هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ویست‌و سووربوونى پارتى له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ى بێ مه‌رجی په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر به‌دیوێكدا بریتی بێت له‌و فشاره‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ چ له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیی‌و چ له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بارزانى‌و پارتی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ چه‌ند دیوێكى دیكه‌شی هه‌یه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ وه‌زیفه‌یه‌كى كاتیی په‌رله‌مانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شه‌رعیه‌ت به‌ریفراندۆم بدات‌و ره‌هه‌نده‌ یاساییه‌كه‌ى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌خه‌وش پاك بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌راستیدا نیه‌تێكى قوڵتر‌و دیدگایه‌كى دوورمه‌وداى پارتیش هه‌یه‌ تا وه‌ك دوا كه‌تن به‌ په‌رله‌مانى ئه‌نجامبدات، ئه‌ویش به‌خشینه‌وه‌ى شه‌رعیه‌تى مانه‌وه‌ى بارزانى‌و درێژكردنه‌وه‌ى واده‌ى سه‌رۆكایه‌تى‌و دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، كه‌ ئێستا سه‌رقاڵه‌ له‌رووى سیاسییه‌وه‌ به‌ده‌ستى بێنێ‌و پاشانیش مۆرى شه‌رعیه‌ته‌كه‌ى له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ لێبدرێت.
سه‌ربارى ئه‌وه‌ى له‌كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێی (كۆمیته‌ى باڵاى ریفراندۆم) جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌واده‌ى خۆیدا كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن، كه‌ ئێستا پارتى‌و بارزانى به‌جددى به‌هۆى فشاره‌ ناوخۆیی‌و هه‌رێمیی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بیر له‌دواخستنى ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى شكستى دواخستن له‌سه‌رى پارتیدا نه‌شكێ‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ شكست وه‌رگۆڕن بۆ سه‌ركه‌وتن، كاریان به‌ په‌رله‌مان‌و پاشانیش به‌كۆده‌نگی سیاسییه‌، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ى “ئیعلانی فه‌شه‌ل”ی ریفراندۆم له‌ژێر ناوى “دواخستن” ئیعلان بكه‌ن، ده‌یانه‌وێت زه‌مانه‌تى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و نوێكردنه‌وه‌ى واده‌ى نا شه‌رعیانه‌ى بارزانى له‌پۆسته‌كه‌ى به‌سه‌ر هه‌موواندا بسه‌پێنن. هه‌موو ئاماژه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ پارتى ئه‌وه‌ى بۆ داهاتوو ده‌یهه‌وێت بریتییه‌ له‌:
1- نوێكردنه‌وه‌ى واده‌ى سه‌رۆكایه‌تى بارزانى یه‌كێك ده‌بێت له‌و هه‌نگاوانه‌ى بارزانى ئێستا به‌ناوى كۆده‌نگییه‌وه‌ له‌رووی سیاسییه‌وه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌دات تا هێزه‌كان ناچار بكات به‌ په‌سه‌ندكردنى، ئه‌گه‌ر ئه‌و خواسته‌ى بێته‌دی، ئه‌وه‌ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان بۆ به‌یاساییكردنه‌وه‌ى مانه‌وه‌ى ده‌بێته‌ دیفاكتۆ، له‌و دۆخه‌شدا بارزانى خۆى له‌و ئیحراجییه‌ سیاسییه‌ هه‌رێمیی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌ ده‌پارێزێت كه‌ له‌ماوه‌ى رابردودا به‌ناوى ریفراندۆمه‌وه‌ روبه‌ڕوى بۆته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێكى گرنگى ئه‌و بینین‌و دیدارانه‌ى بارزانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى ده‌وڵه‌تان له‌دوو ئاست بارزانى ئیحراجكراوه‌، یه‌كه‌میان كوده‌تاكردن بووه‌ به‌سه‌ر شه‌رعیه‌تى په‌رله‌مان‌و دووه‌میش مانه‌وه‌ى به‌زۆرى خۆى له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ى، له‌و دۆخه‌شدا كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانێكى بێده‌نگكراو، به‌ یاساییكردنی مانه‌وه‌ى خۆى له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌ دوو به‌هێزترین ده‌ستكه‌وت‌و ده‌رچه‌یه‌كى گرنگی ده‌ربازبوونیش ده‌بێت له‌ فشارى نێوده‌وڵه‌تى.
2- دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كوردستان بۆ ماوه‌ى ساڵێك‌و پاشان به‌ستنه‌وه‌‌و دواخستنى ریفراندۆمیش بۆ هه‌مان ماوه‌، پاساوێك ده‌داته‌ بارزانى‌و پارتى تا ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌هۆى به‌كارخستنى كارتى ریفراندۆم‌و جوڵاندنى هه‌ستى كوردایه‌تییه‌وه‌ خۆیان بكه‌نه‌ پاڵه‌وان‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانیش به‌هۆى به‌كارخستنى ئه‌و ئیحساسه‌ قه‌ومییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌، له‌وه‌شدا پێناچێت روبه‌ڕووى گرفت ببێته‌وه‌، چونكه‌ به‌هۆى شپڕژه‌یی هێزه‌كانى دیكه‌، خواستی دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆته‌ مه‌تڵه‌بی گشتى، چونكه‌ نه‌ یه‌كێتى‌و نه‌ گۆڕانیش له‌رووى واقیعیه‌وه‌ ئاماده‌سازیی هه‌ڵبژاردنى گشتى یان نه‌كردووه‌.
3- بارزانى یه‌كێك له‌و گرفته‌ گه‌ورانه‌ى كه‌ له‌ماوه‌ى رابردوو له‌سه‌ر دۆسیه‌ى ریفراندۆم روبه‌ڕووى بۆته‌وه‌ نه‌بوونى شه‌رعیه‌ت بووه‌، لاوازیی‌و نه‌بوونى شه‌رعیه‌تى بارزانى وایكردووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌ناچاریی چاو له‌رێگا بێت بۆ به‌شداریی نوێنه‌رانى “یه‌كێتى‌و كۆمه‌ڵ‌و گۆڕان”، تا له‌په‌ناى به‌شداریی ئه‌وانه‌وه‌ به‌ناوى كۆده‌نگییه‌وه‌ پاوانخوازیی ئه‌و له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات كاڵبێته‌وه‌، له‌كاتێكدا بارزانی هه‌رگیز له‌و ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ئاماده‌نییه‌ هاوبه‌ش بۆ خۆى په‌یدا بكات، به‌ شه‌رعیكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى‌و به‌یاساییكردنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى سه‌ره‌تاى قۆناغێكى تر ده‌بێت كه‌ بارزانى به‌ته‌نها‌و بێ به‌شداری پێكردنى نوێنه‌ری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان جڵه‌وى ریفراندۆم به‌ته‌نها له‌ده‌ستى خۆی بهێڵێته‌وه‌.
به‌دڵنیاییه‌وه‌ بارزانى دۆخى ناوخۆیی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌، چونكه‌ به‌هۆى پاوانكردن‌و به‌زۆر مانه‌وه‌ى له‌ئاستى ناوخۆ وه‌ك “سه‌رۆكێكى خۆسه‌پێن” هه‌موو سه‌ره‌داوه‌كانى سیاسه‌ت‌و ئابوورى له‌مسته‌، به‌ڵام بۆ ئاستى ده‌ره‌كى ئه‌گه‌ر خواستى نوێكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات‌و شه‌رعیه‌تى بێته‌دی، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دۆسیه‌ى ریفراندۆم به‌ته‌نها له‌ده‌ستى خۆیدا ده‌هێڵێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌و خواسته‌ى هاته‌دی، ده‌ستكه‌وته‌كه‌ى ببێته‌ فه‌خری مێژوویى بۆ خۆى‌و خانه‌واده‌كه‌ى‌و ئه‌گه‌ریش سازشی له‌سه‌ر ئه‌و خواسته‌كرد، ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانى ده‌ستبه‌رداربوونى ریفراندۆم چ له‌گه‌ڵ عێراق یانیش له‌ئاستى هه‌رێمیی‌و نێوده‌وڵه‌تیی بۆ خۆى‌و پارتى بێت.
4- بارزانى پێیوایه‌ دووباره‌ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وت بۆ خۆى‌و هێز‌و توڕه‌یی پارتى نیشانی هه‌موواندا، له‌هه‌مانكاتدا پێشیوایه‌ په‌رله‌مان قۆناغی ته‌مێكردنى تێپه‌ڕكردووه‌، ئیدى له‌پاش كاراكردنه‌وه‌ى جارێكى تر ده‌ست بۆ ئه‌و دۆسیانه‌ ناباته‌وه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆكاریی توڕه‌یی‌و نیگه‌رانى پارتى، له‌راستیشدا ئه‌وه‌ داهاتوو دیاری ده‌كات، كه‌ داخۆ ئه‌و یه‌كده‌نگى‌و كۆده‌نگییه‌ى چوار فراكسیۆنه‌كه‌ى به‌ر له‌كوده‌تا له‌سه‌ر پرسه‌ ستراتیژییه‌كان ده‌یانه‌ویست ستۆپ به‌ پارتى بكه‌ن، له‌ داهاتوو به‌هه‌مان لۆژیك‌و دنیابینی بمێننه‌وه‌، له‌وه‌دا.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە