هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

ڕوداوى مێژوویی ئەو ڕوداوە گرنگەیە لە ژیانى مرۆڤ دا ڕوو دەدەن و، جارى واهەیە ئەو روداوە دووبارە نابێتەوە، دەگمەن نەبێ. لەبیروهزرى مرۆڤ دا دەمێنێتەوە و دەبێ بەیادەوەریەک و نەوە بۆ نەوەى دەگێڕێتەوە. بۆنمونە بونى مەلیک مەحمود بە مەلیکى کوردستان و ڕووداوى 6ى ئەیلولى 1930، و کارەساتى لافاوى 1957 و بۆردومانى سلیمانى لەلایەن ئینگلیزەکانەوە و ئەنفال و کیمیابارانى هەلەبجە و… هتد، مێژووى گەلەکەمان تەژییە لەرووداوو کارەسات و نەهامەتى, ئەم رووداوانە پەیوەندییان بە گەلێکەوە هەیە.
ڕوداوەکان دەکرێ بەدووبەشەوە بەشێکیان پێى دەگوترێ ڕوداوى مێژوویی و، بەشەکەى ترى نامێژووییە، کە ڕۆژانە ڕودەدەن وەک ژنهێنان و، دەرچون لەزانکۆ و، لەدایک بونى منداڵ، بەفرو بارانى زۆر و… هتد, هەرچەند ئەویش گرنگى بۆ کەسەکانى ناو کۆمەڵگا هەیە, بۆ هەردوو بەش ڕۆژژمێرێک بەکار دەهێنرێ جا یا زاینى یا کۆچی وەک کۆچى پێغەمبەر لە مەکەوە بۆ مەدینە. ڕوداوەکان هەمەجۆرن هەیانە ڕووداوى وەرزشیە یا ئەدەبى یا سیاسی یا فەلسەفى وفکرى یاسەربازى و…. هتد .
لێرەدا دوو ڕوداوى مێژووی گەلان دەخەمە بەردیدى خوێنەرانى بەرێز:

1- ویژدان فرۆشی
کاتێ کۆلۆنیالیزمى بەریتانى هیندستانى داگیرکرد, ئەفسەرێکیان زلەیەکى لە کابرایەکى هیندی داو، کابراى هیندیش بەهەموو هێزو توانایەوە زلەکەى لێدایەوەو خستى بەزەوى دا, ئەفسەرەکە لەسۆکى لیدانى زلەکەى کابرا شوێنەکەى جێهیشت و سەریشى زیاتر لەوە سوڕما چۆن ئەو هیندیە ئەو کارەى بەرامبەر سەربازێکى ئیمپراتۆریەتى بەڕیتانیا کە خۆرى ئاوا نابێ ئەنجام بدات, گەڕایەوە بۆ بنکەى سەرەکى هیزەکەیان و باسى ئەوەى کرد و داواى هاوکارى کرد بۆ سزادانى ئەو هیندیە کە تاوانیکى واى ئەنجامداوەو لێخۆش بوونى نییە.
