هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

پارتى‌و میدیاكه‌ى خه‌ڵكیان له‌وه‌همی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌دا غه‌رقكردووه‌، هاشوهوش‌و فیغانى لایه‌نگرانیان به‌ناوى كوردایه‌تى‌و نشتیمانپه‌روه‌ریی‌و به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانه‌وه‌ كاسكردووه‌، ئاخر خۆ ئێمه‌ هه‌موومان ده‌زانین ریفراندۆمیان وه‌ك كارتى گوشار ده‌وێت‌و ده‌وڵه‌ت دروستكردنیش وه‌ك سه‌فقه‌یه‌كى سیاسیی بۆ مانه‌وه‌ى بارزانى، چونكه‌ هێزێك ئه‌گه‌ر ئه‌هلی سه‌ركردایه‌تیكردنى وڵاتى له‌ئه‌ستۆ بێت، ئه‌وه‌نده‌ بچووك نابێت رۆژانه‌ چه‌قاوه‌سوه‌كانى به‌ربداته‌ گیانى ئه‌و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانه‌ى كه‌ ته‌نها له‌به‌رامبه‌ر وه‌همى كوردایه‌تى ئه‌وان ده‌ڵێت “نا”.
ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووى لۆژیك‌و دنیابینییه‌ك بووینه‌وه‌ كه‌ له‌ترۆپكییه‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانى به‌دگومانى‌و دڵڕه‌قی شتێكى دیكه‌ى لێ شین نابێت، ئه‌و گوتاره‌ى كۆى مه‌نزومه‌ى پارتى ده‌رهه‌ق به‌وانى دیكه‌ په‌یڕه‌وى ده‌كات، یه‌ك دیوى هه‌یه‌و ته‌واو، ئه‌و دیوه‌ش شكاندن‌و بوغزاندن‌و ده‌ربه‌ده‌ركردن‌و سزادان‌و له‌ناوبردنه‌، ئاخر خۆ بارزانى خۆى بێباك له‌هه‌موو شت هه‌ر به‌و لۆژیكه‌ رێگه‌ى له‌سه‌رۆكى په‌رله‌مانێك گرت‌و به‌ئاشكراش له‌به‌رده‌م زوومى میدیایی جیهانى به‌ سلێمانییه‌كانى ووت هه‌ڵده‌په‌ڕن‌و چی ده‌كه‌ن بابیكه‌ن، خۆ هه‌ر كه‌مال كه‌ركوكى مه‌كته‌ب سیاسی‌و سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌كه‌ى بوو ده‌یه‌ویست حه‌سیرمه‌یدانى په‌رله‌مانتار بكات، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كه‌ى كه‌ جاروبار نه‌خشه‌ى دێگه‌ڵه‌ بیر نه‌یاره‌كانى دێنێته‌وه‌و رێبوار كه‌ریم وه‌لى مونه‌زیری ئه‌و حزبه‌ش، هه‌ڕه‌شه‌ى كوده‌تای بارزانى ده‌كات به‌ناوى شه‌رعیه‌تى شۆڕشگێڕی‌و پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ى حوكمڕانى به‌ پاساوى فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، ئه‌و لیسته‌ زۆر درێژه‌‌و هه‌موو جوگرافیای پارتى ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌راستیدا ئه‌وان یه‌ك كه‌س بیریان بۆ ده‌كاته‌وه‌و یه‌ك كه‌سیش فه‌رمانیان به‌سه‌ردا ده‌كات.
چه‌ند ساڵێك به‌رله‌ ئێستا نوسه‌رێكى شوێنكه‌وتووى ئه‌و هێزه‌، به‌ئاشكرا له‌میدیاكانى كوردستان پرۆژه‌ى دامه‌زراندنى میرنشینى كوردستانى بۆ گفتوگۆ خسته‌ڕوو، ئه‌و به‌میرنشینكردنه‌ى هه‌رێمه‌، كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن نوخبه‌ى پارتییه‌وه‌ كارى جددى به‌ناوى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌مۆدێلێكى حوكمڕانى بنه‌ماڵه‌یی هاوشێوه‌ له‌گه‌ڵ میرنشینه‌كانى دیكه‌ى ناوچه‌كه‌ بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ژیان‌و چاره‌نوس‌و ئازادى خه‌ڵكدا. له‌راستیشدا ئه‌وان هه‌ر په‌یوه‌ستى ئه‌و مۆدێله‌ن، ئاخر ئه‌وان ده‌مێكه‌ له‌مۆڕاڵیان ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ده‌وڵه‌ته‌ خه‌مڵیوه‌، كه‌ بنه‌ماڵه‌ تێیدا موقه‌ده‌س بێت‌و هاوڵاتیانیش جگه‌ له‌ژماره‌یه‌ك شتێكى دیكه‌ نییه‌، ئه‌وان نایانه‌وێت میدیاكان هه‌بن‌و ره‌خنه‌ بگرن، به‌ڵكو ده‌خوازن ڕوپه‌ڕى رۆژنامه‌و شاشه‌ى تیڤییه‌كان ته‌نها فه‌رمایشته‌كانى سه‌رۆك بێ‌و به‌س، ئه‌وان ناخوازن په‌رله‌مانێك هه‌بێت ده‌ست بۆ یاسا هاوچه‌رخ‌ و دیموكراسییه‌كان ببات، به‌ڵكو دامه‌زراوه‌یه‌كیان ده‌وێت سه‌رقاڵى بكه‌ن به‌ یاساى قه‌ده‌غه‌ى خه‌ته‌نه‌و جگه‌ره‌كێشان‌و شتی دیكه‌، ئه‌وان قاسه‌و به‌یت‌و مالى میرنشینیان پێویسته‌، نه‌ك وه‌زاره‌تى داراییه‌ك ستراتیژى ئابوورى وڵات رێك بخاته‌وه‌، ئه‌وان دادگایان ناوێت بۆ ئه‌وه‌ى دادپه‌روه‌رى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌دا به‌ده‌ست بێنێت كه‌ به‌هه‌واى ئه‌وان جریوه‌ ناكه‌ن، به‌ڵكو ڕه‌تڵێك پیكاب‌و مێگزه‌مینیان پێویسته‌ كێیان ویست له‌سه‌ر شه‌قام فه‌لاقه‌ى بكه‌ن، ئاخر ئه‌وه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه‌ خه‌ونى پێوه‌ده‌بینن.
دوێنى شه‌و رۆژنامه‌نوسێك له‌ پایته‌ختى میرنشین حه‌سیر مه‌یدان كرا، پێش ئه‌ویش له‌سه‌ر شعرێك په‌لكێشی كه‌سێك كرا بۆ زیندان‌و هه‌فته‌یه‌ك پێشترو مانگێك به‌رله‌وه‌و تا دێر زه‌مان، هه‌ر رۆژه‌و یه‌كێك به‌شێوه‌یه‌ك كوته‌ك بارانى هێزه‌ تایبه‌تییه‌كانى پارتى به‌ركه‌وتووه‌، كه‌ نه‌ك له‌ روخساره‌كانى ده‌وڵه‌تدارى راسته‌قینه‌ ناچێت، به‌ڵكو له‌ ره‌فتارى ئه‌و باندانه‌ ده‌چێت كه‌ هه‌موو شتێك ده‌بینن‌و ده‌خوێننه‌وه‌ یاسا نه‌بێت. ئاخر حه‌سیرمه‌یدان‌و فه‌لاقه‌كردنى ئیبراهیم عه‌باسی رۆژنامه‌نوس، ته‌نها فه‌لاقه‌كردنى میدیاكارێك نییه‌، به‌ڵكو ده‌مبه‌ستنى توێژێكه‌، شارێكه‌، وڵاتێكه‌، ئه‌وه‌ مه‌سجێكه‌ به‌هه‌موان ده‌ڵێت: پایه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى پارتى، ده‌بێت له‌سه‌ر ئێسك‌و پروسكى خه‌ڵك‌و ئیراده‌ى زه‌وتكراوو تێكشكێنراوى هاوڵاتیه‌كانى بینا بكرێت، په‌یامێكه‌ نیشانى ده‌دات، كه‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ یاسا نێوخۆییه‌كان، كاریگه‌رى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، میدیاى جیهانى‌و راى گشتى ناوخۆیی، جگه‌ له‌وه‌همێك له‌به‌رامبه‌ر هێزى پارتى‌و بارزانى شتێكى دیكه‌ نییه‌، ئه‌وان ته‌نها یه‌ك شت ده‌زانن، نانبڕین‌و زمان بڕین‌و فه‌لاقه‌و حه‌سیر مه‌یدان.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە