هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

مه‌به‌ست له‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی چیه‌؟ ئایا هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان یه‌ك شێوه‌ى په‌ره‌سه‌ندنیان هه‌یه‌؟ ئایا ئاراسته‌ى په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازه‌كان به‌ره‌و كوێیه‌؟ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنیدا به‌ چی ده‌گات و چ جۆره‌ دامه‌زراوه‌یه‌ك درووست ده‌كات؟ ئایا جوڵه‌ى په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی خێرایه‌ یان هێواش؟ ئایا په‌ره‌سه‌ندن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا چۆنه‌؟ ئایا هێزو ده‌سته‌و گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌توانن به‌ ویستی خۆیان جوڵه‌ى كۆمه‌ڵگه‌و په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاراسته‌ بكه‌ن؟ ئاشكرایه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌ی كه‌ ئێستا ده‌یبینین به‌رهه‌می جوڵه‌ى ناوخۆیی‌و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خودی مرۆڤایه‌یته‌. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ رابردووى دوور ئه‌وا به‌جۆرێك باسی سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی مرۆڤ ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ئێستادا ته‌سه‌وركردنی واقیعیانه‌ى ئه‌و قۆناغه‌ گران‌و له‌ هه‌مان كاتدا ته‌مومژاوی بێت. به‌هه‌رحاڵ شێوه‌ى دیارو تا ئه‌ندازه‌یه‌ك پێناسه‌كراوی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ى كه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ناوبراوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ ده‌شێ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا باسی كۆمۆنه‌ى سه‌ره‌تایی ‌و قۆناغی كۆیلایه‌تی‌و قۆناغی فیودیالی و قۆناغی سه‌رمایه‌دارى.. بكرێت. به‌ پێی دیالیكتیكی مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ به‌پێی شێوازى په‌ره‌سه‌ندنی به‌رهه‌مهێنان‌و هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ جوڵه‌یه‌كی هێواشدا گۆڕاناكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌و له‌ هه‌ناوى هه‌ر قۆناغێكدا گۆڕهه‌ڵگه‌نی ئه‌و قۆناغه‌ له‌ دایكبووه‌و رابه‌رایه‌تی قۆناغی دواتری كردووه‌. ئه‌م گۆڕانكارییه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌و له‌ جوڵه‌یه‌كی خاودا روویداوه‌.
هه‌روه‌ك له‌ روانگه‌ی هه‌ندێ كۆمه‌ڵناسی وه‌كو ئیبن خه‌لدوونیشه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیبوون له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا به‌هۆی هۆكاره‌كانی خوێن‌و ده‌ماره‌وه‌ بووه‌، ئه‌ویش جوڵه‌یه‌كی هێواشی هه‌بووه‌‌و سه‌باری ده‌ركه‌وتنی پێكهاته‌و دامه‌زراوه‌ى نوێی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵام ئه‌و جوڵه‌ هێواشه‌ وایكردووه‌ ئه‌و پێكهاتانه‌ى كه‌ خوێن‌و ده‌مار بنه‌مای پێكه‌وه‌به‌ستنیان بووه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ جۆراو جۆره‌كاندا بوونیان به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌كو چه‌ندین هۆكاری تایبه‌تیش وه‌كو بزوێنه‌ری مێژوو دیاریكراون وه‌كو ئابووری‌و فاكته‌ری خوێن‌و ده‌مار‌و رۆح‌و رۆمانسیه‌تی سرووشت‌و..تاد.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگای سه‌رنجه‌‌و سه‌رباری بڕوابوون به‌ بوون‌و جیاوازى مۆتیڤه‌كانی بزوێنه‌ری مێژوو، جۆرێك له‌ كۆده‌نگی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه‌ ئه‌ویش له‌وه‌دا كۆبووه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌پێی كارلێك‌و جوڵه‌و پێكه‌وه‌ كاركردنی كۆی ره‌گه‌زه‌ مادی‌و مه‌عنه‌وییه‌كانی خودی خۆی ده‌جوڵێت‌و په‌ره‌سه‌ندنی خۆی ده‌كات كه‌ ئه‌ویش ملكه‌چی یاسا خۆیی‌و بابه‌تیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ بوون‌و پێكهاته‌ى خودی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش هه‌میشه‌ جوڵه‌یه‌كی هێواش‌و سرووشتی هه‌یه‌ به‌پێی سرووشتی تایبه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌.
كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ره‌وتی مێژوو له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا به‌پێی سرووشتی پێكهاته‌و كارلێكه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌ڕوات، ئه‌وا ناتوانین بڕوا به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ رۆڵی تاكه‌ كه‌س‌و ته‌نانه‌ت ده‌سته‌و گروپیش گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان ده‌بێت، ناشێت ته‌سه‌وری ئه‌وه‌ بكرێت تاك به‌ ته‌نیا، یان ده‌سته‌و گروپ بتوانن گۆڕانی گه‌وره‌ له‌ سرووشت‌و له‌ جوڵه‌ى كۆمه‌ڵگه‌دا درووستبكه‌ن، ئه‌مه‌ روانینێكی سسیۆسیۆلۆجیه‌، به‌ڵام هاوكات مێژووى مرۆڤایه‌تیش نیشانی ده‌دات كه‌ چۆن هه‌ندێجار تاكه‌كه‌س یان ده‌سته‌و گروپ چ رۆڵێكی دیاریان هه‌بووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ كاتی هه‌ندێ رووداودا كه‌ جۆرێك له‌ دابڕان له‌گه‌ڵ قۆناغی پێتردا روویاندابێت.
بێگومان ره‌نگه‌ له‌ شێوه‌ى جۆرێك له‌ جوڵه‌یه‌كی میكانیكیدا هه‌وڵبدرێت كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و گۆڕان ببرێت‌و به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌ پێداویستیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و بنیادییه‌كانی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ بوون و ئاماده‌بوونیان هه‌بێت‌و كۆمه‌ڵگه‌ ره‌وتی مێژووی خۆیی بڕیبێت، هه‌وڵبدرێت ماوه‌ى ئه‌و قۆناغه‌ مێژووییه‌ كورتتر بكرێته‌وه‌و جوڵه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌ خێرا بكرێت‌و گۆشه‌جوڵه‌ى به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون كه‌ به‌سرووشتی گۆشه‌یه‌كی زۆر تیژه‌و له‌ چه‌ند پله‌یه‌كی زۆر كه‌م زیاتر نیه‌، بكرێته‌ گۆشه‌یه‌كی وه‌ستاو، یان كراوه‌، ئه‌وا مانای وایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ڕاو به‌ هێزێكی میكانیكی هه‌وڵی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵگه‌ ده‌درێت كه‌ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ سرووشتی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ناگونجێت‌و سه‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی هارمۆنیای كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌شێ جۆرێك له‌ پشێویی‌و فه‌وزای كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م بهێنێت. به‌ گشتی كاروبه‌رنامه‌ى بزووتنه‌وه‌ پۆپۆلیستیه‌كان له‌ ده‌روه‌ى ئه‌و ره‌وته‌ سروشتیه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كاندا رووده‌دات، هه‌ربۆیه‌ بزووتنه‌وه‌ پۆپۆلیستیه‌كان هه‌میشه‌ ناسرووشتی ده‌رده‌كه‌ون و ئه‌وه‌نده‌ى پشت به‌ عاتیفه‌و هه‌ڵچوون و كاردانه‌وه‌ى خێرا ده‌به‌ستن، ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ستنین به‌ جوڵه‌ى سرووشتی و گۆڕانكارى به‌ به‌رنامه‌و گونجاو له‌گه‌ڵ ره‌وتی سرووشتی كۆمه‌ڵگه‌دا. هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌ له‌ زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ رۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا له‌ بری به‌رهه‌مهێنانی گۆڕانێكی هێواش‌و سرووشتی كه‌ به‌رهه‌می گۆڕانكاری ریشه‌یی بێت له‌ ژێرخانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، له‌ سه‌رخاندا بانگه‌شه‌ بۆ گۆڕانكاری ده‌كرێت كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ى سرووشتی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ده‌بینرێت‌و له‌ نێوان خوازیارانی ئه‌و جوڵه‌و گۆڕانه‌‌و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا جۆرێك له‌ دیواری لێك تێنه‌گه‌یشتن درووست ده‌بێت كه‌ له‌ روانگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ خوازیاران‌و داكۆكیكه‌رانی هه‌ر گۆڕانێكی له‌و جۆره‌ وه‌كو شوێنكه‌وتنی جۆرێ له‌ وه‌هم سه‌یر ده‌كرێن، یان وه‌كو بزووتنه‌وه‌ى پۆپۆلیستی كه‌ له‌ روانگه‌ى سیۆسیۆلۆجیه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ جوڵه‌یه‌ وه‌كو ئه‌و شه‌پۆله‌ خێایه‌ى ده‌ریا وایه‌ كه‌ له‌ زووترین كاتدا به‌ تووندى ده‌دات به‌ كه‌نارداو تا ئه‌ندازه‌یه‌ك شه‌پۆله‌كه‌ به‌رز ده‌بێـه‌وه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ هیچی لێ بمێنێته‌وه‌ نزم ده‌بێته‌وه‌و ون ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و بۆچوونه‌ كۆمه‌ڵ،اسیه‌یه‌ كه‌ پێی وایه‌ هه‌موو تیژره‌وێك زوو ده‌گاته‌ كۆتایی و ئه‌نجامه‌كانیشی له‌ درووستكردن و گۆڕانكاریدا رووكه‌ش ده‌بن، به‌ڵام له‌ رووخاندن و وێرانكاریدا، له‌ شێواندنی هارمۆنیاى سرووشتدا به‌ كۆمه‌ڵگه‌شه‌وه‌ خێراو تووند ده‌بن به‌ڵام مانه‌وه‌یان كورت خایه‌ن ده‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ بزانین نه‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و نه‌ گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌ گۆشه‌ی وه‌ستاو یان كراوه‌ ناجوڵێن‌و ناڕۆن، به‌ڵكو ره‌وتێكی هێواشیان هه‌یه‌ كه‌ مۆتیڤه‌كه‌ى له‌ نێو بنیادی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیدایه‌‌و ئه‌ویش پرۆسه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌و گشتگره‌و سه‌رتاپای جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و هه‌موو پشێویی و ده‌نگه‌ده‌نگ و جوڵه‌ ناسرووشتیانه‌ى له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا ده‌كرێن و ئه‌نجام ده‌درێن و وه‌كو جوڵه‌ى میكانیكانه‌، یان ده‌نگدانه‌وه‌ى جوڵه‌ى پۆپۆلیستی ده‌بینرێن و ده‌بیسترێن، رووكه‌شن و له‌ برى ئه‌وه‌ى به‌رهه‌می جوڵه‌و گۆڕانكارى ناوه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ بن، به‌رهه‌م و ده‌رهاوێشته‌ى گرێ و رق و كینه‌و بچووكی و شكستی كه‌سێتی نوخبه‌یه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا كه‌ پاڵنه‌رى خه‌ریكبوونی زۆربه‌یان به‌ حیزبایه‌تی و سیاسه‌ته‌وه‌ گرێ كه‌سیه‌كان و ئه‌و پاشخانه‌ ناته‌ندرووسته‌یه‌ كه‌ لێیه‌وه‌ هاتوون و ئه‌وه‌ش وایلێكردوون زۆرینه‌یان بوویه‌كی ئه‌گرێسیڤیان هه‌بێت و هه‌موو گرێكانی خۆیان بده‌ن به‌سه‌ر ئه‌وانی ترداو به‌ ناوى جۆراوجۆره‌وه‌ میلله‌ت سه‌رقاڵ بكه‌ن و شیرازه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی تێكبده‌ن و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بشێوینن و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و كاره‌سات و تراژیدیا ببه‌ن له‌برى گۆڕانكارى و گواستنه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی باشتر له‌وه‌ى ئێستا تێیدایه‌.
ئێستا به‌ربه‌ستی گه‌شه‌ى سرووشتی كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى ئه‌و هیزو نوخبه‌ سیاسیی رۆشنبیریه‌ نه‌ریتیه‌یه‌ كه‌ ناتوانێـت له‌ ره‌وتی راسته‌قینه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ تێبگات و به‌و پێیه‌ش ناتوانێـت خوێندنه‌وه‌ى واقیعیانه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى بكات، كه‌ ئه‌ویش دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا. یه‌كه‌م به‌ره‌ى خۆپارێزو به‌رژه‌وه‌ندى خۆپارێزو له‌ هه‌موو جوڵه‌یه‌كی درووست رووتكراوه‌و تێنه‌گه‌یشتوو له‌ پێداویستیه‌كانی ژیانی ئێستاى كۆمه‌ڵگه‌و نه‌توانینی بینینی رووبه‌ره‌ فراوانه‌كه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌و سه‌یركردنی هه‌موو شتێك له‌ روانگه‌ى ته‌سكی خۆیه‌وه‌، خۆی تێرو پڕو خاوه‌ن سه‌رمایه‌و ده‌ستگرتوو به‌سه‌ر كۆى پنته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیدارى و ئابوورىدا، كه‌ ئه‌م به‌ره‌یه‌ ئه‌وانه‌ن له‌ رێگاى ژیانى حیزبایه‌تی و شه‌رعیه‌تی شۆڕرشگێڕى به‌ تێگه‌یشتنی خۆیان و له‌ رێگه‌ى پێگه‌ى خێڵ و عه‌شیره‌ت و ئایین و مه‌زهه‌ب و ته‌ریقه‌ته‌وه‌ هاتوون و واقیعی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی و لاوازیى هوشیارى كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى رێگاى بۆخۆشكردوون كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ كۆنترۆڵی هه‌موو شتێك بكه‌ن. به‌ره‌ى دووه‌م ئه‌و بزووتنه‌وه‌ پۆپۆلیستانه‌ن كه‌ ئایینین یان به‌ناو عه‌لمانین كه‌ نوخبه‌ى سه‌روه‌ى ئه‌مانیش هه‌ر جیابووه‌وه‌كانی -مونشه‌قین-ی به‌ره‌ی یه‌كه‌من و له‌به‌ر زۆرهۆكار جیابوونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هۆكارى سه‌ره‌كی هه‌موویان بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌وه‌دا كۆده‌بێته‌وه‌ كه‌ نه‌گه‌یشتنیانه‌ به‌ پنه‌ته‌ یه‌كه‌مینه‌كانى كه‌ خه‌ونیان پێوه‌ بینیوه‌و له‌به‌رئه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و چه‌ندین گروپی پۆپۆلیستییان به‌ده‌ورى خۆیاندا به‌ ناوى گۆڕانكارى و عه‌داله‌ت و یه‌كسانی و ماف و هاووڵاتیبوونه‌وه‌ له‌خۆیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ش زۆربه‌یان له‌و جه‌ماوه‌ر یان گرپانه‌ن كه‌ له‌ زۆر له‌ پێداویستیه‌ مادى و مه‌عنه‌وییه‌كانی ژیان بێبه‌شكراون. به‌ڵام له‌ رووى گه‌وهه‌رو ماهیه‌ته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ر نوخبه‌ى سه‌ره‌وه‌ى ئه‌م به‌ره‌یه‌ كه‌ به‌شێكن له‌ نوخبه‌ نه‌ریتیه‌كه‌ رێكخه‌ره‌و به‌رنامه‌داڕێژه‌رى هه‌موو كاروجوڵه‌یه‌كن، سه‌رئه‌نجام وێنه‌ى له‌به‌رشۆراوه‌ى به‌ره‌ى یه‌كه‌م به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه‌. كه‌ ئه‌مانه‌ش به‌ هه‌ردوو به‌ره‌كه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى بیناكردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وى مادى و مه‌عنه‌وى كۆمه‌ڵگه‌ن و ناهاوڕێك و ناهاوتا له‌گه‌ڵ جوله‌َى كۆمه‌ڵگه‌و له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌شدا ده‌جوڵێن، بۆیه‌ هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ ئومێدى ئه‌وه‌یان لێناكرێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌ك بجوڵینن كه‌ به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌ش بێت. به‌ڵام دیاره‌ كۆمه‌ڵگه‌ خۆى له‌ هه‌موو ئه‌م جۆره‌ نوخبانه‌و له‌م بزووتنه‌وه‌ خۆپارێزو به‌رژه‌وه‌ندیپارێزو پۆپۆلیستانه‌ به‌هێزتره‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه‌ش به‌ گشتی به‌رهه‌می جوڵه‌ى نائاسایی كۆمه‌ڵگه‌ن، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی كارلێكی ناوخۆو گه‌شه‌ى سروشتی و كارابوونی مۆتیڤه‌كانی گۆڕانكاریدا بنه‌ماى شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڕه‌خسێـت و ئاماده‌ ده‌بێت و سه‌رئه‌نجام كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ناوه‌وه‌ڕا ده‌گۆڕێت و ئه‌م هێزه‌ رووكه‌شانه‌ كه‌ ره‌گ و ریشه‌یان كورته‌و شۆڕنه‌بووه‌ته‌وه‌ بۆ ناخی كۆمه‌ڵگه‌ ناتوانن خۆیان رابگرن و به‌ملاوئه‌ولادا ده‌كه‌ون و وشك ده‌بن و ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزه‌وه‌و كۆمه‌ڵگه‌ هێزى نوێی پێویست به‌ خۆى و به‌ گۆڕانكارى و به‌ ژیانی هاوچه‌رخ و سه‌رده‌میانه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنت و هه‌موو ئه‌م هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ئیفلیجانه‌ به‌جێده‌هێڵێت. واته‌ ده‌شێ به‌ربه‌سته‌كان جوڵه‌ى په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی خاوتر بكه‌نه‌وه‌ یان جوڵه‌ى له‌ رێ لادراو درووست بكه‌ن به‌ڵام ناتوانن بۆ هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئاستێكدا رابگرن یان ئاراسته‌ جوڵه‌ى به‌ره‌وه‌پێشوه‌چوونی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ لارێداببه‌ن. بێگومان په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ شێوه‌یه‌كی سرووشتی به‌ره‌و به‌رزترین ئاسته‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ بیگاتێ ئه‌ویش به‌رهه‌مهێنانی دامه‌زراوه‌ى ده‌وڵه‌ته‌. سه‌رئه‌نجام كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى به‌ره‌و دامه‌زارندنی ئه‌و دامه‌زراوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت و له‌ به‌رزترین ئاستی په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا ده‌گاته‌ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و دامه‌زراوه‌. سه‌رئه‌نجام ئه‌و ده‌سته‌و گروپ و هێزانه‌ى له‌ ئاراسته‌ى سرووشتی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌ لاده‌ده‌ن و وه‌كو به‌ربه‌ست له‌ رێگاى ره‌وتی سرووشتی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌وه‌ستن، هه‌ره‌س ده‌هێنن، یان پاسیڤ ده‌بن و ده‌پوكێنه‌وه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.