گەورە فەرماندەى هێزەکە هێمنى کردەوەو بردیە ئۆفیسەکەى خۆى و خەزینەکەى بۆکردەوە و داواى لێکرد 50 هەزار ڕوپیە هەڵگرێ و بیبات و بچێ بۆلاى کابراو داواى لێبوردنى لێبکات. ئەفسەرەکە کەلەیی بوو، ووتى: چۆن ئەفسەرێکى ئیمپراتۆریەت بچێ داواى لێبوردن لەکابرایەکى هیندى بکات. ئەو ئیهانەى منى کردوە بەو زلـلەیە, گەورە ئەفسەرى پلەدار پێى ڕاگەیاند ئەو فرمانێکى سەربازییە و پیویستە جێبەجێ بکرێ بێ چەند وچون. ئەفسەرەکە پارەکەى وەرگرت و ڕۆیشت و کابرى دۆزیەوە و پێى ڕاگەیاند:
هیوادارم لێم ببورى کە ئەو زلـلەیەم لێداى و، هەرچەندە تۆش لێتدامەوە و ئیستا یەکسان بوین و ئەوەش 50 هەزار ڕۆپیە دووبارە لێم ببورە. بەڵام کابراى هیندى ئەوەى بیرچو کە لەسەر خاکى خۆى و لەلایەن داکیرکەرێکەوە زلـلەى لێدراوە. بۆ ئەوکاتە 50 هەزار ڕۆپێ زۆر بوو, کابرا بارى دارایی بوژایەوەو خانویەکى لێکڕی و چوو ڕەخشێکى ( رەخش یا رەکش جۆرە ئۆتۆمبیلێکى 3 تاییە هێندیەکان بۆ هاتوچوو بەکاریان دەهێنا ) لێکڕى و بەشێکى لێ وەبەرهێناو بوو بەبازرگانێکى دیار و زلـلەى کابراى ئینگلیزى بیرچووەوە، بەلام ئینگلیزەکان ئەو زلـلەیەیان بۆ ئەفسەرەکەیت بیرنەچوبۆوە. دواى ماوەیەک گەورە ئەفسەرى بنکە بانگى ئەفسەرە زلـلە لێدراوەکە کرد دەکات و دەڵێت:
کابراى هیندیت بیرماوە کە زلـلەکەى لێداى؟
ئەفسەرەکە چۆن بیرم دەچێتەوە؟
گەورە ئەفسەر:
ئێستا کاتى ئەوە هاتووە بچى بەدواى ئەو کابرایەدا بگەڕییت و بیدۆزیتەوە و بێ سێ و دوو لەناو خەلکدا زلـلەیەکى لێبدە.
گەورە ئەفسەرەکە ووتى: ئەوکاتى زللـەکەى لێداى هیچى نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ بازرگانێکى گەورەیە و پاسەوان بەدواوەیەتى و خەلکى هەیە.
ئەفسەرەکە بەگەورەکەى ووت نەک هەرلێم نادا بەڵکو دەشمکوژێ.
گەورە ئەفسەرپێى ڕاگەیاند:
نا ناتکوژێ و بڕۆ فەرمانکە جێبەجێ بکە و چەندوچون مەکە, ئەفسەر ملکەچى گەورەکەى بوو چوو, لەکاتێکدا کابراى هێندى پاسەوان و لایەنگرانى لەدەورى بوون دەستى بەرزکردەوە تا هێزى تێدا بوو زللـەیەکى لێداو تا ئەو ڕادەیەى خستى بە زەوى دا, کابراى هیندى هیچ کاردانەوەیەکى نەبوو تەنانەت چاویشى بەرز نەکردەوە! ئەفسەرەکە سەرى سوڕماو بەپەلە گەڕایەوە لاى گەورەکەى و گەورە ئەفسەر پێى گوت: من نیشانەى سەرسوڕمان و واق ووڕمان بە سیماتەوە دەبینم؟ ووتێ:
بەلێ! یەکەجار زۆر بەبەهێزى لێى دامەوە ئەوکاتەى هەژار و تەنها بوو, ئەمڕۆ هێزو دەسەڵاتێکى هەیە هیچ کەس نییەتى، بەلام جورئەتى نەبوو یەک ووشەش بڵێ ئەى بۆ ئەمەیان چۆنە؟
فەرماندەکە ووتى:
یەکەمجار هیچ شتێکى نەبوو تەنها ویژدان و کەرامەتى هەبوو, شتێکى پیرۆز بوو لاى، بۆیە بەرگرى لێکرد. بەلام جارى دووەم ویژدان و کەرامەتى خۆى فرۆشتبوو بە 50 هەزار ڕوپێ پاڕیزگارى لێنکات شتى لەوە گرنگتر هەیە پارێزگارى لێبکات.

2- لێرەوە شکست دەست پێدەکات
دواى ئەوەى ناپلیۆن بەخۆیی و لەشکرەکەى بەناو شارو ووڵاتانى ئەوروپا تێدەپەڕىن, خەڵک لەماڵەکانى خۆیان دەهاتنە دەر بۆ ئەوەى سەیرى کەژاوەى سوپاکەى بکەن ,کاتێ گەیشتە ناو سنورى ڕوسیا بینى جوتیارێک خەریکى کێلانى زەویەکەیەتى و هیچ گرنگیەک بە کەژاوەکەى سوپاى ناپلیۆن نادات و چلاکانە کارى دەکرد بێ ئەوەى لەکارەکەى بێزارو بێتاقەت بێ و هەست بەماندوو بون بکات, لەوکاتە ناپلیۆن بە پاسەوانەکانى گوت:
سەیرى ئەو جوتیارە بێڕێزە بکەن خۆ سەیرى کەژاوەى سوپاکەم ناکات, لەکاتێکدا کچانى ئەوروپا بەڕاکردن لە ژوورەکانى خۆیان دەهاتنە دەر، کاتێک دەیانزانى کەژاروەى سوپاکەم بە شوێنێکدا تێدەپەڕێت! ناپلیۆن کەژاوەکەى ڕاگرت و فەرمانى دا جوتیارەکەى بۆ بێنن , پاسەوانەکانیش جوتیارەکەیان هێنا و لەبەردەم ناپلیۆن ڕایانگرت ناپلیۆن ڕووى لە جوتیارەکە کردو گوتى:
بۆچى کێلانى زەویەکەت ڕانەگرت کاتیک کەژاوەى سوپاکەى منت بینى؟
جوتیارەکە لەوەڵامدا گوتى:
من هیچ کارێکم بە کەژاوەى سوپاکەى تۆ نییە, زەویەکەم لا گرنگترە لە سوپاکەى تۆ.
ناپلیۆن گوتى:
نازانى من کێم؟
جوتیارەکە گوتى هیچ گرنگ نییە لەلام تۆ کێیت؟
ناپلیۆن گوتى: پێویستە بزانیت من ناپلیۆنم و وولاتەکەت داگیر دەکەم .
جوتیار گوتی تۆ تەنها داگیرکەرێکى و زۆر لەوە سوکترى کە ووڵاتى من داگیربکەى, ناپلیۆن گوتى: دەبێت هەموو کات ناوى من هەڵگریت بۆ ئەوەى منت بیربێتەوە.
ناپلیۆن فەرمانى بەسەربازەکانى کرد ناوى ناپلیۆن لەسەردەستى جوتیارەکە بنوسن, پاسەوانەکانیش شیشیان گەرم کرد و لەسەردەستى جوتیارەکە ناوى ناپلیۆنیان نوسى, لەوکاتە جوتیارەکە تەورەکەى خۆى گرتە دەست و دەستى خۆى لێکردەوە و فڕێى دایە بەردەم ناپلیۆن و سەربازەکانى و ڕووى لە ناپلیۆن سەربازەکان کرد و گوتى:
ناوەکەى خۆت لەگەل خۆت ببە, شەرمەزاریە بۆمن ناوى داگیرکەرێکى قێزەونى وەک تۆ هەڵبگرم.
ناپلیۆن سەیرى دەوروبەرەکەى کردو و لێرەدا ووتە بەناوبانگەى درکاند: لێرەوە شکست دەست پێ دەکات.
بەڕاستى ناپلیۆن توشى گەورەترین شکست هات لە ژیانى خۆى، ئەویش وولاتى ڕوسیا بوو کەنەى توانى داگیری بکات و، زۆرینەى سوپاکەى لەدەست دا و، بەسەرشۆڕى گەرایەوە فەرەنسا.
لەکۆتاییدا دەلێم: وێژدان فرۆشتن و جەرائەت چاونوقاندنە بەرامبەر داگیرکەران, لەوەى ناپلیۆنیش هەرکاتێک هەر هاوولاتیەک پەیوەست نەبوو بە خۆشەویستى و دلسۆزى بۆ گەل و خاکەکەى و بیرى لە هاوکارى دوژمنان و خیانەت نەکردەوە ئەوا ئەو گەلە سەربەخۆ دەبێ ئازادى وەدەس دێنێ.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.