هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌ده‌ر له‌وه‌ى مردنى تێكۆشه‌رێكى گه‌وره‌ى كورده‌ بۆ هه‌مووان، بۆ گۆڕانخوازان مه‌رگى باوكى رۆحى شه‌قام‌و راى گشتییه‌و، بۆ یه‌كێتییه‌كانیش كۆچی یه‌كجاریی هاوا‌ڵ‌و هاوسه‌نگه‌ری مام جه‌لاله‌. بۆ ئه‌وانه‌ى دیكه‌ش، كه‌ له‌سه‌رو تێڕوانینى حزبی به‌ یه‌كێتی‌و گۆڕانه‌وه‌ بیر له‌مه‌رگى ئه‌و شۆڕه‌سواره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ماڵئاوایی یه‌كجاریی جه‌مسه‌رێكى گرنگى سه‌قامگیریی سیاسیی‌و هاوسه‌نگی هێزه‌.
خه‌مى كۆتایی له‌ده‌ستچوونى ئه‌و زاته‌، رێك خۆى له‌ده‌ربڕینه‌كه‌ى شێخ لاهور تاڵه‌بانى خۆى به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، چونكه‌ فرمێسك‌و هاوسۆزییه‌كه‌ى لاهور شێخ جه‌نگى بۆ مه‌رگى كاكه‌ نه‌وه‌، جارێك له‌پێناو یه‌كێتی‌و جارێك له‌پێناو گۆڕان‌و دواجاریش له‌پێناو هاوسه‌نگى هێزو كوردایه‌تییه‌.
دوپاتكردنه‌وه‌ى گوتارى پابه‌ندبوونى مۆڕاڵى به‌رێككه‌وتنامه‌كه‌ى یه‌كێتى‌و گۆڕان، جاری یه‌كه‌م له‌سه‌ر زمانى كاك لاهور تاڵه‌بانى‌و پاشانیش له‌رێی هێرۆخان‌و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌و دواتریش له‌رێی كاك قوباد تاڵه‌بانییه‌وه‌ نیشانى ده‌دات بۆ یه‌كێتییه‌كان مه‌رگى ئه‌و زاته‌، مه‌رگى پیاوێكى ئاسایی نییه. به‌ڵكو له‌ده‌ستچوونى دۆستێكى مام‌و ئه‌ندازیارێكى گرنگى هێشتنه‌وه‌ى پایه‌كانى حوكمڕانى زۆنى سه‌وزه‌. كه‌ حیكمه‌تى كاكه‌ نه‌وه‌، كه‌ هه‌ڵێنجراوى حیكمه‌تى مامه‌، تێكه‌ڵی هێزو قودره‌تى سیاسیی‌و سه‌ربازى یه‌كێتى ده‌بێت. ده‌توانیت شتگه‌لى گه‌وره‌ پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگاو هه‌رێم‌و زۆنه‌كه‌ بكات.
ئه‌و خۆ پابه‌ندكردنه‌ى یه‌كێتى كه‌ دواجار ره‌نگدانه‌وه‌ى ویستى به‌ر له‌مه‌رگى كاك نه‌وشیروانه‌، رێك ره‌نگدانه‌وه‌ى ویستى مامى گه‌وره‌شه‌، بۆیه‌ش مه‌رگى ئه‌و پیاوه‌، بۆ یه‌كێتییه‌كان هه‌ڵگرى ره‌هه‌ندگه‌لى جودایه‌و بۆ گۆڕانه‌كانیش ره‌هه‌ندی دیكه‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ردوو هێز، چ گۆڕان‌و چ یه‌كێتیش سه‌ربارى جیاوازی ره‌هه‌نده‌كان، یه‌ك ئاینده‌و خه‌م‌و چاره‌نوس كۆیان ده‌كاته‌وه‌‌و ده‌بێت هه‌ر به‌و پێودانگه‌ش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قۆناغى دواى مه‌رگى كاكه‌ نه‌وه‌ بكه‌ن.
گوتارى لاهور تاڵه‌بانى ده‌رهه‌ق به‌ مردنى كاك نه‌وشیروان، به‌ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ى دنیابینى ته‌ژیكراو به‌خه‌مى له‌ده‌ستچوونى دۆستێك نییه‌، به‌ڵكو خه‌می له‌ده‌ستچوونى هاوبه‌شێكى گه‌وره‌و راسته‌قینه‌ی زۆنى سه‌وزه‌، دڵته‌نگى له‌ده‌ستدانى سیمبولێكى كوردایه‌تییه‌ كه‌ له‌شێوه‌ى حوكمڕانى‌و سیاسیی هاوچه‌شنى یه‌كێتیه‌كان بیرده‌كاته‌وه‌، خه‌می كۆتایی ژیانى پیاوێكه‌ كه‌ بۆ قۆناغی ناهه‌موارى ناو یه‌كێتى دواى مام. سه‌مامى ئه‌مان‌و سه‌قامگیرییه‌، ئه‌و دیدگایه‌ ده‌بێت بۆ گۆڕانیش وابێت. ده‌بێت مه‌رگى كاكه‌ نه‌وه‌، مه‌رگى له‌ده‌ستچوونى ئه‌ڵقه‌ى په‌یوه‌ندی‌و به‌ستنه‌وه‌ى رۆحى پێكه‌وه‌یی بێت، له‌ده‌ستچوونى ژیانى پیاوێك بێت، كه‌ به‌رله‌وه‌ی ئارامى بۆ ده‌روونى خۆى بدۆزێته‌وه‌، له‌خه‌م و ئارامی بۆ سلێمانی‌و زۆنى سه‌وزو گۆڕان‌و یه‌كێتى بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و دیدگایه‌ به‌سه‌ر روئیاى گشتى یه‌كێتى‌و گۆڕاندا زاڵ بێت، ده‌رهه‌ق به‌ وێنه‌ى كاكه‌ نه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌هه‌ق هه‌موویان هێزی نه‌وشیروانناسیان هه‌یه‌.
دوو رۆژى رابردوو ده‌نگی نه‌شاز له‌ژێر كاریگه‌رى میدیاى پارتى چ له‌ناو یه‌كێتى‌و چ له‌ناو گۆڕان له‌رێی به‌ ئامانجگرتنى گرێ ده‌روونییه‌كانى رابردوو ده‌یانه‌وێت كێشه‌كانى نێوان یه‌كێتى‌و گۆڕان له‌پاش مه‌رگى کاک نه‌وشیروان زیندوبكه‌نه‌وه‌و ته‌وزیفی سیاسیی نوێی بكه‌ن، ئه‌و تیڕوانین‌و دنیابینییه‌ ته‌ژیكراو له‌رق‌و گرێی ده‌روونى، بۆ یه‌كێتى‌و گۆڕان نه‌ك هه‌ر نابێت شایان به‌ په‌سه‌ندكردن بێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌پێناو سه‌قامگیریی هه‌میشه‌و یه‌كخستنه‌وه‌ى گوتاری نێوان دوو هێز ئه‌و روئیا كاتیانه‌ وه‌لا بنرێن، ئه‌وه‌ش له‌رێی به‌هه‌ند وه‌رگرتنى ئه‌و خاڵه‌ هاوبه‌شانه‌ى هه‌ردوو هێز له‌سه‌ر كۆى دنیابینى ده‌رهه‌ق به‌ پرۆسه‌ى سیاسیی كوردستان له‌سه‌رى كۆكن.
ماوه‌ى داهاتوو، ره‌نگه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى روئیاى سابتى ماڵباتى مام‌و یه‌كێتییه‌ كاریگه‌ره‌كان، هه‌روه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ى دنیابینى سه‌ركردایه‌تى راسته‌قینه‌ى گۆڕان، ده‌شێت بۆچوونى ناجۆر بۆ تێكدانى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى مام‌و كاكه‌ نه‌وه‌ له‌ زیندویی‌و ساغله‌مى بینایانكردووه‌ ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و دنیابینییه‌ى ده‌شێت لێكمان بكات‌و لێك دوور بكه‌وینه‌وه‌ نه‌رێنى له‌سه‌ر زۆنى سه‌وزو سه‌قامگیریی بوه‌ستێت، بۆیه‌ش سیاسه‌تكردن به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و لۆژیكه‌ سه‌قامگیریی‌و ئارامیی‌و پێكه‌وه‌یی زیاد بكات، به‌مه‌رجێك نیه‌تى هیچ له‌هێزه‌كان قوتدانى یه‌كترو به‌كارهێنان‌و ته‌وزیفی یه‌كتر نه‌بێت، به‌ڵكو كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌مى هاوبه‌ش‌و یه‌كده‌نگی‌و یه‌كڕه‌نگی بێت، له‌وه‌دا تۆپ له‌ساحه‌ى یه‌كێتییه‌، ئه‌گه‌ر گۆڕانه‌كان باڵ‌و ته‌وژمی رادیكاڵیش وه‌ك له‌مه‌راسیمى ناشتى كاكه‌ نه‌وه‌ هه‌ستمان پێیكرد ده‌ركه‌وتبێت، به‌ڵام زۆربه‌یان باوه‌ڕ به‌ نیه‌ت‌و فرمێسك‌و به‌ڵێنه‌كانى سیاسییه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌كانى مام ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت لاهور تاڵه‌بانى، كه‌ به‌ڵێنى به‌ هه‌موواندا رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆڕان وه‌ك دوا بڕیار جێبه‌جێ ده‌كرێت، با ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین‌و ئارامى به‌ گۆڕان ببه‌خشین، چونكه‌ ئارامى شوێنكه‌وتووه‌كانى كاكه‌ نه‌وشیروانى كۆچكردوو، نزیكبوونه‌وه‌ى زیاترى یه‌كێتى‌و گۆڕان‌و جێبه‌جێكردنى خه‌ون‌و ئامانجه‌كانى ده‌باشانه‌ نه‌ك شتى تر.
هه‌ربۆیه‌ش هه‌ردوولا، پێویسته‌ رێ له‌گوتارى ناجۆرى میدیایی‌و پڕ هه‌ڵچوونى سیاسیی نه‌وه‌ى نوێ بگرن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و نه‌وه‌یه‌ نه‌توانن یه‌كێتى‌و گۆڕان وه‌ك پێشتر بخه‌نه‌ دوو سه‌نگه‌رى جیاوازى كوردایه‌تییه‌وه‌، له‌كاتێكدا نشتیمانپه‌روه‌رى بۆ هه‌ردووكیان یه‌ك سه‌نگه‌رى هێشتۆته‌وه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت