هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ده‌نگۆی‌ سزادانی‌ عادل موراد، گه‌ڕی‌ دووه‌می‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌رێی به‌ ئامانجگرتنی‌ كاراكته‌رێكی‌ سیاسیی گرنگی‌ نێو یه‌كێتی‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ دیكه‌ بێده‌نگ بكه‌ن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ جریوه‌ سیاسییه‌ باوه‌كه‌ی‌ نێو ترۆپكی‌ حزب ده‌خوێنن‌و بیرده‌كه‌نه‌وه‌، له‌كاتێكدا تاوانه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ عادل‌و هاوبیره‌كانی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا ته‌نها ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌ته‌نگ سه‌قامگیریی ناوخۆیی یه‌كێتییه‌وه‌ بووه‌‌و ویستویه‌تی‌ یه‌كێتی‌ به‌یه‌كێتی بكرێته‌وه‌و له‌كه‌سی تر نه‌چێت.
له‌راستیدا ئه‌و سه‌قامگیریی‌و ئارامییه‌ ناوخۆییه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ له‌نێو یه‌كێتیدا دروستبووه‌و خه‌مڵیوه‌، به‌شێكی‌ گرنگی‌ بۆ فه‌زڵی كارابوونه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌نێو هه‌ردوو ئۆرگانیش بۆ ئه‌و كاراكته‌رانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ به‌خه‌م ئه‌وه‌وه‌ بوون یه‌كێتی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ پاوانخوازی‌ پرۆسه‌ی‌ بڕیارو بیركردنه‌وه‌و دنیابینی‌ ئۆرگانه‌ فه‌رمییه‌كانی‌، ئه‌وانه‌ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ دانی‌ پێدا ناون، هه‌ڵسوڕانی‌ سیاسیی ئه‌نجام بدات، به‌ڵام كاتێك كاراكته‌ره‌كانی‌ ئه‌و ئۆرگانانه‌ به‌ ئامانج ده‌گیرێن، به‌رله‌وه‌ی‌ پرۆسه‌كه‌ بریتی بێت له‌ به‌ئامانجگرتنی‌ كه‌سه‌كان، بارته‌قای‌ ئه‌وه‌ به‌ ئامانجگرتنی‌ دامه‌زراوه‌و ئۆرگانه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاریگه‌رییه‌كانیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌.
ده‌نگۆی سزادانی‌ عادل موراد، وه‌ك له‌میدیاكان بڵاوكرایه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگری‌ ره‌هه‌ندی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام له‌راستیشدا ئه‌و هه‌وڵی تۆڵه‌كردنه‌وه‌و بچووككردنه‌وه‌ی‌ ركابه‌رایه‌تیكردنی‌ روخساره‌ سه‌ر ڕاسته‌كان، خۆی‌ بۆمبێكی‌ ته‌وقیتكراوی‌ ناوخۆییه‌، كه‌ ده‌شێت به‌هۆیه‌وه‌ دۆخی‌ ئارامی‌ چه‌ند مانگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ بته‌قێنێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ به‌ ئامانجگرتنی‌ ئه‌و كاراكته‌ره‌ ده‌شێت زۆر هه‌ڕه‌شه‌ روبه‌ڕووی‌ یه‌كێتی‌ بكاته‌وه‌.
A- نامه‌كه‌ی‌ به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌و نیگه‌رانییه‌كانی‌ كادرانی‌ سۆسیالیستی‌ ناو یه‌كێتی‌، كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ جه‌سته‌ی یه‌كێتی‌ پێكدێنن، ره‌نگه‌ سه‌قامگیریی ناوخۆیی یه‌كێتی‌ تێكبدات، به‌وپێیه‌ی‌ هه‌م به‌هرۆز گه‌ڵاڵی له‌خۆڕا ئه‌و بۆمبه‌ فڕێناداته‌ نێو میدیاو هه‌میش ئه‌و به‌ ئامانجگرتنه‌ ده‌شێت باگراوندی‌ مێژوویی‌و سیاسیی له‌پشته‌وه‌ بێت.
B- به‌ ئامانجگرتنی عادل موراد، له‌دیدی‌ زۆرێك له‌سیاسییه‌كانی‌ نێو یه‌كێتی‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ نیشانه‌ گرتنه‌ له‌و كاراكته‌ره‌، بارته‌قای‌ ئه‌وه‌ش سێره‌گرتنه‌وه‌یه‌ له‌و دامه‌زراوه‌و ئۆرگانه‌ فه‌رمیی‌و كاریگه‌رانه‌ی‌ له‌ دۆخی‌ ئێستای‌ یه‌كێتی‌ ده‌یانه‌وێت حزبایه‌تی‌ راسته‌قینه‌و سه‌ر ڕاستی‌ سیاسیی له‌سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتیدا په‌یڕه‌و بكه‌ن.
C- ئه‌و ته‌وژوم‌و هه‌ژمونه‌ی‌ رای‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌، كه‌ ده‌یهه‌وێت یه‌كێتی‌ به‌ یه‌كێتی بكاته‌وه‌و له‌كاریگه‌رییه‌كانی‌ پارتی‌‌و گۆڕان دووری بخاته‌وه‌، هه‌ژمونێكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ خۆشده‌وێ‌و په‌سه‌ندی‌ ده‌كات كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ باوو بیرده‌كه‌نه‌وه‌، كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئه‌و هه‌ژموونه‌ كۆی‌ زۆنی‌ سه‌وزی‌ گرتۆته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ش هه‌وڵدان بۆ شكاندنی‌ یه‌كێك له‌ سیمبوله‌كانی‌ ئه‌و رای‌ گشتییه‌، یه‌كێتی‌ روبه‌ڕووی‌ سزای‌ شه‌قام‌و رای‌ گشتی‌ ده‌كاته‌وه‌.
ئێستا یه‌كێتی‌، له‌سایه‌ی‌ ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ ناوخۆییه‌ی‌ هه‌مووان پشكیان تێیدا هه‌یه‌، پێویسته‌ له‌و په‌رچه‌كرداره‌ ناوخۆییانه‌ خۆیان به‌دوور بگرن كه‌ له‌رێگه‌ی‌ سزادانی‌ پیاوه‌ ساڵحه‌كانیه‌وه‌ ده‌كرێت روبه‌ڕووی‌ ئاشوب ببێته‌وه‌، چونكه‌ دواجار له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ سزادانی‌ عادل موراد‌و ئه‌وانی‌ دیكه‌ یه‌كێتی‌ ئارام بكه‌نه‌وه‌، بۆمبێكی‌ پڕ له‌توڕه‌یی ده‌خه‌نه‌ باوه‌شی یه‌كێتییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بۆمبه‌ سیاسییه‌ ده‌ستی‌ خۆمانی‌ تێدا ده‌بێت، نه‌ك ركابه‌ره‌كان.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت