هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هه‌ڵگرتنى گه‌مارۆ له‌سه‌ر په‌رله‌مان‌و كۆتایهێنان به‌ شوێنه‌واره‌كانى كوده‌تاكه‌ى پارتى له‌ماوه‌ى رابردوودا خواستى هه‌مووان بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌یهه‌وێت جارێكى دیكه‌ ئه‌و ده‌رگایه‌ بكاته‌وه‌، شایسته‌ى خۆگیڤكردنه‌وه‌و نمایش نییه‌ تا وا نیشانى بدات سه‌روه‌ریی‌و جوامێرى نواندووه‌، چونكه‌ له‌ راستیدا ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌كرێت ته‌نها دانه‌وه‌ى قه‌رزێكى كۆنی پارتییه‌ به‌ كۆمه‌ڵگاو هێزه‌ سیاسییه‌كان‌و ئه‌وه‌شی له‌ رابردوودا روویدا، بۆ ئه‌به‌د وه‌ك عه‌یب‌و عارێكى گه‌وره‌ ده‌مێنێته‌وه‌.
په‌له‌پرۆزه‌ى پارتى له‌و رۆژانه‌و ملدانى كاتى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى سیاسیی‌و كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان، ئه‌گه‌رچی ده‌شێت وه‌ك هه‌نگاوێكى باش له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسیی لێی بڕوانرێت، به‌ڵام هاوكات شایسته‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ روخساره‌ سیاسییه‌كانى وه‌ك پاڵه‌وان له‌ شاشه‌كانه‌وه‌ ده‌ركه‌ون‌و ئه‌وه‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وت به‌ خه‌ڵكى بفرۆشنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ته‌ك كردنه‌وه‌ى ده‌رگاكه‌، ده‌بوایه‌ داواى بووردن وه‌ك مه‌رجى میللی به‌سه‌ر پارتیدا سه‌پێنرابا‌و له‌سه‌ر ئاستى هێزه‌ سیاسییه‌كانیش گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كى ئه‌خلاقی واژۆكرابا، كه‌ بۆ ئه‌به‌د په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى موقه‌ده‌س مامه‌ڵه‌ بكرێت‌و سنووردانان‌و بێ رێزى ده‌رهه‌قی ته‌حریم بكرێت، به‌ڵام وادیاره‌ خه‌مى یه‌كێتی‌و هێزه‌كانی دیكه‌ جارێكی تر چانسی ئه‌وه‌ى به‌ پارتی دایه‌وه‌ كه‌ له‌و كه‌تنه‌ گه‌وره‌یه‌ی خۆشبن‌و په‌ڕه‌ كۆنه‌كان جارێكى تر هه‌ڵنه‌درێنه‌وه‌.
به‌دڵنیاییه‌و سازشی زۆرى پارتى له‌ماوه‌ى رابردوودا به‌شێكى گرنگى په‌یوه‌سته‌ به‌و فشاره‌ زۆرانه‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌هۆى ریفراندۆمه‌وه‌ له‌ئاستى ناوخۆیی‌و هه‌رێمی‌و نێوده‌وڵه‌تى روبه‌ڕووى بۆته‌وه‌، كۆى ئه‌و فشارانه‌ وایكردووه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌و گۆشه‌گیرییه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ له‌داهاتووى پارتى ده‌كات، بخوازێت له‌رێگه‌ى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان‌و هاوبه‌شی پێكردنى رواڵه‌تیانه‌ى یه‌كێتى‌و هێزه‌كانى دیكه‌وه‌ له‌و گۆشه‌گیریی‌و په‌راوێزه‌ رزگاری بێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا كۆى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى كه‌ ده‌شێت به‌ر له‌كاراكردنه‌وه‌ پارتى ده‌یداو نه‌رمى له‌به‌رامبه‌ر داخوازییه‌كان ده‌نوێنێ، تاكتیكى كاتى بن‌و له‌پاش ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان كاراكرایه‌وه‌ گوێ له‌هیچ به‌ڵێنێكى سیاسی نه‌گرێت، هه‌روه‌ك چۆن پێشتر چه‌ندین جار پارتى له‌و بواره‌دا ئه‌زموونكراوه‌.
ره‌نگه‌ دواى چه‌ندین كاتژمێرى دیكه‌ ده‌رگاى په‌رله‌مان به‌كراوه‌یی ببینینه‌وه‌، ئه‌وه‌ى پارتى له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌یهه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان سازشی رواڵه‌تیانه‌ى له‌سه‌ر بكات، ده‌ستبه‌رداربوونی بێت له‌پۆستى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، ده‌شێت سه‌رۆك‌و سكرتێریش به‌هه‌مان دابه‌شكارییه‌ حزبییه‌كه‌ى پێشووتر وه‌ك خۆى بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وانه‌ ده‌ستكه‌وتى گه‌وره‌ نین، ئه‌وانه‌ به‌خشیشێكى سیاسیی پارتین ده‌یداته‌ ئه‌وانه‌ى له‌و میحنه‌ته‌ ده‌ربازى ده‌كه‌ن‌و ده‌شێت له‌داهاتووشدا لێیان بسه‌نرێته‌وه‌، له‌جێی پۆست‌و پله‌ تایبه‌تییه‌كانى نێو په‌رله‌مان، ئه‌جێنداى داهاتووى ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ گرنگه‌، كارنامه‌و شكۆى په‌رله‌مان شتێكى موقه‌ده‌سه‌، چونكه‌ رابردوو نیشانیداین زۆرینه‌و كه‌مینه‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كانى پێ یه‌كلایی ناكرێته‌وه‌و پۆست‌و به‌رپرسیارییه‌تییه‌كانى ناو په‌رله‌مانیش له‌ پرۆسه‌ى دروستكردنى بڕیارى سیاسیی ژماره‌ى گه‌وره‌ نین، به‌ڵكو ئه‌و مه‌تبه‌خه‌ سیاسییه‌ى بڕیاری تێدا ده‌درێت، له‌شوێنێكی دیكه‌یه‌و هه‌موو به‌شداربووه‌كانیشی یان پارتین یان به‌ویستى پارتى‌و وه‌ك مه‌كره‌مه‌ ده‌هێنرێنه‌ ناو مه‌جلیسێكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ته‌به‌نی ئه‌جێنداى پارتى تێدا بكرێت.
بۆ داهاتووى په‌رله‌مان شتێك كه‌ شكۆى بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ده‌ست پێكردنه‌وه‌ى كاره‌كانه‌ له‌و شوێن‌و پرسه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رى په‌كخراوه‌و قفڵ له‌ده‌رگاكه‌ى دراوه‌، زه‌مانه‌تكردن به‌وه‌ى رێ ده‌درێت یاسای سه‌رۆكایه‌تى هه‌مواربكرێته‌وه‌‌و كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتى خۆسه‌پێن له‌رێگه‌ى ئامرازى دیموكراسییه‌وه‌ بێت، تاكه‌ نیشانه‌ى پابه‌ندی‌و راستگۆیی پارتییه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌كانى، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ دووباره‌ رێگرتنه‌وه‌ له‌هه‌مواری یاساكه‌ پارتى باجه‌كه‌ى نادات، به‌ڵكو یه‌كێتى‌و پاشان هێزه‌كانى دیكه‌ روبه‌ڕووى سزاى راى گشتى‌و لایه‌نگرانیان ده‌كاته‌وه‌، پێشتریش ئه‌زموونى له‌و شێوه‌مان دیتووه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت