هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئه‌گه‌ر شاسواری عه‌بدولواحید له‌م ماوه‌یه‌شدا چاوی به‌ (كیس كیلۆگ)ی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكای نزیك له‌ ترامپ كه‌وتبێت و، ئه‌مریكاش له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بیه‌وێت فشاری راسته‌وخۆی خۆی بكات و، له‌به‌ر دڵنیانه‌بون له‌ سه‌ركه‌وتن كاره‌كته‌ری تری پشت په‌رده‌ نه‌یانه‌وێت له‌م وه‌زعه‌دا خۆیان ده‌رخه‌ن و رۆڵی كوره‌ بچوكی ئه‌مریكا ببینن و وایان به‌ باش زانیوه‌ تازه‌پێگه‌یشتوان بێننه‌ سه‌رته‌خته‌ی شانۆكه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا هه‌روا به‌ ئاسانی به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستێت و ئه‌ڵته‌رناتیڤی خۆی هه‌یه‌ جا ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتو بێت یان ژیركه‌وتوو.
ئه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌مریكا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی كوردستاندا مامه‌ڵه‌ ده‌كات و دیفاكتۆی سیاسی كوردستان خۆی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا و مامه‌ڵه‌كردنی له‌ گه‌ڵ كوردستاندا فه‌رز كردووه‌ و، تا راده‌یه‌كیش ده‌سه‌ڵاتی كوردستان به‌ته‌نها له‌م باره‌وه‌ سه‌ركه‌وتو بوون، ئه‌ویش به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی زیاتر قازانجی بۆ حزبه‌كانیان بووه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی میله‌ت بیریان لێكردبێته‌وه‌ و، هاوكێشه‌كانیش خۆیان به‌سه‌ر هه‌ردوولادا سه‌پاندووه‌، كه‌ تا ئه‌مرۆ ئه‌ڵته‌رناتیڤی دروستیان بۆ یه‌كتر نه‌بێت.
له‌م ماوه‌یه‌دا، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردستان له‌ده‌رئه‌نجامی هه‌وڵی ده‌ربازبون له‌ قه‌یرانه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان، ده‌ستی بۆ پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی وه‌ك ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بردووه‌، روانینی ئه‌مریكا و چۆنێتی ده‌ستنیشان كردنی پلانێك كه‌ له‌نێو جه‌نجاڵی ركابه‌ریه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیدا بكه‌وێته‌وه‌، به‌ روونی دیاره‌، ئه‌ویش وای ده‌بینێت كه‌ مانه‌وه‌ی سیستمی فیدرالیزم و یه‌كپارچه‌یی عیراق كاره‌كانی سوك ده‌كات و له‌و روانگه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ دوارۆژی عیراق ده‌كات و ململانێ و خۆفه‌رزكردنی جه‌مسه‌ره‌كان و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی رێگاكه‌ی بۆ قبوڵكردنی سه‌ركێشیه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان ته‌سك كردۆته‌وه‌.
بۆیه‌، سه‌ره‌رای جموجوڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مریكا و هه‌وڵدانیان بۆ په‌یداكردنی پشتگیری بۆ ریفراندۆم به‌ڵام دواجار به‌رژه‌وه‌ندیه‌ دوور مه‌وداكانی ئه‌مریكا و پلانه‌ هه‌مجۆره‌كانێتی كه‌ خۆی فه‌رزده‌كات، له‌و باره‌شه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كان ده‌خوێنێته‌وه‌ و به‌ هه‌رچیه‌ك بۆی بكرێت تا راده‌یه‌كی زۆر رێگه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌گرێت و فشاری خۆی ده‌كات.
ئه‌وه‌تا كاربه‌ده‌ستانی ئیستخباراتی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا هاتونه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت له‌م باره‌وه‌ و، ئه‌گینا پاڵنه‌ره‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازیه‌كانی ئه‌مریكا و قسه‌ی پشت په‌رده‌ی كاره‌كته‌ری ئه‌مركی و كوردی گه‌وره‌ نه‌بێت كیس كیلۆك راویژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكای نزیك له‌ ترامپ چاوی به‌ شاسوارێك ناكه‌وێت كه‌ له‌ رووی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ و بازرگانیه‌وه‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكات و په‌لكێشی بكات بۆ ناو سیاسه‌ت و یه‌كه‌مین هه‌نگاوی ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆم بێت. ئه‌مریكا وه‌ك چۆن له‌ عیراقی پاش روخانی سه‌دام له ‌ده‌رئه‌نجامی باش نه‌خوێندنه‌وه‌ی واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و سیاسی عیراق دونیایه‌ك هه‌ڵه‌ی كرد، لێره‌شدا واده‌زانێت كه‌ رای گشتی و رۆڵی راگه‌یاندن له‌ كوردستاندا نیمچه‌ ئه‌مریكایه‌كه‌ و كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت له‌ رایی كردنی ئه‌ركه‌كانی له‌م باره‌وه‌ له‌ كوردستان و رێ ئاسانی بۆ مه‌رامه‌كانی ده‌كات و ده‌یه‌وێت به‌م شێوه‌یه‌ رێگه‌ له‌ ریفراندۆم بگرێت و هیچ شتێكی له‌وباره‌وه‌ له‌مه‌ر سیفه‌ت و ئاوات و ئامانج و خه‌ونه‌كانی گه‌لی كوردستانی نه‌خوێندۆته‌وه‌.
جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵی دروستكردنی حزبێكی دیكه‌یه‌ له‌ كوردستاندا، به‌ هه‌ر شێوه‌یك بێت و هه‌ر كه‌سایه‌تیه‌ك له‌ پشتیه‌وه‌ بێت. زۆر قسه‌ی لابه‌لاش بۆ هه‌وڵی پشت په‌رده‌ی زۆرێك له‌ كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌كان ده‌كرێت كه‌ زۆرینه‌ی چاودیران دڵنیان شاسوار ته‌نها په‌رده‌ی ئاشكرای شاردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری نهێنی تر بێت نه‌ك خودی پاڵه‌وانی شانۆكه‌ .
جا ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و خه‌ڵكی تر به‌ ناوی شاسواره‌وه‌ هه‌وڵی بێهوده‌ی خه‌تێكی سێیه‌م بده‌ن، كه‌ مه‌حاڵه‌ و ئێستا نه‌ قۆناغه‌كه‌ و نه‌ش كاره‌كته‌ره‌كان به‌هه‌مان شێوه‌ی زه‌مانی دامه‌زراندنی گۆرانن و بێگومان ده‌رئه‌نجامه‌كان زۆر نیگه‌تیڤانه‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌ و دواجار ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا ملكه‌چی ئه‌مری وقیع ده‌بێت، به‌ومه‌رجه‌ی وه‌زعی نێوخۆیی كوردستان گۆرانكاری به‌سه‌ردا بێت و ته‌بایی و هاوكاری و ئاشته‌وایی خۆی بسه‌پێنێت وپشت به‌ یاسا و رێساكان ببه‌سترێت و په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌كان ئاسایی بێته‌وه‌ و یه‌كده‌نگی بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی دروست بێت.
ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌مریكا له‌ سه‌ره‌تای رێكخستنه‌وه‌ی پلان و كارته‌كانی بێت له‌ كوردستان، به‌ڵام دواجار بارودۆخی خودی كوردستان رۆڵی گه‌وره‌ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بینێت و ئه‌گه‌ر ئامانج سه‌ربه‌خۆیی بێت و شتی حزبی و شه‌خسی ته‌سك رێگر نه‌بێت ئه‌وا هه‌له‌كه‌ تا راده‌یه‌ك له‌باره‌ و ته‌نها ئاماده‌باشیه‌ نێوخۆیی و به‌پێی توانا رێكخستنه‌وه‌ی وه‌زعی ئابووری و چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان و به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌ ده‌ره‌كیه‌كان پێویستن، كه‌ ده‌توانن ئه‌مه‌ش بكه‌ن.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە