هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ده‌وترێت ئه‌وكاته‌ى چینییه‌ كۆنه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئارامیدا بژین، شوراى مه‌زنى چینیان دروستكرد. چونكه‌ پێیانوابوو ئیدى كه‌س ناتوانێ به‌سه‌ر دیواره‌ به‌رزه‌كانیدا سه‌ربكه‌وێت، به‌ڵام له‌سه‌د ساڵى یه‌كه‌مى پاش دروستكردنى شوراكه‌ ئه‌و وڵاته‌ سێ جار روبه‌ڕووى داگیركاریی بۆوه‌، بێ هیچ یه‌ك له‌جاره‌كان پێویست بێت سوپاى داگیركه‌ر به‌سه‌ر شوراكه‌دا سه‌ربكه‌وێت، به‌ڵكو له‌رێگه‌ى كڕینى پاسه‌وانه‌وه‌ به‌ده‌رگاكه‌دا ده‌چوونه‌ ژوور، هه‌ڵه‌ى چینییه‌كان له‌وه‌دا بوو سه‌رقاڵى دروستكردنى شورابوون، كه‌چی بیریان چوو مرۆڤ‌و پاسه‌وان دروست بكه‌ن”. ئه‌مه‌ نێواخنى پڕ بینه‌رترین گرته‌ى ڤیدیۆییه‌ كه‌ ده‌رباره‌ى كه‌لتوورى بیناكردنى دیواره‌كان‌و تێكشكاندنى مرۆڤ قسه‌ ده‌كات.
وتاره‌كه‌ى پێرێی بارزانى كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌ربڵاو له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌ په‌رژینى جوگرافی قسه‌ ده‌كات، ئیدیۆمى په‌رژین له‌گوتاره‌كه‌یدا ماناى ئه‌و سنووره‌ جوگرافیه‌ دێت كه‌ له‌زانستى سیاسیدا وه‌ك سه‌روه‌رى خاك‌و ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ ده‌ناسرێت، چونكه‌ له‌لاى بارزانى ئه‌و سنووره‌ وه‌ك ئه‌وله‌ویه‌تى پارێزگارییكردن له‌شوناس‌و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یی دێته‌ ژماردن، له‌كاتێكدا هاوچه‌شنى چینییه‌ كۆنه‌كان، ئه‌وه‌ شورا‌و په‌رژینى به‌رزو گه‌وره‌ نییه‌ كه‌ ده‌شێت بمانپارێزێت، به‌ڵكو بنیادنانى پاسه‌وان‌و مرۆڤه‌ كه‌ ده‌شێت كۆمه‌ڵگاو نه‌ته‌وه‌یه‌ك بینا بكات له‌ په‌رژین‌و قه‌ڵاو شوراكان به‌هێزتر بێت بۆ مانه‌وه‌و به‌ره‌نگاریی.
هه‌ر له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ عه‌ره‌بیه‌ى، به‌پشت به‌ستن به‌دیدگاى یه‌كێك له‌موسته‌شریقینه‌ كلاسیكییه‌كان، نموونه‌ به‌وه‌ دێنێته‌وه‌، كه‌ هه‌ركاتێك ویستت كۆمه‌ڵگاو نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ره‌و نشوست‌و پوكانه‌وه‌ ببه‌یت سێ هه‌نگاو بنێ: خێزانه‌كان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌و پایه‌كانى خوێندن بڕوخێنه‌و نوخبه‌و سیمبوله‌كانى كۆمه‌ڵگاش تێك بشكێنه‌، ئه‌وه‌ى له‌هه‌ر سێ ئاست موسته‌شریقه‌كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر ده‌كات ئیشكردنه‌ له‌سه‌ر شكۆ، كاركردنه‌ له‌سه‌ر مرۆڤگه‌لێك كه‌ له‌سایه‌ى خێزانێكى داڕوخاوو په‌روه‌رده‌یه‌كى داڕماودا هاوچه‌شنى پاسه‌وانه‌كانى شوراى چین، كاراكته‌رى لاوازى لێوه‌ به‌رهه‌م دێت.
