هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

سه‌رله‌نوێ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى بارزانى، هیچ شۆكێكى به‌دواى خۆیدا نه‌هێنا، چونكه‌ گره‌وكردن له‌سه‌ر گۆڕانى دنیابینى‌ و تێفكرینه‌كانى، خه‌یاڵێكه‌ كه‌س تێیدا براوه‌ نابێت، چونكه‌ ئیدى سروشتى ئه‌و پیاوه‌ له‌پاش ئه‌و شكسته‌ش كه‌ به‌هۆى سه‌ركێشیه‌كانى ریفراندۆمه‌وه‌ روبه‌ڕووى خۆى ‌و هه‌رێمى كرده‌وه‌، نه‌ك گۆڕاوه‌، به‌ڵكو به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌پێی لۆژیكى تۆڵه‌كردنه‌وه‌و به‌شینه‌وه‌ى تۆمه‌ت‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ناو هاوكێشه‌كان ده‌یهه‌وێت جارێكى تر خاك‌و خه‌ڵك بخاته‌وه‌ به‌ر تاقیكردنه‌وه‌ى مه‌ترسیدارى دیكه‌وه‌.
گره‌وكردن له‌سه‌ر وه‌رگۆڕانى بارزانى له‌ پیاوێكه‌وه‌ كه‌ ته‌نها توڕه‌یی له‌ خه‌یاڵیدایه‌ بۆ سیاسییه‌ك كه‌ تێبگات نشوستى سه‌ر هه‌رێم ئۆباڵه‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆى ئه‌وه‌، ئه‌سته‌مه‌، چونكه‌ هێشتاش وه‌ك له‌ گوتاره‌كانیدا خۆى به‌رجه‌سته‌ ده‌كات سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ جیهان پشتى لێكردووه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ى پشتى له‌ لۆژیك‌و سیاسه‌تى دووربینى‌و ئامۆژگارییه‌كانى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى كرد خۆى بوو، ئه‌وه‌ بارزانى بوو نه‌یتوانى هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و پشتیوانى جیهانیى بۆ عه‌بادى بخوێنێته‌وه‌و به‌گوێی دۆسته‌كانى نه‌كرد، گرفتى ئه‌و پیاوه‌ له‌ سه‌ركێشییه‌كانى رابردووى ئه‌و سوپا راوێژكاره‌ ناوخۆییه‌ زه‌ردانه‌و ئه‌و خانه‌نشینكراوه‌ بیانیانه‌ بووه‌ كه‌ (عه‌بدولبارى عه‌توان) ناویناون (بائع الاوهام)، ئیدى لێره‌وه‌یه‌ بارزانى بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیاریه‌تى سه‌ركێشییه‌كه‌ى، ده‌یهه‌وێت جارێك به‌رگری له‌ دروستى هه‌نگاوه‌كه‌ بكات‌و جارێكیش جیهان به‌ پشتكردنه‌ مافی گه‌لان‌و په‌شیمانبوونه‌وه‌ له‌ په‌یمانه‌كان تۆمه‌تبار بكات، ئاخر ره‌وایی ئه‌و تێفكرینه‌ له‌كوێدایه‌، ملى نه‌ته‌وه‌یه‌ك بخه‌یته‌ به‌رده‌مى نێزه‌ى ئه‌و هه‌موو دوژمنه‌وه‌، به‌ پشتبه‌ستن به‌ وه‌همێك كه‌ پێتوابێت جیهان بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت‌و پارچه‌كردنى عێراق له‌گه‌ڵتایه‌.
بارزانى باجه‌كه‌ى دا، به‌ڵام پێناچێت باجى خاك‌و خه‌ڵك ئاوا ئاسایی بیربچێته‌وه‌، چونكه‌ ئیدى سه‌ربارى له‌ده‌ستچوونى جوگرافیاو شكۆى نشتیمانى، نه‌ك هه‌ر ئاسۆیه‌ك بۆ چاره‌سه‌رى‌و دانوستانى راسته‌قینه‌ له‌گۆڕێدا نییه‌، به‌ڵكو به‌دوباره‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى بارزانى‌و به‌رده‌وامیدانى له‌سه‌ر گوتارى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌شێت ئومێده‌كانى چاره‌سه‌ریی ریشه‌یی لاوازتر بكات، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌چه‌ند رۆژى رابردوو له‌چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌و دانیشتنى بارزانى له‌گه‌ڵ ئۆرگانه‌ ناوخۆیی‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌هه‌مان نه‌فه‌س‌و بیركردنه‌وه‌و دڕدۆنگى پێشتره‌وه‌ ویستویه‌تى روئیاى خۆى به‌یان بكات‌و بیسه‌پێنێت. ئه‌وه‌ى بارزانى ده‌یهه‌وێت وه‌ك ئیراده‌ى خه‌ڵكى كوردستان جارێكى دیكه‌ بیسه‌پێنێ، له‌و چه‌ند هه‌نگاوه‌ به‌ده‌رنییه‌.
1- ته‌رحكردنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌، به‌سه‌رێكدا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پۆست‌و دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم سه‌رله‌نوێ ببوژێنێته‌وه‌ چ له‌رێی دوباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى خۆى له‌رێگه‌ى هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆوه‌ یانیش دانان‌و كاندیدكردنى كه‌سێكى جیاواز له‌ نێچیرڤان بارزانى، بۆ ئه‌وه‌ى باڵانسی هێزى ناوخۆیی پارتى به‌زیان بۆ داهاتووى بارزانى‌و خانه‌واده‌كه‌ى نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌سه‌ره‌كه‌ى دیكه‌شدا ده‌خوازێت ئه‌و حه‌ماسه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ى خه‌ڵك بۆ ریفراندۆم‌و توڕه‌یی هاونشتیمانیان له‌ره‌فتاره‌كانى حه‌شدی شه‌عبی‌و سوپاى عێراق له‌پێناو سه‌رخستنى لیستى پارتى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان مسۆگه‌ر بكات.
2- له‌په‌یوه‌ست به‌پرسی دانوستان‌و گفتوگۆى بێ مه‌رج له‌گه‌ڵ عێراق بارزانى ناخوازێ بكه‌وێته‌ سه‌ر رێڕه‌وى خۆى، چونكه‌ به‌سه‌رێكدا هه‌ر دانوستانێك خۆى تێیدا جه‌مسه‌رو سه‌نته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ نه‌بێت په‌سه‌ند ناكات‌و هه‌میش نایهه‌وێت له‌سایه‌ى دانوستانه‌وه‌ دۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان تا دواى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئاسایی بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى سه‌نگى سیاسی یه‌كێتى له‌كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى دیكه‌، خه‌مساردى نوێنه‌رانى ئه‌وانیش له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك هه‌ر ئه‌و مه‌به‌سته‌ى له‌پشته‌و شتێكى دیكه‌ نییه‌.
3- سروشتى بارزانى، سروشتێكه‌ له‌جێی داننان به‌شكست‌و به‌خۆداچوونه‌وه‌ به‌گیانى توڕه‌یی‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ره‌فتار ده‌كات، هێزه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان ده‌مێكه‌ باجی ئه‌و سروشته‌ى ئه‌ویانداوه‌، ئێستاش له‌په‌یوه‌ست به‌داهاتووى په‌یوه‌ندی كوردو عه‌ره‌ب له‌ عێراقدا به‌هه‌مان لۆژیك‌و توڕه‌یی‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌یهه‌وێت ئاراسته‌ى سیاسه‌تى فه‌رمى هه‌رێم بكات، له‌كاتێكدا كارته‌كانى كورد ئێستا هێنده‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌بی سه‌رده‌ستى عێراقی هێنده‌ لاوازن به‌رگه‌ى ئه‌و سه‌ركێشیه‌ نوێیه‌ى بارزانى ناگرێت.
4- وه‌ك باسده‌كرێت‌و هه‌واڵه‌كان دزه‌ ده‌كه‌ن، بارزانى له‌تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌پشت لێكردنى توركیا‌و وڵاتانى دیكه‌ى كه‌نداو نیگه‌رانه‌و ئه‌مجاره‌ به‌ چه‌شنێكى دیكه‌ ده‌یهه‌وێت له‌سه‌ر جه‌مسه‌رێكى دیكه‌ى هه‌رێمیی خۆی ساغ بكاته‌وه‌، ئه‌و سیاسه‌ته‌ كه‌ ته‌واوى هێلكه‌كانت بخه‌یته‌ سه‌به‌ته‌ى هێزێكى هه‌رێمییه‌وه‌، به‌هه‌مان پێودانگى راده‌ستبوونى پارتى‌و بارزانى به‌توركیا هه‌ڵه‌و مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ پێگه‌ى هه‌رێم زۆر له‌وه‌ لاوازتره‌ كه‌ تواناى به‌رگه‌گرتنى ململانێ هه‌رێمییه‌كانى هه‌بێت.
ئێستا كاتى راگرتنى بارزانییه‌، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌بێت له‌نێو پارتییه‌وه‌ ده‌ست پێبكات‌و یه‌كێتى‌و هێزه‌كانى دیكه‌ش رێ نه‌ده‌ن، وه‌ك زه‌مه‌نى ریفراندۆم جارێكى تر چاره‌نوسمان به‌ توڕه‌ییه‌كى تر بسپێرێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت