عه‌تا قه‌ره‌داخی: یه‌كێتی له‌ نێوان حیزبی سه‌ركردایه‌تی به‌ كۆمه‌ڵ و حیزبی بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لالدا!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

پێشتر من چه‌ند جارێك به‌ درێژى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ى حیزب له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا دواوم و باسی ئه‌وه‌م كردووه‌ كه‌ حیزبی كوردى جێگره‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى خێله‌و سه‌رۆكی حیزب پێگه‌ى سه‌رخێڵی هه‌یه‌و مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیش پیاوماقوڵانی خێڵن. سه‌رخێڵی ژیرو لێزان پیاوه‌ عاقڵه‌‌كانی خێله‌كه‌ى له‌ده‌ورى خۆى كۆده‌كاته‌وه‌و پرس و ڕایان پێده‌كات. ره‌نگه‌ دامه‌زراوه‌ى حیزبی كوردى له‌برى ئه‌وه‌ى پشتی به‌ كه‌سانی ژیرو لێزانی حیزبه‌كه‌ى به‌ستبێت، زیاتر حه‌زى له‌وه‌ بووه‌ كه‌ كه‌سانێكی له‌ده‌وربن كه‌ به‌رده‌وام سه‌رده‌له‌قینن و به‌ڵێ ده‌كه‌ن و سه‌رۆك یان سكرتێر چی گووت ئه‌وانیش ره‌وایه‌تی پێده‌ده‌ن.
له‌ جوگرافیایى كوردستانی گه‌وره‌دا، پارتی نایشارێته‌وه‌و به‌ڵكو شانازیشی پێوه‌ ده‌كات كه‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانی له‌ لوتكه‌ى حیزبه‌كه‌یاندا بێت و هه‌مووان به‌ شانازیه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بۆ ئه‌وان گه‌وره‌ییه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌‌ى بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌وان قبوڵ بكات یان ئه‌وان به‌ ره‌عیه‌تی دڵسۆزى خۆى بداته‌‌ قه‌ڵه‌م.
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه‌ به‌ حیساب خۆى واداده‌نا حیزبی بنه‌ماڵه‌ نیه‌و مام جه‌لال له‌ خێزانێكی ئاساییه‌وه‌ هاتووه‌. ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی راست و درووسته‌و مام جه‌لال نه‌ كوڕى عه‌شیره‌تێكی دیاربوو، نه‌ كوڕى بنه‌ماڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ى شێخ یان به‌گ و ئاغاى كورده‌وارى بوو، به‌ڵكو ئه‌و پێگه‌یه‌ى كه‌ خۆى بۆ خۆیى درووست كردبوو به‌ ته‌نیاو به‌ كۆشش و لێهاتوویی خۆى، نه‌ك له‌ پێگه‌ى بنه‌ماڵه‌و عه‌شیره‌ته‌كه‌ى گه‌وره‌تر بوو به‌ڵكو له‌ پێگه‌ى زۆرێك له‌ عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌ گه‌وره‌كانی كوردیش دیارتر بوو. له‌ ناو حیزبیشدا ئه‌و توانا له‌بن نه‌هاتووه‌ى هه‌یبوو به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ر شوێن و پێگه‌و دامه‌زراوه‌یه‌كدا كاربكات به‌ زووترین كات ببێته‌ كه‌سی یه‌كه‌م. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش له‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى چل ساڵی رابردوودا كه‌سی یه‌كه‌می بێ هاوشانی یه‌كێتی نیشتیمانی بوو. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایلێكرد كه‌ دواى خۆى كه‌س به‌ شایانی ئه‌وه‌ نه‌زانێت شوێنی بگرێته‌وه،‌ بۆیه‌ تاوه‌كو پێش نه‌خۆشكه‌وتنیشی كه‌ ئه‌و سه‌رۆك كۆمارى عێراق بوو ئاماده‌نه‌بوو جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ خۆى دیارى بكات. هه‌تا خۆیشی ته‌ندرووست و چالاك بوو هیچ كه‌س له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ى خۆیی وه‌كو تاڵه‌‌بانیه‌كان و هیچ كه‌سیش له‌ بنه‌ماڵه‌ى مامۆستاو رابه‌ره‌ رۆحیه‌كه‌ى كه‌ مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بوو به‌هێرۆخانیشه‌وه‌ له‌ بوارى بڕیارى سیاسی یه‌كێتیدا ئاماده‌بوونیان نه‌بوو. به‌ڵام له‌ نه‌خۆشكه‌وتنیه‌وه‌ ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌وه،‌ واته‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لال خۆیی و له‌ بنه‌ماڵه‌ى مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه‌ ورده‌ ورده‌ بیستران و هێدى هێدى ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆر جومگه‌كانى ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیدا گرت، كه‌ بێجگه‌ له‌ هێرۆخان هیچیان پێگه‌یه‌كی حیزبی به‌رزى ئه‌وتۆیان نه‌بوو كه‌ پێگه‌كه‌یان بیانكاته‌ خاوه‌نی بڕیار. به‌ڵام له‌ ماوه‌ى سێ هه‌فته‌ى رابردوودا واته‌ له‌ كۆچی دوایی مام جه‌لاله‌وه،‌ بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانی به‌ قورساییه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌ركه‌وتن و له‌ كورترین كاتدا بوونه‌ دیارترین كه‌سانی یه‌كێتی نیشتیمانی. هه‌رچه‌نده‌ له‌ نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لاله‌وه‌ هێرۆخان وه‌كو كه‌سی یه‌كه‌می بڕیاربه‌ده‌ستی یه‌كێتی و له‌ هاتنی داعشیشه‌وه،‌ شێخ لاهور تاڵه‌بانی وه‌كو كه‌سی یه‌كه‌می یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ى بڕیارى سه‌ربازى یه‌كێتی ده‌ركه‌وتن. به‌تایبه‌تی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا له‌ كاتێكدا شێخ لاهور تاڵه‌بانی پێگه‌ى له‌ حیزبه‌كه‌یدا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتی بوو، به‌ڵام زیاتر له‌ نیوه‌ى مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی شوێنكه‌وتووى ئه‌وبوون و له‌ناو گه‌نجان و لاونیشدا جۆرێك له‌سه‌ر سامی به‌كه‌سێتی ئه‌م هه‌یه‌. له‌ پرسه‌ى خوالێخۆشبوو كاك نه‌وشیروان مسته‌فادا، لاهور شێخ جه‌نگی له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و له‌ ته‌سبیحه‌كه‌ى ده‌ستی و له‌ كۆنترۆڵكردنی فه‌زاى گشتی پرسه‌كه‌دا له‌ مام جه‌لال ده‌چوو. دواتریش له‌ مه‌راسیمی هێنانه‌وه‌و به‌خاك سپاردن و پرسه‌ى مام جه‌لالدا شان به‌شانی لاهور شێخ جه‌نگی، كوڕه‌ تاڵه‌بانیه‌كانی ت، له‌ناویاندا بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی و ئاراس شێخ جه‌نگی دیارو له‌به‌رچاو بوون و مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی كه‌وتبوونه‌ په‌راوێزیانه‌وه‌و ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مین هه‌نگاوى ئاشكراى به‌میراتكردنی- ته‌وریس- ى یه‌كێتی بوو بۆ مام جه‌لال. ئه‌مان توانیان گه‌وره‌یی و پێگه‌ى به‌هێزى مام جه‌لال له‌ پرسه‌كه‌یدا له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و بۆ زیاتر په‌رواێزخستنی جێگرى سكرتێرو سه‌رۆكی ده‌سته‌ى كارگێڕى و مه‌كته‌بی سیاسی سه‌ركردایه‌تی به‌كار بهێنن و له‌ پرسه‌كه‌دا وایاننیشاندا كه‌ مام جه‌لال له‌ سه‌رو حیزب و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌وه‌و ئه‌وه‌ مام جه‌لاله‌ گه‌وره‌یی به‌ یه‌كێتی به‌خشیووهو ئه‌و هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌ به‌ربڵا,ه‌ش جه‌ماوه‌رى مام جه‌لالن زیاتر له‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى یه‌كێتی یان ئه‌و مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تیه‌ بن.‌. ئه‌وه‌ش جۆرێك له‌ راستی تێدایه‌ چونكه‌ مام جه‌لال له‌ دواجاردا سكرتێرى حیزبێك بوو یه‌ك له‌سه‌ر شه‌شی كورسه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌ده‌ستهێنابوو، به‌ڵام به‌ چه‌ندین ئه‌وه‌نده‌ى ده‌نگده‌رانی ئه‌و هه‌ژده‌ كورسیه‌ به‌شدارى مه‌راسیمی به‌خاك سپاردن و پرسه‌كه‌یان كرد و به‌مه‌ش بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ى ئاسایی بوو كه‌ واى بۆبچن ئه‌وه‌ مام جه‌لاله‌ كه‌ كه‌سانێكی كردووه‌ به‌ خاوه‌نی ناو له‌ كوردستانداو ئه‌وه‌ مام جه‌لاله‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر كورد به‌ڵكو عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌شێكی فراوانیش له‌ دنیاى سیاسه‌ت ده‌یناسن و دان به‌ پێگه‌ى كه‌سێتی به‌رزى ئه‌ودا ده‌نێن. بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لال كه‌ یه‌كێتیش به‌ موڵكی مام جه‌لال ده‌زانن، خۆیان به‌خاوه‌ن حه‌ق و خاوه‌نی راسته‌قینه‌ى ئه‌و میراته‌ى مام جه‌لال ده‌زانن، بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕێیان نه‌كرد كه‌ چله‌ى مام جه‌لال ته‌واو بێت، خاوه‌ندارێتی ته‌واوه‌تی خۆیان بۆ یه‌كێتی نه‌ك راگه‌یاند به‌ڵكو به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماند. بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لال و ره‌عێته‌كه‌یان له‌ ناو مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی رازینه‌بوون ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ كرا. به‌رپرسه‌كانی كه‌ركوك كه‌ شوێنكه‌وتووى ماڵی مام جه‌لالن به‌ تایبه‌تی مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تیه‌كان هاوده‌نگ بوون له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لال سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی كه‌ركوك. هه‌ر بۆیه‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لال له‌ 16-10-2017 توانیان دوو گورز بووه‌شینن گورزێك له‌ نه‌یاره‌كانیان له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و گورزێكیش له‌بنه‌ماڵ‌ى بارزانی و پارتی كه‌ ده‌ركردنیانه‌ له‌ كه‌ركوك. راسته‌ قاسمی سلێمانی به‌شێك له‌ تۆڵه‌ى ئێرانی له‌ هه‌ڵوێسته‌ كه‌له‌ره‌قیه‌كانی مه‌سعود بارزانی كرده‌وه‌و یه‌كێتی و هاوپه‌یمانه‌كانی ئێستاى وه‌كو بوویه‌كی بێ ددان دایه‌وه‌ ده‌ستی عێراق و مه‌سعود بارزانی و پارتیش به‌ گۆشه‌گیرى و بێ چنگ به‌جێهێشت. ئه‌مه‌ بۆ ئێستا، له‌ روانگه‌ى مێژووى ململانێی نێوان مه‌لایی و جه‌لالیشه‌وه‌ ‌ ئه‌وه‌ لێدانێكی توونده‌ له‌ مه‌لایی، بۆیه‌ یه‌كێتیه ئینتیما جه‌لالیه‌كان به‌سه‌ركه‌وتنی گوره‌ى ده‌زانن. هه‌رچۆن پارتیه‌كان 31 ى ئاب به‌سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر جه‌لالیه‌تدا ده‌زانن. به‌ڵام گه‌وهه‌رى نه‌خۆشی عه‌قڵی سیاسی و حیزبی كوردى ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام بۆ سه‌ركوتكردنی نه‌یاره‌ كورده‌كه‌ى په‌نا بۆ ئه‌وانی دژى كورد ده‌بات.
به‌هه‌رحاڵ بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لال له‌ ده‌ركردنی پارتی له‌ كه‌ركوك به‌ پشتی حه‌شدى شه‌عبی و ئێران هه‌مان ئه‌و سیناریۆیه‌یان دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ له‌ 31 ى ئابدا مه‌سعود بارزانی بۆ ده‌ركردنی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر نووسه‌رو ده‌رهێنه‌رى بوو. هه‌روه‌ك هه‌مان ئه‌و سیناریۆیه‌یان دووباره‌ كرده‌وه‌ كه‌ مه‌لا مسته‌فاى بارزانی له‌ ساڵی 1964 مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ركردو پارتی كرد به‌ حیزبی بنه‌ماڵ‌ى بارزانی. ئێستا برازاو كوڕه‌كانی مام جه‌لال به‌ ته‌واوه‌تی بوون به‌ خاوه‌نی حیزب و مه‌كته‌بی سیاسیش بێجگه‌ له‌وانه‌ى كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وه‌لائی ته‌واوه‌تیان بۆ هێرۆخان و كوڕو برازاكانی مام جه‌لال به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماندووه‌، ئه‌وانی تر ئاینده‌یه‌كیان له‌ ناو یه‌كێتیدا نه‌ماوه‌ ته‌نیا له‌ یه‌ك حاڵه‌تدا نه‌بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچۆن كۆى مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ داخراوه‌كه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانی راوه‌ستاون و چاوه‌ڕوانی سۆزو ره‌حمه‌تی دوا تاكی ئه‌و بنه‌ماڵیه‌ن له‌ مه‌سعود بارزانیه‌وه‌ تا دوا منداڵیان. ده‌بێ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش ئه‌و واقیعه‌ قبوڵ بكه‌ن كه‌ ئیتر یه‌كێتی حیزبی بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لاله‌و كۆى بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لال له‌ناو بازنه‌كه‌دان و هه‌موو ئه‌وانی تر به‌ جێگرى سكرتێرو سه‌رۆكی ده‌سته‌ى كارگێرى و مه‌كته‌بی سیاسیه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌كه‌ن و هه‌مووشیان پێگه‌و جێگه‌یان له‌ ناو یه‌كێتیدا ده‌كه‌وێـته‌ دواى داو نه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لاله‌وه‌. له‌بارێكی وه‌هاشدا ئیتر كارى مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كه‌ ئه‌وسا پێیان وابوو ئازادى بیرو روانین هه‌یه‌ له‌ ناو یه‌كێتیدا، ده‌بێته‌ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی ناو بازنه‌كه، واته‌ ناوبازنه‌كه‌ سنووره‌كانی ئازادى هه‌موو سیاسه‌تێكی یه‌كێتی دیارى ده‌كات‌. به‌ڵێ ئه‌مه‌ش لوتكه‌ى قۆناغی به‌میراتیكردنی یه‌كێتی نیشتیمانیه‌. بۆیه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ى له‌ ناو مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا كه‌ به‌م سه‌ره‌تا نوێیه‌ى دواى كۆچی دوایی مام جه‌لال رازینین، كه‌ گوایه‌ نابێت یه‌كێتی بكرێت به‌ حیزبی بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانی، له‌به‌رده‌م دوو رێگادان: یان قبوڵكردنی ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ دواى مام جه‌لال یه‌كێتی حیزبی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌تی و ئه‌وان بڕیارده‌ده‌ن و حیزب به‌ڕیۆه‌ده‌به‌ن و ئه‌وان به‌رپرسن له‌ وردودرشتی حیزب و ئه‌مانیش له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و بازنه‌ى باسمانكرد ئه‌گه‌ریش بنه‌ماڵه‌‌ى مام جه‌لال قبوڵیان بكه‌ن، ده‌بێ جێبه‌جێكه‌رى فه‌رمانه‌كانی بنه‌ماڵه‌‌ى مام جه‌لال بن، هه‌روه‌كو چۆن هه‌موو پارتی جێبه‌جێكه‌رى فه‌رمانی بنه‌ماڵه‌ى بارزانین. هه‌روه‌ك ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی كۆنگره‌ ببه‌ستێت زۆرینه‌ى هه‌ره‌ زۆرى مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئێستاى یه‌كێتی به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ى دان به‌ سه‌روه‌رێتی كوڕه‌ تاڵه‌بانیه‌كاندا نانێن بكرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تیه‌كی گونجاو بۆ قۆناغی ئێستاى حیزبه‌كه‌یان هه‌ڵبژێرن له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ بنه‌ماَڵه‌ى تاڵه‌بانیان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قبوڵه‌. یان ئه‌وه‌تا وه‌كو دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح بڕیارى خۆیان بده‌ن و رێگایه‌كی تر هه‌ڵبژێرن. به‌هه‌رحاڵ بۆ ئێمه‌ى هاووڵاتی دواى ئه‌م شكسته‌ ئه‌وه‌ى گرنگه‌ عیبره‌ت وه‌رگرتنی ئه‌م نوخبه‌ سیاسیه‌یه‌ له‌و هه‌موو هه‌ڵه‌‌و كاره‌ نادرووسته‌ى به‌رامبه‌ر به‌م میلله‌ته‌ چاره‌ڕه‌شه‌ ده‌یكه‌ن و كوردایه‌تیشی پێده‌فرۆشن. به‌ڵام كاركردنی شكستخواردووى له‌م جۆره‌ى یه‌كێتی و پارتی، پێموایه‌ ئه‌گه‌ر زۆریشی پێ بچێت ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ى سه‌رئه‌نجام میلله‌ت زه‌نگی ترسناكیان بۆ لێبدات چونكه‌ قۆناغی مێژووییان به‌ره‌و به‌سه‌رچوون ده‌چێت. قۆناغی مه‌لا مسته‌فا به‌ به‌یانی ئازارى حه‌فتاو حوكمی زاتی كۆتایی هات. قۆناغی یه‌كێتی و پارتی دوا پله‌ى په‌ره‌سه‌ندنی گه‌یشتن به‌ فیدراڵی بوو. به‌رزترین لوتكه‌ى مێژووى مه‌سعود بارزانی پێموایه‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بوو. دیاره‌ خه‌ڵكی هه‌رچی بڵێت له‌سه‌ر ریفراندۆم و ئه‌نجامه‌كه‌ش هه‌رچی بێت. بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌رى خه‌ڵكی باشوورى كوردستان به‌ عێراق و دنیایان گووت ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆییمان ده‌وێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ دنیاى بڕیاربه‌ده‌ست واته‌ دنیاى گورگه‌كان و دنیاى سه‌ركردایه‌تی لاوازى كوردیه‌ ناتوانن دان به‌و مافه‌ ره‌وایه‌ى گه‌لی كورددا بنێن و ده‌وڵه‌تی بۆ درووست بكه‌ن. ئێستا خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی به‌سه‌ربه‌خۆیی داوه‌ كه‌ هیچ كام له‌م دوو حیزبه‌ ناتوانن ببنه‌ بكه‌رى سه‌ربه‌خۆیی. بۆیه‌ شتێك نه‌ماوه‌ ئه‌مان بیكه‌ن. ده‌بێ عه‌قل و بیرو روانینێكی نوێ بێت كه‌ بتوانێت ببێته‌ بكه‌رى ئه‌و قۆناغه‌ى له‌ دواى فیدراڵیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك قۆناغی ئه‌م جۆره‌ حیزبه‌ به‌سه‌رچووه‌. باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاشی نزیكه‌ى چل ساڵ یه‌كێتی نیشتیمانی له‌ حیزبێكی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ ده‌بێت به‌ حیزبیكی ترو ته‌وریس ده‌كرێت بۆ حیزبی بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانی‌ و له‌و رووه‌وه‌ ده‌بێته‌ هاوشێوه‌ى پارتی وه‌كو حیزبی بنه‌ماڵه‌ى بارزانی.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
عەتا قەرەداخی

About عەتا قەرەداخی