هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

پێشتر به‌رنامه‌ى حیزب دوو ئاراسته‌ى هه‌بوو، یان به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یی یان به‌رنامه‌یی ئومه‌می بوو. حیزبه‌ شیوعیه‌كان به‌رنامه‌ى ئومه‌میان هه‌بوو. له‌ وڵاتانی داگیركه‌رى كوردستاندا، خه‌باتی سه‌ره‌كی حیزبه‌ شیوعیه‌كان دژى ئیمپریالیزم و هه‌ژموونی ئیمپریالیزم و كۆنه‌په‌رست و فیودیالی ناوخۆ بوو، ئه‌وه‌شیان وه‌كو به‌شێك له‌ خه‌باتی رزگارى نیشتیمان سه‌یر ده‌كردو ده‌یانوویست مه‌سه‌له‌ى رزگارى نیشتیمانی و خه‌باتی چینایه‌تی پێكه‌وه‌ گرێ بده‌ن. واته‌ خه‌باتیان ده‌كرد بۆ وڵاتێكی ئازاد و رزگاربوو له‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی ئیمپریالیزمی رۆژئاواو كۆنه‌په‌رستی ناوخۆ. له‌و رووه‌شه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وایه‌تی جێگه‌و پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆى نه‌بوو له‌ خه‌باتی حیزبه‌ شیوعیه‌كاندا چونكه‌ وڵاتیان وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو سه‌یر ده‌كردو زیاتر پێیان وابوو له‌ وڵاتێكی وه‌كو عێراقدا پێش چه‌وساندنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تی، چه‌وساندنه‌وه‌ى چینایه‌تی هه‌یه‌ و چه‌وساندنه‌وه‌ى نیشتیمانی هه‌یه‌ كه‌ ئیمپریالیزم و كلكه‌كانی پیاده‌ى ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ن.
حیزبه‌كانی تریش هه‌ریه‌ك به‌ ئاستێك خۆیان به‌ حیزبی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م و به‌جۆرێك له‌ پێناوى مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا خه‌باتیان ده‌كرد. هه‌یانبوو به‌رنامه‌كه‌ى هێنده‌ نه‌ته‌وه‌یی بوو گه‌یشتبووه‌ ئاستی توونڕه‌ویی، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێن شۆڤێنیزم كه‌چی ئه‌م ئاراسته‌ توونده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ هه‌رگیز نه‌بوون به‌ خاوه‌نی بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى به‌هێزو ده‌وڵه‌مه‌ند، له‌ پاڵ ئه‌مانیشدا ئه‌و حیزبانه‌ هه‌بوون كه‌ به‌رنامه‌كانیان به‌ به‌شێك له‌ ره‌گه‌زه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بارگاوى كرابوو، داواكاریى مافی ساده‌ى نه‌ته‌وایه‌تی كوردى بوون له‌ جۆرى لامه‌ركه‌زى، ئۆتۆنۆمی. ئه‌م حیزبانه‌ش به‌ دوو ئاراسته‌ له‌ ململانێدا بوون.
ململانێی حیزبه‌ شیوعیه‌كان و ئه‌و حیزبانه‌ى خۆیان وه‌كو حیزبی نه‌ته‌وه‌یی پێشكه‌ش ده‌كرد. هه‌روه‌ك له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ حیزبانی خۆ به‌نه‌ته‌وه‌یی زان له‌ نێو خۆیاندا له‌ ململانێدا بوون. هاوشێوه‌ى ململانێی نێوخۆى خێڵ و عه‌شیره‌تی كوردى. نوخبه‌ى رۆشنبیریش كه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كاندا بوون نه‌یانتوانیووه‌ رۆڵێكی درووست ببینن له‌ ئاراسته‌كردنی سیاسه‌تی حیزبه‌كاندا به‌ ئاراسته‌ى ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ڵكو رۆڵی ئاشكراى نوخبه‌ رۆشنبیره‌ سیاسیه‌كه‌ زیاتر زه‌قكردنه‌وه‌ى ململانێكان بووه‌و ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ حیزبه‌كان و بزووتنه‌وه‌كه‌ به‌ گشتی له‌برى كاركردن له‌ پێناوى مافه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌یكاندا. خۆیان و بزووتنه‌وه‌كه‌و حیزبه‌كانیان سه‌رقاڵكردووه‌ به‌ كێشه‌ى لاوه‌كی و ناوخۆوه‌. ئه‌مه‌ش رۆڵی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌رى كوردستانی تێدابووه‌و سه‌رئه‌نجام ململانێی ناوخۆى حیزب و رێكخراو و كه‌س و نوخبه‌ى سیاسی و حیزبی كوردى گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك كه‌ ماوه‌ى دوورو درێژه‌ كورد له‌ باشوورى كوردستان به‌ تایبه‌تی باجی ئه‌و ناكۆكیه‌ ناوخۆییه‌ ده‌دات كه‌ له‌ نێوان نوخبه‌ى سیاسی یان به‌شێك له‌ كه‌سانی دیارى سه‌ره‌وه‌ى ئه‌و نوخبه‌یه‌دا هه‌بووه‌. كه‌ ئیشكردنی ئه‌و نوخبه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ پێوه‌رى نه‌ته‌وایه‌تی بپێورێت به‌داخه‌وه‌ نه‌ك خزمه‌تی دۆزى كوردیان نه‌كردووه‌ به‌ڵكو زیانی گه‌وره‌یان له‌ دۆزى ره‌واى كورد داوه‌و تاكو ئێستاش ژه‌هرى ململانێ نابه‌جێكانی ئه‌وان هۆكارى دابه‌شبوون و په‌رتبوونی كورده. ‌

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت