکە گەر ڕێکەوتنەکە زیاتر جێ بەجێ بکرابایە، دەبو فەرماندەکانى سوپاى پاسداران لە خاوەندارێتى ئابورى ئێران هێدى-هێدى پاشەکشە بکەن، بەو پێیەى ئابورى ئازاد گەشەى دەکرد، بەوەش نەدەتوانرا ئابورى ئێران و کۆمپانیا بازرگانییەکانى بە تەنها لە دەست سوپاى پاسداران مۆنۆپۆل بکرێن!
لۆژیک ئەوەیە: ڕژێمێکى لەم جۆرە عاقیبەتى هەر دەگۆڕدرێت، چونکە هیچ شتێکى لەگەڵ دونیاى سەردەم دا هاوتەریب نایەتەوە. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى ترامپ زۆرینەى بەڵێنەکانى (لە دروستکردنى دیوارى ئەمریکا-مەکسیک، لە بە پایتەخکردنى قودس بۆ ئیسرائیل و لە هەولدان بۆ لابردنى سیستمى ئۆباماکەیرى تەندروستى و هتد) کارى لەسەر کردوە، ئاخۆ دەبێت چۆن کار لەسەر ئەو ڕژێمەى ناو ئێران بکات کە خۆى زۆر شتى لەسەر دەوت! بەڵام بێ-گومان ترامپ وەک خۆى هەمیشە دەڵێت: هیچ شتێک لە پلانە-کردەکارییەکانى بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاشکرا ناکات!
دڵنیاشم گەر ئەم خۆپیشاندانانە تا ماوەیەکى تر بەردەوامیى هەبێت ئەوا ئەمریکا تەداخول دەکات.
خۆ ئەگەر (حسێن ڕۆحانى)ش وازبهێنێت یاخود ئەم خۆپیشاندانانە دابمرکێننەوە، ئەوا لە ستراتیژ دا ئەم ڕژێمە هەر دەڕوخێ و تازە ئەو وێنا (ترسناکە) کە لە هزرى گەلانى ئێران بۆ خۆى دروستى کرد بوو، ئەو ترسە شکاوە و، ئەوەى کە ئایندەى نەبێت ئەم ڕژێمەى ئێستاى ئێرانە.
بۆیە زۆر گرنگە کورد خوێندنەوەى دروست و وردى بۆ (تایبەتمەندى جیۆپۆلەتیکى)ى و (جیۆ-ستراتیژی)ى ناوچەکانى خۆرهەڵاتى کوردستان هەبێ و، زۆرزوو (لە تەقینەوەى تەوقیتەکە دا) بیقۆزێتەوە و خۆى بسەلمێنێت!

نوسەر: ماستێر لە سیاسەت و ستراتیژى بەریتانیا لە خاکى ئەمریکا لە زانکۆى لەندەن و، مامۆستاى زانکۆى سلێمانى.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت