هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

1- کوشتنى عەلى عبداللە ساڵح لە لایەن هەر گروپێکەوە بێت (هەرچەندە گروپى حوسیەکان: گروپێکى مافیایى خۆسەپێنى تاڵانکارى کوشتوبڕچین)، بەڵام کوشتنى دیکتاتۆرێکى وەک عەلى عبداللە ساڵح پێویستە مایەى خۆشحاڵى هەر ئازادیخوازێک بێت (لە ڕووە مرۆڤایەتییەکەیەوە).
چونکە دیکتاتۆرى ناوبراو چوار دەیەیە، بە حوکمێکى توندى پۆلیسى خۆى سەپاندووە و، هاوتاى سەدام حسێن و بەشار ئەسەد، چەندین کوشتوبڕ و کاولکارى لەژێر دەسەڵاتیى دا هاتۆتەبوون.
بەهۆى سیاسەتە شەڕەنگیزخوازە خۆسەپێنیەکانى (عەلى عبداللە ساڵح)ەوە، گەلى یەمەن (بە سونە و شعەوە) دوچارى کاولکارى و جەنگ و قاتوقڕى و برسێتیى ئێجگار سەخت بۆتەوە. بەپێى توێژینەوە زانستیەکان زیاتر لە (17) ملیۆن کەس دوچارى نەهامەتى بوون بەهۆى خۆسەپێنیەکانى ناوبراوەوە. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى: یەمەن بوەتە لانکەى (قاعید و حوسیەکان) و زیاتر و زۆرتر کاولکاریەکانیان هەمو پنتێکى ئەو وڵاتەى گرتۆتەوە.
زیاتر لەوانەش، دیکتاتۆرى ناوبراو یەکێک بوو لەو زاڵمە ستەمکارانەى کە دەستخۆشى لە هەڵمەتە قاتوقڕکاریەکانى (دیکتاتۆر: سەدام حسێن)ى دەکرد کە دەیکردنە سەر کورد، بەتایبەت لە شاڵاوەکانى ئەنفالى بەعسیەکان دا.
2- لە ڕوى سیاسییەوە، کوشتنى (عەلى عبداللە ساڵح) لە لایەن حوسیەکانەوە، دەبێتە مایەى گورزێکى کاریگەر بۆ خودى حوسیەکان لە ستراتیژ دا. چونکە ئاشکرایە سەرکەوتنەکانى پێشوترى حوسیەکان (سەرەڕاى هاوکارى دەرەکى ئێران- حیزبوڵا بۆیان)، ئەوا لە ناوخۆدا گەورەترین پاڵپشیان خودى (عەلى عبداللە ساڵح) و سوپا خوێنڕێژەکەى ناوبراو بوو.
چونکە (عەلى عبداللە ساڵح) نەیدەویست یەمەن پێ بنێتە قۆناغێکى مەدەنى و، لە لایەن سەرۆکى یاساى (عەبە ڕەبە مەنسور) حوکم بکرێت. هەربۆیە دەستى تێکەڵ کرد لەگەڵ حوسیەکان دا و، توانیان سەرۆکى شەرعى وڵات ڕاوبنێن و، لە سێ ساڵى ڕابردوو دا چیان بوێت, بیکەن.
بەڵام ئەو هاوپەیمانێتییە (لەرزۆکە) بەهۆى بەریەکەوتنى تەماعکارانەى بەرژەوەندییەکانى حوسیەکان و عەلى عبداللە ساڵحەوە زیاتر درێژەى نەکێشا و، هەفتەى ڕابردوو عەلى عبداللە ساڵح جوڵانەوەى چەکدارانەى دژى حوسیەکان ڕاگەیاند و، گورزى کاریگەرى لە حوسیەکان سرەواند.
ئەمە وایکرد، لە توڕەیى حوسیەکانەوە کوشتنى ناوبراوى لێ بکەوێتەوە. بەمەش حوسیەکان لە هاوکێشەکەدا (تەریک) کەوتنەوە.
چونکە ئەگەر پێشتر بەهۆى پشتیوانى عەلى عبداللە ساڵح و سوپاکەى ناوبراوەوە هەندێک شەرعیەتیان لاى هۆزە عەرەبە سونیەکان بەدەست هێنابێت، ئەوا ئەمجارە حوسیەکان خودى ئەو دۆستانەشیان لە دەست دا و، خوێنى ڕژاوى (درێژ ماوە) کەوتە نێوانیانەوە.
بەمەش هەم سوپاکەى (عەلى عبداللە ساڵح) و هەم هۆزەکانى لایەنگرى پشتیوانیان لە (هاوپەیمانێتیى سعودیە و عەبە ڕەبە مەنسور) یەکلاکردەوە. ئەم هاوکێشەیە وادەکات گومان لەوەا نەمێنێت کە داهاتوى حوسیەکان بە تەواوى دەکەوێتە مەترسییەوە و، دەیانتوانى لە برى کوشتنى (عەلى عبداللە ساڵح)، بە دیلێتیى بیهێڵنەوە و، چەندین کارتى سیاسیى-ستراتیژى خۆیانى پێ بپێکن!!
3- لە ڕوى ئیقلیمیشەوە، لە لایەک هەم جەنگى فارس و عەرەب، لە لایەکى دیکە هەم جەنگى شیعە و سونە، پێى نایە قۆناغێکى نوێ وە و، هەستى عروبەى زیاتر لە دژى ئێران وروژاند!
بە پێى لۆژیکى سیاسیى ئەو ئەگەرە دێتەبوون : لۆژیکى تێدا نەبێت کە لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن، شەڕى سەخت هاتبێتەبوون و، لە ئایندەدا هەمان جەنگیش ناوەوەى سنورەکانى ئێرانیش نەتەنێتەوە، بەتایبەت هاوتەریب لەگەڵ ئەم هاوکێشەیەش دا، ئیسرائیلیش دەیەوێت زیاتر خۆى لە بەرزاییەکانى جۆلانى سوریا(ئێران) خۆى بسەپێنێ و، قودسیش بکاتە پایتەخت!!
هەمو هاوکێشەکان ڕووەو تەشەنەسەندنى شەڕێکى ئێجگار سەخت دەچێت، کە هەم لە ڕوى (سیاسیى، ئابورى، سەربازى، تەکنەلۆژى و تەنانەت مرۆی)یشەوە، بەرەى ئێران بەرگەى ستراتیژيى تێدا ناگرێ و، بەرەیەکە ماندوو بووە لە جەنگ دا و، شەڕیش دەکەوێتە ناوەوەى خودى ئێران لە داهاتوودا.
با چاوەڕوانى ئەم ئاگرە بورکانیەبین، کە بە کوشتنى (عەلى عبداللە ساڵح) نەک خاو نابێتەوە، بەڵکو بەنزینێک بوو کرا بەسەر ڕقێکى ئێجگار سەختى عەرەب لە دژى فارسەکان دا. زۆر پێویست و گرنگە بزوتنەوەى کورد لە هەمو بەشەکان (بەتایبەت خۆرهەڵات چونکە لە داهاتوودا دۆخەکە ڕووەو ئەوێ ئاڕاستە دەکات) پلان و ئەجێنداى وردیان هەبێ و، هەر لە جێ دا تەشەنەسەندنى دوژمنایەتى عەرەب و فارس و بقۆزنەوە و، چەندین پلانى تەرتیبى بۆ دابڕێژن!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت