هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ ئینتیماى مه‌زهه‌بییان له‌ پێش هه‌موو ئینتیماو پرینسیپ و بنه‌ماكانی تره‌وه‌یه‌و هاومه‌زهه‌بێتی ته‌نانه‌ت ده‌كه‌وێته‌ پێش ئینتیماى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌وه‌، هه‌میشه‌ هه‌موو به‌هاكان له‌ پێناوى مه‌زهه‌به‌كه‌یاندا پێشێل ده‌كه‌ن. با لێره‌وه‌ كه‌مێك سه‌یرى ده‌سه‌ڵاتی مه‌زهه‌بی شیعه‌ بكه‌ین و له‌وێوه‌ سه‌یرى هه‌ڵوێستی ئێران بكه‌ین به‌رامبه‌ر به‌ كورد. بێگومان هه‌ڵوێستی داگیركه‌رانی ترى كوردستان هیچ له‌ ئێران باشتر نیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد، به‌ڵام له‌م وتاره‌دا باس له‌ هه‌ڵوێستی ئێرانی شیعه‌ ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ك پێشتر له‌ وتارێكدا باسی هه‌ڵوێستی توركیاى سیكولارو توركیاى ئیسلامیمان كردو ئه‌و دووانه‌شمان وه‌كو درێژكراوه‌ى شۆڤینستی كه‌مالیزم نیشاندا.
راسته‌ به‌ پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان كورد‌و فارس هاونه‌ژادن‌و مێژوونووسێكی دیاری وه‌كو شێخ موحه‌مه‌دی مه‌ردۆخی كوردستانیش ده‌ڵێت: ئێران سه‌رزه‌مینی فارس‌و كورده‌ پێكه‌وه‌و هه‌ركام له‌و دوو نه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌كیه‌ له‌ ئێران بكرێته‌وه‌ ئیتر ناتوانرێت به‌و سه‌رزه‌مینه‌ بگوترێت ئێران. ئاغای موحه‌مه‌دی خاته‌می كه‌ له‌ كاتی شاڵاوى هه‌ڵبژاردندا هاته‌ كوردستان له‌به‌رده‌می جه‌ماوه‌ردا رایگه‌یاند ئێران وڵاتی فارس‌و كورد‌و نه‌ته‌وه‌كانی تریشه‌. به‌ڵام ئه‌مانه‌ ته‌نیا قسه‌ن، كاتێ مامۆستا شێخ عیزه‌دینی حوسێنی له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی ئیسلامیدا به‌سه‌رۆكایه‌تی شاندی كوردی بۆ گفتوگۆ چوونه‌ شاری قوم‌و چاویان به‌ ئایه‌توڵای خومه‌ینی كه‌وت‌و نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ئه‌نجامێك، خومینی به‌ مامۆستا شێخ عیزه‌دینی گووت كوردو فارس هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌ ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كێشه‌ى جیاوازى مه‌زهه‌به‌، هه‌ر ئه‌و كاته‌ به‌ شێخ عیزه‌دینی گووت سه‌ربازه‌كانی ئێمه‌ دێنه‌ كوردستان‌و هه‌ركه‌سێكیان له‌و جیهاده‌دا شه‌یهد ببن خوێنه‌كه‌یان له‌ ئه‌ستۆی تۆیه‌، مامۆستا شێخ عیزه‌دینیش به‌ خومه‌ینی ده‌ڵێت ئێمه‌ ده‌چینه‌وه‌ كوردستان‌و هه‌ر سه‌ربازێكی ئێوه‌ بێته‌ كوردستان سه‌ربازی سوپای غازیه‌و خه‌باتی كورد به‌ دژیان غه‌زایه‌و هه‌ر كوردێكیش له‌و غه‌زایه‌دا بكوژرێت شه‌هیده‌.
ئه‌م پێشه‌كیه‌مان بۆ ئه‌وه‌ هێنایه‌وه‌ تا ئه‌وه‌ به‌یاد بهێنینه‌وه‌ كه‌ نه‌ هاونه‌ژادی‌و نه‌ هاوبه‌شی له‌یه‌ك نیشتیماندا له‌لای فارسه‌كان هیچ به‌هایه‌كی نییه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ى له‌ لای شیعه‌و له‌ گه‌وهه‌ری ته‌شه‌یوعدا گرنگه‌ هاومه‌زهه‌بیه‌و هه‌ركه‌سێكیش له‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ نه‌بێت له‌ روانینی شیعه‌وه‌ به‌ مرۆڤ دانانرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و بنه‌مایه‌یه‌ كه‌ له‌لای فارسه‌ شیعه‌كان، هه‌روه‌ك لاى هه‌موو شیعه‌ هاوشێوه‌ى هه‌موو داگیركه‌رانی كوردستان، بۆ سه‌یركردنی كورد جێگیره‌. كورد بێجگه‌ له‌ كرماشان و قه‌سرى شیرین و خانه‌قین و به‌دره‌و جه‌سان و هه‌ندێ شوێنی تر به‌گشتی سوونه‌ى شافیعیه‌و به‌ روانینی ناوه‌ندى لێكدانه‌وه‌و بڕیاری شیعه‌ى ئێرانی، كورد به‌گشتی و كوردى سوونه‌ نه‌یارو دوژمنی ئه‌وانی شیعه‌یه‌. خۆئه‌گه‌ر له‌هه‌ندێ باریشدا ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ مه‌زهه‌بی ئێران نه‌رمونیانیه‌كی به‌رامبه‌ر به‌ كورد نیشان دابێت ئه‌وه‌ بێگومان هه‌رگیز به‌و مانایه‌ نه‌بووه‌ كه‌ كوردیان خۆش ده‌وێت‌و پشتگیری ده‌كه‌ن به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی تریان له‌و مه‌سه‌له‌دا هه‌بووه‌. به‌ تایبه‌تی ئێران كوردى باشوورى ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ ویستووه‌ كه‌ پشتگیرى شیعه‌ى عێراق بكات به‌ دژى سوونه‌.
به‌گوێره‌ى هه‌ڵوێستی رژێمی ئێرانی به‌رامبه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ى كورد چ رژێمی پاشایه‌تی بووبێت یان رژێمی ئیسلامی هیچ جیاوازییه‌كیان له‌ نێواندا نییه‌؟ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ له‌سه‌روبه‌ندی روخاندنی كۆماری مهاباددا ئێران قازى و هاوه‌ڵه‌كانی له‌سێداره‌دا، پێشتریش له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌موو ئیتیكێك سمایل ئاغاى شه‌كاكیان شه‌هید كرد. له‌ دواى 14ى ته‌موزى 1958 و به‌ تایبه‌تی بۆ رێگاگرتن له‌ جێبه‌جێكردنی یاساى چاككردنی كشتوكاڵ، كه‌ خاوه‌ن موڵك و ئاغو به‌گ و شێخی كورد دژى ئه‌و یاسایه‌ بوون، ئێران له‌ رێگاى عیسا په‌ژمانه‌وه‌ ده‌ورى هه‌بووه‌ له‌ هاندانی كورددا بۆ به‌رپاكردنی بزووتنه‌وه‌ى چه‌كدارى دژى رژێمی عه‌بدولكه‌ریم قاسم و له‌و رووه‌شه‌وه‌ هانی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌وكاته‌ى پارتی دا و له‌بارودۆخێكدا كه‌ هیچ زه‌مینه‌سازیه‌ك بۆ شۆڕش نه‌بوو، ئاغاو خاوه‌ن زه‌وى كورد بۆ شكستهێنان به‌یاساى چاككردنی كشتوكاڵ ده‌ستیان دایه‌ چه‌ك و مه‌كته‌بی سیاسی پارتیش كه‌ ئێران كاریگه‌رى هه‌بوو له‌سه‌ریان كه‌ كاتی شۆڕشه‌و هه‌موو زه‌مینه‌سازیه‌ك كراوه‌، كه‌ له‌راستیدا تاكو ئێستاش له‌بارنه‌بوونی زه‌مینه‌ى ئه‌و كاته‌ بۆ راپه‌ڕینی چه‌كدارى كاریگه‌رى نێگه‌تیفی به‌جێهێشتووه‌. هه‌ر ئه‌و كاته‌ش له‌ سه‌روبه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئه‌یلولدا ئێرانیه‌كان بۆ دژایه‌تی گه‌لی كوردو بزووتنه‌وه‌كه‌ى‌و له‌ رێگای سیخوڕێكی وه‌كو عیسا په‌ژمانه‌وه‌ توانیان درزێكی گه‌وره‌ بخه‌نه‌ ریزی بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و كاته‌ى كورده‌وه‌و ئاسه‌واره‌ نێگه‌تیفه‌كانی ئه‌و پلانه‌ى كه‌ ئێران به‌رنامه‌ رێژى كردبوو یان بزووێنه‌ری بوو تاكو ئێستاش له‌ باشووری كوردستاندا كۆتایی نه‌هاتووه‌. هه‌مووشمان ده‌زانین كه‌ چۆن رژێمی ئێران له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا بۆ مه‌رامی خۆی پشتگیری بزووتنه‌وه‌ى كوردی له‌م به‌شه‌دا كردو دواتریش چۆن‌و به‌ چ شێوه‌یه‌ك هه‌موو ده‌رگاكانی له‌ رووى كورددا داخست‌و له‌ پێناوى هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا پشتی له‌ كورد كرد، كه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ رێكه‌وتنی ئه‌و كاته‌ى ئێران له‌گه‌ڵ عێراقدا له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا بۆ شكستهێنان به‌ بزووتنه‌وه‌ى كوردی بوو چونكه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هیچ شتێك كۆك نه‌بن ئه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگاگرتن له‌ داواكانی كورد‌و له‌ پێشكه‌وتنی كوردستان‌و هاوبیر‌و هاوستراتیژن.
سیاسه‌تی پاكتاوى ره‌گه‌زى عه‌ره‌ب و توركیش كه‌ بۆ له‌ ناوبردنی كورد جێبه‌جێیان كردووه‌و تاكو ئێستاش به‌رده‌ومن، سه‌لمێنه‌رى گه‌وهه‌رى دوژمنكارانه‌ى بوون و ماهیه‌تی تورك و عه‌ره‌به‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد كه‌ جیاواز نینه‌ له‌ تێڕوانین و هه‌ڵوێستی فارس به‌رامبه‌ر به‌ كورد.
له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونی یه‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كه‌ى كوردستان پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شیان داڕشت له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌یان كه‌ هه‌ر چه‌ند مانگ جارێك له‌ یه‌كێك له‌ پایته‌خته‌كانی خۆیان كۆده‌بوونه‌وه‌ بۆ رێكخستنی كاری هاوبه‌ش بۆ رووخاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و به‌ ئاشكراش ده‌زانین كه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ده‌وری كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌ هه‌ڵگیرساندنی جارێكی ترى شه‌ڕی ناوخۆی كوردستاندا ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی شكستهێنان به‌ ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردی له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ببێته‌ بنه‌مای سه‌ربه‌خۆیی‌و درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی. دیاره‌ كورد خۆیشی زۆر به‌ ساویلكانه‌ بووه‌ته‌ جێبه‌جێكه‌ری نه‌خشه‌و پلانه‌كانی ئه‌وانی داگیركه‌ر به‌ دژی برا كورده‌كه‌ى خۆی. ئه‌وه‌تا ئێستاش سه‌رباری بوونی به‌رژه‌وه‌ندى فراوانی ئابوورى توركیاو ئێران له‌ باشوورى كوردستاندا، ده‌بینین به‌ به‌رچاوى دنیاى ویژان تۆپیوو دیموكراتی و مافی مرۆڤی ساخته‌و پڕ له‌ درۆى رۆژئاواوه‌، ئه‌م دوو ده‌وڵ‌ته‌ شمولیه‌ تۆتالیتاره‌ داگیركه‌ره‌ى كوردستان به‌ ده‌نگی به‌رزو بێ شه‌رمانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ باشوورى كوردستان ده‌كه‌ن ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ى راپرسیه‌كی كردووه‌ تا به‌و پێیه‌ بڕیارى چاره‌نووسی خۆى بدات. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ هیچ كام له‌ رژێمه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان دۆستی كورد نین‌و ئه‌گه‌ر له‌ ساتێكیشدا جۆرێك له‌ نه‌رمی نیشان بده‌ن ئه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژی خۆیان ئه‌وه‌یان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت.
ئێستا ته‌نانه‌ت بۆ خه‌ڵكی ئاساییش ده‌ركه‌وت كه‌ داگیركه‌رانی كوردستان هه‌رگیز نابن به‌ دۆستی كورد و به‌رده‌وامیش هه‌وڵده‌ده‌ن رێگا له‌سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بگرن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ راستیه‌كی ره‌تنه‌كراوه‌یه‌ كه‌ هیچ هێزێك ناتوانێت بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ رێگاى له‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ بگرێت و سه‌رئه‌نجام كورد ده‌گات به‌سه‌ربه‌خۆیی و درووستكردنی ده‌وڵ‌تی سه‌ربه‌خۆى خۆى. به‌ڵام ده‌بێ كورد تێبگات كه‌ رق و دوژمنایه‌تی داگیركه‌رانی عه‌ره‌ب و تورك و فارس بۆ سه‌ربه‌خۆى كوردو پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی كوردى به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌و متمانه‌كردنیش به‌داگیركه‌ر جۆرێكه‌ له‌ ساویلكه‌یی، هه‌روه‌ك سه‌ركردایه‌تی كوردى به‌درێژایی مێژوو له‌ هه‌رچوارپارچه‌ى كوردستان باجی ئه‌م جۆره‌ ساویلكه‌یی و خۆش باوه‌ڕییه‌ى داوه‌. به‌هه‌رحاڵ ئێستاش كورد تێبگات كه‌ هه‌رگیز عه‌ره‌ب و تورك و فارس نابنه‌ دۆستی كورد هه‌رباشه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستاش گوێمان له‌ ده‌نگی ناسازى زۆر كورد ده‌بێت گۆرانی به‌ باڵاى ژیان له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی كوردستاندا ده‌ڵێن. بێگومان هه‌موو پاساوێك بۆ هه‌ڵوێستی پێكه‌وه‌ژیان و مانه‌وه‌ له‌سایه‌ى داگیركه‌راندا پوچه‌و سه‌رچاوه‌كه‌ى یان نه‌بوونی هه‌ست و هوشیارى نه‌ته‌وه‌ییه‌ یان گه‌ڕانه‌ به‌دواى به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تیدا، كه‌ له‌ هه‌ردوو باره‌كه‌شدا وێنه‌ى كه‌سێتیه‌كی لاوازو تێكشكاوى كوردى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. كه‌ ئه‌ویشی بوونی كه‌سێتیه‌كه‌ له‌بارێكی ئاشكراى هه‌ست به‌ بچووكی كردندا ده‌ژى و ناتوانێت له‌سه‌ر پێی خۆى رابووه‌ستێت و ناتوانێت له‌سه‌ر بنه‌ماى خۆجیاكردنه‌وه‌ له‌وى تر كه‌ لێره‌دا ئه‌وى داگیركه‌ره‌ ببێته‌ خاوه‌نی شووناس. به‌ڵێ عه‌ره‌ب و تورك و فارس یان عێراق و توركیا و ئێران و سوریا هه‌رگیز نابنه‌ دۆستی كورد، به‌ هیچ لۆجیكێك ناشێت جه‌لاد ببێته‌ دۆستی قوربانی، گورگ دۆستایه‌تی نێچیر بكات. ئه‌وه‌تا ئێستا كه‌ كورد هه‌نگاوێكی به‌ ئاراسته‌ى رێگاى راست بۆ بڕیاردانی چارنووسی خۆى هه‌ڵناوه‌ بزانه‌ چۆن عه‌ره‌ب و تورك و فارس ته‌نگاو بوون و هه‌ڕشه‌ له‌ بوون و ژیانی هه‌موو كورد ده‌كه‌ن. به‌ڵێ ئه‌مه‌ گه‌وهه‌رى عه‌قڵی داگیركه‌ره‌، به‌ تایبه‌تی داگیركه‌رانێك كه‌ خاوه‌نی كه‌لتوورى دواكه‌وتووى خێڵه‌كی و ئایینی و مه‌زهه‌بین.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت