هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

تا ئه‌وده‌مه‌ى گۆچانی پڕ حیكمه‌تى مام بۆ ڕاستكردنه‌وه‌مان جه‌سته‌مانى سورده‌كرده‌وه‌، هه‌موومان به‌هۆى دادپه‌وه‌ریی سزاكانیه‌وه‌ شاگه‌شگه‌ له‌به‌رده‌م توڕه‌یی‌و نیگه‌رانییه‌كانى ده‌وه‌ستاین، چونكه‌ ده‌مانزانى ئه‌وه‌ى گه‌وره‌مان ده‌یهه‌وێت شاربه‌ده‌ركردنى ئێمه‌ نییه‌ له‌ناو جوگرافیاى یه‌كێتى، به‌ڵكو راستكردنه‌وه‌و به‌خۆداچوونه‌وه‌و سه‌رله‌نوێ تێفكرینه‌وه‌یه‌ له‌شته‌كان، كه‌چی ئێستا چونكه‌ سزاكان بنه‌ڕه‌تێكیان نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى دادپه‌روه‌ریى تێیدا ئاماده‌بوونى نییه‌، چونكه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى گرێی ده‌روونى‌و ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانه‌، نه‌ك هه‌ر شایسته‌ى په‌سه‌ندكردن نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌هه‌موومان ره‌تی بكه‌ینه‌وه‌.
ماوه‌ى رابردوو، هێزو نوخبه‌ى باڵاده‌ستى ناو یه‌كێتى له‌رێی به‌ ئامانجگرتنى ئه‌وانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وان بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ شه‌پۆل‌و هه‌ژموونێكى گه‌وره‌ى رق ئه‌ستوورییان به‌سه‌ر هه‌ڤاڵه‌كانى خۆیان په‌خشكرد، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ كه‌ جیاواز له‌ مۆڕاڵى مام جه‌لال‌و له‌ پره‌نسیبه‌كانى یه‌كێتى، به‌پاساوى شه‌رعیه‌تى شۆڕشگێریی‌و به‌ناوى پاراستنى یه‌كێتی ناو یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌موو ئه‌وانه‌ دوور بخه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى جریوه‌ى سیاسیی ئه‌وان بخوێنن، ئێستا بوونه‌ مۆته‌كه‌، مۆته‌كه‌ى راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر سه‌قامگیریی‌و دنیابینى راست‌و دروستى یه‌كێتیانه‌، چونكه‌ ئه‌وان جیاواز له‌ مام جه‌لالى گه‌وره‌، بۆ ئه‌وه‌ هه‌ڤاڵه‌كانیان سزا ناده‌ن، چونكه‌ خوار رۆیشتوون، به‌ڵكو پرۆسه‌ى سزادانى هه‌ڤاڵانه‌ له‌لاى ئه‌و نوخبه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ تێڕوانینى ئه‌وان یه‌كناگرێته‌وه‌‌و شایان به‌بێده‌نگكردنن.
ماوه‌ى رابردوو، ئه‌و نوخبه‌یه‌ بۆ رازیكردنى هێزى دیكه‌، بوێریی ئه‌وه‌یان نیشاندا كه‌ به‌شێك له‌هه‌ڤاڵان سزا بده‌ن، به‌ڵام چونكه‌ له‌كاردانه‌وه‌ى راى گشتى سڵه‌مینه‌وه‌ هه‌رزوو ئه‌و سزایه‌یان دیزه‌ به‌ده‌رخونه‌كرد، كه‌چی قۆناغى دووه‌م جارێكى تر (شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) كه‌وته‌وه‌ به‌ر رقی ئه‌و نوخبه‌ سیاسییه‌، وادیاره‌ ئه‌و خواسته‌ش بۆ بێده‌نگكردن سه‌رینه‌گرت‌و ئه‌مڕۆش وه‌ك باسده‌كرێت سزاى (فه‌رهاد سه‌نگاوی) وه‌ك دوا ئه‌ڵقه‌ى ئه‌و جیاوازیی تێفكرینه‌ بۆته‌ گرێی ده‌روونى‌و نه‌ك هه‌ر سزا، به‌ڵكو حزب به‌ده‌ریش ده‌كرێت. ئاخر ئه‌و سیاسییه‌ى ده‌یهه‌وێت ئیمزا له‌سه‌ر سزادانى ئه‌و نه‌وه‌یه‌ بكات نه‌ك هه‌ر ناتوانێ له‌مام بچێت، به‌ڵكو به‌ته‌واوى له‌مۆڕاڵی یه‌كێتیانه‌ى تاڵه‌بانى باوك‌و ئاكاریی یه‌كێتییانه‌وه‌ دووره‌، چونكه‌ بنه‌ڕه‌تى سزاكانى مام بۆ یه‌كێتى بووه‌و ده‌ستنان له‌ بینه‌ قاقاى سیمبوله‌كانى ئێستاش له‌به‌رژه‌وه‌ندى هێزى دیكه‌یه‌‌و دووره‌ له‌ پره‌نسیبه‌كانى تاڵه‌بانى گه‌وره‌.
ئه‌و ئیستیبداده‌ی ئێستا له‌لای نوخبه‌ی سیاسیی باڵاده‌ستى یه‌كێتى له‌سه‌ركوتكردنى ئه‌وانه‌ى جیاواز له‌وان بیرده‌كه‌نه‌وه‌ بۆته‌ مۆدێل، ئه‌گه‌ر درێژه‌ بكێشێت ده‌شێت گوتارى یه‌كێتى وه‌ك خۆى نه‌هێڵێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ى هه‌نوكه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و نه‌وه‌یه‌ له‌ سزادان‌و بوغزاندن‌و ده‌رپه‌ڕاندن بۆته‌ مۆدێل‌و تاقیده‌كرێته‌وه‌، ته‌نێ بۆ بێده‌نگكردنیان نییه‌، به‌ڵكو بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی ئه‌و نه‌وه‌یه‌شه‌ له‌ داهاتووى نه‌خشه‌ی یه‌كێتیدا، هه‌ربۆیه‌ش بێده‌نگبوون له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و لۆژیكه‌ پاوانخوازه‌ ره‌نگه‌ وێنه‌یه‌ك له‌ئاستى كۆمه‌ڵگا بۆ یه‌كێتى دروست بكات، كه‌ هێنده‌ى له‌ پارتى‌و هێزى دیكه‌ ده‌چێت له‌ یه‌كێتى نه‌چێت.
تێڕوانین‌و دیدگاى ئه‌خلاقیانه‌ى لاهور تاڵه‌بانى بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى له‌ پره‌نسیبی سزاو پاداشت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى مام، بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ حیكمه‌تى سزا رابكات، به‌ڵكو نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ ده‌زانێت سزاكانى ئه‌و نه‌وه‌یه‌ هێنده‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ خاڵیكردنه‌وه‌ى توڕه‌یی‌و به‌جێگه‌یاندنى ئه‌جێنداى ئه‌وانى تر، هێنده‌ گرێدراوى پره‌نسیبی رێكخستنه‌وه‌ى ژیانى رێكخراوه‌یی نییه‌، چونكه‌ هه‌مووان ده‌زانن، ئه‌وه‌ى یه‌كێتى‌و خه‌ڵكه‌كه‌ى، ئه‌وه‌شی رای گشتى‌و ده‌نگده‌رو كۆمه‌ڵگا ده‌یهه‌وێت ئه‌وه‌یه‌ له‌گوتارى لاهور تاڵه‌بانى ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ئه‌و بژاره‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، چونكه‌ داهاتووى یه‌كێتى‌و سه‌نگى له‌پرۆسه‌ى سیاسیدا به‌نده‌ به‌هێزو تواناى ناوخۆیی‌و یه‌كڕیزیی‌و كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ستراتیژێكى راست‌و دروست نه‌ك ده‌رپه‌ڕاندن‌و شاربه‌ده‌ركردن‌و حزب به‌ده‌ركردنى ئه‌وانه‌ى كه‌ جیاواز له‌ ئێوه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌.
ماوه‌یه‌كه‌ نوخبه‌یه‌كى دیاریكراو له‌میدیاكاران له‌ناو میدیا ده‌رهه‌ق به‌ رێفراندۆم به‌هه‌مان لۆژیكى پارتى بیرده‌كه‌نه‌وه‌و قسه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وان توندتر له‌ شوێنكه‌وتوانى پارتى دژ به‌وانه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كات‌و میكانیزمى ریفراندۆم له‌كێشه‌دان، زمانى ئه‌و نوخبه‌یه‌ توندتره‌ له‌وه‌ى ركابه‌ره‌كانمان پێمان ده‌ڵێن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌خوین‌و به‌ جاش ناساندن‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ى شوناسی نه‌ته‌وه‌یی‌و زۆر چه‌مكى دیكه‌ش له‌وانه‌وه‌ دژ به‌خۆمان داهێنراوه‌، كه‌چی له‌به‌رامبه‌ر سه‌ركێشی‌و سه‌ره‌ڕۆیی ئه‌و روخسارانه‌ ئێستاش له‌برى سزادان چونكه‌ به‌گژ گوتارى یه‌كێتیدا چوونه‌وه‌، پاداشت ده‌كرێن، ئاخر له‌كوێی دنیا هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ى حزبه‌كه‌ى ده‌خاته‌ خزمه‌ت كه‌س‌و حزبی دیكه‌وه‌ ستایش بكرێ‌و ئه‌وه‌شی به‌رگری لێده‌كات سزا ده‌درێ‌و دوور ده‌خرێته‌وه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت