هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

سه‌ربارى پرۆسه‌ى به‌رده‌وامی كۆڵۆنیالیكردنی هه‌موو كوردستان له‌ رووى سه‌ربارزى و ئیدارى و ئابوورى و كه‌لتووریه‌وه‌، جیاوازى ئاشكراش له‌ نێوان باشوورى كوردستان و رۆژئاواى كوردستاندا هه‌بووه‌. له‌ باشوور له‌ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ى رزگارى نیشتیمانی به‌رده‌وام بووه‌و سه‌رئه‌نجامیش له‌ ساڵی 1991 به‌دواوه‌ به‌شێكی زۆرى باشوورى كوردستان له‌ ژێر چه‌پۆكی داگیركه‌رى عێراقی رزگار كراوه‌، به‌ پێچه‌اونه‌ى رۆژئاوا نه‌بزووتنه‌وه‌یه‌كی دیار له‌وێ سه‌رىیهه‌ڵداوه‌، نه‌ كورد هیچ مافێكی وه‌كو مافی قسه‌كردن و خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی ناسنامه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ له‌ باشوور ئه‌م مافانه‌ى له‌ مێژه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌. كه‌چی ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه‌ تاكى كورد له‌ باشوور له‌ بارێكی لاوازو هه‌ست به‌كه‌میكردنی ته‌واوه‌تیدایه‌و به‌گشتی تواناى نیه‌ له‌سه‌ر پێی خۆى رابووه‌ستێت و هه‌رئه‌وه‌ش وای لێده‌كات له‌به‌رده‌می عه‌ره‌ب و فارس و توركدا زۆر لاوازبێت و بچه‌مێـته‌وه‌، ئه‌و لاوازیه‌ وایلێكردووه‌ ئینتیماى بۆ خاك و بۆ نیشتیمان و بۆ داهاتووى نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانیش زۆر لاواز بێت و ده‌رئه‌نجامی ئه‌و لاوازى و شكستی كه‌سێتی و هه‌ست به‌ بچووكیكردنه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ باشوور وه‌كو تراژیدك كۆمیدیا به‌رده‌وام خۆى نمایش ده‌كات كه‌ زیاترین شێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ دژى یه‌كترى ده‌ست تێكه‌ڵاوى داگیركه‌ران ده‌كه‌ن، ناپاكی له‌یه‌كترو له‌خاك و نیشتیمان ده‌كه‌ن.. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ روخاندنی ئیراده‌ى تاك له‌م به‌شه‌ى كوردستان به‌ تایبه‌تی حیزب و نوخبه‌ى سیاسی و ده‌سته‌ى سه‌ره‌وه‌ى حیزبی له‌ باشوور بێ ئیراده‌ترین توێژن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیداو له‌ زۆر له‌و بنه‌ما و پرینسیپانه‌ رووتكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویستن بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ بتوانێت له‌سه‌ر پێی خۆى رابووه‌ستێت و ملكه‌چی داگیركه‌ر نه‌بێـت و بتوانێت بڵێت نا نه‌خێر نابێت. شكسته‌كانی باشوور به‌رهه‌می ئه‌م باره‌ى كه‌سێتی تاكی باشووره‌ كه‌ حیزب و سیاسه‌تی حیزبی نانه‌ته‌وه‌یی و نانیشتیمانی و رۆڵی نوخبه‌ى پاشكۆى داگیركه‌ران تیایدا ئاشكراو دیاره‌.
به‌ڵام سه‌ربارى نه‌بوونی بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یی له‌ رۆژئاواى كوردستان بارى كه‌سێتی تاكی كورد له‌وێ جیاوازى هه‌یه‌ له‌ بارى كه‌سێتی باشوور. کەسێتی تاکی رۆژئاوا به‌وجۆره‌ى باشوور نەڕوخێنراوەو هەست ناکات لە عەرەب و تورک و ئه‌وانیتر کەمترە، ئەوەش وای لێکردووە خاوەنی ئیرادە بێت و هه‌رئه‌وه‌ش واده‌كات له‌ كۆبانێ به‌و ئیراده‌ پۆڵاینه‌وه‌ به‌رزترین نموونه‌ى پاڵه‌وانبازى تۆمار بكات، ئێستاش به‌ هه‌مان ئیراده‌وه‌ له‌ عه‌فرین به‌رامبه‌ر سوپاى فاشیزمی عوسمانی نوێی داگیركه‌رى تورك بووه‌ستێت. كه‌چی له‌ باشوورى به‌ گه‌وره‌ترین هێزه‌وه‌ ئه‌وه‌ى به‌ درۆ ناویان ناوه‌ قودسی كوردستان یان دڵی كوردستان ده‌ده‌نه‌وه‌ ده‌ستی دوژمنی داگیركه‌ر و پاشساویش به‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ هیزى داگیركه‌ر زۆر به‌هێزه‌و ئه‌مان لاوازن دیاره‌ ئه‌مه‌ش لوتكه‌ى روخانی ئیراده‌ى ئه‌م نوخبه‌ حیزبیه‌یه‌ له‌ باشوور. له‌ رۆژئاوا هێشتا ئینتیما بۆ خاك و نیشتیمان نه‌ڕوخاوه‌، ئیراده‌ى تاك به‌هێزه‌و هیوادارم به‌ چه‌شنی ئیراده‌ى تاكی كوردى باشوورى لێبه‌سه‌ر نه‌یه‌ت. هه‌روه‌ك هیوادارم فشه‌ حیزبی كارتۆنی و درۆو ساخته‌ى به‌ناو فره‌یی و دیموكراسی درز نه‌خاته‌ ناو هێزى پته‌وى رۆژئاواوه‌و به‌ده‌ردى فره‌یی درۆزنانه‌ى باشوورو رۆژهه‌ڵاتمان نه‌بات. دیاره‌ هۆیه‌كی شكست و بێ ئیراده‌بوونی باشوور ئه‌وفرەییە ساختەیە کە بووەتە بنەمای دابەشبوون و روخاندنی یەکێتی نەتەوەیی و لە بری داگیرکەر ئامانجی سەرەکی حیزبەکانی باشوور دژایەتی کردنی یەکترە بەوەش پێشمەرگەیان لە پارێزەری نیشتیمان و خاکەوە کردووە بە پاێزەری حیزب و بنەماڵەو کەسەکانی ناو حیزب. واته‌ له‌ عه‌قڵی حیزبی باشووردا نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان غائیبن به‌ڵكو بنه‌ماڵه‌و كه‌سه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندى حیزب و بنه‌ماڵ‌كان و كه‌سه‌كان ئاماده‌ییان هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لێره‌ لاى حیزب و نوخبه‌ى سیاسی و حیزبی باشوور نیشتیمان ته‌واو بووه‌و ئه‌وان هیچ خه‌مێكی نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانیان نه‌ماوه‌و هه‌م له‌ رووى په‌روه‌رده‌ى حیزبیه‌وه‌و هه‌م له‌ رووى ره‌فتارو هه‌ڵس و كه‌وت و به‌ڕێ,ه‌بردنی شكستخواردووشه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریان بێ ئومێد كردووه‌و ئیراده‌ى خه‌ڵكیان رووخاندووه‌. بۆیه‌ ئێستا باشوور له‌به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌دایه‌ چونكه‌ ئیراده‌ى خه‌ڵك روخاوه‌. مه‌ترسیترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر كورد روخاندنی ئیراده‌ى كورد خۆیه‌تی. ئه‌و باره‌ ناهه‌موارو بێ ئومێدیه‌ى كه‌ ئێستا كوردى باشوورى تێدا ده‌ژى به‌ هۆى روخاندنی ئیراده‌وه‌یه‌. كه‌ ئیراده‌ روخا گیانی به‌رگریش هه‌رس ده‌هێنێت.. ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كوردى باشوور ببێته‌وه‌ به‌ خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی ئه‌وتۆ كه‌ هه‌م له‌سه‌ر پێی خۆى رابووه‌ستێت، هه‌م بگاته‌ ئاستێك به‌م حیزبه‌ سیاسیه‌ شكستخواردوانه‌ى ئێستاو به‌م نوخبه‌ حیزبی و سیاسیه‌ نه‌خۆشه‌ى ئێستا بڵێت بووه‌سته‌، كاتت به‌سه‌ر چوو چونكه‌ مێژوویه‌كه‌ ئیراده‌و رۆحی ئێمه‌ ده‌كوژن و له‌سه‌ر سینی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆتان سوكایه‌تیمان پێ ده‌كه‌ن و رۆح و ئیراده‌مان هه‌تك ده‌كه‌ن.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.