له‌راستیدا وتاره‌كه‌ى بارزانى له‌پرسی دیاریكردنى ئه‌وله‌ویه‌ت هاوچه‌شنى دنیابینى چینییه‌ كۆنه‌كانه‌، چونكه‌ سه‌ربارى گرنگى ده‌وڵه‌ت‌و گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام قۆناغى بنه‌ڕه‌تى دروستكردنى مرۆڤ‌و پاسه‌وان‌و حكومه‌ت‌و ئابورى‌و پارێزگاریكردن له‌شكۆى مرۆڤه‌كان ده‌بێت پێشینه‌ى ئه‌رك بێت. كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و ویسته‌ راست‌و دروسته‌وه‌، بارزانى دێ‌و له‌دۆخێكدا كه‌ كۆی جومگه‌‌و سێكته‌ره‌كانى كۆمه‌ڵگا له‌به‌رده‌م رمان‌و تێكشكانن ده‌یهه‌وێت په‌رژینمان بۆ دروست بكات، په‌رژینێك ئه‌وه‌نده‌ى له‌زیندانیكردن ده‌چێت له‌سایه‌ى ئه‌و حوكمڕانیه‌ى ئه‌ودا، هێنده‌ له‌ قه‌ڵغانى پارێزگاریی‌و مانه‌وه‌مان ناچێت.
پرۆسه‌ى دروستكردنى ده‌وڵه‌ت، ره‌هه‌ندێكى بریتییه‌ له‌ دیاریكردنى سنوره‌كانی، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ى سنوره‌كان دیاری بكرێن ده‌بێت ئاماده‌سازیی بۆ بیناكردنى مرۆڤ بكرێت، ده‌بێت له‌و پرۆسه‌ درێژخایه‌نه‌دا كۆى ره‌هه‌نده‌كانى دیكه‌ى ده‌وڵه‌تسازیی ته‌واو بكرێن، ئاخر خۆ ته‌نها دروستكردنى په‌رژین‌و لێدانى خه‌نده‌ق‌و جیاكردنه‌وه‌ى سنووره‌كان ناتكاته‌ ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى به‌ده‌وڵه‌تبوون ده‌كاته‌ گریمانه‌و ئه‌گه‌رێكى نزیك بیناكردنى نشتیمانه‌، نشتیمانێك كه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ بتوانن له‌ده‌ورى كۆببنه‌وه‌. ئه‌و تێڕوانینه‌ى كه‌ پێیوایه‌ نه‌بوونی په‌رژین روبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌مان ده‌كاته‌وه‌، هه‌مان ئه‌و تێڕوانینه‌ى چینییه‌كانه‌ كه‌ پێیانوابوو شورا ده‌یانپارێزێ، به‌ڵام نه‌ ئه‌وان شورا له‌داگیركاریی پاراستنی‌و نه‌ ئێمه‌ش له‌ شه‌نگال، چونكه‌ دواجار ئه‌وه‌ “پاسه‌وان”ه‌كانن، كه‌ له‌بیناكردنیان لاوازو ده‌سته‌ پاچه‌ بووین‌و به‌ده‌رگاكانى چین‌و شه‌نگالدا به‌ ئاسانى هاتنه‌ژوور.
باوك‌و دایك له‌سایه‌ى ئه‌و سیسته‌مه‌ ئابورییه‌ى ده‌ستى خستۆته‌ گه‌روو و گیرفانیانه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر خانه‌واده‌ هه‌ست به‌بێ شكۆیی ده‌كه‌ن، مامۆستاكان له‌به‌رامبه‌ر قوتابی، پیاوانى ئاینی له‌ به‌رامبه‌ر ئیمانداران، پاسه‌وان‌و هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵك‌و هه‌مووشمان پێكه‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌ سه‌راپاى رۆحمانى ته‌نیووه‌، ئاخر سیاسه‌تی برسیكردن‌و روتاندنه‌وه‌ى گیرفان‌و گرتنى گه‌روى خه‌ڵك وایكردووه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌ست بكات تا دێت كه‌رامه‌تى روبه‌ڕووى شكان‌و داڕمانى گه‌وره‌تر ده‌كات، كه‌چی له‌به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و شه‌پۆلیی برسیه‌تی‌و نه‌دارییه‌، بیركردنه‌وه‌ له‌ په‌رژین‌و دروستكردنى ده‌وڵه‌تێك بۆ خه‌ڵكى بێ نان به‌دڵنیاییه‌وه‌ روبه‌ڕووى په‌رچه‌كردار ده‌بێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ش به‌رله‌وه‌ى خه‌مى شورا بخۆن، وا چاكه‌ خه‌مى نان‌و كه‌رامه‌تى خه‌ڵك بخۆن كه‌ به‌هۆى حوكمڕانیتانه‌وه‌ ماڵوێران بووه‌.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە