هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

كاتێك شێركۆ بێكه‌س نووسی “پرشنگی خۆر ده‌ستگیر ناكرێت”، زۆرێك گره‌ویان له‌سه‌ر پوكانه‌وه‌ى كه‌سێتى كاریزمی ئۆجه‌لان ده‌كرد له‌نێو زیندانه‌كانى توركیادا، به‌ڵام ئه‌و نه‌ك رووناكى بیرو هزری له‌نێو ئیمرالی له‌ده‌ستنه‌دا، به‌ڵكو له‌رێی “به‌رگریكردن له‌گه‌لێك”، “مانفیستۆى چاره‌سه‌ری دیموكراسیی”‌و “له‌ده‌وڵه‌تى راهیبی سۆمه‌ره‌وه‌ به‌ره‌و شارستانیه‌تى دیموكراسیی”، نه‌ ته‌نێ گۆشه‌یه‌كى زیندان، به‌ڵكو جوگرافیاى ناوچه‌كه‌شی به‌تێزه‌ سیاسییه‌كانى رۆشنكرده‌وه‌. ئه‌وده‌مه‌ش مام نه‌خۆشكه‌وت، زۆرێك گره‌ویان له‌سه‌ر مه‌رگ‌و كۆتایی یه‌كێتى ده‌كرد، به‌ڵام چاویلكه‌ى پڕ نورى تاڵه‌بانى‌و عه‌سا پڕ سیحره‌كه‌ى ده‌ستى، نه‌ك هه‌ر یه‌كێتى به‌ره‌و پوكانه‌وه‌ نه‌برد، به‌ڵكو وه‌ك رێنیشانده‌رى راسته‌قینه‌ بۆ یه‌كێتییه‌كان جوگرافیاى تێفكرینى هه‌مووانى رۆشنكرده‌وه‌، ئێستاش كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ ئه‌به‌د ماڵئاوایی ده‌كات، ئه‌وه‌ى ده‌مرێت جه‌سته‌یه‌تى، رۆح‌و بیركردنه‌وه‌و مۆمه‌كه‌ى بیرو هزرى رۆشنایی بۆ هه‌میشه‌ له‌دنیابینى سیاسیی‌و مۆڕاڵ‌و كه‌سێتیماندا ده‌هێڵێته‌وه‌.
سێكۆچكه‌ى شكۆ، تاڵه‌بانى‌و ئۆجه‌لان‌و نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌راستیدا له‌ یه‌كده‌چن، ئه‌وان پێكه‌وه‌ له‌و خه‌سڵه‌ته‌ سروشتى‌و خواكردانه‌ هاوبه‌شن كه‌ ته‌نها به‌هۆى توانا رۆحی‌و فكریی‌و جه‌سته‌ییه‌كانى خۆیانه‌وه‌ بوونه‌ كاریزما، له‌وه‌ تێپه‌ڕیوون كه‌ ته‌نێ سه‌ركرده‌و رابه‌رێكى ئاسایی لۆكاڵی بن، ته‌نها جه‌نگاوه‌رێكى مه‌یدانه‌كان‌و خوێنده‌وارو رۆشنفكرێكى ئاسایی نین، ئه‌وان له‌وه‌ته‌ى له‌دایكبوون، وه‌ك چۆن (یالچین كوچوك) له‌داستانى ژیانه‌وه‌دا مناڵی ئۆجه‌لانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌و شێخ جه‌نگیش له‌دیدارێكیدا لاویه‌تى مام باس ده‌كات‌و تاڵه‌بانیش چۆن له‌چه‌ندین سه‌رچاوه‌و گرته‌ى ڤیدیۆیی گه‌نجیه‌تى نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌وه‌ته‌ى له‌دایكبوون رابه‌رن، له‌وه‌ته‌ى ده‌ژین سه‌ركرده‌ن، له‌وه‌ته‌ى سیاسه‌تیش ده‌كه‌ن كاریزمان، ئه‌وان هه‌ر سێكیان پێكه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ى ناسنامه‌ى خانه‌واده‌كانیان ته‌وزیفی سیاسه‌ت بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ى شۆڕش وه‌ك میراتى خێزانیی بۆیان مابێته‌وه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ى سامان له‌جوانكردنى وێنه‌ى خۆیان به‌كار بێنن، شه‌قام هه‌میشه‌ ده‌ستی بۆیان له‌سه‌ر سنگه‌و پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلاو شه‌رڤان سنگى بۆیان ده‌خاته‌ به‌رده‌م گولله‌ى پارێزگارى له‌باوه‌ڕیان.
ئه‌وه‌ى بۆ گیرانى ئۆجه‌لان له‌ سلێمانى‌و مهاباد‌و ئامه‌دو به‌رلین ئاگرى له‌جه‌سته‌ى خۆی به‌ردا، ئه‌وه‌ى بۆ نه‌خۆشكه‌وتنى تاڵه‌بانى باوك له‌سوچێكى مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ ده‌ست به‌دوعا رووى له‌ ئاسمان ده‌كردو ئه‌و پیاوه‌شی قوڕى بۆ مه‌رگى نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌پێوا، ئه‌وانه‌ نه‌بوون كه‌ ویست‌و ئیراده‌یان به‌ سامانى دزراوى وڵات كڕدرابێت، به‌ڵكو ئه‌و شوێنكه‌وتووه‌ ساڵحانه‌ن كه‌ ئه‌وینى رابه‌ر هه‌موو شتێكى بیر بردوونه‌وه‌، ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ پڕ مۆڕاڵ‌و ئاكارانه‌ن كه‌ ناتوانن له‌دوورى كاریزماكانى خۆیان ژیان بكه‌ن‌و بیربكه‌نه‌وه‌. ئاخر میحنه‌تى ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ى ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ كاریزما‌و سمبوله‌كانى، هه‌ر زوو نه‌خۆشی‌و زیندان‌و مه‌رگ لێناگه‌ڕێت ده‌ستى نه‌ته‌وه‌كه‌یان به‌ره‌و ئارامییه‌كى گه‌وره‌تر بگرن.
له‌راستیدا مه‌رگى نه‌وشیروان مسته‌فا، دوا ئه‌ڵقه‌ى ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌یه‌ كه‌ كورد له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكدا روبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌، پێش ئه‌و نه‌خۆشكه‌وتنى مام به‌شێك له‌ جه‌سته‌ى ئه‌و هه‌رێمه‌ى له‌په‌لوپۆخست‌و به‌رله‌ویش زیندانیكردنى ئۆجه‌لان به‌شێكى دیكه‌، به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌و میحنه‌ته‌ گه‌وره‌ش، چونكه‌ مام‌و ئاپۆو نه‌وشیروان مسته‌فا چونكه‌ مرۆڤیی ئاسایی نین، ده‌توانن كۆسته‌كانیش وه‌رگۆڕن بۆ سه‌ركه‌وتن، به‌رۆح‌و بیرو ئه‌زموونیان ده‌كارن مه‌ینه‌تیه‌كانیش بگۆڕن بۆ باڵاكردن، هه‌ربۆیه‌ش سه‌ربارى شینگێڕان‌و خه‌مى قوڵى ئێمه‌، وه‌ك چۆن رۆشنایی بیرى ئۆجه‌لان ئێستا سه‌ربارى ئه‌زمونى جه‌نگى پیرۆزى گه‌ریلا، رۆژئاواشی وه‌ك جوگرافیایه‌كى جێ شانازى لێكه‌وتۆته‌وه‌و روناكى‌و گه‌وره‌یی ئه‌زموونى مامیش یه‌كێتى‌و باشوورو رۆژئاواشی له‌ژێر سایه‌ى حیكمه‌ت‌و فه‌زیڵه‌ى سیاسیدا به‌ ئارامی هێشتۆته‌وه‌، به‌و چه‌شنه‌ش رۆحى كاكه‌ نه‌وه‌، یه‌كێتى نێو ماڵى هێزه‌ راست‌و دروسته‌كان، خه‌ون‌و ئامانجى راست‌و دروست بۆ حوكمڕانیه‌كى ته‌ندروست ده‌گه‌یه‌نێته‌ كه‌نارێكى ئارام.
یه‌كێتییه‌كان ئێستا چونكه‌ له‌رووى مێژوویی‌و سیاسیی‌و دنیابینییه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تى ئه‌و سێكوچكه‌ى شكۆیه‌ ده‌كه‌ن، له‌هه‌مووان ئه‌ركیان قورستتره‌، بارگرانیه‌ گه‌وره‌كه‌ى ئه‌و قۆناغه‌، وه‌ك چۆن له‌رابردوودا له‌رێی (لاهور تاڵه‌بانی)یه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر پاراستنى ئه‌زموونى رۆژئاواو باشوور په‌یڕه‌وكراوه‌، ئه‌ویش له‌پێناو پاراستنى حیكمه‌تى مام‌و ئۆجه‌لان، له‌مه‌ودواش به‌و نه‌فه‌سه‌ پێویسته‌ خه‌ونه‌كانی نه‌وشیروان پارێزگاریی لێبكرێت، ئه‌و جه‌نه‌ڕاڵ‌و سیاسیه‌ش كه‌ رۆڵى ئه‌و ئه‌ركه‌ مێژووییه‌ى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، بێگومان پڕ چه‌كه‌، به‌چه‌كى بیری ئۆجه‌لان‌و حیكمه‌ت‌و ئه‌زموونى مام‌و پشودرێژی‌و جه‌ساره‌تى نه‌وشیروان، ئه‌و ئاڵایه‌ ره‌نگینه‌، كه‌ چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ى تاڵه‌بانى‌و مۆمه‌كه‌ى كاكه‌ نه‌وه‌و بیرى ئۆجه‌لانی له‌خۆى ده‌كرێت خۆشی وه‌ك سیمبول‌و كاریزمایه‌ك خۆشه‌ویستی‌و عه‌شقی هه‌مووان به‌ده‌ست دێنێ.
بیر روونى زۆرتر بۆ ئۆجه‌لان.
ته‌مه‌ن درێژی بۆ حه‌كیمى وڵات مام جه‌لال
رۆح شادیش بۆ كاكه‌ نه‌وه‌

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە