هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

له‌راستیدا ئه‌و هه‌وڵه‌ى دوێنێ شه‌و له‌ژێر ناوى ده‌سپێشخه‌ریی بۆ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان وه‌ك مژده‌ به‌خه‌ڵك فرۆشرایه‌وه‌، هیچ نییه‌ له‌ قه‌رزێكى كۆنى پارتى به‌رامبه‌ر خه‌ڵك‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان، كه‌ پاش ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ ئێستا له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆى‌و له‌ژێر فشارى هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌یهه‌وێت به‌ قیست بیداته‌وه‌، به‌ڵام راستییه‌كه‌ى له‌عافواتى ده‌سه‌ڵاتیش ده‌چێت، چونكه‌ پارتى ده‌مێكه‌ په‌رله‌مان به‌دوكانێك تێگه‌یشتووه‌و كه‌ى بیخوازێت ده‌ڕه‌باكه‌ى داده‌ته‌وه‌و كه‌ى بیشیهه‌وێت قفڵه‌كه‌ى ئه‌و ده‌ڕه‌بایه‌ ده‌شكێنێ‌و په‌رله‌مانتارانیش وه‌ك راكردوان له‌یاسا جارو بار به‌مه‌كره‌مه‌ى قائید به‌ر عافوات ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى به‌دیدارى ئه‌و پایته‌خته‌ شاد ببنه‌وه‌ كه‌ له‌خه‌ڵكه‌ى خۆشی حه‌رامكراوه‌.
پاش ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ له‌ په‌كخستنى په‌رله‌مان‌و دواى ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ سیاسیی‌و ئابووری‌و یاساییه‌ى به‌ره‌نجامى ئه‌و پرۆسه‌ى زه‌وتكردنى ئیراده‌ی په‌رله‌مانتاران پارتى كردوویه‌تى، له‌برى سزادانی میللی یانیش به‌خۆداچوونه‌وه‌و داواى بوردن، تازه‌ به‌تازه‌ ده‌یهه‌وێت بۆ كارابوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان مه‌رج دابنێت، ئاخر پارتى ئه‌گه‌ر لاوازى ركابه‌ره‌كانى نه‌بێت، ئه‌و هێزه‌ى نییه‌ تواناى سه‌پاندنى مه‌رجى هه‌بێت، ئه‌و هێزه‌ له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆو هه‌رێمیی‌و نێوده‌وڵه‌تى له‌و دۆخه‌دا نییه‌ هێزى ئه‌وه‌ى هه‌بێت ئیراده‌ى به‌سه‌ر خه‌ڵكى كوردستان‌و هێزه‌كانیدا بسه‌پێنێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا په‌كخستنى په‌رله‌مان‌و مانه‌وه‌ى بارزانى به‌ناشه‌رعى له‌سه‌ر كورسی حوكم، یه‌كێك له‌و گرفت‌و به‌ربه‌سته‌ سیاسیی‌و ئیحراجییه‌ گه‌ورانه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ روبه‌ڕووى پارتى‌و بارزانى ده‌كرێته‌وه‌.
خۆشباوه‌ڕییه‌كی گه‌وره‌یه‌ پێمانوابێت ئه‌وه‌ى دوێنێ رویدا له‌ده‌ستپێشخه‌رى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان ویستى پارتى بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى روویدا ده‌ق به‌ره‌نجامى ئه‌و فشاره‌ ناوخۆییه‌ بوو كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌به‌رامبه‌ر به‌شداریكردن‌و ره‌زامه‌ندى وه‌فدی یه‌كێتى له‌سه‌ر دیاریكردنى واده‌ى ریفراندۆم پێش كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌میدیاكاندا ره‌نگیدایه‌وه‌، به‌و مانایه‌ى ئه‌وه‌ى پارتى ناچاركرد، مه‌ترسیی پاشه‌كشه‌كردنى یه‌كێتى‌و خۆهه‌ڵپه‌ساردنى بوو له‌لیژنه‌كانى ریفراندۆم، له‌ودۆخه‌شدا ئه‌و ئیحراجییه‌ سیاسییه‌ى بۆ پارتى دێته‌ كایه‌وه‌، زۆر له‌ئیحراجییه‌كه‌ى قفڵكردنى په‌رله‌مان گه‌وره‌تره‌، هه‌ربۆیه‌ش له‌گه‌ڵ ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و ویسته‌ ناچارییه‌ى پارتى له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌، ئێستا دۆخێكى نوێتر كه‌ ده‌شێت سازشی زیاترى پارتى به‌دواوه‌ بێت، دێته‌ پێش، به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ نوێیه‌، پێویستى به‌گوتارێكى رونترو یه‌كگرتووترى یه‌كێتى‌و هۆشیارییه‌كى پترى راى گشتى هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخه‌ له‌وه‌ زیاتر بێ په‌رله‌مان سه‌ربكێشێت، هه‌موومان شتى گه‌وره‌ له‌ده‌ستده‌ده‌ین.
رۆژانى داهاتوو، تا له‌ریفراندۆم نزیك ده‌بینه‌وه‌، پارتى زیاتر ده‌كه‌وێته‌ ژێر فشار، فشارى هه‌رێمیی‌و نێوده‌وڵه‌تى‌و ناوخۆیی، ئه‌گه‌ر وه‌ك جاره‌كانى تر به‌سه‌ركێشی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ فشارو پێشهاته‌كان بكات، ئه‌وه‌ رێگاكه‌ى قورستتره‌و ئه‌گه‌ریش به‌حیكمه‌ت‌و بێ مه‌رج وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى پێشترى مه‌سعود بارزانى كه‌ زوو لێی په‌شیمان بوونه‌وه‌، هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ گۆڕأنكاریی بگرێته‌وه‌، ده‌كرێت فشار له‌سه‌رى كه‌متر بێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت