هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هیچ کات مرۆڤ بەتەواوی ناتوانێت بەرکەوتەیەکی ئەدەبی لەتەک تێکستە ئاینیەکاندا هەبێت. لە ڕاستیدا هۆکار گەلێکی زۆر هەن، بەڵام گرنگ ترینیان بۆمن چرکەساتە دەرون شیکاریەکەیە.

کتێبە ئاسمانیەکان
نوسراوی باوکن، هەموو نوسراوێکیش کە باوک بینوسێت، مرۆڤ دەبێت بە متمانە و بێ گومان کردنەوە لێی بڕوانێت. بەواتایەکیتر کتێبە ئاینیەکانی قسەی ئەو باوکە ( ڕەمزی) یەن کە هەرگیز نەمان بینیوە و ناشتوانین بیبینن، چونکە ئەو باوکە ڕەمزیە تەنها وشەیە.!
لە کتێبی پیرۆزیدا ( بایبڵ ) دا هاتوە و دەڵیت: هەموو شتێک سەرەتا وشە بوو . واتا باوک وشەیە و دەکریت تەنها لە ڕێگەی زمانەوە ئێمە لێی تێبگەین و دەرگیری بین. ئەم باوکە کە ڕۆمان دەنوسیت و دەبێتە گرنگترین ڕۆمانی مێژوی مرۆڤایەتی، وە ملیۆنەها ئینسان وەک شەریعەیەک و ئاینێک بەری دەکەون، هێزو قودرەتی زمانی ئەم باوکە ڕەمزیە و ئایدیاڵەمان بۆ دەردەکەوێت.
بەڵام چرکەساتێک هەیە کە ئیدی تۆ تەماهیەکی جیاوازترت لەتەک ئەم کتێبە موقەدەسەدا دەبێت و وەک تێکستێکی نەمری ئەدەبی بەریدەکەوێت، ئەمە لە شوینیکدا مەرگی باوکە و لە شوێنێکیتریشدا دەستپێکیکی گرنگی ئەدەبیە. کتێبی ئینجیل بە بەرواورد بە تەورات، ئاستی زمانی ئەدەبیان تەواو جیاوازە و ئەو بەرکەوتنەمان وەک ڕۆمانێک لەتەک تەوراتدا زۆر جیاوازترە وەک ئەوەی لە ئینجیلدا دەیدۆزینەوە.
ئەمە دەستپێکێکە کە نوسەرانی دوای کتێبی تەورات و ئینجیل، چیرۆکەکانی ناو ئەم دوو کتێبە تێکەڵ بە تێکستەکانیان بکەن و لێرەشەوە یەکەمین پەیوەندی ئیمان و ئەدەب لە کۆنتێکستێکی ئیلاهیدا خۆی نمایش بکات.
سەروەختایەک ڤیرجیلۆ دەخوێنینەوە دەزانین دوو ڕەهەندی ئیمانی و میسۆلۆجی قوڵ هەیە لە تێکستەکەیدا ، ڕەهەندێکیان تەجەمەکردنی رۆحی و ئیمانی ئۆدیسەی هۆمیرۆسە بۆ سەر زمان و زەمینی خۆی کە بوونێکی میسۆلۆجی گریکی تیایدا وجودی هەیە و باس لە خوداوەندانی ئۆڵمپ دەکات . دووەمیان هەست بە بۆنی سەفەرەکانی تەورات دەکەیت تیایدا . بەڵام ڕەهەندی دووەمیان بە بێ بوونی کات و شوینێکی دیاری کراو و گونجاو . دانتی ئەلیگیڕی وەختایەک ڤیرجۆلۆ دەکاتە رابەری خۆی بۆ هەر سێ سەفەرەکەی پڕاو پڕ تەورات و ئینجیل و میسلۆژیایی ڕۆمانی بەدی دەکەیت تیایدا . بەڵام هەموو شەرعیەتەکە لەلای دانتی دەدرێتە پاڵ ئاینی مەسیحی و وەک مەسیح دەچێتە دۆزەخ و بەرزەخ و بەهەشت .
گۆتێ لەدەقی فاوستدا ناتوانێت بێ ئینجیل تەفسیری شەیتان بکات و دێوەکانی ناو کتێبی پیرۆز بناسێنیت. لە کاتێکیشدا سێرڤانتیس شاکارەکەی خۆی دەنوسیت بەناوی دۆنکیشۆت ، دێوەکانی ناو کتێبی پیرۆز دەبنە پێشمەرجی بەرەنگاری دێوانەیی دۆنکیشۆت و سانکۆپانزا . مێژوی ئەدەب هیچ کات نەیتوانیوە خۆی لە چەمکی ئیمان غافڵ بکات و تێکستە گەورەکەی باوک تێکەڵ بە تێکستەکەی خۆی نەکات.
لە قۆناغیکدا پێدەچیت فرانز کافکا کە ڕۆمانی ( میتامۆرفیس ) دەنوسێت کتێبی ( مەسخی کائینات )ـی ئۆڤیدی خوێندبیتەوە ، ئەمە جگە لە خوێندنەوە دەرونشیکاری و ئیبستمۆلۆژیەکە، بەڵام کافکا هەمان عەزابی ئەیوب لە رۆحی گریگۆردا دوبارە دەکاتەوە. لەڕاستیدا کافکا هێندەی تەوراتی دەخوێندەوە هێندە توانای خوێندنەوەی کتێبەکانی تری نەبوو . دۆستۆی ڤسکی لە ڕۆمانی ( جینایات و مکافات – تاوان و سزا ) ئینجیلەکە دەداتەوە دەست مریەم و ڕاسکۆڵینکۆف لەبەردەم میتافۆڕی مریەمدا دان پێدانان دەکات.
بەبڕوایی من سۆنیا کەسێک نیە جگە لە مریەمی عەزرا. کتێبی تەورات گرنگترین ڕۆمانە تا ئێستا بۆمن ، بەومانایەیی پاڵەوانەکانی ناو تەورات هەندێک جار زۆر کۆپەرنیکۆسیانە بەرەنگاری خودا دەبنەوە و پرسیاری میتافیزیکی ئاڕاستە دەکەن . موسا ئەو کاتەی بە خودا دەڵێت: ئەگەر چومەوە بە نەوەی ئیسرائیل بڵێم کێ ناردومی ؟ تۆ کێت و ناوت چیە ؟
خودا لە وڵامدا دەڵێت: من ئەو منەم کە منم . ئەمە تەواو دایالۆگێکی ئەدەبی و رۆحیە و خۆی ناپارێزێت لەوەی ئەدەب لە ناو ئیمانی خۆیدا نمایش بکات و باسی بکات. تەورات بوونیادی زۆرینەی هەر زۆری ڕۆمانەکانی دوونیایە و یەکێکیشە لە تێکستە ئەدەبیە ناوازەکان.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت