هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

له‌ سیاسه‌تدا هه‌میشه‌ ده‌رئه‌نجام كاری خۆی ده‌كات و ئه‌وه‌ی رای گشتی و خواستی جه‌ماوه‌ر به‌لای خۆیدا رابكێشێت پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆی پته‌و ده‌كات و درێژه‌ به‌ بونی خۆی ده‌دات و خۆفه‌رزكردنی چواشه‌كارانه‌ و بێ بنه‌ما چاره‌نوسیشكست و كه‌وتنه‌ زوو بێت یان دره‌نگ.
یه‌كێتی تا ئه‌وكاته‌ی یه‌كێتی نێوخۆیی زاڵبوو، تا ئه‌وكاته‌ی روحی سه‌ركرادیه‌تی و تێگه‌یشتن له‌ واقعی كوردستان و خۆفه‌رزكردن به‌سه‌ر كۆر ی خه‌بات و پشت به‌ستن به‌ جه‌ماوه‌ر خاڵی هه‌ره‌ له‌ پیشینه‌ی سیما و سیفه‌ت و كرده‌وه‌كانی بوو، تا ئه‌و كاته‌ی خه‌ڵك سیفه‌ته‌كانی میله‌ت و ویست و ئاره‌زوو و ئامانهجه‌كانیان به‌ جوانی ده‌خوێنده‌وه‌، هێزی یه‌كه‌می بێ ركابه‌ر بوو.
پارتی له‌ سه‌ره‌تای شۆرشی ئه‌یلول و به‌ پشت به‌ستن به‌ جه‌ماوه‌ر له‌ سۆران و بادینان، هیچی بۆ هێزی نه‌یار و ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی نه‌هێشتبووه‌ و ته‌نها پشتو په‌نای جه‌ماوه‌ری ئه‌و كات بوو كه‌ واقعی رۆشنبیری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ تاوه‌كو نسۆكۆ و هه‌ره‌سه‌ گه‌وره‌كه‌هێزی پاڵپشتیی بوو.
گۆران كه‌ له‌ قۆناغێكی هه‌ستیار و تایبه‌تی و له‌ واقعێكی تا راده‌یه‌ك به‌خودگۆراوی پێش دروتبونی ئه‌م رێكخراوه‌ و له‌ كاتێكی چاوه‌روانكراوی وه‌رچه‌رخانی سیاسی و كه‌فوكولی جه‌ماوه‌ری و زۆربونی رێژه‌ی ناره‌زایی جه‌ماوه‌ر و گه‌لی كوردستان، زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی مسۆگه‌ر كرد و ئه‌گه‌ر زۆر گزی و ساخته‌ وه‌ده‌رنێین له‌ پرۆسه‌ی دیاریكردنی جه‌ماوه‌ریی حزبه‌كاندا، گۆران ته‌نانه‌ت پله‌ی یه‌كه‌می جه‌ماوه‌ریبونی هێزه‌كانی به‌ده‌ست هێنا ئه‌گه‌ر به‌راورد به‌ حزبه‌كانی تره‌وه‌ بكرێت له‌گه‌ڵ پارتیشدا، له‌لایه‌نی نه‌بونی به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی مادی و مه‌عنه‌وی بۆ ئه‌وانه‌ی پشتگیریان ده‌كرد” به‌ پێچه‌وانه‌ی جه‌ماوه‌ری حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات.
هه‌روه‌ها حزبه‌كانی تر، هه‌ریه‌كه‌ و تا راده‌یه‌ك به‌ شێوه‌یه‌ك پێناسه‌ی خۆی به‌ جه‌ماوه‌ریبونیه‌وه‌ ده‌رده‌خات و، هه‌ر یه‌كه‌و بونی خۆی به‌ بنكه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و بچوكی و گه‌وره‌یی به‌ نزیكی و توانای خۆبه‌ستنه‌وه‌ی به‌ مه‌یلی جه‌ماوه‌ره‌وه‌یه‌” جگه‌ له‌ هۆكاری تر.
ئالێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌ره‌رای بونی جۆره‌ها به‌رژه‌وه‌ندی و خۆفه‌رزكردنی ساخته‌كارانه‌ و گزی و فزی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌وڵی هێزی دسه‌ڵات و پاره‌وپوڵ و چیژی هه‌مه‌چه‌شن، كه‌چی جه‌ماوه‌ری راسته‌قینه‌ی هه‌ر حزبێك و نزیكبونی له‌ بنكه‌ی حه‌ماوه‌ری فراوانه‌وه‌، له‌ دوو بنه‌مای سه‌ره‌كیه‌وه‌ ده‌ستبه‌ر ده‌كرێت:
1- راستكۆیی هه‌ر رێكخراوێك له‌گه‌ل بنكه‌ و جه‌ماوه‌ری خۆیدا به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و دوور له‌ چێژی هه‌مه‌ چه‌شنی ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازات كه‌ قورسه‌ بۆ زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر فه‌راهه‌م بكرێت.
2- خواستی جه‌ماوه‌ری له‌ بواره‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی قۆناغه‌كه‌ و چۆنێتی مه‌یسه‌ر بونی له‌ رێگه‌ی راستودروستی بێ غه‌لوغه‌شی ده‌سه‌ڵاتدارێتی. ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌زمونه‌كانی جیهاندا بی روونی ده‌ركه‌وتووە‌ و خواستی گشتی جه‌ماوه‌ر به‌ هیچ تموحێكی مادی و چێژی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حزبی ناكردرێت، بۆیه‌ هێزی نوێی گونجاو به‌ نوێنه‌ری راستو گونجاو په‌یوه‌ست ده‌بێت وسه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش له‌ سه‌رجه‌م وڵاتاندا ده‌بێت و نزیكترین نمونه‌ش سه‌ركه‌وتنی ماكرۆنه‌ به‌سه‌ر هێزه‌كانی تردا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی فه‌ره‌نسادا ئه‌وه‌مان به‌ جوانی بۆ ده‌رده‌خات .
بۆیه‌، پارتی له‌م ئامانجه‌ سه‌خت و حزبیه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ تایبه‌تی له‌ رێگه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ بۆ حزبه‌كه‌ به‌ده‌ستی بێنێت، خۆ په‌یوه‌ستبونیه‌تی به‌ جه‌ماوه‌ری گه‌لی كوردستان و، هه‌ست و سۆز و نیاز و ئامانجه‌ راسته‌قینه‌ و خه‌ونه‌كانیان به‌ سه‌رمه‌شقی ئامانجه‌كانه‌وه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌ . به‌ڵی پارتی ترسی له‌هه‌موو شیعارێكی له‌و جۆره‌ بوو، به‌ڵێ پارتی هێزێكی موحافزكار و هه‌میشه‌ بینینی ستراتیجی له‌ سنوور و ده‌رگای عیراق به‌ده‌ر نه‌بووه‌ و تا شیعاره‌كه‌ی له‌ خودموختاریه‌وه‌ بۆ فیدراڵی گۆری قیر سپی بوو، به‌ڵێ پارتی بۆ ماویه‌هكی دوور له‌ جه‌ماوه‌ری راسته‌قینه‌ی كوردستان دوور بوو و ته‌نها پشتی به‌ كلتوری سیاسی باوو و ئاستی رۆشنبیری زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌مه‌ر بیركردنه‌وه‌ی خۆی و دوور له‌ نوخبه‌ ده‌به‌ست . به‌ڵام ئه‌مرۆ له‌ به‌دبه‌ختی هه‌مووان وا به‌م بازدانه‌ سیاسیه‌ حزبیه‌ و به‌ بیری حزبی و ناخی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی شه‌خسی و حزبیه‌وه‌، ده‌یه‌وێت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ته‌گه‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری و سیاسی و شكسته‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی خۆیدا باز بدات، كه‌ مه‌گه‌ر ته‌نها به‌م رێگه‌وه‌ بتوانێت سه‌ربكه‌وێت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مشتومره‌ و سه‌رسورمانی ئێمه‌ومانانه‌، كه‌ زۆرینه‌ی نوخبه‌ی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵێك ده‌رسترۆیشتویی سه‌رجه‌م حزبه‌ نه‌یاره‌كانی پارتی به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌فتار و ئامانجه‌ی پارتیدا ده‌كه‌ن كه‌ به‌ قازانج به‌ پارتی و جه‌ماوه‌ریبونی ساخته‌یی و موزه‌یه‌فی ژماره‌ی هه‌وادارانی له‌كوردستاندا بشكێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ راسته‌خۆ و له‌ رێگه‌ی دژایه‌تیكردنی ئامانجێكی پیرۆزی جه‌ماوه‌ری گه‌لی كوردستان و كه‌ پارتی له‌ پێناو مه‌به‌ستی حزبی هه‌ڵیگرتووه‌ و، به‌م سه‌ركێشیه‌ی خۆی له‌ سه‌رجه‌م قه‌یرانه‌كان رزگار ده‌كات و شسكتی چه‌ند ساڵه‌ی خۆی به‌ ریفرانۆم و سبه‌ه‌رخۆیی زاره‌كی دیلێت ده‌كات و جه‌ماوه‌رێتی خۆی دووباره‌ به‌ خه‌ونه‌ دێرینه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و له‌دواجاردا ئه‌وانه‌ی به‌ رێگه‌ی نابه‌جێ و هه‌ڵه‌شه‌یی و شییكاری تیریانه‌ی رووتوقوتی زانستیانه‌ی سیاسی و بێ پشتب به‌ستن به‌ واقعه‌كه‌ی كوردستان و بێ خوێندنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری خه‌ڵك و چۆنێتی روانینی بۆ حزب و كاری سیاسیان، قسه‌ی وا ده‌رده‌برن و هه‌ڵوێستی وا ده‌گرنه‌به‌ر كه‌ جگه‌ له‌ قازانج به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی پارتی و به‌ زاڵبونی چه‌واشه‌ هیچ شتێكی لێ سه‌وز نابێت و له‌وێشدا پارتی به‌م ره‌فتارانه‌ شاگه‌شكه‌ی خۆشی ده‌كات، له‌ دواجاردا پارتی به‌ ئه‌نجامدان و سه‌ركه‌وتنی ریفرندۆم كه‌ ئه‌گه‌ری زۆرتره‌ له‌ شكست و ئه‌نجامنه‌دانی، دووباره‌ خۆی فۆرمات ده‌كاته‌وه‌ و قسه‌ی حه‌ق و راستی زۆرینه‌ی نوخبه‌ ده‌خاته‌ گۆشه‌یه‌كی كه‌ناری بیروبۆچونی جه‌ماوه‌ری كوردستانه‌وه‌.
بۆیه‌ ده‌بێت له‌ مامه‌ڵه‌ كردن به‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌چه‌ند بنه‌مایه‌ك له‌به‌رچاو بگیرێت:
1- هه‌روا به‌ئاسانی نه‌یارانی ریفرندۆم له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری راست و ره‌وا به‌ ره‌فتار و هه‌ڵوێستی رووكه‌شانه‌ ریفرندۆم نه‌كه‌نه‌ موڵكی پارتی و ئه‌و ده‌زوله‌ باریكه‌ی له‌ نیوان ئه‌م كاره‌و مانه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ موڵكداری هه‌مووان به‌ ئاسانی نه‌دۆرینن، كه‌ پارتی به‌و كرده‌وانه‌ له‌ ناخی خۆیدا له‌ شاگه‌شكه‌ی خۆیدا ببورێته‌وه‌ و به‌ خۆی بره‌و به‌و ئیدعاتانه‌ بدات و به‌ رووكه‌ش نارازیبونی خۆی ده‌ربرێت و خه‌ڵك بكاته‌ دووبه‌ره‌وه‌ و نه‌یاره‌كانی كه‌متر بكاته‌وه‌ وبه‌ نهێنیش باش بزانێت ئه‌و جۆره‌ راوبۆچونانه‌ له‌ رووی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ له‌ قازانجی خۆیدایه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ تر سه‌رجه‌م خواست و دسه‌ڵات و ده‌سترۆیشوویی خۆی بۆ ده‌یان ساڵی تر به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا فه‌رز بكات و خه‌باتی نه‌هێشتنی ناعه‌داله‌تی و بنبركردنی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی قورستر بكات .
2- هه‌وڵی رێگه‌ی ناسكی جه‌ماوه‌ری بۆ تێگه‌یشتن له‌ فرتوفێڵی حزبی و ته‌كتیك و مانۆر به‌ ستراتیجی كۆی گشتی میله‌ت گرێ نه‌ده‌ن و بواری فرۆشتنی نه‌ته‌وه‌په‌رستنی به‌ پارتی له‌ رێگه‌ی هه‌ندێك هه‌ڵویستی كورتبینی سیاسی رووتی رۆژانه‌وه‌ نه‌فرۆشنه‌وه‌ .
3- له‌م باره‌وه‌ زۆر سه‌خته‌ جه‌ماوه‌ر له‌ نیاز و كرده‌وه‌ی پارتی به‌ناوی ئه‌وانهوه‌‌ روون بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتێكدا ئێمه‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی عاتفی و زور له‌بیركه‌ری كرده‌وه‌ و ره‌فتاره‌ سه‌خته‌كانی ته‌نانه‌ت نه‌یارانیشین بین نه‌ك حزبه‌كانی كوردستان، ئه‌ی چۆن شكسته‌كانی پارتی و ده‌سه‌ڵاتمان له‌بیر ناچێت.
با كارتی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ده‌ست چه‌واشه‌ و خاوه‌ن مه‌به‌تسی ته‌سك به‌ ره‌فتار و كرده‌وه‌ی راست و دوور له‌ هه‌ڵچون ده‌ربێنین و رێگه‌ی رزگاری هه‌میشه‌یی له‌ حوكمی بنه‌ماله‌یی و موحافزكاری ماوه‌به‌سه‌رچوو كورت كه‌ینه‌وه‌، نه‌ك به‌ خۆمان ته‌مه‌نی قۆناغی چه‌قبه‌ستن له‌ دونیای رابردوو و دووری لهبیر و ره‌فتاری ‌سه‌رده‌میانه‌ زیاتر كه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌م كاته‌دا به‌ هه‌ڵوێستی راست و دروستی هه‌موان له‌مه‌ر ریفراندۆم ده‌كرێت، ده‌بێت نه‌هێلین به‌ ئاسانی ئه‌م ئامانجه‌ گشتی وپیرۆزه‌ به‌ نرخی چه‌واشه‌ و ئامانجی حزبیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی شكستخواردووه‌ به‌ خه‌ڵك بفرۆشرێته‌وه‌ .
به‌ زۆر كورتیه‌كه‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، یان سه‌ربه‌خۆیی به‌هه‌ر ێگایه‌كه‌وه‌ بێت موڵكی شه‌رعی و ئامانجی پیرۆزی میله‌ته‌ و خه‌ونی له‌میژینه‌ی گه‌لی كوردستانه‌ به‌ سه‌رچه‌م بیروبۆچون و فكر و عه‌قیده‌یانه‌وه‌، با به‌ هه‌رزان راده‌ستی حزب و كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندخوازی نه‌كه‌ین به‌ قسه‌و كاری تێۆری ره‌ق و دوور له‌ واقعی كوردستان كاریان مه‌یسه‌ر نه‌كه‌ین و سه‌ربه‌خۆیی به‌ موڵكی گه‌ل بمێنێته‌وه‌ وناخ و مه‌به‌ستی راسته‌قینه‌ی ئه‌وانه‌ی یاری پێده‌كه‌ن بۆ جه‌ماوه‌ر روون بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و هاوكێشه‌یه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ نه‌خێر بۆ ریفرندۆم ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی چه‌ند قات درێژتر ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌وجا قوره‌كه‌ خه‌ستر ده‌بێته‌وه‌ نه‌ك به‌ پیاده‌كردنی ریفراندۆمی بێ ئاماده‌یی پێداویستیه‌كان و نه‌بونی زه‌مینه‌ سازی.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە