هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

له‌م چه‌ند رۆژه‌دا پاش گیان له‌ده‌ستدانی نه‌مر نه‌وشیروان موسته‌فا، زۆر لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی له‌ بۆچون و ره‌فتاری ئه‌ندام و لایه‌نگرانی سه‌رجه‌م حزبه‌كان و به‌ تایبه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆرانمان بۆ ڕوون بووه‌وه‌، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و به‌ پێی عه‌قڵیه‌تی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كه‌دا كرد و. حزبه‌كانیش وه‌ك یه‌كه‌مین كاردانه‌وه‌ی بیستنی ڕووداوه‌كه‌، به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان خسته‌ پێشه‌وه‌ و هه‌ڵوێستی خێرای هه‌ندێك له‌ لایه‌ك و خه‌مساردی ئه‌ویتر له‌ لایه‌كی تره‌وه،‌ توشی شۆكی كردین. به‌ تایبه‌تی زاڵبونی سۆز و مه‌یلداری هه‌مه‌لایه‌ن به‌سه‌ر ره‌فتاری هه‌ندێك و ره‌فتاری دوور له‌ بۆچونه‌كانی كاك نه‌وشیروان له‌سه‌ر ئه‌وانیتر به‌زه‌قی ده‌ركه‌وت. به‌ خۆرسك هاتنه‌ سه‌رجاده‌ و هه‌ڵوێست ده‌ر‌برینی حه‌شاماتی خه‌ڵكی كوردستان، وه‌ك یه‌كه‌مین كاردانه‌وه‌ی بیستنی ڕووداوه‌كه‌، خۆشه‌ویستی كاك نه‌وشیروانی بۆ هه‌مووان ده‌رخست. كه‌ له‌ده‌رئه‌نجامی میێژوو و ره‌فتار و هه‌ڵوێست و بیروبۆچونه‌ تایبه‌تی و گشتیه‌كانیدا له‌ دڵ و ده‌روونی خه‌ڵك خۆی سه‌پاندبوو.
ئه‌وه‌ی راستی بێت سه‌ركرده‌یه‌كی هه‌ڵكه‌وتووی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی و عه‌قڵێكی مۆدێرن وتایبه‌تی و جیاواز له‌وانیتر، شایانی ئه‌وه‌یه‌و له‌وه‌ش زیاتر، به‌ڵام ئه‌وه‌مان پێشبینی ده‌كرد كه‌ سه‌ركرده‌ و بژارده‌ی خه‌ڵكانی گۆرانخواز وه‌ك خوێندكارێكی ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ له‌ پابه‌ندبون به‌ بیروبۆچون و عه‌قڵیه‌تی كاك نه‌وشیروان، له‌م كاته‌دا ره‌نگی بدایه‌ته‌وه‌ و وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ خه‌ڵكی حزبه‌كانی تر جیاواز بان و زۆر شتیان له‌به‌رچاو بوایه‌ كه‌ خودی كاك نه‌وشیروان داهێنه‌ری بوو؛ وه‌ك خاكیبون و تازه‌گه‌ری و ساكاری و واقعیبون و تێكه‌ڵكردنی ره‌سه‌نایه‌تی به‌ پێویستیه‌كانی سه‌رده‌م و خۆجیانه‌كردنه‌وه‌ له‌ هاوڵاتیان و هه‌ژاردۆستی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ زیاده‌ره‌ویكردن له‌ مه‌راسیمی بێكه‌ڵك و ته‌نانه‌ت زیانبه‌خش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌نگاوێكی له‌م مه‌سه‌لانه‌ ده‌بێته‌ نه‌ریتێك و له‌ نێو كۆی كومه‌ڵگه‌ خۆی ده‌سه‌پێنێت و، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سروتی كوردانه‌ و كاركردن به‌ هه‌ندێك ره‌فتاری هاورده‌ی گه‌لانیتر له‌ بۆنه‌یه‌كی گشتی ئاوادا زیان به‌ خودی گه‌لی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت و. هیوادار بووم، سه‌ركرده‌ میراتگره‌كانی فكرو بیروبۆچونی كاك نه‌وشیروان له‌ هه‌نگاوه‌كانیان له‌م بۆنه‌دا نه‌وشیروانانه‌ ره‌فتاریان بكردایه‌ و له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ مه‌راسیمی ناشتن و ته‌عزێكه‌شدا، به‌ شێوه‌یه‌كی كوردانه‌ی وا بجوڵانایه‌ته‌وه. كه‌ ئه‌م ڕووداوه‌ بوایه‌ به‌ نه‌قڵه‌یه‌كی نه‌وعی له‌ بارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌مجۆره‌دا‌ و خه‌ڵكی كوردستان چاوی لێبكردایه‌ و، له‌م داب و نه‌ریته‌ی دورگه‌ی عه‌ره‌ب رزگارمان بوایه‌ .

ئه‌و پرسیارانه‌ی له‌ مێشكمدا خول ده‌خواته‌وه‌ و دڵنیام بێ وه‌ڵام ده‌بێت :
* ئایا به‌ راستی خودی كاك نه‌وشیروان وه‌سێتی كردووه‌ له‌ گرده‌كه‌ی زه‌رگه‌ته‌ بنێژرێت، ئه‌وه‌ی بیناسێت ئه‌گه‌ر بۆ شوعله‌خانی خێزانی قسه‌ نه‌كه‌ین، كه‌ رێی تێده‌چێت له‌ پێناو بنه‌ما و پیرۆزیه‌كانی فكر و بیروبۆچونی، ئاساییه‌ لێی دوور بێت، به‌ڵام هیچ كاتێك خۆی له‌ كه‌سانیتر به‌رزتر دانه‌ناوه‌ و خۆی له‌ شه‌هیدانی گردی سه‌یوان به‌جیاواز نه‌زانیوه . رۆژێك نه‌مانبیستووه‌ كارێكی له‌وبابه‌ته‌ی كردبێت و سه‌ردانی مه‌زارگه‌ی گۆری تایبه‌تی كه‌سه‌ سیاسیه‌كانی تری كردبێت و باوه‌ری پێبوبێت، واته‌ وه‌ك له‌ ژیان خۆی له‌خه‌ڵك جیانه‌كرده‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ دوای خۆی و له‌ مردنیشدا به‌و شێوه‌یه‌ی ویستووه‌ .
* خودی كاك نه‌وشیروان باوه‌ری به‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ مه‌زارگه‌ و مۆنۆمێنتی هه‌بێت و له‌و باوه‌ره‌دام كه‌ قه‌ت به‌ هه‌مان بۆچونی خه‌ڵكیتر بیری نه‌كردۆته‌وه‌ و له‌مه‌ر كار و ره‌فتار و كرداری ئه‌وانیتر له‌ سه‌له‌فیه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كان، بۆ پیرۆزیه‌ ئایدیاڵیه‌ ژیانیه‌كان زۆر جیا له‌وان بیری كردۆته‌وه‌ .
* ئه‌گه‌ر شتی له‌م بابه‌ته‌ی له‌ میشكیدا بوایه‌، زۆر شتی ده‌رده‌خست یان ئاماژه‌ی پێده‌دا و له‌وباره‌وه‌ زوو وه‌سێتنامه‌ی ده‌نوسی و ده‌یدایه‌ ده‌ستی بنه‌ماڵه‌كه‌ی یان سه‌ركردایه‌تی گۆران، یان له‌ ژیانیدا ره‌فتارێكی له‌م جۆره‌ی ده‌نواند .
* له‌وباوه‌ره‌دا نه‌بوو ئه‌وانه‌ی دوای خۆی، تا راده‌یه‌ك سیاسه‌ت به‌ گۆره‌كه‌یه‌وه‌ بكه‌ن و وه‌ك حزب و كه‌سایه‌تیه‌ عه‌شایه‌ر و بیرموحافزكاره‌كان و به‌هه‌مان ره‌وت و رێگه‌ ئه‌م جۆره‌ ره‌فتارانه‌ بكه‌ن.‌
* ژیانی ساكار و ره‌فتاری ئاسایی و خاكیبون و ته‌نها بیر له‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین له‌م جۆره‌ زیاده‌ره‌ویه‌ له‌م ره‌فتارانه‌ی سه‌ركرده‌كانی دوای خۆی ره‌تكردۆته‌وه‌ .
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ملیۆنه‌ها دۆلاره‌ی بۆ مه‌زاری مه‌لا موسته‌فا خه‌رج كرا، راست و ره‌وا بوایه‌، گۆرانخوازان له‌و كاته‌دا ره‌خنه‌یان لێنه‌ده‌گرت و، ده‌كرا كاك نه‌وشیروان بۆ جارێكیش ته‌نانه‌ت له‌ رووی سازشی سیاسیه‌وه‌ به‌ناچارییش بێت له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنی ته‌كتیكێكدا وه‌ك خه‌ڵكی تر سه‌ردانی گۆره‌كه‌ی بارزانیی ده‌كرد، به‌ڵام كاك نه‌وشیروان باوه‌ری به‌ بنه‌مای جێگیری فكری خۆی هه‌بوو. به‌ڵام وا دیاره‌ كه‌ گۆرانخوازان له‌و كاته‌دا ره‌خنه‌یان ده‌گرت ئێستا له‌سه‌ر ئه‌مری واقعی كوردستان به‌هه‌مان ره‌وت و ئاراسته‌ هه‌نگاو ده‌نێن و دوورن له‌ میراتگری راسته‌قینه‌ی بیروبۆچونی تایبه‌تی كاك نه‌وشیروان. بۆیه‌ ده‌ڵێم: كاك نه‌وشیروان به‌ كرده‌یی ره‌خنه‌ی له‌ره‌فتاری حزب و سه‌ركرده‌كانی تری ده‌گرت، وادیاره‌ ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ی گۆران قورسه‌ له‌سه‌ریان رێچكه‌ی ئه‌وانیتر به‌رده‌ن و زۆر سه‌خته‌ بتوانن هه‌ڵگری بیری نه‌وشیروانیزم بن و نه‌وشیروانانه‌ بژین و سیاسه‌ت بكه‌ن. هیوادرام وا نه‌بێت، وردبن له‌ كردار و ره‌فتار و سیاسه‌تیاندا بۆ ئه‌وه‌ی زۆر به‌ سه‌لبی به‌سه‌ریاندا نه‌شكێته‌وه‌. پێویسته‌ نه‌وشیروانانه‌ بجوڵێنه‌وه‌ و فكر و نه‌ریتی نوێی نه‌وشیروانیزم بچه‌سپێنن.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت